- -
خوازبێنی
(
http://p30city.net/showthread.php?t=40729)
behnam5555 |
04-14-2015 01:09 PM |
خوازبێنی
کۆمیدیای :
خوازبێنی
(1)
نووسینی : ئه‌نتۆن چیخۆف وه‌رگێڕانی له سویدیه‌وه : عه‌بدوڵا حه‌مه‌لاو
تێبینی : ئه‌م کۆمیدیایه له کتێبی ( کۆمێدیهر ) ی نووسه‌ری سویدی (لاش کلێبێری ) وه‌رگیراوه‌و کراوه‌ته کوردی . چیخۆف ئه‌م کۆمیدیایه‌ی له ساڵی 1888 دا نووسیوه‌و بۆ یه‌که‌مجاریش له مانگی نیسانی ساڵی 1989دا نمایشکراوه .
کاراکته‌ره‌کان
یه‌که‌م : ستێپان ستێپانوڤیچ شوبوکوف ، ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵ به‌ره‌و ژووره .
دووه‌م : ناتالیا ، کچی ستێپانهو ته‌مه‌نی بیست و پێنج ساڵه .
سێیه‌م : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ لوموڤ ، دراوسێی ستێپانهو ته‌مه‌نی سی وپێنج ساڵه
دیمه‌نی یه‌که‌م
له به‌رده‌م باخچه‌که‌ی ماڵی شوبوکوفدا ، شوبوکوف و لوموڤ ، هه‌ردووکیان قاتیان له‌به‌ردایه‌و پێکه‌وه ده‌رئه‌که‌ون) .
شوبوکوف : ئۆ ...... ئیڤان ڤاسیلیڤیچی خۆشه‌ویست ، پێخۆشحاڵ بووم به بینینتان ( ده‌ستی لوموڤ ئه‌گرێ ) هه‌ر زۆر به ته‌واوه‌تی چاوپێکه‌وتنێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو ، ئێ...... ، توخوا تۆ چۆنیت ؟
لوموڤ : زۆر سوپاس . من باشم . ئه‌ی خۆتان چۆنن ؟
شوبوکوف : سوپاس هاوڕێ ی خۆشه‌ویست ، منیش باشم ، فه‌رموو دانیشن . ئه‌زانی چۆن ؟ پیاو نابێت دراوسێ ی خۆی له‌بیرکات ، من هه‌ر به ته‌واوه‌تی به ڕاستمه . ئێ ..... ، به‌ڵام کوڕی خۆم پێم ناڵێیت ئه‌م هه‌موو ڕهسمیاته چیه ؟ چاکه‌ت و پانتۆڵ و ده‌ستکێشی سپی و کۆمه‌ڵێ شتی تریش ، چیه ؟ ئه‌ڵێ ی ئه‌چیت بۆ شوێنێك ؟
لوموڤ : نه‌خێر ستێپان ستێپانوڤیچی خۆشه‌ویست هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ لای ئێوه هاتووم .
شوبوکوف : باشه به‌ڵام بۆ به‌م هه‌موو که‌شخه‌ییه‌وه ؟ هه‌ر ئه‌ڵێیت بۆ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ ئه‌چیت .
لوموڤ : به‌ڵێ ستێپانی خۆشه‌ویت ( ده‌ستی ئه‌گرێت ) منیش هه‌ر بۆ شتێکی له‌و بابه‌ته هاتووم ، من بۆ ئه‌وه هاتووم داوای ئه‌وه‌تان لێبکه‌م ، که به هیوام نه‌بێته شتێکی ناقۆڵاو نه‌گونجاو . چونکه من ئه‌مه یه‌که‌م جارم نیه که ئه‌و ئازادیه به‌خۆم به‌م ، تا بێم و به سۆزه‌وه داوای یارمه‌تی ئێوه بکه‌م ، بێگومان ئێوه‌ش هه‌میشه وه‌ڵامێکتان بۆ من پێ بووه ، ببورن من ناڕه‌حه‌تم . ستێپانی به‌ڕێز بۆم هه‌یه که‌مێك ئاو بخۆمه‌وه ؟ ( ئاوه‌که ئه‌خواته‌وه ) .
شوبوکوف : ( له‌به‌رخۆیه‌وه )
ئه‌ترسم هاتبێت بۆ داوای پاره ؟ ئه‌ی نه‌یخۆی تاڵه ! ( پاشان ڕووئهکاتهوه لوموڤ )
ئێ ..... هاوڕێ ی خۆشه‌ویست قسه‌کانتان ته‌واو نه‌کرد ؟
لوموڤ : زۆر به‌ڕێز ستێپان ستێپانوڤیچی خۆشه‌ویت زۆر ببوره ، ئه‌مجاره‌ش زۆر ببوره هه‌روه‌کو ئه‌مبینن و ئاگاتان لێمه که زۆر ناڕه‌حه‌تم . زۆر به کورتی ئێوه ته‌نیا ئه‌توانن یارمه‌تیم به‌ن به‌وه‌ی که تیایدا چه‌قیوم ، نه به‌خوا مه‌سه‌له‌که هه‌روا ئاسان نییه ، ئاسان نییه‌و هیچ مافێکی نیه که به هیوام .
شوبوکوف : ئێ باشه بیڵێ و ببڕێته‌وه . ئه‌ی خوایه گیان ئه‌مه چیه ؟ زمانت به‌تاڵ که‌ره‌وه‌و ته‌واو .
لوموڤ : هه‌ر ئێستا ، به‌چاوان . هێنده‌ی چاوتروکانێك سه‌بر . ئا... مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که من هاتووم بۆ داوای کچه‌که‌تان ، خوازبێنی ناتالیا ستێپانوڤیچ .
شوبوکوف : ئه‌ی خوایه گیان له‌و قسه خۆشه ، من نازانم هاوڕێ ڤاسیلیڤیچ به ته‌واوه‌تی گوێم له‌و قسه‌یه بوو یان نا ؟ تکایه جارێکی تریش بیڵێره‌وه .
لوموڤ : زۆر به‌ڕێزه‌وه هاتوم بۆ داوای کچه‌که‌تان ، ئه‌مه‌وێ ...... .
شوبوکوف : ( قسه‌که‌ی پێ ئه‌بڕێت )
هه‌ر به ته‌واوه‌تی قسه‌یه‌کی خۆش بوو . ( لوموڤ له‌باوه‌ش ئه‌گرێ و ماچی ئه‌کات ) ئه‌مه ئه‌وه‌یه که من هه‌میشه ئه‌مزانی ، ئه‌وه‌ی که ماوه‌یه‌کی زۆر هیوام بۆ ئه‌خواست . ( فرمێسك به چاویدا دێت ) . ئێوه هاوڕێ به‌نرخه‌که‌م ، من هه‌میشه وه‌کو کوڕی خۆم سه‌یرم کردوون ، ئێستاش هیوای خۆشی و به‌خته‌وه‌ریتان بۆ ئه‌خوازم . ئه‌مه ڕێك به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه بوو که ئه‌مزانی ، ده تۆ سه‌یرکه من چه‌ند گه‌مژه‌م ، له‌خۆشیدا به ته‌واوه‌تی سڕ بووم و ناتوانم بجووڵێم ، هه‌ر ئێستا بانگی ناتالیا ئه‌که‌م .
لوموڤ : ( خۆی ئه‌جوڵێنێ )
ستێپان ستێپانوڤیچی به‌ڕێز تۆ له‌و بڕوایای که من به‌هیوای ڕه‌زامه‌ندی ناتالیا بم ؟
شوبوکوف : ئه‌ی تۆ له‌و بڕوایای کوڕه گه‌نجێکی ڕه‌شیق و ئهنیقی وه‌ك جه‌نابتان ڕه‌تکاته‌وه ؟ کوره من ئه‌زانم ئه‌و عاشقه ، به‌یارمه‌تیت . ( ئه‌چیته ده‌ره‌وه ) .
دیمه‌نی دووه‌م
ههمانشوێنی دیمه‌نی یه‌که‌م
لوموڤ : ( به‌ته‌نیایه )
من سه‌رمامه .... ئهشلهرزم ، من ئه‌بێت ده‌ستێك له‌م مه‌سه‌له‌یه بوه‌شێنم ، ده‌نا دوو دڵی وبیرکردنه‌وه‌ی دوور‌و درێژ‌و چاوه‌ڕوانی نا مه‌نطیق و تا به عه‌شقیش ئه‌گا پیاو هیچیان لێ به‌ده‌ست ناهێنێت .
همممم...... سه‌رمامه .... ناتالیا ستێپانوڤنا تا بڵێ ی ژنێکی خانومانه.... خراپ نیه ... ئێ دوای ئه‌وه‌ش خوێنه‌وارو ڕۆشنبیریشه . ئیتر پیاو ئه‌بێت چ خۆزگه‌یه‌کی تری بۆ بخوازێت ؟ تێناگه‌م بۆ وا ناڕه‌حه‌تم ؟ هه‌ست ئه‌که‌م گوێچکه‌کانم ڕه‌پ بوون ، ( که‌مێك ئاو ئه‌خواته‌وه ) ، من پێویسته ژن بێنم . چونکه یه‌که‌مجار با من به‌خۆم بڵێم که من سی و پێنج ساڵ ته‌مه‌نمه ، بێگومان ئه‌مه‌ش ته‌مه‌نێکی گه‌وره‌یه ، دوای ئه‌وه من ژیانێکی دامه‌زراوو ڕیكوپێکم پێویسته .
من نه‌خۆشی دڵم هه‌یه‌و دڵه کوتهمه ، زوو توڕه ئه‌بم و زۆرجاریش له‌خۆمه‌وه ناڕه‌حه‌ت ئه‌بم ، ئێ دوای ئه‌وه‌ش لێوه لهرزهمهوهو چاوی ڕاستیشم ئه‌بڵه‌ق ئه‌بێت ، له هه‌مووشی ناخۆشتر ئه‌وه‌یه که ناتوانم بخه‌وم ، هه‌ر که ئه‌گه‌مه سه‌ر ته‌خته خه‌وه‌که‌م زرمممممم ، زرمه له‌لای چه‌پمه‌وه دێت ، دواییش زرمه‌که ئه‌گوازێته‌وه بۆ لای شانم ، دواییش زرمممم بۆ سه‌رم ، پاشان ڕاست ئه‌بمه‌وه‌و وه‌کو شێت چه‌ند ئه‌مدیوو ئهودیوێك ئه‌که‌م تا بخه‌ومه‌وه ، به‌ڵام کاتێکیش که خه‌ریکه خه‌وم لێئه‌که‌وێته‌وه دیسانه‌وه زرمه بۆر زرمممم ، هێرش بۆ لاکه‌ی تری سه‌رم دێنێت ، جا توخوا با من به‌خۆم بڵێم ئا ئه‌وه حاڵه که منی تیام ؟
دیمه‌نی سێیه‌م
ههمانشوێنی دیمه‌نی یه‌که‌م
ناتالیا دێته ژووره‌وه‌و لوموڤیش له شوێنی خۆی دانیشتوه
ناتالیا : ئه‌رێ به‌ڕاست ئێوه له‌کوێن ؟ باوکم ووتی یه‌کێك هاتوه‌و ئه‌یه‌وێت شتێك بکڕێت ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ڕۆژباش .
لوموڤ : ڕۆژباش ناتالیا خان .
ناتالیا : ببورن وا به‌م جل وبه‌رگ و دیمه‌نه‌وه هاتم ، ڕاستیه‌که‌ی خه‌ریکی نۆك ڕاخستن و ووشک کردنه‌وه بووم ، ئای که ماوه‌یه‌کی زۆره یه‌کتریمان نه‌دیوه ، چاووم به‌رایی نایه‌ت ، فه‌رموو دانیشن .
( هه‌ردووکیان دائه‌نیشن )
ناتالیا : نانی به‌یانیتان خواردوه ؟ با بۆتان ئاماده‌که‌م.
لوموڤ : نه‌خێر ناتالیا خان ، هه‌ر ئێستا زۆر نیه که نانم خوارد .
ناتالیا : فه‌رموو جگه‌ره‌یه‌ك بکێشن ، ئه‌وه شقارتهکهیه ، به‌ڕاستی هه‌واکه‌ی خۆشه ، دوێنێ باران باری و جوتیارهکانیشمان به‌درێژایی ڕۆژه‌که هیچیان نه‌کرد . ئه‌ی ئێوه چه‌ند تۆوتان وه‌شاند ؟ تۆ سه‌یرکه من چه‌ند بێ ئارام بووم که هێشتم ئه‌و هه‌موو مه‌زرایه تۆوکهن ، به‌وخوایه ئه‌ترسم تۆوه‌که بۆگه‌ن کات ، ده‌ی به‌هه‌رحاڵ ، ئه‌وه له چاوه‌ڕوانی باشتر بوو . به‌ڵام پێم بڵێ ئه‌مه چیه ؟ قاتت له‌به‌ردا ئه‌بینم ، ئه‌زانی شتێکی نائاساییه به‌لامه‌وه ؟ ئه‌چیت بۆ سه‌ما کردن ؟ ئه‌ی به‌ڕاست ته‌واو چوست و چالاك دیاری ؟ چی ڕویداوه وا خۆتان له‌ناو قات و بۆینباخ هه‌ڵکێشاوه ؟
لوموڤ : ( ناڕه‌حه‌ت ئه‌بێت )
به‌ڵێ ... ئه‌زانی چۆن ناتالیا خان ... له‌ڕاستیدا مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که من هاتووم داواتان لێبکه‌م . له‌وانه‌یه مه‌سه‌له‌که به‌لاتانه‌وه سه‌رسوڕهێنه‌ر بێت یان واتان لێبکات که توڕه‌بن . به‌ڵام من ( به خۆی ئه‌ڵێت ) ، ئای چه‌ند سه‌رمامه !
ناتالیا : ئه‌وه چیه ؟ ( پیشێك ئه‌خواته‌وه‌و پاشان فوویه‌ك ئه‌کات )
لوموڤ : ئه‌بێت هه‌وڵبه‌م قسه‌کانم کۆکه‌مه‌وه ، به‌ڵێ ناتالیا ستێپانۆڤیچی ئازیز ، خۆتان ئه‌زانن من هه‌ر له ڕه‌قبوونی نینۆکه‌کانی په‌نجه‌مه‌وه خێزانی ئێوه ئه‌ناسم ، جا له پوری ڕه‌حمه‌تیم و مێرده‌که‌یه‌وه ، واته له خوشکی باوکم و مێرده‌که‌یه‌وه ، که زۆر ڕێزی دایك و باوکی ئێوه‌شیان ئه‌گرت ، من بوومه میراتگری مه‌زراکه ، واته گا له‌وه‌ڕگاکه ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی که هاوسنووره له‌گه‌ڵ له‌وه‌ڕگاکه‌ی ئێوه ، بێگومان ئێوه‌ش ئه‌بوایه ئه‌مه‌تان بزانیایه ، به‌ڵام من تێناگه‌م بۆچی تا ئێستا ئه‌مه‌تان نه‌زانیوه ؟
ناتالیا : ببورن که پێتان ئه‌بڕم ، ئێوه ووتتان له‌وه‌ڕگای من ؟ بۆ ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی ئێوه‌یه ؟
لوموڤ : بێگومان .
ناتالیا : نه‌خێر قوربان ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی ئێمه‌یه نه‌ك ئێوه !
لوموڤ : نه‌خێر ناتالیای به‌ڕێز ئه‌وه هی منه .
ناتالیا : وه‌ڵا ئه‌مه هه‌واڵێکی تازه‌یه ، ئاده‌ی بزانم چۆن هی ئێوه‌یه ؟
لوموڤ : چی چۆن چۆن ؟ ئه‌ی ئه‌وه نیه بۆتان باسئه‌که‌م ! ئه‌وه نیه که ئه‌ڵێم له‌وه‌ڕگاکه‌ی من وه‌کو هێڵێکی دابه‌شکه‌ر که‌وتۆته نێوان هه‌ردوو له‌وه‌ڕگاکه‌ی ئێوه‌وه !
ناتالیا : ڕاسته‌که‌ی وایه ، به‌ڵام ئه‌وه هی ئێمه‌یه .
لوموڤ : نه‌خێر ناتالیا خان ، ئێوه هه‌ڵه‌ن ، ئه‌وه هی منه .
ناتالیا : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ له‌سه‌رخۆبه ، پێم ناڵێێت ئه‌مه له که‌یه‌وه بووه به هی ئێوه ؟
لوموڤ : یانی چی له‌که‌یه‌وه ؟ له‌وه‌تی من له‌بیرم بێت ئه‌وه هی منه .
ناتالیا : زۆر ببوره ، چونکه ئه‌وه‌ی له‌بیری ئێوه‌دایه هه‌ڵه‌یه .
لوموڤ : به‌ڵام ناتالیا ستێپانۆڤیچی ئازیز من به‌ڵگه‌م هه‌یه ، ڕاسته ئه‌و له‌وه‌ڕگایه ڕۆژێك له ڕۆژان جێگای مشت و مڕو قسه‌وباس بوه ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌مووان ئه‌زانن که هی منه ، ئیتر ئه‌مه قسه‌وباسی تر هه‌ڵناگرێت . مه‌سه‌له‌که‌ش له‌وه‌وه هاتوه که نه‌نکی پورێم ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری نه‌کراو ، وه به بێ هیچ قه‌ره بویهك بۆ جووتیاره‌کانی باوکی باوکی باوکتان به‌جێهێشتوه ، واته ئه‌و جووتیارانه ئه‌م لهوهڕگایهیان بۆ ماوه‌ی چل ساڵێك به‌بێ هیچ قه‌ره‌بویه‌ك به‌کارهێناوه ، تا وورده وورده مه‌سه‌له‌که وای لێهاتوه باوکت له‌وه‌ڕگاکه وه‌کو هی خۆی سهییرکات ، واته تا ئه‌وکاته‌ی که کۆمه‌ڵه‌ی چاککردنی زه‌وی و زار هاتن .... .
ناتالیا : مه‌سه‌له‌که به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وانیه . به‌پێ ی قسه‌کانی باوکی باوکم و باوکی باوکی باوکیشم ئه‌و لهوهڕگایهش وه‌کو هه‌موو له‌وه‌ڕگاکانی تر هی ئێمه‌یه . ئیتر ئایا ئه‌مه قسه‌و مشت و مڕی تر هه‌ڵئه‌گرێت ؟ من تێناگه‌م ، پیاو خه‌ریکه شێت ئه‌بێت .
لوموڤ : ناتالیا خان من هه‌ر ئه‌بێت ئه‌و به‌ڵگانه‌ت پیشانده‌م .
ناتالیا : نه‌خێر ، ئێوه گاڵته ئه‌که‌ن ، یان ئه‌تانه‌وێت بمترسێنن ؟ ئێمه وا خه‌ریکه بۆ سێ سه‌د ساڵ ئه‌چێت خاوه‌نی ئه‌و زه‌ویانه‌ین ، جه‌نابیشتان دێن و ئه‌تانه‌وێ پیشانمان به‌ن که هی ئێمه نیه ! ئیڤان ڤاسیلیڤیچ بمبه‌خشه ، من گوێکانم بڕوا ناکه‌ن . من له‌به‌رئه‌وه نیه که پێویستم به‌و ئهرزانهیه ، چونکه گریمان هه‌موو ئه‌رزه‌کان پێنج دۆنم بوون که نرخی هه‌ر هه‌موویان ماکس ئه‌کاته سێ صه‌د ڕۆبڵ ، به‌ڵام وه‌کو ووتم مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه نیه به‌ڵکو ڕاست ئه‌بێت ڕاست بێت ، ئێوه ئازادن چی ئه‌ڵێن بیڵێن ، به‌ڵام شتی ناهه‌قی نا ، چونکه ڕێگای پێ نایه‌م .
لوموڤ : تکایه ڕێگام پێبه با بگه‌مه خاڵی کۆتایی . جووتیاره‌کانی باوکی باوکی باوکت ، خشتیان بۆ دایکی دایکی پورێم سوورکردۆته‌وه ، واته ئه‌و له‌وه‌ڕگایه خراوه‌ته بری ئه‌و خشت سوورکردنهوهیه ، واته له‌وه‌ڕگاکه وه‌ك قه‌ره‌بوو به‌کارهاتوه .
ناتالیا : باپیرم و نه‌نکم و پورێم لای من ناخوات ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه تا ئه‌گاته گه‌رماوی هه‌ڵمه‌که هی ئێمه‌یه .
لوموڤ : نه‌خێر ئه‌وه هی منه .
ناتالیا : نه‌خێر ، تا دوو ڕۆژ قسه‌م بۆ بکه‌یت و له‌باتی قاتێك پانزه قاتیشت له‌به‌ردا بێت ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی ئێمه‌یه . ئێمه ئێمه ئێمه . من نامه‌وێت شتێك هه‌بێت که هی تۆ بێت ، به‌ڵام ئێمه ئا ، ئه‌وه هی ئێمه‌یه ، چونکه مه‌سه‌له‌که خۆی وایه .
لوموڤ : ناتالیا ستێپانۆڤنا ، من پێویستم به له‌وه‌ڕگا نیه ، به‌ڵام ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌بده‌ئیه ، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که وابێت ئێوه ئه‌توانن وه‌ك خه‌ڵاتێك وه‌ریگرن بۆ خۆتان .
ناتالیا : من خه‌ڵاتی ئه‌که‌م به ئێوه ، چونکه ئه‌وه هی منه . به‌ڕاستی قسه‌ی سه‌یرم گوێ لێبو . ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، ئێمه تا ئێستا وه‌کو دراوسێیه‌کی باش و هاوڕێیه‌کی باش سه‌یری ئێوه‌مان کردوه ، دوای ئه‌وه‌ش ئێمه پیاوه‌تی ئێوه‌مان بیرناچێت که ساڵی پار دهڕڕاسهکهتان داینێ به‌قه‌رز ، به‌ڕاستی جێگای سوپاس بوو . به‌ڵام ئێستا وه‌کو تهتهریهك سه‌یرمان ئه‌که‌یت و موڵکی خۆمان پێ خه‌ڵات ئه‌که‌یته‌وه . ببوره چونکه دراوسێ کاری وا له‌گه‌ڵ دراوسێ ی خۆیدا ناکات . ئه‌گه‌ر بۆم هه‌بێت بڵێم به‌ڕاستی جێ ی شه‌رمه .
لوموڤ : که‌واته ئێوه من وه‌کو هێرشبه‌رێك سه‌یرئه‌که‌ن ؟ ناتالیا خانم من هه‌رگیز خۆم نه‌خستۆته ئه‌رزه‌ی که‌سی تره‌وه ، دواییش ڕێگا نایه‌م که‌سی تریش داوام له‌سه‌ر بنووسێت . ( زۆر به خێرایی به‌ره‌و په‌رداخه ئاوه‌که ئه‌ڕوات ) له‌وه‌ڕگاکه هی منه .
ناتالیا : ئێوه به‌هه‌ڵه‌دا چوون ، هی ئێمه‌یه .
لوموڤ : نه‌خێر هی منه .
ناتالیا : ووتم ئێوه هه‌ڵه‌ن ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌شبێت پیشانی به‌م ، هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌رزێره‌کان ڕه‌وانه‌ی ئه‌وێ ئه‌که‌م .
لوموڤ : هه‌یه‌و هه‌یهوو .
ناتالیا : هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌بێت وهرزێرهکانمان له‌وێ بن .
لوموڤ : منیش ئهیانوهستێنم .
ناتالیا : ئه‌گه‌ر ئازان و ئه‌وێرن .
لوموڤ : ( ده‌ست به دڵیه‌وه ئه‌گرێت ) له‌وه‌ڕگاکه هی منه ، تێئه‌گه‌ن ؟ هی من .
ناتالیا : تکایه هاوار مه‌که‌ن ، ئه‌توانن له ماڵه‌وه لای خۆتان هاوارکهیت و ئاگریش بگریت ، به‌ڵام لێره داوات لێئه‌که‌م ڕێزی خۆت بگره .
لوموڤ : خانمه باشه‌که بڕواتان بێت گه‌ر من ئاوا زۆر ناڕه‌حه‌ت و دڵه کوته‌م نه‌بوایه ، بڕواتان بێت شتێکی ترم لاباس ئه‌کردن ، ( هاوارئه‌کات ) له‌وه‌ڕگاکه هی منه .
ناتالیا : ئێمه .
لوموڤ : نه‌خێر . من .
ناتالیا : نه‌خێر ئێمه .
لوموڤ : نه‌خێر من .
|
behnam5555 |
04-14-2015 01:12 PM |
کۆمیدیای :
خوازبێنی
(2)
نووسینی : ئه‌نتۆن چیخۆف وه‌رگێڕانی له سویدیه‌وه : عه‌بدوڵا حه‌مه‌لاو
دیمه‌نی چواره‌م
( هه‌مان شوێن ناتالیا‌و لوموڤ له‌گه‌ڵ شوبوکوڤ )
( شوبوکوڤ دێته ژووره‌وه )
شوبوکوڤ : ئه‌وه چیتانه ؟ ئه‌و هاوار هاواره‌تان له‌چیه ؟
ناتالیا : بابه گیان بۆ ئه‌م پیاوه باشه‌ی ڕوونکه‌ره‌وه له‌وه‌ڕگاکه هی کێیه ؟ هی ئێمه‌یه یان ئه‌و ؟
شوبوکوڤ : ( به لوموڤ ئه‌ڵێت ) هاوڕێ ی خۆشه‌ویست له‌وه‌ڕگاکه هی ئێمه‌یه .
لوموڤ : ستێپان ستێپانوڤیچی به‌ڕێز ، چۆن ئه‌و له‌وه‌ڕگایه ئه‌بێت هی ئێوه بێت ؟ خۆ ئێوه به‌لای خۆیه‌وه که‌سانێکی ڕۆشنبیرو ئاقڵن . هه‌روه‌کو بۆ کچه‌که‌تم ڕوونکرده‌وه ئه‌و له‌وه‌ڕگایه له نه‌نکی پورێمهوه بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری نه‌کراو به‌بێ هیچ قه‌ره بوویه‌ك دراوه به جووتیاره‌کانی باپیرت . جا هه‌ر ئه‌و جووتیارانه لهوهڕگاکهیان بۆ ماوه‌ی چل ساڵێك ، واته تا ئه‌و کاته‌ی که کۆمه‌ڵه‌ی چاککردنی زه‌وی و زار هاتوون به‌کار هێناوه .
شوبوکوڤ : هاوڕێ ی به‌ڕێز بمبه‌خشه ، ئێوه ئه‌وه‌تان بیرچو که بڵێن له‌وه‌ڕگاکه خۆی له خۆیدا جێگای کێشه‌و مشت و مڕ بووه ، واته مه‌سه‌له‌که تا ئه‌م ساڵانه‌ی دواییش هه‌ر ساغ نه‌بوه‌ته‌وه . به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نانه‌ت هه‌موو میردمناڵهکانیش ئه‌زانن ، به‌ڵی هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ئه‌زانن که ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی ئێمه‌یه . ئه‌ی ئێوه نهخشهکهیتان نه‌دیوه ؟
لوموڤ : من ئه‌بێت پیشانی ئێوه‌ی به‌م که ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی منه .
شوبوکوڤ :هاوڕێ ی باش نا‌توانیت .
لوموڤ : ( هاوارئه‌کات ) با ئه‌توانم .
شوبوکوڤ : ئه‌ی هاوار ئێوه بۆ وا هاوار ئه‌که‌ن ؟ ئاخر به هاوارکردن هیچ سه‌وز ناکه‌ن ، من نامه‌وێت مه‌سه‌له‌که به‌و شێوه‌یه بێت که ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هینی ئێوه بێت ، دوای ئه‌وه ناشمه‌وێت له ده‌ستم بچێت ، یان بۆچی وای لێبێت ؟ به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێکدا گه‌ر ئێوه هه‌روا له‌سه‌ری بڕۆن ئاماده‌م بیبه‌خشم به جووتیاره‌کانی ئاوایی یان ئێوه ، تێگه‌شتی برا ؟
لوموڤ : نه‌خێر تێنه‌گه‌شتم . ئێوه به چ هه‌قێك موڵکی یه‌کێکی تر ئه‌به‌خشنه‌وه ؟
شوبوکوڤ : ڕێگام به با بڕیاربه‌م که بۆم هه‌یه چی بکه‌م و چی نه‌که‌م . کوڕه گه‌نجه‌که ! با هه‌ر به ته‌واوه‌تی پێت بڵێم من وا ڕانه‌هاتوم که به‌و تۆنه ده‌نگی و ئیقاعیهوه هه‌تا دوایی قسه‌م له‌گه‌ڵدا بکه‌ن ، چونکه من دوو هێنده‌ی تۆ ته‌مه‌نم هه‌یه ، تێگه‌شتی ؟ هه‌ر ڕێك دوو هێنده‌ی تۆ ، جا له‌به‌ر ئه‌وه داواتان لێئه‌که‌م به‌و شێوه شڵه‌ژان و کهف و کوڵیهوه قسه مه‌که‌ن .
لوموڤ : نانانانانا . دیاره ئێوه من به‌بێ ئه‌قڵ ئه‌زانن و ئه‌تانه‌وێ پێم ڕابوێرن . ئێوه ئه‌تانه‌وێ زهویهکهشم به‌رن بۆ خۆتان و به ده‌ماری خاویشهوه قسه‌تان له‌گه‌ڵدا بکه‌م ؟ یان وه‌کو خه‌ڵکی ئاسایی له‌گه‌ڵتانا بدوێم ؟ دراوسێ باشه‌که‌م ئه‌مه ئاوا نابێت ، ئێوه ئیتر دراوسێ نین به‌ڵکو که‌سێکی شه‌ڕکه‌رن .
شوبوکوڤ : چی چی چی ؟ ئه‌وه ووتتان چی ؟
ناتالیا : بابه هه‌ر به‌زوویی وه‌رزێره‌کان بنێره بۆ له‌وه‌ڕگاکه .
شوبوکوڤ : ( به لوموڤ ئه‌ڵێت ) کوڕه باشه‌که‌م ئه‌وه چیتان ووت ؟
ناتالیا : له‌وه‌ڕگاکه هی ئێمه‌یه ، من وازناهێنم ، وازناهێنم ، وازناهێنم .
لوموڤ : وه‌کو ئه‌ڵێن با بزانین ، من ئه‌چم بۆ دادگا تا پیشانتانی به‌م که ئه‌وه هینی منه .
شوبوکوڤ : دادگا ؟ فه‌رموو کوڕه باشه‌که ، ئێوه ده‌ستتان ئاواڵایه ، فه‌رموو ئه‌تانناسم ، ئێوه که‌سانێکی داواچین ، هه‌موو که‌سه‌کانتان وه‌ستای داوا بوون ، به‌ڵێ هه‌ر هه‌موویان .
لوموڤ : بۆم هه‌یه داواتان لیبکه‌م که ئا به‌و شێوه‌یه ناوی که‌سه‌کانم نه‌هێنن ، هه‌موو خزمه‌کانم که‌سانی به‌ڕێزو پیاو چاك بوون ، نه‌ك وه‌ك خاڵی جه‌نابتان که هه‌میشه داوای دائیره‌ی ضه‌مانی له‌سه‌ر بوو .
شوبوکوڤ : ئێوه خزمه‌کانتان هه‌موو شێت بوون .
ناتالیا : هه‌موو ، هه‌موویان ، هه‌ر هه‌موویان .
شوبوکوڤ : باوکی باوکتان ضروفی و حل حلی بوو ، مامه گهنجهکهشتان ، به‌ڵێ هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی به‌ڕاستمه ، ناستاسیا مایچایلۆڤنا له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیارێکی مهعماریدا هه‌ڵات و ڕۆشت ، ئێستاش که‌س نازانێ چیان لێ به‌سه‌ر هات !
لوموڤ : ئێواش نه‌نکتان قاچی ئاسن بوو ، ( ده‌ست ئه‌گرێت به دڵیه‌وه ) ئهملایهم ئه‌زیڕێنێ ، وا سه‌ریشم داکه‌وت ، فریام که‌وون ئاو .
شوبوکوڤ : باوکیشتان قومارچیه‌کی ته‌واو بوو ، له‌تاو دۆڕاندن ئه‌وه‌نده خۆی خوارده‌وه تا مرد .
ناتالیا : پوریشتان پیره‌ژنێکی ووتی ووتیکهر بوو و هیچیشی به هیچ نه‌بوو .
لوموڤ : قاچی چه‌پم شه‌له‌ل لێی یا ، ئێوه‌ش که‌سانێکی ئاژاوه‌چین ، ئاخ دڵم ، هه‌موو که‌سێکیش ئه‌زانێت که له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌دا بهرتیلتان یا ، ئه‌وه چاوه‌کانیشم ڕه‌شکه‌و پێشکه ئه‌که‌ن ، کوا کڵاوه‌که‌م ؟ .
ناتالیا : سووك و سه‌لیم ، بێشه‌رم .
شوبوکوڤ : هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ئێوه که‌سانی فێڵبازو خۆبه‌ره پێشه‌وه‌و پیلان دانهریشن ، به‌ڵێ پیلانی نهێنیش .
لوموڤ : ئه‌وه کڵاوهکهمه ، دڵم ، من له‌کوێم ؟ ئه‌ی ده‌رگاکه له‌کوێ یه ؟ ئاخ ، به‌وخوایه لهوبڕوایام بمرم ، کوره قاچم وه‌ستا ، ( به‌ره‌و ده‌رگاکه ئه‌ڕوات ) .
شوبوکوڤ : ئیتر جارێکی تر فێر نه‌بیت قاچت بنێیته ئه‌مدیوی ئه‌م ماڵه .
ناتالیا : بیرت نه‌چێت که بچیت بۆ دادگا ، تا بزانین چی ڕووئه‌یا .
( لوموڤ ئه‌چێته ده‌ره‌وه ) .
دیمه‌نی پێنجه‌م
(هه‌مانشوێن شوبوکوڤ و ناتالیای کچی )
شوبوکوڤ : ( به‌شێواوی ئێت و ئه‌چێت ) به‌هیوام جارێکی تر نه‌گه‌ڕێته‌وه .
ناتالیا : چ بێ ئابڕویهکه ! قسه‌شمان پێ ئه‌ڵێ و پێشمان ئه‌ڵێت دراوسێ ی باش .
شوبوکوڤ : شێت و ده‌ماگیر ، بێئه‌قڵ .
ناتالیا : نانا تۆ وه‌ره بزانه چ ئاژه‌ڵێکه ، خۆی ههڵئهقورتێنێته ئه‌رزی خهڵکیهوهو دواییش بهنهحلهتی ئه‌کات !
شوبوکوڤ : سه‌گبابی سه‌گی کوێر ، ڕووشی ئێت بێت داوای ده‌ستی کچی خه‌ڵکی بکات ، ئه‌بێت له خه‌یاڵی خۆیدا چ داخوازیه‌کی دانابێت ؟
ناتالیا : داخوازی ؟
شوبوکوڤ : بێگومان ، ئه‌و هاتبو بۆ داخوازی تۆ .
ناتالیا : داخوازی من ؟ ئه‌ی بۆ زووتر ئه‌مه‌ت نه‌ووت ؟
شوبوکوڤ : ئه‌و ترسنۆکی خۆ به‌ره پێشه‌وه‌یه بۆیه وا قاتی له‌به‌ر کردبو .
ناتالیا : داخوازی من ؟ من ؟ ئاه ه ه ه ( خۆی ئه‌خات به‌سه‌ر قه‌نه‌فه یه‌ک تاکیهکهدا ) ، بانگی که‌ره‌وه ، بیهێنه‌ره‌وه ، ئاه ه ه ه ، بانگی که‌ره‌وه زوو .
شوبوکوڤ : کێ بهێنمه‌وه ؟
ناتالیا : خێراکه ، ووتم خێراکه ، وا بوورامه‌وه ، بیهێنه‌ره‌وه ، ( هیستریای بۆ دێت ) .
شوبوکوڤ : ئه‌وه چیه ؟ پێم ناڵێ ی ئه‌وه چیته ؟ ( ده‌ست ئه‌گرێت به‌سه‌ریه‌وه ) ئای که به‌سته‌زمانم ، فیشه‌کێك ئه‌نێم به‌خۆمه‌وه ، خۆم هه‌ڵئه‌واسم ، ئه‌مانه له ژیانم ئه‌که‌ن .
ناتالیا : ئه‌مرم ، خێراکه بیهێنه‌ره‌وه .
شوبوکوڤ : بێ دوو دڵی ، هه‌ر ئێستا ، هه‌ر تۆ وه‌ره‌وه سه‌رخۆت . ( ڕا ئه‌کاته ده‌ره‌وه )
ناتالیا : ( به ته‌نیا ) ئه‌وه ئێمه چیمان کرد ؟ بیهێنه‌ره‌وه ، خێراکه بیگه‌ڕێنه‌ره‌وه .
شوبوکوڤ : ( دێته ژووره‌وه ) هه‌ر ئێستا دێت ، ئۆه ه له‌م وه‌زعیه‌ته ، تۆ خۆت ئه‌بێت قسه‌ی له‌گه‌ڵ که‌یت ، من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نیم ، هه‌ر به‌ته‌واوه‌تیش به‌ڕاستمه .
ناتالیا : ( هه‌ر هیستریا گرتویه‌تی ) بیهێنه‌ره‌وه .
شوبوکوڤ : ( هاوارئه‌کات ) وا به‌ڕێوه‌یه ، ئه‌ی خوایه گیان ئه‌مه چ جۆره سزایه‌که ؟ وا باشتره خۆم بکوژم ، خۆم ئه‌کوژم ، وه‌ڵلاهی به‌ڕاستمه ، ئاخر هیچ مانایه‌کی نیه ، ئێمه سه‌عاتێکه چیمان به‌و کوڕه گه‌نجه نه‌کرد ؟ وه‌ك سه‌گ لی ی وه‌ڕین ، شه‌ره‌فمان لێسه‌نده‌وه‌و دواییش کردمانه ده‌ره‌وه ، وه‌ڵلاهی ئه‌مانه هه‌مووی خه‌تای تۆ بوو تۆ .
ناتالیا : نه‌خێر تۆ .
شوبوکوڤ : ئه‌مه‌ش خه‌تای من بوو ؟ هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ؟
( لوموڤ له‌ناو ده‌رگاکه‌دا ئه‌وه‌ستێ )
شوبوکوڤ : فه‌رموو ئه‌وه خۆت و ئه‌وه‌ش ئه‌و ، خۆت قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه . ( ئه‌ڕوات )
|
behnam5555 |
04-14-2015 01:14 PM |
کۆمیدیای :
خوازبێنی
(3)
نووسینی : ئه‌نتۆن چیخۆف وه‌رگێڕانی له سویدیه‌وه : عه‌بدوڵا حه‌مه‌لاو
دیمه‌نی شه‌شه‌م
( له ههمانشوێندا ناتالیا‌و لوموڤ )
لوموڤ : ( دێته ژووره‌وه ) دڵم زۆر خراپ لێئه‌یات ، قاچم مێرووله ئه‌کاو ئه‌ملاو ئهولاشم ئه‌ناڵێنێت .
ناتالیا : ببوره ئێمه زۆر به‌بێ ئه‌قڵانه له‌گه‌ڵتا جووڵاینه‌وه ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ! ئێستا ئه‌که‌وێته‌وه بیرم که له‌وه‌ڕگاکه هی جه‌نابتانه .
لوموڤ : ئاخ دڵم چه‌ن خراپ لێئه‌یات ، له‌وه‌ڕگاکه هی منه ؟ ئای برا ڕڕڕۆ نه‌که‌م چاوه‌کانم ئه‌بڵه‌ق بوون .
ناتالیا : به‌ڕاستمه ، مه‌زراکه هی ئێوه‌یه ، فه‌رموو دانیشن . ( هه‌ردوکیان دائه‌نیشن ) ، هه‌ردوکمان هه‌ڵه بووین .
لوموڤ : ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌بده‌ئیه ، مه‌سه‌له‌که ئه‌رزه‌و مه‌زرا نیه ، به‌ڵکو مه‌بده‌ئه .
ناتالیا : ڕاسته وایه ، به‌ڵام ئێستا وا باشتره باسی مه‌سه‌له‌یه‌کی تر بکه‌ین .
لوموڤ : من به‌ڵگه‌ی تایبه‌تیم هه‌یه که دایکی دایکی پورێم ڕێگای به جووتیاره‌کانی باوکی باوکی باوکتان یاوه ...... .
ناتالیا : ئێ باشه بیبڕه‌ره‌وه ئیتر ، ووتمان به‌سیه‌تی ، بۆم هه‌یه ؟ نازانم له‌کوێوه ده‌ست پێ بکه‌م ؟ ئه‌ڵێم به‌مزوانه نیازتان هه‌یه بچن بۆ ڕاو ؟
لوموڤ : ناتالیای به‌ڕێز ! دوای دروینه به‌ته‌مام بچم بۆ ڕاوه پۆڕ ، به‌ڵام وا بزانم ئێوه ئه‌زانن که له‌م دواییه‌دا چ ڕووداوێك ڕووی تێ‌کردم ، خۆ له‌بیرتانه که سه‌گه‌که‌م که‌وت و شه‌ل بوو ؟
ناتالیا : ئای به‌سته‌زمان ، ئه‌مه که‌ی ؟
لوموڤ : ڕاستیه‌که‌ی نازانم له خۆیه‌وه قاچی وه‌رگه‌ڕا یان سه‌گه‌کانی تر گازیان لێگرت . ( هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵئه‌کێشێت ) ، باشترین سه‌گێك که هه‌بێت ئه‌وه‌یه ، نامه‌وێت باسی نرخه‌که‌ی بکه‌م ، ئه‌زانی له‌و ماوی پێشوه‌دا میرونوڤ 125 ڕۆبڵی دامێ نهمیا .
ناتالیا : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ! درۆی تر نه‌ما پێوه‌ی بلکێبی ؟ ئه‌مه هه‌مووی بوو ؟
لوموڤ : گه‌ر ڕاستیت ئه‌وێت هه‌ر زۆر هه‌رزان بوو . کوره سه‌گه‌که‌م سه‌گێکی هه‌ر زۆر بێوێنه‌یه .
ناتالیا : باوکم ئه‌وه‌ی خۆمانی به 85 ڕۆبڵ کڕیوه‌و هه‌ستیش ئه‌که‌م ئه‌وه‌ی ئێمه زۆر باشتره له‌وه‌ی تۆ .
لوموڤ : ئه‌وه‌ی ئێوه باشتره له‌وه‌ی من ؟ ( به پێکه‌نینه‌وه ) ئه‌وه‌ی ئه‌وان باشتره له‌وه‌ی من هم ها ها ها .
ناتالیا : بێگومان ئه‌وه‌ی ئێمه باشتره ، ئه‌زانی بۆ ؟ چونکه ئه‌وه‌ی ئێمه بهچکهترهو هێشتا ته‌واو گه‌وره نه‌بوه ، ئێ دوای ئه‌وه‌ش خێرایی و شێوه وه‌ستان و دانیشتنه‌که‌ی با بوه‌ستێت که له‌و بڕوایام که که‌م سه‌گی تر هه‌یه بیگاتێ .
لوموڤ : ناتالیا ستانوڤنا ببوره ، ئێوه ئه‌وه‌تان بیر چوو که بڵێن سه‌گه‌که‌مان دانه‌کانی پێشه‌وه‌ی زیاتر هاتونه‌ته پێشه‌وه تا دانه‌کانی خواره‌وه‌ی ، واته مه‌ڵاشووی له‌گه‌ڵ چه‌ناگه‌یدا جووت نابێت ، جا هه‌ر سه‌گێکیش ئه‌مه‌ی نوقسان بوو ناتوانێت به‌پێ ی پێویست شت بگرێت .
ناتالیا : وه‌ڵا ئه‌مه هه‌واڵێکی تازه‌یه قوربان .
لوموڤ : من به‌ڵێنتان ئه‌یه‌مێ که چه‌ناگه‌ی ژێره‌وه‌ی کورتتره له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ی .
ناتالیا : تێرتان خوارد ؟
لوموڤ : به‌ڵێ ، به‌ڵێ تێرم خوارد ، به‌ڵام ئه‌و سه‌گه‌ی ئێوه ئه‌وه‌نه‌ی حسابه تا ئه‌گاته ڕاو ، واته له‌وه‌و دوا ناتوانێت شتێکتان بۆ بگرێت .
ناتالیا : نه‌خێر سه‌گی ئێمه له ئیشاره‌ت وه‌رگرتندا وێنه‌ی که‌مه ، دوای ئه‌وه‌ش له ڕووی شێوه‌ی ده‌م و لووت و به‌هره‌وه گره‌وی له‌زۆر سه‌گی تر بردۆته‌وه ، به‌ڵام سه‌گه‌که‌ی تۆ که‌س نازانێت ئه‌صڵ و فه‌صڵی چیه‌و له پیره مایینیش ئه‌چێت .
لوموڤ : به‌و پیریه‌ش نایگۆڕمه‌وه به پێنج سه‌گی وه‌کی ئه‌وه‌ی تۆ ، سه‌گی من سه‌گه به ڕاستی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه ئه‌صڵه‌ن پیاو شه‌رم ئه‌یگرێ باسی بکات ، 25 ڕۆبڵ زیتار هیچی تر ناهێنێت .
ناتالیا : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ! پێم ناڵێیت ئه‌مڕۆ ئێوه چیتانه ؟ چ شتێك واتان لێئه‌کات که هه‌موو قسه‌کانتان پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی ئێمه بێت ؟ یه‌که‌م جار به ئه‌رزه‌و له‌وه‌ڕگاکانه‌وه ئه‌یگرن و دووه‌م جاریش به سهگهکهمانهوه ؟ من حه‌زم لێ نیه که‌سانێك هه‌بن باسی باشتر‌و باشتر بکه‌ن ، ئێوه خۆتان زۆر باش ئه‌زانن که سه‌گه‌که‌ی ئێمه زۆر له‌و سه‌گه بێئهقڵهی ئێوه باشتره ، ئیتر بۆچی نکوڵی لێئه‌که‌ن ؟
لوموڤ : ناتالیا ستێپانوڤنا ! ئێوه زۆر باش له‌وباوه‌ڕه‌دان که من زۆر باش ئه‌بینم و ئه‌یشزانم بیرکه‌مه‌وه ، ئێوه تێناگه‌ن که سه‌گه‌که‌تان دانه‌کانی خواره‌وه‌ی له پێشه‌وه‌ن ؟
ناتالیا : ئه‌مه ڕاست نیه .
لوموڤ : به‌ڵێ ڕاسته .
ناتالیا : ( ئه‌قیژێنێ ) نه‌خێر ڕاست نیه .
لوموڤ : خانمه باشه‌که ، بۆ ئهقیژێنیت ؟
ناتالیا : بۆ ئه‌و هه‌موو قسه باق و بریقانه ئه‌که‌یت ؟ تۆ نازانیت هه‌موو ئه‌وانه توڕه‌م ئه‌که‌ن ؟ سه‌گه‌که‌ی ئێوه کاتی ئه‌وه‌ی هاتوه له‌ناو ببرێت ، که‌چی ئێستا جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا ئه‌که‌یت ؟
لوموڤ : ببوره من ئیتر له‌مه زیاتر ناتوانم درێژه به‌م باسه بده‌م ، چونکه دڵه کوته‌م تووش ئه‌بێت .
ناتالیا : جێگای خۆشحاڵیه ، چونکه وه‌کو ئه‌ڵێن ئه‌و ڕاوکه‌رانه‌ی که زۆر شه‌ڕ ئه‌که‌ن که‌مترین وه‌ڵامیان ده‌ست ئه‌که‌وێت .
لوموڤ : تکایه خانمه‌که ئه‌توانیت بێده‌نگ بیت ؟ ئیتر دڵم به‌به‌ریه‌وه نه‌ماوه ، ( هاوارئه‌کات ) بێده‌نگ .
ناتالیا : بێده‌نگ نابم تا دانی پیادا نه‌نێیت که سه‌گه‌که‌ی ئێمه صه‌د قات له سه‌گه‌که‌ی ئێوه باشتره .
لوموڤ : نه‌خێر صه‌د قات له‌وه‌ی من خراپتره ، هیوادارم له‌وه لاتر چێت ، ئای بابهڕڕۆ سه‌رم ، چاوم ، کوره شانه‌کانم .
ناتالیا : سه‌گه گه‌مژه‌که‌ی ئێوه نه‌ك هه‌قی ئه‌وه‌ی هه‌یه که له‌ناو ببرێ ، به‌ڵکو هه‌قی ئه‌وه‌شی هه‌یه که وازی لێبهێنرێ تا خۆی ئه‌تۆپێ .
لوموڤ : ( ئه‌گری ) کوره بێده‌نگ من دڵه کوته کوشتمی .
ناتالیا : من نامه‌وێ بێده‌نگ بم .
دیمه‌نی حه‌وته‌م
( شوبوکوڤ دێت به‌سه‌ردا )
شوبوکوڤ : دیسانه‌وه چیتانه ؟ به‌زمه‌که‌یه ؟
ناتالیا ؟ بابه تکات لێئه‌که‌م ڕاستگۆبه ، سه‌گه‌که‌ی ئێمه باشتره یان سه‌گه‌که‌ی ئه‌و ؟
لوموڤ : ستێپان ستێپانوڤیچ زۆربهنهرمی داواتان لێئه‌که‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م به‌نه‌وه ، سه‌گه‌که‌تان دانه‌کانی خواره‌وه‌ی له‌پێشه‌وه‌ن یان نا ؟ ئا یان نه‌ء ؟
شوبوکوڤ : جا ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه بێت هه‌ر هیچ نیه ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌گه‌که‌مان هێشتا له‌هه‌موو سه‌گه ڕاوه‌کانی تر باشتره‌و بگره له هه‌موو ئه‌م ناوچه‌یه‌شدا باشترینیانه .
لوموڤ : به‌ڵام ڕاست بڵێ ڕاست ، ئه‌وه‌ی من باشتره یان نا ؟
شوبوکوڤ : هاوڕێ باشه‌که‌م خۆت سه‌غڵه‌ت مه‌که ، گوێ بگره با پێت بڵێم ، ڕاسته سه‌گه‌که‌ی ئێوه سیفاتی چاکه‌ی خۆی هه‌یه یه‌که‌م وه‌کو ئه‌وه‌ی که ڕه‌سه‌نه‌و دووه‌میش شێوه‌یه‌کی جوانی هه‌یه ، به‌ڵام گه‌ر ڕاستیتان ئه‌وێ سهگهکهشتان بێ عه‌یب نیه و بگره دوو عه‌یبی گه‌وره‌شی هه‌یه ، یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که پیره‌و دووه‌میش لووتی کورته .
لوموڤ : ئاخ دڵه کوته چیت پێکردم . گه‌ر ئێمه پشت به به‌ڵگه ببه‌ستین سه‌گه‌که‌ی من له کاتی ڕاوکردندا بست به بست بۆنی نێچیره‌که هه‌ڵئه‌گرێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه یه‌ک کیلۆمه‌تر دوور ئهیپێکێ .
شوبوکوڤ : ئاخر چاوه‌که‌م سه‌گه‌که‌ی من ئه‌و جاره به‌دار لێیاندا ، بۆیه دواکه‌وت .
لوموڤ : زۆر ته‌واوه ، بۆیه هه‌موو سهگاکانی تر دوای ڕێویه‌که که‌وتن و ئه‌وه‌ی تۆش خشششش ، خشکه‌یی بۆ لای مه‌ڕه‌کان گه‌ڕایه‌وه .
شوبوکوڤ : نه‌خێر کوڕه گه‌نجه‌که ، ئه‌مه ڕاست نیه ، من پێم باشه که له‌مه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌ڕۆین ، ڕاستیه‌که‌شی کابرا بۆیه له سه‌گه‌که‌ی منی یا چونکه نه‌یویست سه‌گه‌که‌ی من له‌وانی تر باشتر بێت ، بێگومان ئێره‌یی چاوی کوێر کرد . به‌ڵام ئێوه‌ش ئه‌ی هاوڕێ باشه‌که ، ئه‌تانه‌وێ ئه‌وه ئاشکراکه‌ن که هیچ سه‌گێك له سه‌گه‌که‌ی ئێوه باشتر نه‌بێت ، زۆر باشه من له‌بیرم ناچێت .
لوموڤ : منیش هه‌روه‌ها .
شوبوکوڤ : منیش هه‌رواتر ، ئه‌ی ئێوه چی ترتان له‌بیره ؟
لوموڤ : ئای دڵم بابه ڕۆ ، قاچم شه‌له‌ل لێ ی یا ، ئیتر له‌مه زیاتر توانام نه‌ما .
ناتالیا : دڵه کوتێ ؟ ئێوه چۆن ڕاوکهرێکن ؟ ئێوه له‌باتی ڕاوه ڕێوی ئه‌بوایه له مه‌تبه‌خ بونایه‌و کێك و شهکرلهمهتان ببرژانایه ، دڵه کوتێ .... پف .
شوبوکوڤ : به بڕوای من له‌باتی ئه‌وه‌ی که سواری پشتی ئه‌سپ ئه‌بن سواری دۆشه‌ك و پشتیهکانی ماڵه‌وه‌تان بن چاکتره ، کاکی دڵه کوتێ ! من ئه‌زانم جه‌نابتان هه‌ر بۆیه ئه‌چن بۆ ڕاو تا عه‌یب و عار له سه‌گی ئه‌م و ئه‌ودا بدۆزنه‌وه‌و دواییش تانه‌و ته‌شه‌ری لێده‌ن .
ئێستا به‌هه‌رحاڵ به هه‌رچۆنێ بێت واز له‌م باسه بێنین ، چونکه من ئه‌زانم جه‌نابتان هه‌رچی بن ڕاوکه‌ر نین .
لوموڤ : ئه‌ی جه‌نابتان چین ؟ ئه‌ترسم خۆتان به ڕاوکه‌ر بزانن ، تڕحێو ، نه‌یخۆن تاڵه . ئێوه‌ش بۆیه دێن تا خۆتان پیشانی سه‌رۆکی ڕاوکه‌ره‌کان بده‌ن و ئیتر له‌دواوه بکه‌ونه زه‌می ئه‌م و ئه‌و . ئاخ دڵم ، ئێوه که‌سانێکی زه‌م که‌رن .
شوبوکوڤ : ( هاوارئه‌کات ) ئه‌ی هاوار من ئینسانێکی زه‌م که‌رم ؟
لوموڤ : زهمکهر .
سوبوکوڤ : ئاژاوه‌چی ، به‌چکه سه‌گ .
لوموڤ : مشکه که‌چه‌ڵه ، تهڵهکهناز .
شوبوکوڤ : بێده‌نگبه ده‌نا وه‌ك مریشکه کێوی به فیشه‌کێك په‌ڕت ئه‌به‌م به ئاسمانا ، تێگه‌شتی ؟
لوموڤ : ئه‌وه ڕوون و ئاشکرایه که..... ئاخ دڵم ، که ژنه‌که‌تان تا مابوو دارکاری باشی ئه‌کردن ، وه‌ی قاچم ، کڕکڕاگه‌ی گوێم ئه‌زیڕێنێ ، ئیتر ناتوانم خۆم به‌پێوه بگرم ، خۆم به‌پێوه ناگرم .
شوبوکوڤ : ئه‌ی بۆ ناڕۆی له‌ژێر نه‌علی کارهکهرهکهتانا خۆت به‌پێوه بگری ؟ ها ؟ وا بزانم ئه‌مه‌یان ئه‌توانی ؟
لوموڤ : ئا وا هی ، دڵم وه‌ستا ، شانه‌کانم جام بوون ، شانه‌کانم کوان ؟ من مردم ، ( خۆی ئه‌خات به‌سه‌ر قه‌نه‌فه یه‌ك تاکیهکهدا ) دکتۆر ، ( ئه‌بورێته‌وه )
شوبوکوڤ : ئاژاوه‌چی ، ماستاوچی ، ناشیرین ، من تێکچووم ، ( که‌مێك ئاو ئه‌خواته‌وه ) وه‌زعم تێکچو
ناتالیا : ئێوه چۆن ڕاوکهرێکن که نه‌توانن سواری ئه‌سپیش بن ؟ ( ڕووئه‌کاته باوکی ) بابه ! ئه‌وه چیه‌تی ؟ بابه سه‌یرکه ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، خۆ ئه‌وه مردوه !
شوبوکوڤ : وه‌زعم باش نیه ، ناتوانم هه‌ناسه به‌م ، هه‌وا ....
ناتالیا : ( لوموڤ ڕائه‌وه‌شێنێ ) ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، به‌خوا له‌وه ئه‌چێت مردبێت ، باشه ئه‌وه ئێمه چیمان کرد ؟ نه‌به‌خوا مردوه ، ئه‌ی هاوار دکتۆر ، دکتۆر بانگکه‌ن . ( تووشی هیستریا ئه‌بێت)
شوبوکوڤ : ئوووف ، ئه‌مه چیه ؟ پێم ناڵێ ی تۆ چیته ؟
ناتالیا : مرد ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ مرد .
شوبوکوڤ : کێ ێ ێ ؟ ( سه‌یری لوموڤ ئه‌کات ) هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ؟ ئه‌ی هاوار خوایه گیان ، ئاو ، دکتۆر ( که‌مێك ئاو ئه‌کات به ده‌می لوموڤهوه ) بخۆره‌وه ، نه‌به‌خوا ناخواته‌وه ، مرد ، ئه‌ره به‌خوا مرد ، من چه‌ند به‌سته‌زمانم ، بڵێ بۆ فیشه‌کێك نه‌نێم به‌نێو چاوانی خۆمه‌وه ؟ ئه‌ی بۆ هه‌ر زووتر خۆم له‌ناونه‌برد ؟ من چاوه‌ڕێ ی چیم ؟ چه‌قۆیه‌کم به‌رێ ، ده‌مانچه‌یه‌کم به‌رێ .
( لوموڤ خۆی ئه‌جوڵێنێ )
شوبوکوڤ : ئهرهوهڵلا هاڵسا له‌خه‌و وویش گیان ، دهها ئاو بخۆره‌وه ، ئۆوخهیش خوایه گیان شوکور نه‌مردبو.
لوموڤ : هه‌موو گیانم ئه‌له‌رزێ ، من هیچ نابینم ، ئه‌وه من له‌کوێم ؟
شوبوکوڤ : کوره جار به جه‌هه‌ننه‌م ، زه‌واج که‌ن و ببڕێته‌وه ، من ئه‌زانم کچه‌که‌م ڕازیه ، بێنه ده‌ستتان بێنن ( ده‌ستی هه‌ردوکیان ئه‌گه‌یه‌نێت به‌یه‌ك ) ئه‌زانم ڕازیه ، من پیرۆزباییتان لێئه‌که‌م ، به‌مه‌رجێك بڕۆن و له‌کۆڵم بنه‌وه .
لوموڤ : چی چی چی ؟ ( هه‌ڵئه‌سێته‌وه ) کێ ؟
شوبوکوڤ : ڕازیه ڕازیه ، ده‌ی یه‌کتری ماچ که‌ن و ببڕێته‌وه ، خوا ئێوه‌م لی به‌رێته‌وه .
ناتالیا : ئه‌ی خوایه گیان ئه‌وه خۆ نه‌مردوه ! ئا ئا ، ئه‌ی چۆن ، ئهرهوهڵلا ڕازیم .
شوبوکوڤ : ده‌ی یه‌کتریش ماچ که‌ن و ببڕێته‌وه ، دڵم به‌به‌ریه‌وه نه‌ما .
لوموڤ : ها ؟ کێ ؟ ( ناتالیا ماچ ئه‌کات ) زۆرم قبوڵه ، ببوره باسی چیتان کرد ؟ ئێ ئێ تێگه‌شتم ، دڵم ، چاوه‌کانم ڕه‌شکه‌و پێشکه ئه‌که‌ن ، من زۆر به‌خته‌وه‌رم ، ناتالیا ستێپانۆڤنا ! ئه‌وه تۆیت ؟ ( ده‌ستی ماچ ئه‌کات ) قاچه‌کانم سڕ بوون .
ناتالیا : منیش زۆر به‌خته‌وه‌رم .
شوبوکوڤ : ئۆ و وو ، ئێستا وا ئه‌زانم کێوێك به‌سه‌ر دڵمه‌وه‌یه .
ناتالیا : ئه‌ی ئێستا دانی پیا ئه‌نێیت که سه‌گه‌که‌ی تۆ له‌وه‌ی من خراپتره .
لوموڤ : نه‌خێر باشتره .
ناتالیا : نه‌خێر خراپتره .
شوبوکوڤ : ئه ئاوا ، به‌دڵمه ، خۆشی و شادی ده‌ستی پێ‌کرد ، شه‌مپانیا بێنن شه‌مپانیا .
لوموڤ : باشتره .
ناتالیا : خراپتره خراپتره خراپتره.
شوبوکوڤ : ( ده‌نگی به‌رز ئه‌کاته‌وه تا ده‌نگی ئه‌وان داپۆشێت ) شه‌مپانیا شه‌مپانیا شه‌مپانیا .
كۆتایی
|
اکنون ساعت 02:29 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد. |
|
Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)