چیروکی پاشنیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممانه
هه‌میشه له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵییه پێچكه كورته‌كانی خاتوو ئانا داده‌نیشتم و چاوم له ڕادیۆ دوگمه عاجداره‌که‌ی، یان له گڕامافۆنه‌كه‌ی ده‌كرد، هه‌تا كاتێ خاتوون به كه‌شه‌فێک و دوو په‌رداخی چكۆله‌ی پڕ له قاوه‌ی گه‌رمی توركی ده‌هاته ژوورێ. قاوه‌كه‌ی، بڵقێكی زۆری له‌سه‌ر بوو. دوو لیوان ئاوی ساردیش له په‌نای په‌رداخه‌كان بوو.
ده‌مگوت: «ببووره، دیسان له‌جێی ئێوه دانیشتووم.»
ده‌یگوت: «قهیناكا لاوه گیان! ده‌زانم له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتن بۆ تۆ هاسان نییه.» پێده‌كه‌نی، په‌رداخه‌كانی له‌سه‌ر مێزه‌كه داده‌نا و له په‌نای هه‌ر په‌رداخێكیش لیوانێك ئاو.
ـ نۆشی‌گیانتی كه.
یه‌كه‌م جار، چه‌ند حه‌وتوو له‌مه‌وبه‌ر، كاتێ فنجانی قاوه‌كه‌م بۆ فاڵگرتنه‌وه ئاوه‌ژوو كرد، ئه‌وه‌م زانی. خاتوون پێی‌خۆش‌بوو فاڵم بۆ بگرێته‌وه. دڵۆپێك قاوه كه‌وته سه‌ر یه‌كێ له گوڵه دوورواوه‌كانی ڕوومێزییه‌كه. په‌شۆكام. به دوای په‌ڕۆیه‌كدا ده‌گه‌ڕام.
خاتوون گوتی: «قهیناكا لاوه گیان.» و له‌ژێر سه‌رده‌ستی بڵووزه‌كه‌ی، ده‌سماڵه‌كه‌ی ده‌رهێنا. به زمان ته‌ڕی كرد و په‌ڵه قاوه‌كه‌ی سڕی.
داوای لێبووردنم كرد، به‌ڵام هه‌ستم به‌وه كرد ئه‌م گوڵه وه‌كوو گوڵه‌كانی دیكه نییه، هه‌ر له ڕیزی گوڵه دوورواوه‌كانی دیكه‌ش نییه. گوڵێكی چكۆله بوو، وا دیار بوو پاش پینه كردنی دڕاوییه‌كی چكۆله، گوڵ‌دۆزی كرابێته‌وه. دواتر زۆرترم سه‌رنج دایه؛ گوڵی چكۆله‌ی دیكه‌شم دیتنه‌وه.
خاتوون گوتی: «پاش قاوه، ده‌بێ چا و كه‌یك بخوێن. مارمالادیشم ساز كردووه. مره‌باشم هه‌یه. وا باشه هه‌موویان بێنم.»
قوتووه جگه‌ره‌كه‌ی خاتوو ئانا له‌په‌نای په‌رداخه‌كه‌ی بوو و له‌لای ئه‌ویش، ژێرجگه‌ره‌كه‌ی؛ كه سه‌ده‌فێكی شكاو بوو. له‌پشت قه‌ره‌وێڵه‌كه‌وه، دیوارێكی سه‌وز هه‌بوو كه خاتوو ئانا وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌رده‌مانی لاوێتی ئافره‌تێكی لێ‌هه‌ڵواسیبوو كه ده‌بوو هاواڵی بووبێ یان ڕه‌نگه كه‌سێكی دی. جارێكیان كه لێم‌پرسی: «ئه‌مه وێنه‌ی خۆته؟» گوتی: «نا، وێنه‌ی نینایه، ده‌سته‌خوشكی زه‌مانی كچێنیم. زۆرم خۆشده‌ویست.» هه‌ر به دوایدا گوتی: «چا ده‌خۆیه‌وه؟» یان شتێكی وای گوت. گوتم: «زۆر جوانه.» گوتی: «بوو.»
خاتوون ماڵێكی چكۆله‌ی دوو نهۆمی هه‌بوو. من كرێنشینی نهۆمی سه‌رێ بووم. تازه هاتبوومه تاران. ماڵه‌كه‌ی له یه‌كێ له كۆڵانه‌كانی قهوامولسهڵتهنه بوو. خاتوون له نهۆمی خوارێ بوو. فێرگه‌ی سه‌مای هه‌بوو، فێرگه‌ی زمانی فه‌ڕه‌نسی هه‌بوو، فێرگه‌ی زمانی ڕووسی دانابوو، فاڵی قاوه‌ی ده‌گرته‌وه، له‌م دواییانه‌دا كه نه‌خۆش كه‌وت، هه‌موویانی وه‌لانا. كرێیه‌كی كه‌می له‌من وه‌رده‌گرت و ڕه‌نگبێ بڕه پووڵێکیش له یهكدوو كه‌س كه ده‌هاتن یهكدوو كه‌ڕه‌ت فێری زمانی فه‌ڕه‌نسی بن یان فاڵێكی قاوه بگرنه‌وه.
هه‌موو به‌یانان له زه‌نگی درگاكه‌ییم ده‌دا. ده‌ركه‌ی نه‌ده‌كرده‌وه. ده‌یگوت: «قه‌ڵافه‌تم شێواوه.» لێم ده‌پرسی: «هیچت ناوێ؟» ئه‌گه‌ر شتێكی پێویست بوایه، پاشنیوهڕۆیان كه ده‌گه‌ڕامه‌وه، بۆم ده‌مكڕی. سپاس كردنی خاتوو ئانا بۆ ئه‌م ورده‌كارانه‌ی من كه له‌پێشدا شت‌كڕین بوو، دوایه ورده‌ورده بوو به ورده دهسكارییهكی شته‌كان و ته‌نانه‌ت ئاڵوگۆڕكردنی جه‌عبه‌یه‌ك له‌م سه‌ری دیوه‌كه بۆ ئه‌وسه‌ری، پاشنیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممانه بوو.
ده‌بوو بێئهملا و ئه‌ولا له‌گه‌ڵ چا، مارمالادم بخواردبایه، دوایه‌ش له مره‌با جۆراوجۆره‌كانیم بچه‌شتبایه. له ڕوخسارم ڕاده‌ما؛ هه‌تا من ده‌مگوت: «به‌ڵێ؛ زۆر باش ده‌رهاتووه.» جا برۆ وسمه لێدراوهكانی به‌رز ده‌بوونه‌وه، بزه‌یه‌ك ده‌نیشته سه‌ر ڕوخساری و لۆچی لای ئێسكی لاجانگی ده‌كرانه‌وه و ڕیزی ددانه ده‌سكرده‌كانی له نێوان لێوه سووره‌كانییه‌وه ده‌رده‌كه‌وتن، و ده‌یگوت: «ئۆخه‌یش.» دوایه كه‌وچكه چایخۆرییه نوروبیلینییه‌كه‌ی ده‌خسته نێو مره‌باكه‌وه و ده‌یگوت: «خۆشم تاقی ده‌كه‌مه‌وه.» پاش چا و مره‌با، نۆره‌ی قسه‌ی ئاسایی بوو. بۆ نموونه ده‌مگوت نامه‌یه‌كم له بنامه‌ڵه‌كه‌مه‌وه بۆ هاتووه، یان ئه‌مساڵ هه‌وا ته‌زوویه‌كی ساردی هه‌یه، یان سینه‌ما مایاك چ فیلمێك پیشان ده‌دا. كاتێ قسه ئاساییه‌كانیشمان ته‌واو ده‌بوو، خاتوو ئانا ده‌یگوت: «با بڕێ وه‌ره‌قێن بكه‌ین. جاڕز بووم.» هه‌ڵده‌ستا و به لای ئاوێنه باڵانوێنه‌كه‌ی دیوه‌كه و گڕامافۆنه هه‌میشه خاوێنه‌كه‌یدا تێده‌په‌ڕی، بڕێك ڕاده‌وه‌ستا و ده‌یگوت: «نا، دوایه.» و ده‌سته‌یه‌ك وه‌ره‌قی له كومێده‌كه‌ی ده‌رده‌هێنا و ده‌یگوت: «ئێستا...» گڕامافۆنه‌كه‌ی قورمیش ده‌كرد، ده‌رزییه كۆنه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنا و یه‌كێكی تازه‌ی ده‌خسته سه‌ر و گڕامێكی تازه‌ش له سه‌ری. «... گوێی لێڕادهگرین.»
به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه بوو كه گوتم: «خاتوون، وا دیاره ئه‌م ورده گوڵانه‌ی ڕوومێزییه‌كه‌ت، دوای گوڵ‌دۆزیی یه‌كه‌م جار، گوڵ‌دۆزی كراونه‌ته‌وه.»
خاتوون گوتی: «چۆن، لاوه گیان؟»
گوتم: «هه‌روا. چونكه... وا دیاره... ئه‌مانه... نازانم! وا دیاره كاری پێشتر بن... پینه كراون؟»
خاتوون گوتی: «ئه‌م ڕوومێزییانه هی نینای ده‌سته‌خوشكمه؛ به‌ڵام گوڵه ورده‌كان كاری خۆمه، هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی دا به من و ڕۆیشت.»
دوایه گوتی: «خۆ فلووت نازانی. رامیی دووكه‌سی ناخۆش نییه.»
ئاوڕم دابۆوه و چاوم له وێنه‌ی نی‌نا ده‌كرد.
ده‌ستی یه‌كه‌م من بردمه‌وه.
خاتوون جگه‌ره‌یه‌كی له قوتووه‌كه ده‌رهێنا. شه‌مچه‌كه‌م بۆ داگیرساند. ده‌ستی دووهه‌م ئه‌و بردیه‌وه.
پرسیی: «چا ده‌خۆیه‌وه؟»
گوتم: «نا.»
ـ ده‌چم پیراشكی دێنم.
هه‌ستا. كاتێ جگه‌ره‌كه‌ی ده‌خسته ژێرجگه‌ره‌که‌وه، خۆڵه‌كه‌ی ڕژا. به سه‌ربازی پیك، خۆڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕوومێزییه‌كه كۆ كرده‌وه.
ـ ده‌بێ سبه‌ینێ بیشۆم.
هیچ قامكێكی خاتوون ئانا ئه‌نگوستیله‌ی تێدا نه‌بوو. جگه‌ره‌كه‌ی كوژانده‌وه. به سه‌ری نینۆكی، دوو سێ په‌ڕه‌تووتنی به‌جێمای سه‌ر زمانی هه‌ڵگرت و به نینۆكه‌كه‌ی دیكه حه‌وای دایه نێو ژێرجگه‌ره‌که.
ـ بچم پیراشكی بێنم.
ده‌نگی موسیقا ده‌هات. لیوانه‌كه هه‌تا نیوه‌ی ئاوی تێدابوو.
وه‌ره‌قه‌كان له‌سه‌ر مێزه‌كه بڵاو ببوون. تۆزێك خۆڵی جگه‌ره‌كه، ڕوومێزییه‌كه‌ی پیس كردبوو. جگه‌ره‌كه هێشتا دووكه‌ڵێكی باریكی لێههڵدهستا و په‌ڕه‌سپییه‌كه‌ی، ورشه‌ورشی هه‌ر بوو.
خژه‌خژ و ده‌نگی لێدانی ده‌رزیی گڕامافۆن له‌سه‌ر گڕامه‌كه، ده‌هات.
هه‌ستام به‌ره‌و گڕامافۆنه‌كه چووم. لای گڕامافۆنه‌كه وێنه‌ی له قاپ‌گیراوی خاتوو ئانا، یان وه‌ك خۆی ده‌یگوت "كیژانی پۆلی سه‌مای فۆكسترۆت"، ده‌بیندرا.
ده‌رزییه‌كه‌م لابرد. چه‌کمه‌جه‌ی لای گڕامافۆنه‌كه، زۆری گڕام تێدابوو. دانه‌دانه گڕامه‌كانم هه‌ڵگرت. "ئالبێرتا ئالبێرتا"، بۆ سه‌مای فۆكسترۆت، "لوپانزا" بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌مای "رومبا"یان ده‌كرد، "مامی‌دریم" و "سێرتسا"، بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانهه‌ویست سه‌مای "تانگۆ" بكه‌ن.
خاتوو ئانا گوتی: «له كاتی سه‌مای تانگۆدا، پیاوه‌كان لاقی خانمه‌كان پێشێل ده‌كه‌ن.»
ئاوڕم داوه.
خاتوون گوتی: «وه‌ره هه‌تا گه‌رمه ته‌واوی كه. ئێستا كه‌س ئه‌م سه‌مایانه نازانێ. ڕه‌نگه ئه‌وڕۆ فرێد ئاستێر و ستێر ویلیامز له‌وپه‌ڕی دنیا، و من لێره، له ئێران، بیانزانین.»
منیش تاقه‌تی فێربوونیانم نه‌بوو و ئه‌مه‌ش خاتوونی خۆشحاڵ ده‌كرد. زۆر باش بوو. به قسه‌ی خاتوون، هه‌موو كرێنشینهكان ده‌یانهه‌ویست فێری سه‌ما بن، بێجگه له من. هه‌ربۆیه من پاشنیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممانه‌م هه‌بوو. گڕامافۆنه‌كه‌م كوژانده‌وه.
دیسان كه‌شه‌فێكی دیكه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه دانا. ده‌ورییه‌ك بۆ من، ده‌ورییه‌كیش بۆ خۆی. پرسیی: «به ده‌س ده‌یخۆی یان به چنگاڵ و چه‌قۆ؟ پیراشكیی په‌نیر، پیراشكیی گۆشت، پیراشكیی په‌نیر و ئه‌سپه‌ناغ. له هه‌ر كامێكیان پێتخۆشه هه‌ڵگره. ئه‌م سێگۆشانه، پیراشكیی گۆشتن. هه‌تا سارد نه‌بۆته‌وه بیخۆ. هه‌وا زۆر سارد بووه. بیخۆ با ده‌ستێكی دیكه‌ش بكه‌ین.»
گوتم: «باشه.»
گوتی: «نا، ببووره.» و لیوانه‌كانی خسته سه‌ر كه‌شه‌فه‌كه. كه‌شه‌فه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانا. وه‌ره‌قه‌كانی كۆ كرده‌وه و ڕوومێزییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و بردی. پاشماوهیهك به ڕوومێزییه‌كی دیكه‌وه گه‌ڕاوه. گوتی: «ببووره.» ڕوومێزییه‌كه‌ی ڕاخست. كه‌شه‌ف و وه‌ره‌قه‌كانی له‌سه‌ر مێزه‌كه دانا. گوتی: «نی‌نا ناڕه‌حه‌ت ده‌بوو. ئه‌مانه هه‌موو كاری نینایه.»
پرسیم: «وا دیاره نینات زۆر خۆش ده‌ویست.» قه‌پێكم له پیراشكییه‌كه‌م گرت.
خاتوون گوتی: «زۆر. بیره‌وه‌ریی زۆرم له‌گه‌ڵی هه‌یه... هه‌تا كاتێ ون بوو.»
ـ ون بوو؟
گوتی: «كاتێ مێرده‌كه‌ی مرد ون بوو، ئیدی هیچ هه‌واڵێكم لێی نییه.»
پرسیم: «ته‌نانه‌ت نامه‌یه‌ك، ماڵئاواییهك، یادگارییه‌ك، شتێك؟»
خاتوون گوتی: «هیچ شتێك. كاتێ هات بۆ ئێران، له تاران كاری دیته‌وه. كچێكی جوان و جه‌حێڵ. له به‌یانییه‌وه هه‌تا پێنجی ئێوارێ، له لاله‌زار، لای دوكتور مامدۆف كه له بادكووبه‌وه هاتبوو، كاری ده‌كرد. به پێرمه‌نگه‌نات، نه‌خۆشه‌كانی ده‌شته‌وه یان ده‌رزییه‌كانی ده‌كوڵاند. بڕێ له نه‌خۆشه‌كانی ده‌شێلا و دوایه ده‌چوو بۆ كافه‌ی ژاڵه. ئه‌وێ پڕ بوو له خه‌ڵكی هه‌نده‌ران. فارسه‌كان كه‌متر ده‌هاتن. بولغاری لێ‌بوو، مه‌جاری، ڕووسی. هه‌ر له‌وێ بوو میلای ناسی. میلا لاو بوو. كاری به كه‌س نه‌بوو، له‌گه‌ڵ شه‌ریكه‌ی "ئه‌شكودا" هاتبووه تاران و ڕوون نه‌بوو بۆ كار ده‌بێ بچێ بۆ كوێ. نی‌نا به ده‌سته‌خوشكه‌كانی گوتبوو ئه‌و هه‌میشه له‌وسه‌ری كافه داده‌نیشت. سه‌نده‌ڵییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده به پشتدا ده‌خست، ته‌نیا دوو پایه‌كه‌ی دواوه‌ی له‌سه‌ر عه‌رز ده‌ماوه. لاقه‌كانی و دووپایه‌كه‌ی‌تر له‌نێوان عه‌رز و حه‌وادا بوو. جگه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كرد و بۆ هه‌موو كه‌سێ بزه‌ی ده‌هاتێ. به‌تایبه‌ت بۆ نی‌نا كه له زمانه‌كه‌ی حاڵی ده‌بوو. ورده‌ورده ده‌بوو نی‌نا شه‌وانه شێوی میلای بدابایه. هه‌تا ئه‌وه‌ی شه‌وێك، كاتێ نی‌نا شێوی میلای له‌سه‌ر مێزه‌كه دانا و دوای گوتنی «هیچی دیكه‌ت ناوێ،» ویستی بگه‌ڕێته‌وه، میلا مه‌چه‌كی نینای گرت. میلا خۆی بۆ ڕانه‌گیرا و دووپایه‌ی سه‌نده‌ڵی شه‌ق به عه‌رزدا كه‌وت. دووسێ میوانی مێزه‌كانی ده‌وروبه‌ر ئاوڕیان داوه و چاویان لێ كردن. میلا گوتی: «له‌گه‌ڵم دێی بۆ ده‌شتی موغان، نی‌نا؟» نی‌نا گوتی: «بۆ ده‌بێ له‌گه‌ڵت بێم؟»
میلا گوتی: «چونكه خۆشم ده‌وێی.» نی‌نا گوتی: «دێم.» ئه‌وشه‌وه هه‌تا به‌یانی یان هه‌تا به‌یانیی دواتر چی ڕوویدا، گوتنی ناوێ؛ چونكه زۆر زۆر شه‌كه‌ت ده‌بی، لاوه گیان. پیراشكییه‌كانیش سارده ده‌بنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ نینای به‌ڵالێدراوی هه‌ڵاتوو له وڵات شانسێكی گه‌وره بوو. به دوكتۆری گوت ئافره‌تێكی دیكه بێنێ، و هه‌تا دوانێوه‌ڕۆ، له نادری، ئێستا چی پێده‌ڵێن، عه‌لاده‌وله، فیرده‌وسی، له ئیسلامبول به‌دوای كه‌لوپه‌لی ژیاندا گه‌ڕا. سه‌ماوه‌ری كڕی، مه‌نقه‌ڵی كڕی، دوو فه‌رشی دیواریی زۆر جوانی كڕی كه هی ئه‌سكه‌نده‌رییه بوو. زۆر نه‌رم. نی‌نا ده‌یگوت: «وه‌كوو هاورێشم.» سوور بوو، بنیاده‌می تێدابوو كه جلوبه‌رگی درێژی سپییان له‌به‌ر كردبوو و كڵاوی گوڵینگداری سه‌وز و سووریا‌ن له‌سه‌ر نابوو. ته‌واو ڕۆژهه‌ڵاتیانه. ئه‌وكاته‌ی سواری ماشینێك بوون كه بڕیاربوو بیانبا بۆ ده‌شتی موغان، پێكه‌وه زه‌ماوه‌ندیان كردبوو.»
پرسیم: «چووبوونه كلێسه؟»
گوتی: «زه‌ماوه‌ندیان كردبوو، به یه‌غدانێكه‌وه كه ئێستا له بیرم نییه نی‌نا چی تێ‌خستبوو و دوو چه‌مه‌دان جلوبه‌رگ. به سڵامه‌ت نی‌نا. به‌ڵام تۆ لاوه گیان؛ له‌م پیراشكییانه بخۆ. یه‌غدانه‌كه بێجگه له‌و شتانه‌ی گوتم، كه‌تانی سپیی ڕووسی تێدابوو. ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و ده‌رزی و قوتووی دوگمه‌ی تێدابوو. ده‌رزییی سه‌رشووشه‌یی تێدابوو، ده‌وری، چنگاڵ، كه‌وچك.»
گوتم: «خاتوون؛ شه‌ومان دره‌نگ كرد. ئه‌گه‌ر ئیزنم بده‌ی...»
گوتی: «با ئه‌مشه‌و دره‌نگ بخه‌وین، قه‌ی‌چ‌ده‌كا! هه‌تا نیوه‌ی ڕێ هاتووین. بیره‌وه‌ریی هاواڵه‌كه‌م نی‌نا، قه‌ڵافه‌ته‌كه‌ی، ده‌سته‌كانی كه ده‌ماره شینهكانی دیار بوون، هه‌موویان ئێستاكه هاتوونه‌ته ئێره.»
هیچم نه‌گوت.
خاتوون گوتی: «رێگایه‌كی دوور و درێژ بوو هه‌تا ده‌شتی موغان. نی‌نا سه‌ری ده‌كه‌وته سه‌رشانی میلا. ده‌چووه خه‌و. له خه‌و هه‌ڵده‌ستا و ده‌یگوت: «نه‌گه‌یشتین؟» له خه‌ودا بوون كه له قه‌زوێن و زه‌نجان و ته‌ورێز و میانه و له كوێ و كوێ تێپه‌ڕین، هه‌تا گه‌یشتنه ده‌شتی موغان. میلا گوتی: « گه‌یشتین.» نی‌نا گوتی: «گه‌یشتینه كوێ؟» میلا گوتی: «ئه‌و شوێنه‌ی كه ده‌بوو بیگه‌ینێ.» نی‌نا گوتی: «ئه‌ی كوا ماڵه‌كه‌كان؟» میلا گوتی: «هێشتا خۆشم نازانم.» ماشێنه‌كه له‌به‌ر ماڵێكی دارین ڕاوه‌ستا. میلا گوتی: «لێره دانیشه هه‌تا دێمه‌وه.» له ماشێنه‌كه دابه‌زی و به‌ره‌و ماڵه دارینه‌كه ڕۆیشت. پاشماوهیهك چه‌ن شۆڕه‌ژن و منداڵ به مراوی و قه‌ل و مریشك و كه‌ڵه‌شێرێكی زۆره‌وه به‌ره‌و نی‌نا هاتن. گوتیان: «تۆی ژنی ئاغای نیكۆلافسكی؟ وه‌ره خوارێ بتبینین.» نی‌نا نه‌یده‌زانی چ‌بكا؟ سه‌روقژی ڕێك بكا یان ده‌ستێك به ده‌موچاویدا بێنێ؟ ته‌نیا پێكه‌نی. درگاكه‌ی كرده‌وه و به ژنه‌كانی گوت: «ئێره كوێیه من هاتووم؟» له ژوورێكی ماڵه دارینه‌كه‌دا كه كاتێك به سه‌ریدا ده‌ڕۆیشتی ته‌قه‌ته‌قی ده‌كرد، جێیان بۆ كرده‌وه. سندووقه‌كه‌یان له نێوه‌ڕاستی دیوه‌كه دانا. ژنێكیان گوتی: «كۆتره‌كان؛ خۆ كارێكتان نییه؟» درگای پێوه‌دا و ڕۆیشت. دیوه‌كه چكۆله بوو. نی‌نا گوتی: «خۆ قه‌ره‌وێڵه‌شمان نییه.» میلا گوتی: «به درووستكردنی ده‌ده‌م.» نی‌نا سندووقه‌كه‌ی كرده‌وه. فه‌ڕشه دیوارییه‌كانی هێنا ده‌رێ. گوتی: «ره‌فحه و قه‌فه‌زه‌شمان نییه په‌رداخ و ده‌وری و قوتووی ده‌رزی و ده‌زووه‌كانمی له‌سه‌ر دانێم.» درگای سندووقه‌كه‌ی داخست. له‌سه‌ری دانیشت و به میلای گوت بریا نه‌هاتبایه‌ن بۆ ئێره و له قوڵپه‌ی گریانی دا. میلا گوتی: «لانیكه‌م فه‌ڕشه دیوارییه‌كان داكوته.» چوو بۆلای نی‌نا. ده‌ستی به قژیدا هێنا. فه‌ڕشه دیوارییه‌كانی له نی‌نا وه‌رگرت و له‌سه‌ر عه‌رز ڕایخست. هه‌ردووكیان له‌سه‌ری درێژ بوون و یه‌كتریان له ئامێز گرت. به ده‌نگی درگا له خه‌و هه‌ستان. ژنه هاوسێكانیان بوون. ده‌یانگوت: «نی‌نا گیان، هێشتا جێگای ئاشپه‌زخانه و حه‌مام و ده‌سبه‌ئاو فێر نه‌بووی؟ كه‌ی دێیته ده‌رێ كۆتره لاو؟» كه شه‌و داهات، پیاوه‌كان له كار گه‌ڕانه‌وه. هه‌موو له ده‌ره‌وه‌ی ماڵێ له‌سه‌ر مێزێكی درێژی دارین و سه‌نده‌ڵیی دارین دانیشتن و به خۆشیی كۆتره لاوه‌كان، خواردیان و خواردیانه‌وه. كه سه‌ریان گه‌رم داهات، له‌بیریان چوو مریشك و مراوییه‌كان بكه‌نه‌وه كولانه. هه‌ر له‌به‌ر ده‌ست و پێیاندا ده‌هاتن و ده‌چوون. نۆره‌ی گارمۆن و ویۆڵۆن و ئاكاردۆن و به‌زم و سه‌ما هات. كاتێ په‌رداخه‌كان به‌رز ده‌بوونه‌وه، به خۆشیی تازه‌بووك و زاوا لێكدهدران. كازاچۆك و ڕاسباڵ دوایی هات و نۆره گه‌یشته واڵس. منداڵه‌كان هه‌ر له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌كان خه‌ویان لێكه‌وت و مریشكه‌كان به چاوی ئاوه‌ڵاوه خه‌و بردنییه‌وه. ده‌ستی پیاوه‌كان له‌سه‌ر شانی ژنه‌كانیان بوو. ژنه‌كان له شوێنێكی دووریان ده‌ڕوانی، زۆر به هێواشی ده‌ستیان به سه‌ر قامكی مێرده‌كانیاندا ده‌هێنا. نی‌نا به میلای گوت سه‌رمامه. میلا گوتی: با بڕێكی دیكه‌ش سه‌ما بكه‌ین.» ئه‌و كاته‌ی هه‌ركه‌سه‌ی به‌ره‌و دیوی خۆی ڕۆیشت، نیوه‌شه‌و داهاتبوو. هه‌ر كامه‌یان شۆخییه‌كیان له‌گه‌ڵ نی‌نا و میلا كرد. نێنا پێده‌كه‌نی و سه‌ری له نێو سینگی میلادا ده‌شارده‌وه. دوو ژن و مێرد به میلا و نینایان گوت ئێمه له‌گه‌ڵتان دێین؛ و له‌دوای كۆتره‌كانه‌وه گۆرانی‌یان گوت، هه‌تا كۆتره‌كان گه‌یشتنه دیوه‌كه‌یان. میلا گوتی: «زۆرچاكه، ئیدی شه‌وتان خۆش.» نی‌نا درگای كرده‌وه. قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ك له نێوه‌ڕاستی دیوه‌كه بوو. ژن و مێرده‌كان گوتیان: «شه‌وتان خۆش كۆتره‌كان؛ هه‌تا به‌یانی نه‌خه‌ون.» درگایان پێوه‌دا و ڕۆیشتن. كه‌ڕڕه‌ی به‌یانی نی‌نا چاوی هه‌ڵێنا. ده‌نگی هاتوچۆ، زووكه وه‌ره ده‌رێ، كوا نان و چایی من، وڵاتی داگرتبوو. میلای هه‌ستاند و گوتی: «وه‌ختی كاره میلا.» كه درگایان كرده‌وه هه‌موویان چه‌پڵه‌یان بۆ لێدان. یه‌كیان گوتی: «باس‌وخواس؟» و قاقا پێكه‌نی. كاتێ نان و چایان به پیاوه‌كان دا، نی‌نا چووه دیوه‌كه‌ی خۆی. قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی ڕێك‌وپێك كرد، فه‌ڕشه دیوارییه‌كانی داكوتا، و له‌گه‌ڵ ژنه جیرانه‌كان قسه‌ی كرد؛ چێشتی لێنا، هه‌تا ئێواری كه میلا هاته‌وه. هه‌موو شه‌كه‌ت و ماندوو بوون. هه‌واش سارد بوو. نی‌نا گوتی: «سه‌روچاوت ده‌شۆی؟ ده‌زگای ڕیش‌تاشینه‌كه‌تم داناوه.» كاتێ میلا سه‌روچاوی شت و ڕیشی تاشی و به خاولی ده‌موچاوی ویشك كرده‌وه، به نینای گوت: «ئێستا ده‌مه‌وێ چاو له تۆ بكه‌م. ئه‌مڕۆ چیت كردووه؟» نی‌نا له‌سه‌ر لاقی میلا دانیشت. هه‌ر پێكه‌وه قسه‌یان كرد و گوێیان بۆ یه‌كتری ڕاگرت هه‌تا كاتی خه‌و.»