پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 07-31-2011 01:56 PM

جه‌میله‌ چووپانی

1
لە بێ بارانی
لێوم باری گرتووە
گۆنام شەق بردوی سێوە دزییە
باران
كەباری
لێوم تەڕ بوو
بەڵام
گۆنام بوو گۆشتەو زینی
لە بەر تانەی خەڵك
خۆی ئەدزیەوە!؟
گۆشتەوزینی:خۆشبونەوەی جێگای زەخم

2
ژنانەترین شێوەی ئەشقم ئەفڕێنمە
ئاسمانی مەیلتەوە
با تۆ بی بە پیاوانەترین پیاوی گەڕەك
ئەوین لە هێلانەی دڵتا نەمرێ
من لە نەهایەتی كفرا كورتاژ
بكرێم

3
پیاو لە پیاڵیكی شەرابدا هەموو
حەزەكانی
ژن دەخواتەوە
ژن هەر خەمی ئەوەیە پەرداخەكەی
نەشكێتە
ناو
سفرەی دڵیەوو


behnam5555 07-31-2011 02:03 PM


هەژین

دەمێكە دەنوسم
چەكەرە لە چاوی شێعرەوە دەردێنم
چریكەیی مەلەكان لە سەر كانیاوی چاوانم
شەوو ئەهاژێنێ
هڵ ناێم
ناچمەوە
سەر جوكەجوكی مەسجەكان كلكیان ئەبڕن
وان لە قەرەنتینە
لەم بازاڕە پڕم لە تەنیایی خۆم و خۆت
تۆیش بە هاڵاوی هندەران سەفەر ئەكەی
كە پەتە لە چاوی ئەمم جەوەرە دەربێنی
منیش
سێ
ئۆ
دۆ
لە ژورەكەم دوور ئەكەمەوە
كە چەكەرەم لە چەرۆیی زەمانا چڵ بگرێتەوە

جەوەرە:زستانی سەخت
جه‌میله‌ چووپانی

behnam5555 07-31-2011 02:07 PM


تەواو بۆ نت نییە لە داێرەی نیگاما
منیش
لە كامێرای چاوەكانت
نزیكترین ئستێرەت بۆ زووم ئه كه م
تاكو
ئەرزی دڵم بە بێ خۆشەویستیت
نەگا بە ڕۆحی ئاسمانا

جه‌میله‌ چووپانی

behnam5555 07-31-2011 02:08 PM


بەرەبەیان
نە من لە پیاوە تی تو ئەڕوانم
نە تۆش بە ژنایەتی من ...
لە بارمتەی دو گیانا
وەكوو دو ئەستێرە
كە لە كەناری مانگدا
سۆزی دڵیان ئەكن بە پروانە
بڕوانە بە بەرەبەیان
كه سۆزترین ئشقە بۆ من لەم مەیدانە
تاكوو
نەبمە چەكێك و بم نێت بە سەر شانا!

جه‌میله‌ چووپانی

behnam5555 07-31-2011 02:16 PM



مه‌لانی ئاواره‌

رابیندرانات تاگور

1
ئه‌ی تاقمی بچکۆله‌ی ئاواره‌کانی جیهان!
شوێن پێی خۆتان
له‌ سه‌ر شێعره‌کانم به‌ جێ بێڵن.

2
بزه‌کانی خاک
فرمێسکه‌کانی
به‌ پشکووتوویی رائه‌گرێ.

3
شێوه‌ تامه‌زرۆکه‌ی
له‌ چه‌شنی بارانی شه‌وانه‌
زۆر جار دزه‌ ئه‌کاته‌ ناو خه‌ونه‌کانمه‌وه‌

4
چه‌ن په‌نجه‌یه‌کی نادیار
وه‌کوو شنه‌
هێواش ... هێواش
له‌ سه‌ر دڵم مۆسیقای ورده‌شه‌پۆله‌کان ئه‌ژه‌نێ

5
دڵم شه‌پۆله‌لانی ئه‌کوتێ به‌ لێواری جیهاندا و
به‌ ده‌م گریانه‌وه‌ ئه‌نووسێ: "خۆشم ئه‌وێی"

6
وشکه‌ ڕووبار
سپاسێک نابیسێ
بۆ ڕابردووی.

7
خه‌ڵک زاڵمن
مرۆڤ به‌ڵام
دلۆڤانه‌.

8
گه‌رده‌لوول
له‌ خوایه‌کی زامار ئه‌چێ
که‌ زه‌وی رووی له‌ ئه‌شقی وه‌رگێڕابێ.

9
مانگ
تریفه‌ی ئه‌وه‌شێنێ
به‌ هه‌موو پانتای ئاسمانا و
په‌ڵه‌ ره‌شه‌کانیشی هه‌ڵئه‌گرێ بۆ خۆی.

10
دڵۆپی باران
به‌ ناهومێدی چرپاندی:
" بۆ هه‌میشه‌ من له‌ ناو دڵتا هه‌ڵگره‌ "
گوڵی زه‌رد ئاخی هه‌ڵکێشا:
مه‌خابن...و
که‌وته‌ سه‌ر خاک.

11
گه‌ڵاکانی ئه‌م داره‌ ئه‌له‌رێنه‌وه‌ و
له‌ شێوه‌ی په‌نجه‌ی مناڵێکی شیره‌خۆر
دڵم ئه‌لاوێنێته‌وه‌.

12
ئه‌ی یاره‌که‌م!
بانگهێشتت ناکه‌م بۆ ماڵم
سه‌رێ بده‌ له‌‌ ته‌نیایی بێ کۆتاییم

13
تۆم بینیوه‌.
وه‌ک چۆن مناڵێکی چاوخه‌واڵوو
دایکی
له‌ تاریک و ڕوونی به‌ربه‌یانێکدا ئه‌بینێ و
بزه‌یه‌ک ئه‌کات و دووباره‌ خه‌و ئه‌یباته‌وه‌.

14
کاتێ له‌ کۆتایی ڕۆژدا له‌ به‌رانبه‌رتا ڕاوه‌ستم
برینه‌کانم ئه‌بینی و
باش تێئه‌گه‌ی
که‌ هه‌م زاماره‌ گشت گیانم
هه‌میش ساڕێژ بوومه‌ته‌وه‌.

وه رگیر
له‌فارسیه‌وه‌: خالید که‌ریمی

behnam5555 07-31-2011 02:23 PM


نسکۆ

هه‌موو ئاوێنه‌کان لێره‌ن
وه‌ره‌ خوارێ
نه‌ من ده‌ربه‌ستی ئه‌و بورجه‌م
نه‌ تۆ له‌ باران ئازیزتری
وه‌ره‌ خوارێ.

***
وزه‌
شوێنێک له‌ خۆی به‌جێ دێڵێ
به‌ سه‌ر هه‌موو گردۆڵکه‌یه‌وه‌
له‌ فیرقه‌تی هێلانه‌دا
ئه‌م په‌نجانه‌.

***
بۆن
وا هه‌ست ئه‌که‌م
به‌ درێژایی ته‌مه‌ن
بۆنێکم لێ ون بووه‌
هیچ عه‌ترێک ئه‌و بۆشایی یه‌ی پڕوه‌نه‌کرد
هیچ نیشانێک ده‌ستی عه‌تراوی نه‌کردم
هیچ دارستانێکیش
شێوه‌ی ئه‌و بۆنه‌ نابه‌خشێ
هێنده‌ی بسکت
وا هه‌ست ئه‌که‌م.

خالید که‌ریمی

behnam5555 07-31-2011 02:26 PM

ئاوێزان


شه‌نگه‌ چنار !
پاییز به‌ باڵات ته‌نگتر و
کورته‌ ئه‌ژمارتره‌ ساڵگار.
من پێوه‌ بووم
خه‌مه‌ گه‌ڕۆکه‌کانم
له‌ کێڵگه‌کانی بناردا بوه‌شێنم
بنار، وه‌ڕز...
ته‌زیوی کڕێوه‌ی لوتکه‌.
داوێنی په‌ست،
سه‌ر پێی ناشێ...
سه‌ری جه‌نجاڵ، شه‌نگه‌ چنار !
من پێوه‌ بووم
ئاوه‌کی بێ هه‌ڵزنانم
هه‌تا گه‌ڵاکانی هه‌نجیر
هه‌تا ده‌نکه‌کانی هه‌نار
به‌ ڕه‌گی دار و ده‌وه‌نا.
ده‌وه‌ن سه‌غڵه‌ت...
عه‌شق له‌ دێڕه‌کانیدا وشک و عه‌بداڵ، شه‌نگه‌ چنار!
من پێوه‌ بووم
هه‌رچی بڕوێم
هه‌رچی رابم
هه‌مووی به‌تاڵ.
خۆ به‌ باڵای تۆ ئه‌پێون لێره‌ هه‌موو،
ده‌ستی من و داوێنی ئاڵ! شه‌نگه‌ چنار!

خالید که‌ریمی |

behnam5555 07-31-2011 02:29 PM


هه‌ڵوه‌رین
دوێ رۆژ
ماسی یه‌ک
له‌ سه‌ر دارێک
له‌ ژماره‌ی سێ دا
نه‌هاته‌ دی سێو و
له‌ مه‌رگا ڕاچڵه‌کی...
له‌ چاوه‌کانیدا لیخن
ده‌ریا.

خالید که‌ریمی


behnam5555 08-14-2011 01:44 PM


پروشه‌ به‌فره‌كان له‌سه‌ر له‌پی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا

-1-
كه‌ له‌دامێنی‌ سه‌ره‌تاوه‌،
كۆتاییه‌ك چاو دائه‌گرێ‌...
ئه‌وه‌ لقی‌ دره‌ختێكه‌،
كه‌ له‌گۆرانی‌ وتن ده‌كه‌وێ‌،
له‌ كلكی‌ ته‌ورێكا
به‌هێواشی‌ ڕۆحی‌ ده‌نوێ‌..!
-2-
له‌پایپی‌ پێكه‌نینێكا،
دووكه‌ڵی‌ گریانێك...
له‌دووكه‌ڵی‌ گریانێكا،
چڕبوونه‌وه‌ی‌ پرووشه‌ی‌ دڵی‌ شه‌وێك..
-3-
كه‌ ئاسمان پڕده‌بێ‌ له‌ڕه‌گی‌ قه‌فه‌س
مانگ شكات ده‌كا، له‌چڵی‌ دره‌خت،
چڵی‌ دره‌خت له‌ومه‌لانه‌ی‌، ده‌نگی‌ خۆیان ناشت،
له‌ترۆپكی‌ ترسنۆكییا..!!
-4-
كه‌ جگه‌ره‌ لاسای‌ شه‌و ده‌كاته‌وه‌،
له‌ كۆڵانه‌كانی‌ ئاسماندا،
تاریكی‌ ده‌چێنێ‌..
كه‌ تاریكی‌ باڵ‌ ده‌گرێ‌‌و
لاسایی‌ فڕین ده‌كاته‌وه‌
ته‌نها هاوڕێیه‌كی‌ هه‌یه‌،
ئه‌ویش شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌یه‌..!!
-5-
كه‌خۆر جۆلانه‌ هه‌ڵده‌خا،
بۆ په‌لكه‌ ڕه‌نگینه‌،
ئه‌وه‌ پروشه‌ی‌ ئاوێزه‌یه‌كه‌ هه‌ڵه‌...
كه‌ په‌لكه‌ ڕه‌نگینه‌ ده‌بێته‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ حه‌وت ڕه‌نگ
له‌وێرا مناڵان،
به‌هاژه‌ی‌ قریوه‌یان
ئاوێزه‌ ڕاوده‌كه‌ن‌و،
له‌پێچی‌ ده‌قه‌یه‌كیشدا پشتوێنی‌ خۆر،
ده‌گاته‌ مه‌نزڵی‌ مه‌رگ...!!
-6-
زۆرجار تفه‌نگ خۆی‌ گه‌مژه‌ده‌كا...
ده‌یه‌وێ‌ له‌ناو باخێكدا،
شه‌تڵی‌ خۆی‌ بڕوێنێ‌،
كه‌ ده‌ڕوێ‌‌و ده‌بێته‌ گوڵێكی‌ ناچیزه‌
هیچ له‌ پروشه‌كانی‌ عیشق نازانێ‌
هه‌ر باڵنده‌یه‌ك كه‌ تێیده‌ڕوانێ‌،
له‌تێڕامانی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا
دڵۆپه‌ی‌ دڵی‌ ون ده‌كا..!!
-7-
كه‌ قامچیه‌ك ده‌بینم...
خه‌یاڵم ته‌رجه‌مه‌ی‌ ده‌كا:- ئه‌شێ‌ زنجیرێكی‌
ڕه‌شتاڵه‌بێ‌ له‌ده‌ستی‌ ئازادییا...
ئه‌شێ‌ تووله‌مارێكی‌ چڵكن بێ‌،
له‌هه‌ناوی‌ به‌ردێكا...
ئه‌شێ‌ لافاوێكی‌ قوڕاوی‌ بێ‌،
له‌مه‌ره‌كه‌بی‌ خاكێكدا... قامچی‌ هه‌ردێ‌‌وده‌چێ‌،
كه‌ ده‌كه‌وێ‌ به‌ده‌مدا، هه‌ڵسانه‌وه‌ی‌ نییه‌...
له‌یه‌خه‌ی‌ مه‌رگا پێچ ئه‌داو
له‌ناو تابووتی‌ ئازادییا ڕاده‌كشێ‌..!!
-8-
نان له‌ڕه‌چه‌ڵه‌كدا،
ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گوڵه‌ گه‌نم
ئه‌وه‌ حیكمه‌تی‌ خه‌یاڵه‌كانی‌ كێڵگه‌یه‌...
ته‌ناف ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر سێبه‌ری‌ سێداره‌
له‌وێدا گه‌روی‌ ئازادی‌ هێڵنج ئه‌دا
ئه‌وه‌ مه‌عریفه‌ی‌ وڵاتی‌ وه‌حشه‌ته‌...!!
-9-
ده‌ستی‌ سڵا‌و پڕه‌ له‌پرووشه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌
هه‌نگاوی‌ ماڵئاوا، له‌كوچه‌ی‌ دابڕان...
كه‌مه‌رگ ده‌فڕێ‌‌و ڕۆح ده‌با،
بۆ كۆشكه‌كانی‌ عه‌رشی‌ خوا
له‌فرمێسكه‌كانی‌ خواشه‌وه‌، بارینی‌ تریفه‌ی‌ ژیان...!
-10-
هه‌ڵۆ گه‌ر خه‌یاڵ‌ بكا،
هه‌ر به‌رز فڕینه‌
ماسی‌ هه‌ر خه‌ریكی‌ سواڵكردنی‌،
دڵۆپێك ئاویتره‌...
له‌ژێر سه‌رینی‌ گه‌ڵایه‌كیشا،
به‌دیل گرتنی‌ ورده‌ شه‌ماڵه‌
له‌ده‌فته‌ری‌ پاسارێكیشدا
چۆله‌كه‌ ئیملای‌ جریوه‌ ده‌كا....
منیش له‌مه‌زاری‌ خه‌یاڵا
ته‌نیاییم جووت ئه‌كه‌م،
له‌گه‌ڵ‌ شیعرا...!!
-11-
ڕازێك ڕاناكشێ‌ له‌ئاوێنه‌دا..
ته‌مه‌ن كه‌ چووه‌ باشووری‌ ئاوێنه‌وه‌
ئه‌وه‌ فرمێسكێكه‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌كێشێ‌،
له‌سیه‌كانی‌ مه‌رگا ڕه‌شپۆشی‌،
له‌بیابانی‌ پرچی‌ منیشا،
تنۆك، تنۆك پروشه‌ی‌ سپی‌...!!
-12-
عیشق لێوی‌ گێلاسێكه‌،
تژی‌ له‌سوری‌
كه‌ چزوی‌ ماچ پێوه‌ی‌ ئه‌دا
هه‌ڵده‌فڕێ‌‌و هه‌ڵده‌وه‌رێ‌
له‌سه‌ر له‌پی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا...!!
-13-
كه‌ گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌ك ده‌بینێ‌ خۆر كۆچ ده‌كا
له‌داخا پێكێك له‌ئێواره‌ هه‌ڵئه‌دا‌و
له‌چاوی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا مه‌ست ده‌بێ‌‌و
ده‌بورێته‌وه‌ له‌ ئه‌لفی‌ شه‌وێكدا...!!
-14-
كه‌ بولبول ئاسمانی‌ په‌رژین ده‌كرێ‌
هه‌رده‌م گوڵێك،
له‌كوچه‌ی‌ گوڵستانه‌وه‌،
له‌قه‌راخ له‌پی‌ زه‌مه‌نێكدا،
یه‌ك ده‌قیقه‌ له‌خۆشه‌ویستی‌‌و
هه‌زار ده‌قیقه‌ له‌ ئازادی‌
ده‌چێنێ‌ له‌خه‌ویا...!!
-15-
كه‌ ئاو پیر ده‌بێ‌
برژانگه‌كانی‌ پڕ ده‌بن له‌ئاویلكه‌
ئه‌وه‌ پرووشه‌ فڕینه‌كانی‌ پایزه‌،
باڵ‌ لێ‌ ده‌كاته‌وه‌‌و
له‌سه‌ر ده‌م ‌وچاوی‌ چه‌م ده‌نیشێ‌....!!

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌


behnam5555 08-14-2011 01:52 PM


هێنده‌ ده‌گه‌ڵ وه‌ڕه‌زیدا سه‌ما مه‌که‌ن، شێ هه‌ڵدێنن!

له‌ سه‌ره‌تای زامێکه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌م،
گه‌رم گه‌رم!
له‌ به‌یانی ئازارێکا ڕێ ده‌که‌وم،
هێور هێور!
وه‌رز،وه‌رزی دابڕانه‌!
وه‌رزی لێک بوون و تۆرانی
باوه‌ڕه‌کان و بۆچوونی
حه‌ز و نه‌فره‌ت و دامانه‌!
که‌سێ نه‌فره‌تم هه‌ست ده‌کا،
له‌ به‌ر لێزمه‌ی ناکامی دا،
شڵه‌ژابێ!
که‌سێ ڕازی،
ئه‌م خه‌مه‌ی من باوه‌ڕ ده‌کا،
ته‌نیا جارێ،
ده‌گه‌ڵ باران دا گریابێ!
**
ئه‌ی نامه‌‌کانی ڕۆژ باش و
ئه‌ی شێعره‌کانی ئاشنا و
ئه‌ی په‌یکه‌کانی ژوانگه‌ی ماچ؛
لێواولێوم له‌ دۆزه‌خ و
دارماڵ دارماڵم له‌ ئازار!
په‌نجه‌کانی مێهره‌بانیم بۆ سه‌وداکه‌ن!
ئاوازه‌کانی ته‌سکینم بۆ فریا خه‌ن!
چرپه‌کانی ئاشناییم بۆ له‌ قاو ده‌ن!
**
له‌و‌ لای ساڕێژی ئه‌م دڵه‌م؛
خێڵێکی زام نیشته‌جێیه‌!
ئۆردووگایه‌ک له‌ مه‌ترسی،
له‌ هه‌ناوما بۆته‌ ڕاوکه‌!
په‌نجه‌ره‌یه‌ک له‌ سامناکی،
هیواکانم هه‌ڵده‌لووشێ!
چاڵێکی ڕه‌ش،
له‌ ده‌روونما بۆته‌ ڕووگه‌!
ئه‌م ناسۆره‌ بۆ کوێم ئه‌با؟
ئه‌م دابڕانه‌ که‌ی ئه‌بڕێ؟
**
ژوانگه‌ی ده‌رده‌!
ژوانگه‌ی ژانه‌!
به‌رکۆژه‌کان گاڵه‌ دراون!
وه‌رزی ده‌سکه‌نه‌ی پرچه‌کان،
غاری لێوه‌کان ته‌نراوه‌،
به‌ تۆڕی جاڵجاڵۆکه‌ی خۆف!
ده‌روون سیخناخ،
له‌موعجزه‌ی تازه‌ی بۆندار!
ئه‌م ئازاره‌ بۆ کوێم ده‌با‌؟!
**
شپرزه‌ییم غه‌ریب ماوه‌!
ئاوێنه‌کانی ڕاپه‌ڕین،
ژه‌نگ ئاژنن!
هێنده‌ ده‌گه‌ڵ وه‌ڕه‌زیدا سه‌ما مه‌که‌ن،
شێ هه‌ڵدێنن!
گوێ له‌ ناسۆری خاک بگرن!
سووکه‌ ئاوڕێ،
له‌ مێژووی تاڵی خه‌نده‌ که‌ن!
ئه‌م ئاوازه‌ لاوازانه‌‌،
ته‌شه‌نایی،
وه‌بیر زامه‌کان ده‌ێننه‌وه‌!
**
مه‌رحه‌با ئه‌ی کوێره‌وه‌ری!
سڵاو داهاتووی ڕه‌نج و خه‌م!
غه‌ریبستانی گه‌یشتن،
شه‌وه‌زه‌نگێ دایپۆشیوه‌!
به‌ تاوانی خۆشه‌ویستی تۆمه‌تبارم!
دوورخراوه‌م،
به‌ گوناهی شه‌وباشێکی دڵدارانه!
ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ئازاره‌!
ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای خه‌زانه‌!
**
چ بارانێکی ناوه‌خته‌!
له‌ هه‌ورێکی پڕ شووره‌یی!
شه‌ڵاڵ به‌ بۆنی مێگه‌لی
تاراو له‌ به‌نده‌ن و بنار!
من شوانه‌وێڵه‌ی سه‌ربه‌ستم!
پرسێکی چاره‌نووس نه‌که‌م،
جڵه‌وی ئه‌م ڕانه‌ نابه‌م،
بۆ هه‌ڵدێری مان ونه‌مان!
**
کێ خه‌و‌نه‌کانی لێ دزیم؟
کێ نوێنی هه‌رزه‌کاریمی،
به‌ خه‌یاڵ و وه‌نه‌زه‌وه‌ ڕازانده‌وه‌؟
ڕاوێژ له‌گه‌ڵ تارێکی دا،
فێری شه‌وبێداری کردم!
کازیوه‌یه‌ک خۆشه‌ویستی،
بۆته‌ مه‌راقی مێژووییم!
**
ئه‌ندێشه‌کانی سبه‌ینێ،
عه‌مباره‌پۆن!
دیالۆگ ده‌گه‌ڵ نه‌زانی دا،
بینایی خستوونه‌ گومان!
حه‌زناکه‌م ڕێگه‌م لێ ون کا،
بیری پووچی مان و نه‌مان!
حه‌زناکه‌م ئیتر هاوڕێم بن؛
خۆزیا و بریا و
ئاخ و داخی تاڵی ژیان!

ک.د. آزاد


اکنون ساعت 12:50 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)