پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 03-22-2015 08:28 PM


گریانی نیوەشەو

شه‌وانه‌ ئه‌و ده‌مانه‌ی شه‌و ده‌گاته‌ کاتی نیوه‌ی شه‌و
خه‌ڵک نوستوون، له‌ چاوی من که‌سه‌ر دیسان ڕه‌واندی خه‌و
سکووتێکی به‌سام سه‌رتاسه‌ری ئه‌م دێیه‌ داده‌گرێ
ده‌ڵێی هه‌ر زینده‌وارێکی هه‌یه‌ له‌و دێیه‌دا ده‌مرێ
له‌ هیچ لا خشپه‌یه‌ک نایه‌، چرای ماڵێکی ناییسێ
به‌ ئه‌سپایی له‌ ماڵ دێمه‌ ده‌رێ ده‌خوشم وه‌کو نیسێ
ته‌ک و ته‌نیا به‌ ئارامی ده‌چم بۆ گرده‌که‌ی به‌ر دێ
به‌ دڵته‌نگی و کز و خه‌مناکی ڕاده‌کشێم له‌سه‌ر به‌ردێ
ده‌که‌م جا سه‌یری ئه‌ستێران و هه‌ڵده‌مژم شنه‌ی شه‌وبا
شه‌و و بێده‌نگی چه‌ند خۆشه‌، هه‌میشه‌ خۆزگه‌ هه‌ر شه‌و با
وه‌کو ئاواڵی چاک ئه‌ستێره‌کان گوێ ڕاده‌دێرن بۆم
هه‌تا بۆیان به‌یان که‌م موو به‌ موو ڕازی ده‌روونی خۆم
کوڵم هه‌ڵده‌ستێ ئه‌وجاره‌ و له‌ به‌ر ده‌ردم ده‌ناڵێنم
هه‌تا ئاوری دڵم ده‌کوژێته‌وه‌ ئه‌سرین ده‌بارێنم
شه‌وانه‌ گه‌ر نه‌که‌م ئه‌و شیوه‌ن و ناڵین و گریانه‌
ده‌سووتێنێ وجودم ئاگری ئه‌م جه‌رگه‌ بریانه‌
به‌ڵێ گریانی نیوه‌ی شه‌و ده‌کا ناسۆڕی دڵ مه‌رهه‌م
کوڵ و کۆم داده‌مرکێنێ و به‌جێ دێڵێ دڵی من خه‌م

مامۆستا هێمن موکریانی


behnam5555 03-22-2015 08:29 PM

تۆم هه‌ر له‌ بیره‌
‌له‌ شایی دا له‌ وه‌ختی هه‌ڵپه‌ڕین دا
له‌ خۆشی دا له‌ کاتی پێکه‌نین دا
له‌ کۆڕی ماته‌م و گریان و شین دا
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌ بیره‌
به‌ شه‌و تاکوو به‌ سه‌رما زاڵ ده‌بێ خه‌و
به‌ ڕۆژ تاکوو دووباره‌ دێته‌وه‌ شه‌و
له‌ کاتێک دا که‌ ده‌دوێنم ئه‌م و ئه‌و
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌ بیره‌
زه‌مانێکی که‌ ده‌چمه‌ سه‌یری گوڵزار
له‌ گه‌ڵ پۆلی ڕه‌فیقانی وه‌فادار
ته‌نانه‌ت وه‌ختی ده‌سبازی له‌گه‌ڵ یار
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌ بیره‌
له‌ کوێستانێ ده‌می ڕاو و شکارێ
له‌ مه‌زرایه‌ که‌ خۆم هه‌ڵکرد له‌ کارێ
له‌ جێ ژوانێ که‌ ده‌گوشم مه‌مکی یارێ
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌ بیره‌
ده‌که‌م ته‌رخان له‌ ڕێی تۆ دا ژیانم
له‌ سه‌نگه‌ر دا به‌ره‌و ڕووی دوژمنانم
به‌ خاکی تۆ ده‌می ئاویلکه‌دانم
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌ بیره‌
هیمن
شیلاناوێ

behnam5555 03-22-2015 08:30 PM


ئەلا ئەی ساقیی مەستان بە حەققی پیری مەیخانە
بە گەردش بێنە جامی مەی بە یادی چاوی جانانە

ئەمان ئەی موتریبی مەجلیس بە حەققی تاری رووحانی
بڵا بێ نەغمەکەی سازت کە ئاوی ئاوری هیجرانە

ئەتۆ ئەی رووحەکەم ساقی، ئەتۆ ئەی عومرەکەم موتریب
پەیاپەی لێدە چەنگ‌ و نەی، دەمادەم بێنە پەیمانە

بە تیری غەمزە بملاوێنەوە زولفم لە گەردەن کە
بە سەر هاتوومە مەیدانت، بە دڵ بۆت بووم بە نیشانە

ئەگەر شەوقی جەمالی تۆ نییە من مەست و حەیرانم
لەبەرچی بۆتە بولبول گوڵ، چرا بۆچ بۆتە پەروانە؟

لە شەوقی تۆیە سەرمەستە، بە زەوقی تۆیە پابەستە
ئەگەر عاریف لە کەعبەی‌دا، ئەگەر کافر لە بوتخانە

لە شیرینی جەمالی تۆیە رۆژی روونی لەیلایە
ئەگەر فەرهادی سەرگەردان، ئەگەر مەجنوونی دێوانە

دەمێکی مەست و بیمارم، دەمێک بێ‌هۆش و هۆشیارم
چ کەس نازانێ دەردی من، مەگەر ئەو چاوە کاڵانە

دە هەر حەڵقێکیدا سەد دڵ، گرفتارە دەناڵێنێ
سەری زولفی پەرێشانت مەگەر زنجیری شاهانە؟

هەناسەی عاشقان با نەدگرێ، بێ مروەتی تا کەی؟
بترسێ ئەی گوڵی نازك‌بەدەن لەو بایی زریانە

ئەگەر زولفت وەکوو من عاشقی رووی تۆ نییە بۆ‌چی
سەراپا تێکچوو، کەوتۆتە بەرپێت،دەست و دامانە؟

ترازا دوگمەکەی سینەی، بەیاری زولفی هات غەمزە
بەیان بەربوو‌ لە لای چین، باخەبەر بن! تیرە بارانە

وەفایی بۆ گوڵێکی سەروباڵا شێت و شەیدایە
وەکوو قومری دەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەل‌خوانە

وه فایی ....

behnam5555 03-22-2015 08:31 PM


وەرە بنــــواڕە بەزمی عالەمــــی دڵ
چ خۆش دەورێکە هۆشـــیاری خراپە

ئەگەرچی ناڵەیە، هەر شەوق وزەوقە
ئەگەرچی گریەیە، عەیــــنی سەوابە

بە ناڵیـــنی دڵی سوتاوی عاشــــق
هەمو هەر نەغمەیی چەنگ و ڕوبابە

(وەفایی)

behnam5555 03-23-2015 01:41 PM

هەروەکوو کەو پەنجەکانت وا بە خوێنم رشتووە


http://s2.picofile.com/file/72666396...ge_Custom_.jpg

شاعیری گەورەی کوردی "کوردی" دەڵێ:

ئەی موسڵمانینە ! نابێ پێم بڵین چیم کردووە؟
دلبەرم بۆچی وەها دەستی لە خوێنم خستووە؟
پەنجەکەی خوێناویە ئێستا دەکا حاشا گوڵم
سوێند دەخوا بە خودا دەڵێ بیللا ئەمن نەمکوژتووە
چونکە ئەمڕۆ من شەهیدی کەربەلایی عەشقی تۆم
هەروەکوو کەو پەنجەکانت وا بە خوێنم رشتووە
چاوی مەستی فیتننە جۆکەت وەک سواری تورکمان
خەرمەنی عەقڵ و دڵ و هۆشی بە غارەت بردووە
پەرچەمت هەر وەک پەری تاوس کە دەدرەوشێتەوە
هێندە نەرم و سافە وا قورئان دەخۆی تووکی قووە
کێ خەلاسی دێ لە قوللەی قافی عیشقت چاوەکەم؟
زەحمەتە بیللا کە چونکە پڕ لە سیحر و جادووە
ئەو سیا واڵا لە دەورەی گەنجەکەی روخسارتە
پڕ عەجەب ماوم کەوا خۆمارە یاخۆ گیسووە؟
یا خوا دوور بێ لە چاوی بەد، تەماشاکان گوڵم
هێندە باریکە قەدی، قورئان دەخۆی تاری مووە



behnam5555 03-23-2015 01:43 PM

بیستووتە بەفر
ئاگر بەرداتە شەوێکی خامۆش ،
کراسی لە گوڵ بۆ شەو بدوورێ ،
بۆن و بەرامەی خوێن بێنێتە جۆش ؟ !
بەسەرهاتێکی ئاوام لە یادە :
شەوێکی ساردی چلەی زستان بوو ،
لە کەنارێکدا ،
کە ڕایەخ زەوی و بنمیچ ئاسمان بوو –
بە داگیرسانی
دەماری جووتێک جەستەی تێک ئاڵاو
بەفری نیوەشەو
ببوو بە مێرگ و مەفتەنی هەتاو !
................................
عەبدوڵڵا پەشێو

behnam5555 03-23-2015 01:44 PM

له‌ روخساری شیعر گه‌ڕێن،خه‌مخواری کورد

منداڵ و شێت ڕاستگۆن...منیش...
... منداڵێکی سه‌ر سپیم و
سه‌رشێتێکی لاساری کورد
زارم شیعری پێدا نایێ...له‌ هه‌ژمه‌تی
ورگ و قه‌ڵه‌م چاو شۆڕانی ده‌رباری کورد
وه‌ک کاولی چه‌قه‌نه‌یان هه‌دا نادا
بۆ گه‌مبۆڵ و جه‌للادانی قۆچداری کورد
* * *
خه‌ونێکم دی :
له‌و خه‌وه‌دا ئاهرومه‌ز ده‌گه‌ڕا بۆ‌
نیشتیمانی که‌ڤناری کورد
هه‌وری ئاسمان لاڵوپاڵ بوو
له‌به‌ر زرمه‌ی گه‌ڕی شایی و
هاتوهه‌وی شاسواری کورد
به‌یانییان ئاوێزانی گزنگ ده‌بووم
تێمده‌چریکاند بۆ خاک،ئاڵا،ئاکاری کورد
ئێوارانیش ڕێی ژوانم گوڵڕێژ ده‌کرد
بۆ کوڕگه‌ل و کیژوکاڵی دڵداری کورد
گوتم : ئۆخه‌ی! خۆ لۆتییه‌که‌ی به‌غدای ڕاونا
خڕکه‌به‌ردو خوتره‌داری هه‌ژاری کورد
ئۆخه‌ی ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌م،ئۆخه‌ی بێرکۆت
ئۆخه‌ی بێشه‌و چه‌م و کێڵگه‌و به‌یاری کورد
ئۆخه‌ی ئاسمان
ئۆخه‌ی زه‌وی،ئه‌ستێره‌و مانگ
ئۆخه‌ی هاوین،پایز،زستان،به‌هاری کورد
ئۆخه‌ی ماچی ئازیزانی ڕوو هه‌تاوگاز
ئه‌شکی عومرێک چاوه‌نواڕی دیداری کورد
ئۆخه‌ی ئاوی زنه‌و کانی،دۆی کونده‌ڵان
ئۆخه‌ی خه‌وی بن سابات و ده‌واری کورد
ئۆخه‌ی مه‌رگی ناو ئازیزان
چوونه‌ ژوانی تاهه‌تایه‌ی
خاک و خۆڵی بۆنداری کورد.
له‌و خه‌وه‌دا هاوارم کرد : "خه‌ونه‌،مه‌ڕۆ"
له‌ خه‌ویشدا خوا نه‌هاته‌ هاواری کورد !
کاتێ هه‌ستام،چ ببینم ؟! ته‌راتێنه‌ !
ته‌راتێنی گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌ و که‌متیاری کورد !
* * *
نه‌ کرمم بچمه‌ ژێر زه‌وی
نه‌ باڵدارم بچمه‌ ئاسمان
ئه‌دی چبکه‌م،کردگاری کورد ؟
ده‌کشێمه‌وه‌ - ته‌وری تکریت چاوه‌ڕێمه‌
ده‌ڕۆمه‌ پێش – ڕه‌ببانی و حیکمه‌تیاری کورد #
ئه‌وان ،هه‌ردووک
ده‌می تیژی یه‌ک مه‌قه‌ستن
بۆ بڕینی به‌ندی دڵی داخداری کورد :
چاو له‌ به‌غدا
قوون له‌ تاران
گوێچکه‌ له‌ شام
له‌ ئه‌نقه‌ره‌ش قه‌مته‌ر کران که‌وماری کورد
* * *
له‌ زمان و سه‌ر بێزارم
دیسان چاوم له‌ ئێوه‌یه
زارۆیانی نه‌داری کورد
سه‌رێکی دی به‌ ئه‌ستۆوه‌ بنوسێنن
زمانێکی دی بخه‌نه‌ ناو زاری کورد
له‌ دایک بن ! هه‌تا ئێوه‌ نێنه‌ دونیا
خوێنی تازه‌ی تێ ناگه‌ڕێ ده‌ماری کورد
پارێز بکه‌ن
له‌ سفلسی بیری ده‌ڵبی بنبژاومان
له‌ ئایدزی ڕه‌فتاری کورد
گومان بکه‌ن له‌مان،له‌وان،له‌ دار،له‌ به‌رد
گه‌رنا له‌ کێ وه‌پاشکه‌وتوون سه‌رداری کورد ؟
له‌ دامێنی کێن سه‌رخێڵی هوتۆ و توچچی
داشه‌هاره‌ی هه‌رچوار ده‌ور و که‌ناری کورد ؟
ئه‌و بۆکسانه‌ و پۆڵ پۆتانه‌ له‌ کوێوه‌دێن #
بۆ گێڕانی ئاشه‌خوێن و کوشتاری کورد ؟
له‌ دایک بن ! کوڕانی سه‌ده‌ی ئاینده‌
هه‌ڵۆیانی گه‌رده‌نبه‌رزی کۆساری کورد
له‌ دایک بن ! هه‌ڵگرانی چرای زه‌رده‌شت
په‌ریزاده‌و شۆڕه‌سواری دێ و شاری کورد
له‌ دایک بن ! ژه‌نگی مێژوو داپۆشۆرن
با گوێی دنیا بئه‌نگێوێ بڕیاری کورد

په‌شێو

behnam5555 03-23-2015 01:46 PM

رقی پێروز
ده‌مگرێ، ئە مما له گرتوو خانه رق ئەستوور ترم
لێم دەدا، ئە مما له سه‌ر داوا رەواکەم سوور ترم
دەمکوژی، ئەمما بە گژ جەللادەکەم دا دێمەوە
کوردم و ناتوێمەوە،ناتوێمەوە،ناتوێمەوە


behnam5555 03-23-2015 01:47 PM

پەشیـــــــــــمانی

من هەڵە بووم..
لەرۆژانی جوانی و گەنجیم بە پەلە بووم.
هەر نەسرەوتم...
بەشوێن هەستێکی ون کەوتم...
تاکو لەسەر سینگی نەرمی خەیاڵی پووچ
کپ بووم .. کەوتم

ڕابرد گەنجی...
تاوێ نەم دی بەری رەنجی..
زۆر بەر دەرگەی نازدارێکم کوتایەوە
تاکو چڵی ژینی گەنجیم ڕووتایەوە
ئەوسا مۆمی هەستی تەزیو،
بۆ ژیانی پرسنگ بەزیو
داگیرسا...درەوشایەوە
بۆی دەرخستم ڕێی سەرەو ژوور
ڕێگەی کۆشکی ئامانجی دوور...
بەڵام پاش چی..!!!
پاش ئەوەی خەم گەرای دانا
لەدڵی شێت و مەستم دا،
هەرچی جوانی و رۆشنایی بوو،
سەد مخابن لە دەستم دا..

شاعیری گەورەی کورد
(پـــــــەشــــــــــــــێو)




behnam5555 03-23-2015 01:48 PM

کـــــــــــــــــاك
پێش ئەوەی بێمە بەردەمت
کام بیری جوان خورپەدار
کام دێر هەڵبەست زۆر بەکارە
شانەی دەکەم وەك پەرچەمت
لەماوەی چاو قوچانێکدا
هەزار و یەك خەونی شیرین
دەمکەن بە مەم ، دەتکن بەزین

لە خەیالما
پایز بەهاری لێ دەتکێ
درەختی ڕووت
گەڵای سەوزی پێوە دەلکێ
بەڵام، سەد ئاخ ، ئەی دەرونپاك
کاتێ بانگم دەکەی بە(کاك)
کاك وەك مار
بەرەو گوێچکەم گینگڵ دەدا
کە دێمە گۆ
خۆی لە زمانم لوول دەدا
هێدی...هێدی...
قوتم دەدا
کفنی زەردی نائومێدی

من لە دڵتام...
من لە دەروونتام...
لە گلێنەی چاوی روونتام...
شەرم مەکە...!!!
بە ناوی رووت
ناوم بێنە پڕ بەگەرووت
با لە یەکتر ئاشکرا بین
تا کەی لەناو ئاگرا بین..؟؟
نە تۆ خوشکی...نەمن کاکم...
خوشەویستی دەروون پاکم..!!!

(پــــەشــــــــــــــــێو)



اکنون ساعت 07:13 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)