behnam5555 |
10-10-2013 01:52 PM |
کەنیشکه ئۆغربێ/ بۆ کۆچه سوورەکەی
کەنیشکه ئۆغربێ/ بۆ کۆچه سوورەکەی
ژیلا-ح/ بەشی یەک و دوو
بەرامبەر ئاوێنه راوەستا
دوو پەلکه شۆڕەکەی کردەوه
کراسێکی سپی ئاودامانی له بەر کرد
مەلێکی غەریب له دوورەوه ناڵاندی!
ئەم رای کرد
پەنجەرەی کردەوه
باڵندەی رۆحی له ناو رکەی جەستەیدا زریکاندی!
دیوانه شیعرەکەی هەڵگرت و
ئاخێکی هەڵکێشا
وەک بڵێی ئاخرین دیداره!
دڵۆپی فرمیسکی هەڵڕشت و
لاپەڕه لاپەڕه هەمووی دا دەم باوه
چی واژەی شیعر بوو، هەڵفڕین
وەک پوله کۆترەی ئاواره!
ئەسپێکی سپی له بەر دەرکه حیلاندی
هەزاران پەپووله
گەمارۆی سەریان دا
وەک پۆلی پەرییان
خاتووزین بەڕی کەن، بۆ لای مەم!
کەنیشکی خوای جوانی
باڵندەی رۆحی له ناو رکەی دەروونیا
بۆ ئاسمان ئەیڕوانی!
بەشی دووهم
کەنیشکه ئۆغر بێ!
ئەم ئەسپه سەرشێته و
رێگەی کۆچ بێ بەخته!
سەبر که با سێبەر بێتەوه، ناوەخته!
-نا، دەبێ هەر برۆم
ئیتر لای ئێوه خۆش
دڵدارم له دوایین ژوانگەدا
چاوەڕێی من دەکا!
-گیانەکەم!
ئاخر بۆ وا بێدەنگ؟!
له دوای تۆ، کێ دەستی دایکانه
به سەر ئەم شیعرانه دەهێنێ
-به بەیان ئەسپێرم
با زەوی پڕ بکەن
له وشەی رەنگاورەنگ!
کەنیشکه!
بۆ هێنده به پەلەی
نەختێ تر دانیشه له لامان
با تێر تێر بتبینین
تاسەمان هێشتا لێت نەشکاوه
ئەزانم دڵت لەم دنیایه بێزاره!
دەروونت له نیشی دووپشکی وڵاتی ئەوینکوژ زامداره!
زۆر تیری تانەت لێدراوه
بەڵام ئەی شاگوڵی باخی ژین!
نەختێ تر دانیشه
هەتاکو ئێواره زۆر ماوه
خەزان زۆر ناکێشێ
وەرزێ تر بەهاره
بەجێمان مەهێڵه …
تۆ تامی ژیان و نمەکی زەوینی
له دوای تۆ بەرەو کام رووگەی عەشق راوەستین
تۆ قیبلەی ئەوینی
بەشی سێهەم
سوار بوو … سوار بوو
«ئەی هەرەس به ماڵم»
هەورەکان لێک ئاڵان
ئاسمان دەستی به گریان کرد
چی دار ئەرخەوان بوو
له سۆزی ئەم کۆچه
قژ خویان هەڵڕنی
گەڵایان له باڵا هەڵوەران
کۆڕژنی ئەسپەشێ
زەوینی راچڵەکان
هەناسه له سینگی زەماندا، حەپەسا
هەزاران پەپووله
«شەم»یان بۆ جێژوانی «دێوانه» ئەبرد و ئەگریان!
«ئەی هەرەس به ماڵم»
ئەسپەشێ گلاندی
زاوای مەرگ …
ئامێزی کردەوه
دوا بزەی شیرینی
وەک دوایین هۆنراوەی
زەوینی خەنی کرد
کەژاوەی خوای ئەوین، هاته خوار
تەرمەکەی له ئاخڵەی تیشک پێچا و
کەنیشکه غەریبه جوانەکەی بردەوه
جەلال مەلەکشا
|