فرمێسکی ڕونوو
تۆ گوتت: " من ئاشقی سه‌وداسه‌ر و دینم ده‌وێ "
من گوتم: " تاکو به ئاواتت بگه‌ی دینم ده‌وێ"
هه‌ڵکه‌وێ تاوێکی چاوێکی له دیدارت بکه‌م
تا بزانی کوانێ بۆ جوانی دڵ و دینم ده‌وێ ؟
بزگوڕی ڕه‌ش دابپۆشێ ڕوومه‌تی گه‌ش تابه‌که‌ی ؟
شاعێری گه‌ش بینم و کوا چاوی ڕه‌ش بینم ده‌وێ ؟!
ئه‌ی په‌ریزادی مه‌هابادی ! ئه‌تۆ ون بووی له‌من
تۆم هه‌بێ له کوێ په‌ریزاده و په‌ری چینم ده‌وێ
ڕوتم و یاقوت و ئاوریشمم له‌بیر ناچێته‌وه
لێوی سوور و ئاڵ و بسکی خاو و چین چینم ده‌وێ
تۆ نه‌دیوی بۆیه شه‌و چاوم له ئاسمانێ بڕی
تۆ به‌دی که‌م، گرشه گرشی مانگ و په‌روینم ده‌وێ ؟!
تا وه‌کو ساقی ئه‌جه‌ل نه‌مداتێ تاڵاوی نه‌مان
چاوهبڕکه، ده‌س بزێوی، ماچی شیرینم ده‌وێ
ژوانی بن سیله و په‌سیوی لاوه‌تی یادی به‌خێر
بۆ ئه‌وه‌ی پیرانه نه‌مرم یادی دێرینم ده‌وێ
کوانێ ئه‌و شه‌وگاره بێده‌نگه له ژوانگه‌ی جێ هه‌وار؟
کچ ڕه‌وه‌ک بوو من گوتم: هێدی به! حه‌جمینم ده‌وێ
کوانێ ئه‌و ڕۆژه‌ی که سه‌رچۆپیم ده‌گرت ، با‌نگم ده‌کرد
دۆم ده‌وێ، دۆی قۆڵ به بازن و په‌نجه نه‌خشینم ده‌وێ؟
شاعیرم، جوانی په‌رستم،دڵته‌ڕم، شێتم، له شۆق
کێوی بژوێن، دیمه‌نی جوان، ده‌شتی ڕه‌نگینم ده‌وێ
من به فرمێسکی ڕونووی کوێستانی کورد په‌روه‌رده بووم
کوڵمی ئاڵ و چاوی کاڵ و سینگی به‌فرینم ده‌وێ
خۆشه‌ویستی من کچه کوردێکه پاک و نازه‌نین
باخه‌وانه پیره‌م و باخی به په‌رژینم ده‌وێ
نامه‌وێ ڕوو بگرێ تا ده‌مرم به فێڵبازی و درۆ
یاری نازداری له‌باری دیاری شه‌رمینم ده‌وێ
من ته‌شی ڕێسێکی وه‌ک شیرنی وه‌فاییم بۆچیه؟
کیژی وریای چاوکراوه‌ی فێره زانینم ده‌وێ
بۆ ده‌بێ زێندین له زیندانم بکا چونکه گوتم:
" ئه‌ز مه‌مم، خه‌سته‌ی خه‌مم، کوشته‌ی ئهمم، زینم ده‌وێ؟"
نایه‌ڵن قه‌ت چێژی ئازادی بچێژم من، ده‌نا
خوێنی شیرینم ده‌وێ، کوا ته‌رمی خوێنینم ده‌وێ ؟!
بواری وهم ناده‌ن له نێو مێرگه(چه‌کۆ) ههڵتووتهکێم
چونکه پرسه‌ی دایکی مل به‌کوێن و سهرشینم ده‌وێ
نایه‌ڵن ئاسووده دانیشم له داوێنی چیام
قاسپه‌قاسپی خاسه‌که‌و بێ! گرمه‌یی مینم ده‌وێ ؟!
ئاره‌زوومه هه‌رچی ئینسانه به ئازادی بژی
چۆن گه‌لی داماو و دیل و مات و خه‌مگینم ده‌وێ؟
نامه‌وێ خوێن بڕژێ، یا بۆنی که‌لاکی کۆن بکه‌م
ڕه‌نگی مێلاقه و گوڵاڵه و بۆنی نه‌سرینم ده‌وێ
هه‌ڵپه‌ڕین و پێکه‌نین ده‌بزێوێ هه‌ستی ناسکم
کوا دڵی پڕ ئێش و ئۆف و جه‌رگی به برینم ده‌وێ؟
درزی ئاژن بوو دڵم له سوێی شه‌هیدانی نه‌مر
به‌س نییه؟ مه‌ودام بده‌ن! تۆزکاڵێ تهسکینم ده‌وێ
جێی گه‌رم، پاروی نه‌رم خۆشه، به‌ڵام بۆ مافی خۆم
سێبه‌ری ئه‌شکه‌وتی سارد و نوێنی به‌ردینم ده‌وێ
بۆ به‌زاری مه‌زنیخوازی تاڵه وه‌ک که‌کره و زه‌ره‌ند
گه‌ر بڵێم من پاسه‌وانی قه‌سری شیرینم ده‌وێ؟
دێوی شه‌ڕ سمکۆڵ ده‌کا لێم و ده‌بۆڵێنێ، ده‌ڵێ
بۆ له‌سه‌ر دانی هه‌موو ئێوه، تهوهرزینم ده‌وێ
بۆ فریشته‌ی داد به سینه‌ی پڕ له کینه و داخه‌وه
هاته کوردستان گوتی: ڕه‌جمی شهیاتینم ده‌وێ؟
سه‌ققز و سه‌رده‌شت و سابڵا‌غ و سنه‌ی کرد غه‌رقی خوێن
سێی تری ویستن، گوتی: بۆ سفره حه‌و سینم ده‌وێ
که‌ی ڕه‌وایه بمده‌نه به‌ر گولله، یا ڕاوم بنێن ؟
گه‌ر گوتم کوردم له کوردستانی خۆم ژینم ده‌وێ
کورد مه‌گه‌ر کونده که هه‌ر وێرانه بێ هێلانه‌که‌ی؟
نیشتمانی ئاوه‌دانی جوانی ڕه‌نگینم ده‌وێ
زۆر به ئاواتم که کوردستانه‌که‌م بێ کێشه بێ
ئاشتیخوازم، کوا وڵاتی پڕ ڕق و قینم ده‌وێ ؟
تا نه‌هێڵم شوێنه‌واری ناله‌باری په‌هله‌وی
نه‌گبه‌تی زۆرداره‌کان و خۆشی مسکینم ده‌وێ
لاشهڕم، کوا به‌دفه‌ڕم، ئه‌مما له‌سه‌ر مافی ڕه‌وام
ده‌ست و چه‌ک، ئیمان و هیوا و هه‌ستی ئاورینم ده‌وێ
بۆ ناجاتی ئه‌م گه‌له کۆیله و هه‌ژار و بێکه‌سه
گیانی پاک و بیری تیژ و ڕێگه ناسینم ده‌وێ
بۆ به‌گژ داچوونی زۆرداری و هه‌ژاری و ناهه‌قی
کارگه‌ر و جوتێری ئاگا و مستی ئاسنینم ده‌وێ
سه‌خت و ناهه‌مواره ئه‌م ڕێگایه کوردی کۆڵنه‌ده‌ر
بۆ خه‌باتێکی درێژخایه‌ن گوڕ و تینم ده‌وێ
دوای نه‌جات بۆ ئاودانی و خۆشی خاپوره وڵات
کۆمه‌ڵێکی چاک و پاک و ڕاست و وردبینم ده‌وێ
بۆ خه‌باتی هاوبه‌شی یه‌کسانی توند و تیژی کورد
لاوی کارامه‌ی به جه‌رگ و کیژی سه‌نگینم ده‌وێ
کیژ و کوڕ بگرن له ده‌وری گۆڕی هێمن ڕه‌شبه‌ڵه‌ک
من که شیگێڕی شه‌هیدانم، له کوێ شینم ده‌وێ
مه‌هاباد 3ـ12ـ1358
هیمن