هه‌تاوی ڕووت
ژیواری به ناحه‌ق كه ده‌چێ ده‌ر حه‌قی هه‌ستم
دیواری دڵم داده‌ڕمێ دڵ ده به ده‌ستم
هه‌ژگه‌ڵ به به‌خیلی قژی خاوت له ده‌روونم
ئاڵاوه به په‌یمانه‌یی په‌یمانی نه‌فه‌ستم
هیوا له نشێوی حه‌ز و ئاسۆ له به‌یانی
هه‌ورازی هه‌وار و هه‌مه‌نی هه‌وری هه‌وه‌ستم
دنیا له چڵێ چۆله‌كه و چاوێ له چه‌ك بێ
بارانی گله و گولله وو گریانه ده‌به‌ستم
زیندانی زنار و زمه‌نی زار و نزاریش
ها‌توونه‌ته په‌یڤین و دڵ ئازاری قه‌فه‌ستم
تۆ بێت و له هه‌رمانی هه‌ناسه‌ت بڕِه‌وێم و
سه‌رگه‌رمی سه‌ما سه‌رمه‌دی سه‌ردارییه مه‌ستم
په‌روازی په‌لم پردی په‌ژاره‌م ده‌پوێنێ
ڕِووخانی سنووری په‌مه‌یی بایه كه هه‌ستم
خوای خه‌نده وو خۆر و خه‌وه ئه‌م خێوی خه‌یاڵم
به‌و هۆ‌یه كه وا بێ وزه وو به‌سته‌یه ده‌ستم
هه‌ر كارێ ده‌كه‌م چاره‌یی داها‌تی له لایه
من بێ خه‌به‌ر و پۆوی به بێ هووده ده‌به‌ستم
برژانگی بژار و به برۆ تیری موژه‌ی حه‌ق
پێكانی به په‌یكان و به په‌یكی مه‌یه مه‌ستم
خوێن نایه له جێ تیری موژه‌ی سه‌روه‌ری مه‌ستان
بارانه له چاو دێت و كه جۆگه‌ی هه‌ڵ ئه‌به‌ستم
تا دێت و هه‌ناسه‌ی دڵه‌كه‌م ده‌سكه‌نه كا با
به‌ر بۆنی شنه‌ی خۆری خه‌رامانه‌وه مه‌ستم
ئه‌ستێره له گه‌ڵ شه‌و ده‌شه‌ڕێ تا بدڕێ ڕه‌ش
په‌رده‌ی نه‌شه‌مه‌ی ڕه‌ش شه‌قی كا شه‌ققه‌یی شه‌ستم
فواد جهانی بانه