پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 06-25-2014 12:45 PM


ئاوات

ناسره‌ون هه‌ست و خه‌یاڵ، ئه‌ی خۆزگه‌ من دێوانه‌ بام!
خۆزگه‌ ده‌ست و پێم له‌ ناو زنجیری بایه‌ و، وا نه‌بام!

زولفی سه‌ر شانت، عه‌زیزم! کاتێ هاتی شانه‌ که‌ی
من گوتم: ”سه‌د خۆزگه‌ ده‌نکی شانه‌ بام و، شا نه‌بام“!

که‌س وه‌ک ئاوێنه‌ به‌ وردی ناژمێرێ خاڵی ڕووت
بۆیه‌ ئاواتم بوو ئه‌و ئاوێنه‌ به‌سته‌زمانه‌ بام.

شه‌و چه‌قوچۆی جووتێ به‌ی وام ده‌گرێ، ڕۆژێ ڕه‌نگه‌ من
وا نه‌له‌رزیبام له‌ سه‌ر سینگی ئه‌گه‌ر له‌رزانه‌ بام.

نابێ ڕزگارم له‌ دانه‌ی خاڵ و داوی که‌زیه‌که‌ی
من که‌ ده‌مویست قه‌ت له‌ گیری داوودانه‌دا نه‌بام.

زه‌رده‌خه‌نده‌ی لێوه‌کانت هه‌ر هه‌ناسێکی ده‌وێ
ئه‌و ته‌له‌سمه‌م پێ نه‌ده‌شکا من که‌ وه‌ک شه‌وبا نه‌بام.

تا په‌ره‌نگ و پیاڵه‌ وا لاجانگ و لێوت ماچ ده‌که‌ن
من ده‌ڵێم: ”قه‌یدی چ بوو خوایه‌ یه‌کێ له‌و دوانه‌ بام!“

کێ هه‌بوو وه‌ک شه‌م بسووتێ بۆ منی شه‌یدا، ئه‌گه‌ر
خۆم له‌ ده‌وری وی وه‌کوو په‌روانه‌ بێ‌په‌روا نه‌بام؟

شه‌و بوو، ئه‌و بوو، مه‌ی بوو، بسکی باوه‌شێنی ڕووی ده‌کرد
هه‌ر منی بێچاره‌ له‌و ناوه‌ ده‌بوو بێگانه‌ بام.

خۆزگه‌ بۆ ئه‌و پێنج و دوو ڕۆژه‌ی ژیانی خۆم، منیش
هه‌ر وه‌کوو ”هێدی“ مه‌لی تۆفانی بێ هێلانه‌ بام!

ماڵ و سه‌ر ویستم به‌ جارێ وا فیدای تۆ که‌م، وه‌ته‌ن!
ئه‌وڕۆ چیرۆک بێ له‌ ناو گه‌لدا، سبه‌ی ئه‌فسانه‌ بام.

خالیدی حیسامی (هێدی)


behnam5555 06-25-2014 12:45 PM


ھەی شەمی بەشەوق چل چرای شەوان
ھەی ژیانی من ھەی ڕۆحی ڕەوان
ھەی گلێنەکەی دیدەی بێ خەوان
ھەی ئاسکی سەرکەل لەسێبەر سڵ کەر
ھەی ھەوای سازی کوێستانان لە سەر
ھەی عەنبەرین خاڵ سۆسەنی کڵاف
ھەی ڕوناکایی ڕەشماڵانی جاف
ھەی من پەروانەی پەڕ سوتاوی تۆ
ھەی من گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆ
تۆ جارێ نایەی بۆ سەر وەختی من
گوێ نادەی بە ئاە زامی سەختی من
ناپرسیت ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم
بێ باکی لە تین قرچەی دەرونم
ھەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە
حەیفت کرد منت لەبیر چووەوە
بێ مروەتیت کرد ھەی شەم دەربارەم
من بۆ تۆ قەیسی سیا ستارەم
وادەی من و تۆ دیوانی خوابێ
مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ
شەمی شەم ڕوومەت تۆ بەسەلامەت
سکاڵای دڵم کەوتە قیامەت

"وه‌لی دێوانه‌ "

behnam5555 06-25-2014 12:47 PM


ئەی جــامیعی دونیا و قیامەت بەخــــــــەیاڵات
ئەورۆژەی کەمردی نە ئەوت بوو ونە ئەمەت بوو

دوێنێ چ بوو دەتدا بە زوبان لافــــی کەرامەت ؟!
ئەمرۆ نەدەمت بوو ! نە دەمت بوو ! نە دەمت بوو

نالی

واتە:ئەی ئەو کەسەی بە خەیاڵات دنیاو قیامەتت کۆکردۆتەوە و بردوتەتەوە ئەو رۆژەی کەمردی هیچیانت پێ نەبرا...چونکە دونیاو قیامەت دژی یەکن ...
تا دوێنێ بوو بەسەر زیندوبویت بەراست و چەپا لاف و گەزافەتت لێ دەداخۆت نەبێ کەست بەهیچ نەدەزانی.وە ئەمرۆش بەرام بەر بە مەرگ وەستاویت و هیچت پێناکرێ....لەهەمو لاف و گەزافێک پەشیمان بوویتەتەوە ناتوانی هەناسەیەک بدەیت نە دەمت گۆی کرد هیچ بڵێ
لیکدانەوەی مامۆستا عبدوکەریمی مودەریس

behnam5555 06-25-2014 12:48 PM


بۆسه‌ی ڕۆژگار

نیمه‌ ئاواڵێ له‌ گۆشه‌ی بێکه‌سی دا خه‌م نه‌بێ
چاکه‌ ئه‌و لێره‌ش وه‌فای هه‌ر ماوه‌، سایه‌ی که‌م نه‌بێ

لاپه‌ڕه‌ی ژینم هه‌موو هه‌ڵده‌یته‌وه‌ تێیدا نییه‌
باسی فرمێسک و هه‌ناسه‌ وشیوه‌ن و ماته‌م نه‌بێ

ڕۆژگاری سپڵه‌ بۆ من بۆسه‌یه‌کی نایه‌وه‌
نه‌مدی هه‌ر تیرێکی ده‌یهاوێ، به‌ره‌و سینه‌م نه‌بێ

ڕه‌نجی دووری دلبه‌رم بۆ کوشتنی من کافی یه‌
گه‌ر له‌ دنیادا ئه‌من هیچ مه‌ینه‌تێکی دیکه‌م نه‌بێ

کوا ده‌زانێ چه‌ند په‌رێشان و په‌شێوه‌ حاڵی من ؟
ئه‌و که‌سه‌ی گیرۆده‌یی ئه‌گریجه‌ و په‌رچه‌م نه‌بێ

ڕه‌مزی دڵداری له‌ زینێ فێر نه‌بوو یارم ده‌نا
کوا ئه‌وینداری وه‌فاداری وه‌کو من، مه‌م نه‌بێ ؟

کیژی شاریمان له‌خۆی وه‌رگرتووه‌ چارشێوی ڕه‌ش
داخه‌که‌م نه‌مدی له‌وێ مانگێکی ده‌وره‌ی ته‌م نه‌بێ

شادی جارێکی به‌ میوانی نه‌هاتۆته‌ دڵم
ڕه‌نگه‌ خه‌ڵوه‌تخانه‌یی خه‌م شوێنی نامه‌حره‌م نه‌بێ

خۆم ده‌سووتێنم هه‌تا به‌زمی خه‌ڵک ڕۆشن بکه‌م
کێ له‌ ڕێی خه‌ڵکا وه‌کوو شاعیر ده‌سووتێ، شه‌م نه‌بێ

هێــــــــــــــمن

behnam5555 06-25-2014 12:49 PM


له‌م به‌حری فیتنه‌ به‌ڵکی نه‌جاتت بدا خودا
داوێنی باخودا بگره‌، به‌رده‌ ناخودا

بێ که‌س منم، که‌سێ له‌ زوبانم بگا نیه‌
هه‌مده‌م خودا نه‌ناسن و ده‌م پڕ له‌ یا خودا

عه‌هد و وه‌فایه‌ سوخره‌یی به‌د عه‌هدی و جه‌فا
هه‌ر ما به‌ دادی ئه‌هلی وه‌فادا بگا خودا

هه‌ر ئه‌و که‌سه‌ که‌ خه‌یری دوعای خێری دیوه‌ لێم
دائیم دوعامه‌ شه‌ڕڕی له‌ من لابدا خودا

لوتفی به‌ حاڵی من که‌، وتم، ئه‌و وتی به‌ قار:
تۆ شێخی با خوداوو ئه‌من شۆخی ناخودا

غه‌یری ئه‌مه‌ که‌ سوێندی درۆی پێ بخۆن و به‌س
قوربانی ناوی، ناوی له‌ناوا نه‌ما خودا

تا زوڵمه‌تی وجووده‌ ته‌ریکی له‌ نووری عیشق
سێبه‌ر نه‌ما هه‌تاوه‌، که‌ [مه‌حوی] نه‌ما، خودا

مه‌حوی

behnam5555 06-25-2014 12:49 PM


چاوی مه‌ستت وا دیاره‌ فیتنه‌یێ به‌رپا ده‌کا
خانی دین وه‌ک تورکی یه‌غمایی به‌ ناز یه‌غما ده‌کا

تورکی دیده‌ت به‌ دوو قه‌وسی حاجب و تیری موژه‌ت
بۆ گرفتی دڵ له‌ کاکۆڵت عه‌له‌م به‌رپا ده‌کا

چاوی فه‌تتانت ده‌کا سیڕڕی نیهانی دڵ عه‌یان
واقعی هه‌ر فیتنه‌ ئه‌سراری نیهان ئیفشا ده‌کا

مه‌ردومی چاوت که‌ دێته‌ سه‌ر سوپاهی جان و دڵ
وه‌ک قه‌جه‌ر دایم به‌ قیرقاجی نیگه‌ه ده‌عوا ده‌کا

چونکه‌ هیچ شاهید له‌ نیوانمان نه‌بوو رۆژی ئه‌زه‌ل
عه‌قڵ و دینم نایه‌ مستی، ئێسته‌ وا حاشا ده‌کا

گه‌ر به‌ ناحه‌ق بمکوژی نابێ که‌ که‌س مه‌نعی بکا
حاکمێ کافر بێ، سا ئه‌ڵبه‌ت عه‌داڵه‌ت وا ده‌کا

دڵ ده‌ڵێ [کوردی] وه‌کوو من ئاره‌زووی وه‌سڵی مه‌که‌
بۆچی تۆ مانع ده‌بی ئه‌م به‌نده‌ چۆن بێجا ده‌کا؟

کــــوردی


behnam5555 06-25-2014 12:50 PM


ته‌یری دڵ بێ په‌ڕ و پۆ ته‌پکه‌ شکاوێکی به‌سه‌
چاوه‌ڕێی تۆیه‌ که‌ بێی، گه‌رمه‌ سڵاوێکی به‌سه‌

مه‌ڵێ زستانه‌ جلی پیر و فه‌قیر پاره‌ بووه‌
رۆژی رووت ده‌رخه‌ هه‌تیو تۆزه‌ هه‌تاوێکی به‌سه‌

پاییزه‌ فه‌رمو ته‌ماشا که‌ که‌لانه‌ و خوارم
پیره‌ که‌روێشکێ له‌ گوڕ که‌وتبێ ڕاوێکی به‌سه‌

ئه‌و هه‌موو زولفه‌ به‌ زنجیری مه‌که‌ بۆ ملی من
ته‌یری وا بێ په‌ڕوباڵ که‌وتبێ داوێکی به‌سه‌

سه‌یید و پیر و فه‌قیرم وه‌ره‌ لێم قه‌وماوه‌
بۆ منه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌ باوه‌لێ باوێکی به‌سه‌

وا به‌سه‌ر رووتی و پێخاووسی هاتۆته‌ لات
(کامیلت) جوته‌ کڵاشێک و کڵاوێکی به‌سه‌

هێنده‌ هه‌ر هاتم و چوم خۆزگه‌ به‌ دۆم ده‌خوازم
پیره‌ دۆمێکی هه‌ژر جاوه‌ دڕاوێکی به‌سه‌

کامیل شا


behnam5555 06-25-2014 12:51 PM


لــــــــه‌ دڵدا ئاته‌شى عيشقت بلێسه‌ى ميسلى ته‌ندوره
شـه‌تى ئه‌شكم نه‌بێ مانيــع، ده‌سوتێم ده‌بمه‌ كۆى نووره‌

به‌ نـارى عيشق و ئاوى دڵ, جه‌سه‌د وه‌ك حه‌زره‌تى موسا
ته‌ريقی: به‌حــــــــرى فيرعه‌ون و, ڕه‌فيقى ئاته‌شى تووره‌

ده‌چێ بۆ لاى رِه‌قيب خۆشه‌, وه‌لێ ئه‌و داخــه‌ كوشتومى
له‌ كـن ئه‌و چه‌نده‌ مه‌جبوره‌, لــــه ‌لاى من چه‌نده‌ مه‌غروره‌

په‌یامت هــــات و په‌یكت ڕۆى, خـــــــه‌ياڵم ناردوو نه‌یگه‌یێ
رِه‌سوڵم كـــــــــــه‌وته‌ رِێ، گرتی، هێناى وه‌ك ئاگره‌ سوره‌

كه‌ ديتـــم شكلى سه‌د ڕه‌نگــــی, گوتم: بابايى عـــه‌ییاره‌
كه‌ بيستم له‌فزى بێده‌نگی, گـــــــوتم: شه‌یپوری شاپووره‌

گـوتم:راستى سه‌بـــا هه‌ڵسه‌، گوتی: مه‌شره‌ب موخالیفه‌
گــــــوتم: نارێ، گــــــــــــوتى: بایه‌، ئه‌وجێ، گوتی: دووره‌

گــوتم: قوربانى تۆ من بم، گــوتی: قوربانى تــۆ سه‌گ بێ
گوتم: شيشه‌ى دڵـــم ناتوێ، گـوتی: بۆ چیمه‌، مه‌كسوره‌

خــه‌راباتى دڵــــــى (( نالــــى )) مه‌ فه‌رموو: خاڵیه‌، نـايه‌م
بـه‌ مه‌رگی تۆ قه‌سه‌م، چــاوم! به‌ زيكرت به‌يتى مه‌عمووره

نالــــى


behnam5555 06-25-2014 12:52 PM

"تەمەن"

ئەى تەمـەنى پڕ ئەسرینم ئەڕۆى ئـاوڕ نــادەیتەوە
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکتا لە عومرى من ئەسڕیتەوە

خۆزگە منیش وەک پەپوولە گشت تەمەنم وەرزێک بوایە
دوور لـە خـەم و تـاڵى ژیـان ، تەنیـا گـوڵم بنـاسیـایە

ڕێگام سەوداى تەنیاییەو کەسێک نایەت بۆ سەردانم
ئیتر چـیبکەم لەم تەمـەنە کە لەهـەمووى پەشیمانم

لـەگـریـانى مناڵیمـا ، پێکـەنینـم بـەخـەم ئەهـات
کەچى ئێستا خەم دەریایەو بۆ کەنارم شەپۆل ئەدات

لە سەد جـارا تەنیـا جـارێ ، زەردەخـەنە دێتـە میوان
وەک سێبەرى لاى ئێوارەى خۆرنشینى دار ئەرخەوان

ئەى هـاوڕێیان چـاوم نووقمى نیگارێکى پڕ بەهارە
تاسەم وەرى بەڵام هێشتا خۆشەویستیم هەربێدارە

ئێستاش گەڵاى عومرى گەنجیم وەکو پاییز هەڵوەریوە
کـێ وەکـو من تەم و غـوبار پەنجـەرەکـەى داپۆشیوە!!!

"
ئەحمەد محەمەد"

behnam5555 06-25-2014 12:53 PM


گــوتم: قوربانى تۆ من بم، گــوتی: قوربانى تــۆ سه‌گ بێ
گوتم: شيشه‌ى دڵـــم ناتوێ، گـوتی: بۆ چیمه‌، مه‌كسوره‌

خــه‌راباتى دڵــــــى (( نالــــى )) مه‌ فه‌رموو: خاڵیه‌، نـايه‌م
بـه‌ مه‌رگی تۆ قه‌سه‌م، چــاوم! به‌ زيكرت به‌يتى مه‌عمووره
نالــــى


اکنون ساعت 12:51 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)