پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 07-09-2013 08:33 PM

هاوارێک بۆ کچەکانی "شیناوێ"
 

هاوارێک بۆ کچەکانی "شیناوێ"

لە هەوری خووساوی چاومەوە
نمەنمە شین دەچۆڕێ
لە شینی شینباری شیناوێ
لە مەشخەڵی ناو سەرمەوە،
گڕکانێک سوور،گوڵ دەپشکوێ
لە سووری کراسی کچانی شیناوێ
لە قەندیلی ناخمدا،
بەفری هەناسەم وەک لۆکە
ماچی شکۆفەی زامانی کچانی شیناوێ دەکا
لە پشکۆی هەستمدا،
شێعرستانێ دەکەم بە کوورەی فێرگەیان
بۆ گڕدانی پەڕۆنەفتینەی قانوون و
پووشاڵی بێ عەدالەتی...

"
مامۆستا ڕەحیم لوقمانی"

behnam5555 07-09-2013 08:34 PM

کاک
 

کاک
پێش ئه‌وه‌ی بێمه‌ به‌رده‌مت
كام بیری جوان خورپه‌داره‌،
كام دێڕ هه‌ڵبه‌ست زۆر به‌كاره‌،
شانه‌ی ده‌كه‌م وه‌ك په‌رچه‌مت.
له‌ماوه‌ی چاوقوچانێكدا
هه‌زارویه‌ك خه‌ونی شیرین
ده‌مكه‌ن به‌ مه‌م، ده‌تكه‌ن به‌ زین.
له‌ خه‌یاڵما
پایز به‌هاری لێ ده‌تكێ.
دره‌ختی ڕووت
گه‌ڵای سه‌وزی پێوه‌ ده‌لكێ.
به‌ڵام، سه‌د ئاخ، ئه‌ی ده‌روونپاك،
كاتێ بانگم ده‌كه‌ی به‌ (كاك)،
كاك وه‌كوو مار
به‌ره‌و گوێچكه‌م گینگڵ ده‌دا...
كه‌ دێمه‌ گۆ
خۆی له‌ زمانم لوول ده‌دا،
هێدی... هێدی...
قووتم ده‌دا
كفنی زه‌ردی نائومێدی.
* * *
من له‌ دڵتام...
له‌ ده‌روونتام...
له‌ گلێنه‌ی چاوی ڕوونتام...
شه‌رم مه‌كه‌!
به‌ناوی ڕووت
ناوم بێنه‌ پڕ به‌ گه‌رووت.
با له‌ یه‌كتر ئاشكرا بین
تا كه‌ی له‌ناو ئاگرا بین؟
نه‌ تۆ خوشكه‌ی، نه‌ من كاكم...
خۆشه‌ویستی ده‌روونپاكم!

عبدالله په‌شێو
5/6/1969 –
كوردستان

behnam5555 07-09-2013 08:35 PM

پێناكه‌نم......
 

پێناكه‌نم......

تا ئه‌و ڕۆژه‌ى ، هه‌ژاره‌كان
مامزى خه‌نده‌ ، ڕاو ئه‌كه‌ن
بۆ لێوى لادێ و شاره‌كان!
كه‌ ئه‌وه‌م دى....
ئه‌وسا...... منيش ، وه‌كوو ئه‌وان ....
وه‌كو شنه‌ى ،گوڵه‌گه‌نم...
وه‌كو ئاره‌قه‌ى ناو چه‌وان.....
له‌ناخه‌وه‌ پێ ئه‌كه‌نم!
پێناكه‌نم....
پێكه‌نينم هه‌رگيز نايێ
تا به‌چاوى خۆم نه‌بينم
له‌ هه‌رلايێ:
لافاوى ئاگر پژێنى...چه‌وساوه‌كان...
راسبوونه‌وه‌و ياخى بوونى ،
ديل و ئه‌ژنۆ چه‌ماوه‌كان
ئه‌يچرێنێ ، كۆت و زنجير
ڕائه‌ماڵێ
گه‌نجينه‌ى خوا پێداوه‌كان
كه‌ ئه‌وه‌م دى...
ئه‌وسا....منيش،
گه‌رم... به‌تاو
به‌سته‌ ئه‌ڵێم.... پێ ئه‌كه‌نم،
له‌ديار كۆت و به‌ندى شكاو !

مامۆستا ( عه‌بدوڵڵا په‌شێو )

behnam5555 07-09-2013 08:37 PM

شه‌ڕ وه‌ستا
 

شه‌ڕ وه‌ستا
شه‌ڕ وه‌ستا
ده‌نگی شه‌ڕ کۆتره‌ سپیه‌کانی ته‌را
کرد له‌ ئاسمانی نیشتمان
شه‌ر وه‌ستا
کتێبه‌کان بوون به‌ خۆڵه‌مێش
دره‌خته‌کان بوون به‌ تابوت
شه‌ڕ وه‌ستا
ئاژنی چووبه‌ پێی شیعرێکا
شیعر شه‌ل بوو
شه‌ر وه‌ستا
نزای ژنه‌کان گیرا بوو
هه‌نسکیان سوار تر ده‌بوو
فرمێسکیان به‌ خوڕتر ده‌بوو
شه‌ڕ وه‌ستا
ئه‌لبومه‌کان چۆڵ بوون له‌ وێنه‌
چ.. نه‌فره‌تیه‌که‌ ئه‌م شه‌ڕه‌
لاپه‌ره‌کانی مێژوو خوێنیان لێ ده‌تکێ
دێڕه‌کان دووکه‌ڵ تۆمار ئه‌که‌ن
شه‌ر وه‌ستا
قیبله‌مان لێ تێک چوو
له‌ نه‌گریسی ئه‌م شه‌ڕه‌دا پرچی ڕه‌شمان
چه‌رموو بوو
ته‌نیاییمان ته‌نیا تر بوو
په‌نجه‌کان هه‌ڵوه‌رین
تا مۆسیقایه‌ک بژه‌نن بۆ ئه‌م ئاهه‌نگه‌
شه‌ڕ وه‌ستا برژانگمان پێوه‌ نه‌ما
تا ئاسه‌واری ڕا بمالین
لێومان به‌ گڕی شه‌ڕ سووتا
به‌شی ماچمان پێ نه‌ما

(
حیات مجید په‌رخی)

behnam5555 07-09-2013 08:39 PM


با پاشاکان گوێ رابگرن
شاعێرێک ده‌یهه‌وێ بدوێ

با ره‌شه‌باکان راوه‌ستن
نێرگسێک ده‌یهه‌وێ بڕوێ

با تفه‌نگه‌کان بێده‌نگ بن
منداڵێک ده‌یهه‌وێ بنوێ

" له‌تیف هه‌ڵمه‌ت

behnam5555 07-09-2013 08:40 PM

دارستانی سووتاوو
 

دارستانی سووتاوو

هه‌ر نازدارێ دڵی دامێ
له‌ بناری دڵدا ناشتم ، وه‌ک نه‌مامێ
تا وام لێهات
له‌سای سه‌ری خۆشه‌ویستان
بوومه‌ ماخۆی شادارستان
که‌ تۆم ناسی
ئه‌ی نه‌مامی شلک و نه‌مر
وامزانی تۆش ده‌چیته‌ پاڵ ئه‌وانی تر
ده‌ڕوێی ، ده‌بیت
به‌ فێنکایی ... بۆ هاوینم
به‌ گه‌رمایی ... بۆ زستانم
که‌چی ، له‌پڕ ، بوی به‌ شه‌مچه‌ و
گــڕت به‌ردا دارستانم

په‌شێو


behnam5555 07-09-2013 08:43 PM


کاتێ سەیری شینی ئاسمان دەکەم
هەست بەپاکی ‌ژین دەکەم
کاتێ چاوەکانم دەتروکێنم
تەپوتۆزی ژین وێرانی کردوم
چی لەو هەموو بێباکی ئەو مرۆیانە بکەم
هەموو لە ئاستی خۆی خۆی بە..؟!
بەڵام سەد حەیف
"
دڵیان دەڵی دەریایە هەرسات هەڵدەچێ دەڵێ باو دەڵێ نا"
ئەو چەپکە گوڵانەی هەرسات دەمان دەنێ
دڕکێکی زۆر تیژی پێوەیە کە جوانی ئەم گوڵە دەوەرێنن
بڕوا بەچی بکەین
بەجوانیەکەی یان دڕکەکەی......؟؟؟

شـــــانــــاز کــــــــه‌ریـــــم

behnam5555 07-09-2013 08:46 PM


له‌ دنیادا دڵ ئارامێک و ئارامی دڵێکم بوو
به‌ جارێ ماڵی وێرانم، ئه‌میشم چوو، ئه‌وێشم چوو


"مەحوی"



behnam5555 07-09-2013 08:47 PM


دڵم بۆ زولف و رووی جانانه‌ ئه‌گری‌
مناڵه‌ و بۆ گوڵ و ره‌یحانه‌ ئه‌گری‌


چرا ئه‌مشه‌و كه‌وا فرمێسك ئه رێژێ‌

ئه‌لێ هه‌ر بۆ منی‌ په‌روانه‌ ئه‌گری‌


"
بێخود"



behnam5555 07-09-2013 08:49 PM

"تەمەن"
 

"تەمەن"

ئەى تەمـەنى پڕ ئەسرینم ئەڕۆى ئـاوڕ نــادەیتەوە
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکتا لە عومرى من ئەسڕیتەوە

خۆزگە منیش وەک پەپوولە گشت تەمەنم وەرزێک بوایە
دوور لـە خـەم و تـاڵى ژیـان ، تەنیـا گـوڵم بنـاسیـایە

ڕێگام سەوداى تەنیاییەو کەسێک نایەت بۆ سەردانم
ئیتر چـیبکەم لەم تەمـەنە کە لەهـەمووى پەشیمانم

لـەگـریـانى مناڵیمـا ، پێکـەنینـم بـەخـەم ئەهـات
کەچى ئێستا خەم دەریایەو بۆ کەنارم شەپۆل ئەدات

لە سەد جـارا تەنیـا جـارێ ، زەردەخـەنە دێتـە میوان
وەک سێبەرى لاى ئێوارەى خۆرنشینى دار ئەرخەوان

ئەى هـاوڕێیان چـاوم نووقمى نیگارێکى پڕ بەهارە
تاسەم وەرى بەڵام هێشتا خۆشەویستیم هەربێدارە

ئێستاش گەڵاى عومرى گەنجیم وەکو پاییز هەڵوەریوە
کـێ وەکـو من تەم و غـوبار پەنجـەرەکـەى داپۆشیوە!!!

"
ئەحمەد محەمەد"


اکنون ساعت 07:21 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)