پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 02-21-2015 12:54 PM


ئەحمەد شاملوو
ئاشقانە
ورنگدانێكی كورتە جیهان
لە نێوان گوناح و دۆزەخ‌دا
وەك قسێكی سارد و سووك دەچێ،
گزینگی خۆرەتاو
ڕۆژیش شەرمەزارێكی قەرەبوونەكراوە
ئاخ بەر لەوەی شەڵاڵی ئەسرین بم، شتێك بڵێ
دەلاقەی تەسكە ئاسۆی لێڵەڕوانینی باپیرانە، دار
شنەش زللەی بیرێكی چەپەڵ
هەڵمی هاڵاوی بۆگەنی كفرێكە بە باڵابەژنی ژینەوە،
تریفەی مانگی پاییزان
شتێك بڵێ، بەر لەوەی شەڵاڵی ئەسرین بم، شتێك بڵێ
ڕۆچنەیان ڕوو بە ڕوانگەی سزای تاوان دەكرێتەوە، نەزیلەكان
هێڵنجی بێزی هەستێكی گەندەڵە ئەوین
بۆ ئەژنۆ دەخۆڵ‌وەردان و سەڵاسەڵا گریان بۆ چارەنووس،
كۆخێكە بۆمان عاسمان
ئاخ بەر لەوەی شەڵاڵی ئەسرین بم، شتێك بڵێ، هەرچی بێ
دوو گیانی لرفەلرفی خوڕەی مەرگن كانی
تازەیەبارانی ئاڵۆزیش ئابڕووی جیهان
داوێن‌پاكی بە ڕووی ئاوێنە‌ دامەدە
داوێن‌پیسانن، درێژ داوێنی نیاز
بێدەنگ مەبە، لەڕێی خودا بەر لەوەی شەڵاڵی ئەسرین بم،
هێندێك لە ئەوین بدوێ
و: سەید سمایل بەرزەنجی ــ مه‌هاباد

behnam5555 02-21-2015 12:58 PM

بێ مۆراڵ بووين
كتێبه‌كانم رِێك د‌ه‌كرد
قسه‌ى كتێبفرشييه‌كه‌م هاته‌وه ياد
ووتى: كتێبت بۆ چييه؟
شه‌قم تێ هه‌ڵدان و، هێندێكيم سووتاند
هێندێكمله‌ته‌والێته‌كه‌ بۆ قن سرِين دانا
هێندێكم لێدايه براكه‌م تا بۆ برازاكه‌مى بكاته دايبى
هێنديكم لێدايه گۆڵه به‌ڕۆژ و پاقله فرۆشه‌كان
هێندێكى ديكه‌يشى به‌سه‌ر منداڵان به‌ش ده‌كه‌م تا بيكه‌نه‌ كۆلاره‌
كه‌مێك دڵخۆش ببن
خوشكێك و، سێ برا و، دايك و، باوكێكين
زۆر ده‌خوێنينه‌وه
دايكم به‌ دوو ڕۆژ و ، سێ ڕۆژ ، به‌ديار ميوانه‌وه داده‌نيشێ
نان به ‌ئێمه و ميوانه‌كان نادا
باوكم دره‌نگانى شه‌و ، وه‌ك پۆله‌ مه‌ل پياو له‌گه‌ڵ خۆى ده‌هێنێته‌وه
ده‌بێ ئێمه دوو، دوو، بگينه ژێر به‌تانييه‌ك و ژورێكه‌وه
ئاخر دايكم و، باوكم خوێنه‌ر كتێبن
له‌د‌ه‌ورى كتێب خڕ د‌ه‌بينه‌وه
سۆپاكه‌ماننه‌وتى تێدا نامێنێ و ، به‌رميله‌كان پڕن
كه‌س نه‌وت ناكاته‌ سۆپاكانه‌وه‌
له‌ شوێنى خۆمان ، به‌تانى به‌خۆماندا ده‌ده‌ين
دڵۆپێك ئاو له‌ماڵمان نامێنێ
هه‌ركه‌س بۆخۆى له‌ مزگه‌وتێك مه‌سينه‌يه‌ك
پڕ ئاو ده‌كات و ، له‌ته‌نيشت خۆيه‌وه دايده‌نێ
له‌ ترسى قاپ شۆرين كه‌س نان ئاماده ناكا
هه‌ركه‌س بۆ خۆى پڕ گيرفانى له ساندویچ ده‌كات و
به‌ديار خوێندنه‌وه وه ده‌يخۆين
ئاگر له‌ ماڵی هاوسێ كه‌مان به‌رده‌بێ
بۆنى لاشه‌ى سوتاو خه‌ريكه‌ كوێرمان ده‌كا
چاو له‌سه‌ر كتێبه‌كان بڵند ناكه‌ينه‌وه
دۆستێكمان ده‌مرێ
هه‌موو كۆ ده‌بينه‌وه‌، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى بچين بۆ پرسه‌كه‌ى
به‌ڵكو هزر ده‌كه‌ين
گه‌ر بچين زيانى خوێندنه‌وه‌مان پێده‌گا
به‌خزمانمان ووتوه گه‌ر نه‌هاتينه‌ پرسه‌تان
زووير مه‌بن چوونكه به‌ خوێندنه‌وه سه‌رقاڵين
زۆر ده‌خوێنينه‌وه و
نازانين سه‌رۆكى وولاَت ناوى چييه؟
نازانين سه‌رۆك وه‌زيران كێيه؟
تيڤى و فه‌يسبووكمان نييه
ته‌نانه‌ت ناوى ئه‌نجومه‌نى گه‌ڕه‌كمان نازانين؟
خوشكێك و ، سێ برا و ، دايك و ، باوكێكين
زۆر ده‌خوێنينه‌وه
هه‌ميشه به‌ديار خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌وه
خه‌ومان لێكده‌كه‌وێ، له‌يادمان ده‌چێ ده‌رگاكان كڵۆم بده‌ين
هه‌موو ڕۆژێ ده‌مى خۆركه‌وتن له‌خه‌و ڕاده‌بين
فه‌رشه‌كه‌ى ژێريشمان نامێنێ
هه‌موو ڕۆژێ سكالاَتۆمار ده‌كه‌ين
له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ى خوێنه‌رى كتێب نين
هێمن عــوسمان عه‌بدوڵڵا ــ قه‌زای سه‌ید سادق

behnam5555 02-21-2015 06:48 PM


1
ئهوین:

زرێباری ئه‌وین ماته
له ژێر زوڵمی
فه‌یله‌قووسی چاوه‌کانت
ده‌روێشه که‌ی دڵی منیش
هاکا په‌تی دۆعا
ههڵخا
بۆخنکانت.....

2

شه وگار:

شه‌وگار
به گیانی خۆر
سوێندت ده‌ده‌م
دام پۆشه
تا که‌س نه‌بینێ
یادی یارم
هه‌رشه‌ودێت وده‌ست له‌ملی
ئاواته‌کانم ده‌کات و
ده‌بێته هه‌تاوی
خه‌یاڵاوی
خه‌ونه‌کانم
ئه‌کره‌م حه‌سه‌ن زاده‌(سه‌ریاس) ــ پاوه

behnam5555 02-21-2015 06:49 PM


ماوەتەوە سێو؛ خوا لە نیۆتۆن خۆش بێ
لە ئێسكم‌دا بەردێك دێشێ
بەو "من"ە كە لە خۆمەوە دەست پێ‌دەكا نابمە دیوار تەواو دەبم
بیر لە پرد كە دەكەمەوە لەگەڵ هیچ دێڕێك ناسازێم
[ ڕووخاوم و بەختێك ڕژایە ناو ئاوت ]
لە برینم‌دا ئێسقانی و لە گۆڕستانی نینۆك‌دا مناڵێك تاوانبار
لە شەمەندەفەڕ كە جێ‌دەمێنم گۆڕێكی كۆن شێعرێك دەڵێ:
"باران بە سەر من‌دا خوار دەبارێ"
شاعیرێك دەئێستامینۆفێن‌دا نووست
باڵندەیەك لە كراسەكەم‌دا دەفڕێ و تۆ لە خۆت‌دا دەمسڕیەوە
وەرگێڕانت چەندە ئەستەمە
كە لە نیۆتۆن‌دا دادەبەزم پرسیارەكان گشتیان دەڕزن / ماسییەكان جێگا دەگۆڕن و
ئەلۆ...كەسێك ون بووە؟!
ژێنێڕاڵ؟!
عاشق كە دەبی ئەستێرەكان لەت لەت دەبن
/ های ویلچێر! / دروومانێك! /
هەڵەمووتم و تا دەترسم قووڵ‌تر دەبم
لە ئێسكم‌دا بەردێك دێشێ
دایكم دەڵێ:
"تا گرێ لە لەچكەم دەدەم لە تۆ نزیك‌تر دەبمەوە/ سێوێك دەڕزێ و نیۆتۆن دەستەوئەژنۆ دانانیشێ/
ژێنێڕاڵ؟!
شەڕێك بەرئاوەژوو دەسەرم‌دا سەرگەردانە
/ ئێستامینۆفێن / هەڵەمووت /
باران كە تا خوار دەبارێ ماسییەكان زۆرتر ون دەبن ــ گۆڕێك كوتی/ چاوم پڕە لە جەهەننەم
لێم‌گەڕێ حەیف بم بۆ زەوی / هەمیشە كەسێكم زووتر لە هەواڵ پێ‌دەگەم /
كە پەپوولە لە دەنگم دەهاڵێ و
مناڵێك دەبیانووم‌دا دادەبەزێ
[ نیۆتۆن بەو باسە نەزانێ ] ــ سەد لە سەت ــ
ژێنێڕاڵ؟
قەپاڵێك لە زەینی ئەستێرەیەك‌دا جێ‌ماوە تاوانبارەكان دەڕووشێ و
نینۆك دەخاتە سەر پشتی زەوی [ لە جنسی ئەخلاق ڕۆژێكم، خۆم دەسپێرمە باوێشكی دۆزەخ و لە ئێستاوە پێم ناڵێن زەوی هەموو ئێواران لە خۆی دەهاڵێ و دەشەلێ]
...
لەو شێعرەدا ڕۆڵێك دەبەخشم بە زەمان
[ كە لە كات‌ژمێردا دایرەكان ڕاو دەنێ زیندانبان دڵی بە ساڵیش خۆش دەبێ ]
بپرسە لە نیۆتۆن دەستی بە كات‌ژمێردا هەڵە بوو لە منی پرسی:
سێو چەندە بە كاتی زەوی؟
من لە ژێنێڕاڵ، ئەو لە گورگ و گورگ لە دار، دار لە خەنجەر، خەنجەر لە حەنجەرەم‌دا كرا پەنجەرە/
گرفتێكم بۆ هاتە پێش ــ ئێوەی بۆ دەگێڕمەوە ــ
بۆ پاڕكەكانی جیهان پلەم بەزی و بووم بە تەقریبەنی ئێستا ــ / بەسە /
/ چی‌ترتان لە بیر نەمێنێ /
عاشقێك بە نیۆتۆن قەرزدارم
[ هاتم و سێو پێ‌نەگەیی ]
دایكم لە ئاو مارە كرا لەچكەكان پرسە ڕادەخەن.
ئیقرار بە زمانی مردوو
دیوارم لە خەونی گێلاسێك دزی ژێنێڕاڵ؟!
تاوانبار نیم
من لە جەهەننەم‌دا پیر بووم زەمان لە وێنەكەم‌دا سەرگەردانە/
مناڵێك ئێستاش دەنینۆكم‌دا تاوانبار دەبارێ
/چەترێك كوتی: لە بارانیش عاشق‌ترم/
خوا لە هەموو "من"ەكانم خۆش بێ
مردووی ئێوە بە سڵامەت
عەبدولقادر نیازی ــ مه‌هاباد

behnam5555 02-21-2015 06:50 PM


تا مه‌مک ئاوه‌دان
له‌ ده‌لاقه‌ی به‌یانیه‌وه‌ که‌ کاتژمێر خه‌واڵوویه‌
تا ویندۆزی ئه‌وینت
هه‌میشه‌ پڕ ته‌ماشات ده‌که‌م
لێره‌ش حه‌زره‌تی په‌یامت ئاف نادا
هه‌ربه‌ ته‌مه‌ننات .
چه‌ت ناکه‌م و سپاس .
نیوه‌ڕۆ خۆم له‌ شێعر ئێستا نه‌دزیوه‌ته‌وه‌
که‌ که‌وشه‌کانم سه‌فه‌رین
ده‌بێ بڕۆم
-تاکسی تاکسی -
حه‌ح ! به‌سه‌رهاتێکی شێتانه‌یه‌
له‌ بانگه‌وازی عیشق
ده‌ست ناخاته‌ ڕوو دڵه‌کووته‌م به‌ ئێش و زار
- شاعیرم یا که‌ نیم -
له‌ره‌ی مه‌مک
تا شه‌قام ، هه‌ر سرنجم ده‌‌دزێ
هممممممممم !
لێگه‌ڕێ با ویندۆزی ئه‌وینت به‌ ڤۆڕدی نیگام
پڕ ‌که‌م له‌ خۆشه‌ویستی
- شاعیرم یا که‌ نیم -
ده‌تپه‌ره‌ستم ئیتر هیچ و
هه‌ر سڵاو...........
خۆزگه‌ ماچ بارانی که‌م
که‌ڵمه‌ت یا که‌ لێوت
ئا ئه‌وه‌یشه‌‌ مانیفێستی بزه‌ت
ئیتر تا کۆتایی تا ئامێزت
مالئاوا ........
جه‌لال پوورحه‌سه‌ن ــ مه‌هاباد

behnam5555 02-21-2015 06:52 PM


چوار شێعر له تاراوگه
1
چۆن پێت بڵێم دە چاوم‌دا تۆ شک ئەبەم
باوکە چیاکان ئەمڕو سەوز ئەچنەوە
چیای من پڕە لە گەردەلوول
کەس نییە گوێچکە بە گۆرانییه‌کانم بەدا
پەنجەرەکانیش بە بێ دەنگی ئەگرین
نمە نمەی باران تەڕیان ئەکا
لاپەرەکانی دەفتەرم
هاوڕێی نزیکی منن
بڕاوە ترووسکایی لە ماڵمان
هیچ هیواێکی ژیان نەماوە
ڕۆژگارێکی چەند تاریکە
من ڕێبواری ئەم ڕێگایه‌م
هەنگاوەکانم زۆر شلن
ناپێورێ بۆم ئەم ڕێگایە
چۆن پێت بڵێم دەچاوم‌دا تۆ شک ئەبەم
باوکە چیاکان سەوز ئەچنەوە
چیای من پڕە لە گەردەلوول.
٢٠١٢/٣/١٥
2
ئەی پیاوی ئەو دیوی حەقیقەت
لە پەنجەرەی نیگاتەوە
مەبڕە چاو
لە دڵی چلورە بەستوو
بە تیشکی نیگات
تک تک ئەتوێتەوە و
ئەڕژێتە سەر برینێکی قووڵی قەرتماغە بەستوو
٢٠١٢.١.١٠
3
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
مەزرای ژیان دەکێڵمەوە
هەرچی دڕک و گیای هەرەسە
بە برژانگم دەیچنمەوە
٢٠١٢.١.١٢
4
مۆمی دڵ
مۆمی دڵم هەڵکراوە
بەدوای ون‌بووی‌دا گەڕاوە
ئەمشه‌و ئەسپی دڵی یاغیم
سەرکەشە و تۆری هەڵ
سۆغرا ڕه‌زگه‌یی ــ فه‌نلاند

behnam5555 02-21-2015 06:53 PM


نه دڵ
نه مێشک
نه زمانم
به خوا هیچکامیان نایکێڵێ؛
خوشه‌ویستیت دڵی ده‌وێ
بیره‌وه ریت بێجگه له دڵ میشکی ده‌وێ
ناو بردنت . . .
دڵ و مێشک وزمان هیچه
پیاوی ده‌وێ!
چاوم وه‌ری
نا!
وه‌راندی:
،
ده‌ستم له‌ری
نا!
له‌رزاندی:
،
دڵم ته‌زی
نا!
ته‌زاندی:
«ئه‌ینووسی به حه‌ساو؟»
م.ئه‌لف.یادگار ــ سه‌قز

behnam5555 02-21-2015 06:55 PM


/ دڵ پاكی زەوی
بێدەنگی منە
دیاری بە باران درا /
گرێپوچكەیەكی پێخواس
میراتی بابردووی چاوی دۆزەخینی منە
لە حەرامییەتی
بەهێیەكی نەفرەتی،
چ باران بارانێكە
نركەی دڵی من و
نۆشی پەشمینی با
بە شوێن پێی خوادا
لەم گەڕیانە نازی تنۆكەیەكی تەسك
دەخەمە داوی دەستەكانت
فەنتازییای سووتانی ڕوح و
گۆنای گونەهباری تۆ
لە نزایەكی خەڵوەت‌خواز لە ئەستۆی خوا...
دەمامكێكی سێ‌گۆشم
شەقڵی زەوی
تل دەخوا لە سیپارەی جەننەتی من‌دا
ڕاست كڕنۆشی شەو
شەو جازیبەی پێكەنینی پێڵاوەكانی وێرانییە
شاد لە ڕژیمی بێدەنگی و
زاڵی و پڕ و پووچی و
پ
پ
ئای دەوەرە وەرە
كێلگەی تاسەم
خوای من لە مانگ یاغییە
كردەوەی ڕوحی بێد‌ەنگی منە
ساپۆڕتی هەراوی بەهێیەكی دەست‌پیس و
تەنكەی نیوەشەو دەكا
خوایە، دۆزەخ ماڵی منە
چەندم دەدین تاسە سەر
دەست بە هەزار و ڕەنگ بە خەسار
دەسا لە خیلقەتی تێمم
بنواڕە باران
با شەفاعەتی مەمكەكانی
لە ئامێزی تێل‌دڕوو
بپۆشن
با سیخوڕی كوانوویەكی دەست بە قرتماغەم بێ
برین نازێكی زەبوونە
لە من‌دا
كە تا دەوە‌ستم ڕوحی من و ماڵ‌وێرانەكەی دەشەكێ
من
ئەوە بایەكی نامۆیە
سێ‌بەندی زەوی و جەزری شۆفاری تۆ
دەخاتە ئەستۆی ختۆكەیەی سەوز
/ من لە تاوانی پەپوولە تێ‌ناگەم /
سەرمەستی خەساربوونی
گەڵاكانی حینجەت نیم
هەتاكوو باڵی بە سووتان فێر نەبێ
نافڕم
كراسێكی شین لە ڕەنگی دۆزەخ
كەرامەتی دەرگای بێ‌پاسەوانی خوایە
بە بەهێیەكی نازدار دەڵێم
ڕەنگت خۆش
ئەوە هەڵەی نەزمی تەنیایی
حەرامییەك بوو
تا بە نركەی باران و دڵی من
ناسەكنێ
قاقڕە لەززەتی باران-
دەوە‌رە وەرە
زەمەنی زەندەق‌چوو
ها ئەوە ڕوحی پێخواسی منە
بە دەستی با سپێردراوە
"ئەگەر كە سات بە سات دەیبرد بە تالان
فرسەق بە فرسەق"
من دۆزەخی نەفرەتی ماچ دەكەم
تا بەری بەیانی
دیوار تووڕەیی منە بەرانبەر بە خوا و هەرچی
قەدەری قات‌كراوی من و مانگە
ناسرەوم
بە گژی ڕێ و گەلاوێژ و پشووی خوا
تا تاریكستانی شەتاو
هەراسان
لە گێژاڤی هەناسەكان
پەردە ڕاو دەكەم
ئەوە مەرجی لە دایك‌بوونی منە
كە ڕوح لە بناری بزۆزی قات كرێ و
كەرامەتی ژێرەوەی سیفری من و
لەنجەی شەو
برۆنزەترین قامەتی هەتاو
واژۆ بكەن.
هەوار خزرزادە " شەڤگەش" ــ مه‌هاباد

behnam5555 02-21-2015 06:56 PM


دوو کورته شێعر
"گورگ"
گورگێك دەیـ... لوو... راند
ئێوارەی حەفتەیەك لەمەوبەر
دەزگیرانەكەی بە زۆر مارە كرابوو
لە تف... لە تف... لە تفەنگ!
****
"قاچاخچی"
تەق... تەق
قاچاخچییەك كوژرا !
شانێكی شەكەت،
كارتۆنێك بزە و
چاوەڕوان مناڵێك.
زاهیر سەیدی ــ مه‌هاباد

behnam5555 02-21-2015 06:56 PM


هـيـــيـــيـــچ
1
هه‌ردوو د‌ه‌ستم به‌سه‌رمه‌وه گرتووه
ده‌بێ واى بقوپێنم
هيچ ته‌نه‌كه‌چييه‌ك بۆى ڕاست نه‌كرێته‌وه
2
هه‌ناسه‌م تووند بووه
پێده‌چێ گرێ درابێ
3
خه‌ياڵم
به بزمارێكه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه
ده‌ستم پێی ڕاناگا
تا بيكه‌مه‌وه ناوسه‌رم
4
وێنه‌ى خۆم به ديوارى ژووره‌كه‌مه‌وه ده‌كێشم
جارێك بێ چاو
جارێك بێ پێيه‌كانم و
جارێك بێ ده‌سته‌كانم
جارێك بێ خه‌ونه‌كانم و
جارێكيش به‌بێ خه‌ياڵه‌كانم
جارێك ده‌م به‌پێكه‌نين و
جارێكى ديكه به ده‌م و چاوى چرچاوى و
نيگه‌رانييه‌وه‌
دواجار ته‌ماشايان ده‌كه‌مه‌وه‌
هيچيان من نيم
5
له‌ ناو خۆمدا بۆ شوێن ده‌گه‌ڕێم
من پڕم
پڕ
پڕ
شوێن ده‌ست ناكه‌وێ تا دڵێكى لێ دابنێم
6
گه‌وره‌ترين گرفتم ئه‌وه‌يه‌ ناتوانم
له‌گه‌ڵ كه‌سانێك ژيان بكه‌م
وه‌ك من بير ده‌كه‌نه‌وه‌
وه‌ك من خه‌ون ده‌بينن
وه‌ك من خه‌ياڵ ده‌كه‌ن
وه‌ك من كات تێده‌په‌ڕێنن
7
ته‌په‌ى پێى پياوێك له ناو سه‌رمدا
ئارامى لێهه‌ڵگرتووم و
به‌ مايكيكه‌وه‌ پڕ به كووچه‌خامۆشه‌كانى سه‌رم
هاوار ده‌كا
"به‌خته‌وه‌رى ئه‌وه‌يه‌ مرۆڤ له‌ دايك نه‌بێ
ئه‌گه‌ر له‌ دايكيش بوو
ده‌ست به‌جێ بمرێ *"
8
منداڵيمم بده‌نه‌وه‌
له‌ ئينجانه‌يه‌كى ده‌خه‌م و
نزيك گه‌وره‌بوونم دايده‌نێم
9
كتێب ده‌كڕم و نايخوێنمه‌وه‌
لاپه‌ڕه‌كانى ده‌كه‌مه‌ كه‌شتى و
له‌ نێو سه‌رنشينه‌كانى به‌شوێن كچێك ده‌گه‌ڕێم
-10-
هيچم لێ وون نه‌بووه‌ و
به‌شوێن شتێكدا ده‌گه‌ڕێم و نايدۆزمه‌وه‌
11
هه‌ناوم گه‌رمه‌
پشكۆيه‌ك له‌ گه‌ده‌م دايه‌
12
به‌ كاركردن له‌ ناوخۆمدا سه‌رقاڵم
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش نامپه‌رژێ
پرچم شانه بكه‌م
پێڵاوه‌كانم خاوێن بكه‌مه‌وه‌
13
سه‌به‌ته‌ى ڕه‌نگه‌كانم لێ وون بووه‌
تا هێندێك
له‌ خه‌ونه‌كانمى پێ بنه‌خشێنم
پێده‌چێ هى ئه‌وه‌بێ ڕه‌شبين بم
14
ده‌نووسم
تا وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره‌ بده‌مه‌وه‌
بۆ ده‌نووسى؟
هێمن عـــوسمان عه‌بدوڵلا ــ قه‌زای سه‌یدسادق (سلێمانی)


اکنون ساعت 01:50 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)