 |
|
behnam5555 |
05-28-2012 07:54 PM |
چاوه‌کانی بوون!
چاوه‌کانی بوون!
خوناو سمایل
رۆژه‌که‌ی هێنده گه‌رمه. ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌یه وه‌کو ئه‌وان نوقمی تنۆکه ئاره‌قه‌ی هه‌موو به‌ده‌نی خۆیه‌تی. ئه‌و''ده‌سته‌خوشک''هی ته‌نیشتی به بێ وه‌ستان خه‌ریکی سڕینه‌وه‌ی ئاره‌قه‌ی ژێر لووت و نێوچه‌وان و ژێرچاوهکانیهتی. قه‌ره‌باڵغییه‌که‌ی ئه‌و بهروبازاڕهش هه‌وای هه‌ناسه‌کێشانی به یه‌کجاریی چڕ و ته‌نگتر کردۆته‌وه... هاتوچۆکه‌ران هه‌ر بابایه جێ شه‌قاوێکی خۆی پێش ئه‌ویدی ده‌خا و خه‌ریکی دهربازبوونن له‌و قه‌ڵه‌باڵغییه.
سه‌رجه‌م خه‌ڵکه‌که بێزاریی و ماندووبوونی ئه‌و گه‌رمییه‌یان نیشتۆته سه‌ر روخسار ته‌نها خۆی نه‌بێ... به ده‌موچاوێکی گه‌ش و دڵێکی گه‌وره و فراوان رێگه‌که‌ی ده‌بڕی. به ده‌ستسڕه کاغه‌زییه‌که‌ی نێو په‌نجه باریک و درێژه‌کانی هێدی هێدی تنۆکه ئاره‌قه‌کانی سه‌ر ده‌موچاوی لاده‌دا... وایده‌زانی ئه‌و شاره کۆنه‌ی چه‌ندین ساڵه جێیهێشتووه و به‌ر له ماوه‌یه‌کی که‌م نه‌بێ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆی، چیڕۆکی سه‌رده‌مانێکه و یادگاریی ته‌مه‌نێکی دووری بۆ هێناوه‌ته‌وه... به درێژایی دوورکهوتنهوهکهش وێنه‌ی جوان و هه‌ستی په‌رۆشی بۆ ئێره.. بۆ ئه‌م شاره، هه‌میشه به ناو ده‌زووه باریکه‌کانی مێشکی پێچیان داوه‌ته‌وه.
بۆیه ئێستاش وا گێژی ئه‌و هه‌موو جوانییه کۆنهیهتی!!
خه‌یاڵی هه‌ڵگری چه‌ندین تابلۆی ره‌نگاوڕه‌نگی هه‌موو شوێنێکه... چ له بهروبازاڕی قه‌یسه‌ری.. یان رێیه پڕ کۆسپ و ساتمهکانی پشت قه‌ڵا.. یان بۆنی که‌باب و گه‌س و تکه و چای چایخانه کۆن و بچووکه‌کان.
ئه‌و ''ده‌سته‌خوشک''هی له‌گه‌ڵیه‌تی ده‌ستێکی به توندیی خستۆته ناو ده‌ستی و به نه‌رمه راکێشانێک له قهڵهباڵغییهکهی رزگار ده‌کا.
- ده‌ڵێی خه‌وتووی؟ به خه‌وتوویی رێدهکهی؟ (ده‌سته‌خوشکه‌که‌ی به ته‌وسێکه‌وه لێی پرسی).
- به خه‌وتوویی؟!!! (وه‌ڵامی دایه‌وه).
ئه‌گه‌رچی چاوه‌کانی به دیقه‌تێکی قووڵ و پڕ سه‌لیقه چاوی یه‌که یه‌که‌ی هاتوچۆکهرانی ده‌بڕی، به‌ڵام!! زۆرینه‌شیان نه‌ناسراون بۆی.... هه‌ندێک جار وای دێته‌به‌رچاو که جگه له‌و به‌روبازاڕ و جادانه‌ی که وه‌ک نه‌خشی سه‌ربه‌رد له یاده‌وه‌رییه‌کانیدا داتاشراون، ده‌نا هیچ شتێکی‌تر و هیچ که‌سێکیتر له جاری جاران ناچن.
ده‌م نا ده‌میش ئه‌و ''ده‌سته خوشک''هی له‌گه‌ڵی بوو زاری له قهڵهباڵغییهکه ده‌کا و به بێزاریی و تووڕه‌بوونێک ده‌ڵێ:
- ئه‌رێ بێ زه‌حمه‌ت... ببووره.... به یارمه‌تی خۆتان... ده‌کرێ مه‌جالێک؟...
ئه‌ویش که هێشتا هه‌ر مه‌ستی ئه‌و هه‌موو جموجۆڵ و پێکتێپهڕینهی هاتووچۆکهرانه، دوو چاوی زۆر ئاشنا و ناسیاو به به‌ر چاوه‌کانی تێده‌په‌ڕێ. تاسه‌یه‌ک ده‌یگرێ و ره‌ق له شوێن خۆیدا ده‌وه‌ستێ. به زه‌حمه‌ت له‌و قه‌ڵه‌باڵغییه ئاوڕێکی بۆ دواوه دایه‌وه. ''ئا'' مسۆگه‌رتر گوتی:
- ئا.. هه‌و بوو... چاوه‌کانی بوون.. خۆی بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئاسان نییه مسۆگه‌رتر بێ.. به‌ڵام که دوور و نزیکێک له دواوه دیقه‌تی به‌ژن و باڵاکه‌ی دا:
- ئا... هه‌مان به‌ژنه.. ته‌نها که‌مێک گۆشتن و پڕتربووه.
ئه‌و ''ده‌سته‌خوشک''هی که ئێستا ته‌واوێک دوور که‌وتۆته‌وه و رێ ده‌کا، ئاوڕێکی بۆی دایه‌وه و زانی وا ''ئه‌و'' له شوێنێک له ناوه‌ندی قهڵهباڵغییهکه ئه‌بله‌ق وه‌ستاوه و به‌ره‌و دواوه‌ی ده‌ڕوانێ... تووڕه‌ییه‌کی زیاتر دایگرت و له‌به‌رخۆیه‌وه گوتی:
- ناهه‌قم که ده‌رێم به خه‌وتوویی رێده‌کا؟.
به ناچاریی گه‌ڕایه‌وه بۆ لای.
له دووره‌وه باڵای له زۆربه‌ی باڵای هاتوچۆکه‌ران به‌رزتره. ره‌ق له شوێنی خۆی وه‌ستاوه و چاوه‌کانی شه‌قاو شه‌قاو وا به دوای ئه‌و دوو چاوه ئاشنایه که‌وتوون و نایانه‌وێ جارێکی تریش ونیان که‌ن.
ئه‌و چاوانه چۆن ناناسێته‌وه؟ چۆنیش له‌بیریان ده‌کا؟ مه‌گه‌ر له زۆربه‌ی خه‌ونی شه‌وان تا ماوه‌یه‌کی درێژ له‌گه‌ڵی نه‌بوون؟!! نا له بیریان ناکا... نه‌ک هه‌ر له‌و شاره قه‌ڵه‌باڵغه، به‌ڵکو له قه‌ڵه‌باڵغیی سه‌رتاپای گۆی زه‌ویش ونیان ناکا. نه کات و نه دوورکه‌وتنه‌وه و نه دوورییش زه‌فه‌ری لهیادچوونهوهی پێنابه‌ن... جوانی نیگاکانیانی وەها له چاوه‌کانی مهییون که هه‌رگیز کاڵ نه‌بنه‌وه.
له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یگوت:
- چاوه‌کانی بوون... ئا... ئه‌و دوو ئاوێنه بچووکه‌ی که ره‌نگی هه‌موو به‌هارێک، بزه‌ی شادیی و وزه‌ی گه‌رمیی هه‌موو ده‌مولێو و دڵێکیان له‌ناوخۆیان گرتبوو... ''ئه‌و چاوانه'' یه‌که‌م چاو بوون هه‌ستی جوانی و گه‌نجێتیان تێدا رواندم... هه‌و بوون.
پێداگرتر ده‌یگوت:
- ئێ.. ئا... چاوه‌کانی بوون.
''ده‌سته‌خوشک''ه‌که‌ی به بۆڵه‌بۆڵێکی ئه‌وتۆ گه‌یشته‌وه لای.. که ده‌می وه‌ک دڵۆپه‌ی باران دهیکوتیهوه.
ئه‌ویش به روخسارێکی سه‌رسام و ساده‌ییه‌که‌وه گوتی:
- ئەمن به هه‌مان رێگه لۆ دواوه ده‌گه‌ڕێمه‌وه، له‌گه‌رم دێی؟
تووڕه‌ییه‌کی گه‌رمتر له‌و گه‌رماییه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ر و مێشکی ''ده‌سته‌خوشک''ه‌که‌ی داگرت و گوتی:
- چ.. چی؟!
- له‌گه‌رم وه‌ره.. ده‌بی بڕۆین...
له قهڵهباڵغییهکه به‌م و ئه‌م و ئه‌و ده‌که‌وت و بۆ دواوه رای ده‌کرد و ده‌گه‌ڕایه‌وه... ''ده‌سته‌خوشک''ه‌که‌شی که به دواوه‌یه‌وه بوو به بێ شه‌رم و ره‌چاوی عه‌یبه.. پڕ به قوڕگی هاواری ده‌کردێ:
- راوه‌سته!!.. له‌به‌رخۆیه‌وه ''هێستریا'' گرتبووی و ده‌یپرسی ئه‌رێ ئه‌و کچه شێت نه‌بووه؟؟!
ئه‌ویش که هه‌ر رایده‌کرد.. بۆ دواوه بانگی ده‌کرد و ده‌یگوت:
- په‌له بکه! ونی بکه‌م نایدۆزمه‌وه، رابکه!
''ده‌سته‌خوشک''ه‌که‌ی به هه‌ناسه‌ێکی بڕکاو و رکێکهوه ده‌یگوت:
- کێ نادۆزییه‌وه.. کێ؟!
به پهلهپهلییهک و بێ ئه‌وه‌ی له پرسیاره‌که گه‌یشتبێ گوتی:
- با.. با.. چاوه‌کانی بوون، ئا هه‌و بوون.
ساڵانێکی دوور‌و درێژ.. ئه‌و چاوانه خۆیان ئاوێته‌ی خه‌ونه‌کانی و هه‌موو جوانییه‌کی خه‌یاڵی کردبوو.. له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یگوت:
- ئا.. چه‌ند چرچ و لۆچەک له‌ولاو ئه‌ولای ئه‌و دوو چاوه زیادیان کردووه، به‌ڵام هه‌ر هه‌وبوون، مسۆگه‌ر هه‌وبوون.
هه‌موو جارێک که به دزیی و به ئاشکرا به‌و چاوانه‌ی شاد ده‌بۆوه.. پڕ به دڵ قه‌ستی ده‌خواست ئه‌و چاوه نه‌رمانه‌ی تێر.. تێر ماچ کردبا. پێی گوتبوو:
- چاوه‌کانتم له هه‌ر شوێنێکت زیاتر لا شیرینه، چونکه.. بێ ئه‌وه‌ی بیاندوێنم ده‌توانن چه‌ندین سات لۆم بدوێن.
ئه‌و چاوه بێگه‌ردانه چ ئاسووده‌یی و ئارامییه‌ک بوون بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی گڕ و حه‌سره‌تی دڵه ماندوو و سه‌رشێته‌که‌ی ئه‌وسای.
له‌و په‌له‌په‌لییه چ هێزێکی کۆکرده‌وه و چ ئاره‌قه‌یه‌کی رژاند... نه رێ و.. نه.. لاتهڕێ.. فریای په‌له‌په‌لی شه‌قاوه‌کانی ناکه‌ون. ئه‌و ''ده‌سته‌خوشک''هشی که وه‌ک کوێرێک به دوایه‌وه‌یه و به‌م و ئه‌و ده‌که‌وێ و خۆی له قهلهباڵغییهکه ده‌رباز ده‌کا... وا سوێند ده‌خوا.. ده‌ڵێ:
- ئه‌مه یه‌که‌م و دوایین سه‌فه‌رم ده‌بی له‌گه‌رت، ئیتر بازاڕکردنیش له‌گه‌ر توو.. حه‌رام بی لێم.
دوای پازده ساڵ دووریی.. ئه‌مه یه‌که‌م سه‌ردانی و دووباره شادبوونه‌وه‌یه‌تی به شاره‌که‌ی. هه‌موو شتێکیشی ده‌رباره‌ی ئه‌و شاره بۆ ئه‌و ''ده‌سته‌خۆشک''هی وا له‌م سه‌فه‌ره له‌گه‌ڵیه‌تی باسکردووه ته‌نها ''چاوه‌کانی وی'' نه‌بێ.
چونکه کات زۆر تێپه‌ڕیوه.. به دووری نه‌زانیوه که ''ئه‌و'' ئێستا خێزاندار بێ.. ژیان بۆ ''ویش'' ئێستا جۆرێکی‌تر بێ. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه‌ش.. تازه ناتوانێ وا به ئاسانیی به دوای ئه‌و دوو چاوانه نه‌که‌وێته‌وه و ئومێدی دووباره بینینه‌وه‌یان نه‌خوازێ.
له دواوه، له ناو قهڵهباڵغییهکه به هه‌ردوو ده‌ستی تاوی دایه لاشان و قۆڵێکی و به‌ره‌و رووی خۆی وه‌ریگێڕا.. به گه‌رمیی و سهرشێتییهکهوه گوتی:
- ''هه‌ژار'' ده‌مناسیه‌وه؟ ئەمن کێم؟
کابرا به دوو چاوی میهره‌بانه‌وه رووی خۆی تێکرد و گوتی:
- نه‌ء.. ببووره.. ناتناسمه‌وه... ده‌کرێ بمخهیهوه یاد تۆ کێی؟
چاوه‌کانی زه‌ق زه‌ق نیشتنه سه‌ر چاوه‌کانی ئه‌و پیاوه و دواییش سه‌ر هه‌موو روخساری... هه‌ستی کرد ''ئا''، ئه‌مڕۆ له هه‌ر رۆژێکیتری هه‌موو ته‌مه‌نی گه‌رمتره... ره‌نگی هه‌ڵبزرکاو.. سه‌ره‌سووڕه و گێژیێک دایگرت.
ئه‌و ''ده‌سته خۆشک''هی که تازه گه‌یشتبۆوه لای. هه‌ستی به‌و ناهه‌مواریی و شه‌رمه‌زارییه‌ی کرد. له دواوه گرتی و له که‌وتن رزگاری کرد.
''ئه‌ویش'' به شپرزه‌یی و به چه‌ند وشه‌یه‌کی بێسه‌روبه‌ر به‌پیاوه‌که‌ی گوت:
- من... من سەهوو بووم... بمبووره... وامزانی یه‌کێک بووی له رابردوو زۆر ئاشنای بووم.
پێڵووی پڕ بێ ئومێدی خسته سه‌ر چاوه‌کانی و وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌و بیباته‌وه گوتی:
- دووباره ببووره، مه‌به‌ستم هیچ خراپییه‌ک نه‌بوو...
''ده‌سته‌خوشک''ه‌که‌ی به راکێش راکێش بردیه سه‌ر جاده و ده‌ستی بۆ تاکسییه‌ک هه‌ڵبڕی و به فه‌رمانێکه‌وه گوتی:
- سوار به ...سه‌رکه‌وه.. ده‌ی.. هەتا دووباره خه‌و نهیبردیتهوه.
له ناو تاکسییه‌که ''ده‌سته‌خوشک''ه‌که‌ی رووی خۆی تێکرده‌وه و پرسی:
- ئه‌رێ... چاوه‌کانی کێ بوون؟
ماڵپه‌ڕی خوناو سمایل مامه
|
اکنون ساعت 03:47 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد. |
|
Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)