جوان سه‌يرم كه
باش بڕوانه
من ئه‌و لاوه سترانبێژه‌م
شيوه‌نی مه‌رگی ئه‌وينی كردوه به قام و گۆرانی
ئه‌وه‌نده دڵم ئاوسی وشه و شێعره
پێنووسم لێ وه‌ڕه‌ز بووه و
تايه‌نی زمان جێی هێشتووم
جوان سه‌يرم كه
ببينه چلۆن هه‌ناسه‌م
بۆنی قێواخی منداڵه شێعرێكی تازه‌ی پێوه دێ
بمبينه‌كه چلۆن له‌نێو گێژه‌لوولی ئێش و ژانا سه‌ما ده‌كه‌م
ئه‌وه‌نده ئاوات و تاسه له نێو دڵما هه‌ڵڕژاوه
جه‌سته‌ی ئه‌وينی مردوومم له خاكی شێعرا نێژاوه
له نێو ئه‌م شه‌وه‌زه‌نگه‌دا
له که لک و بانی دڵمه‌وه
دزی ره‌شپۆشی چاوانی هيچ كچه خنجيلانه‌يێ
قه‌د ناوێرێ بێت و بڕوا
هێندة رووخاوی لافاوی بێ ئامانه
ته‌نانه‌ت سپی كۆتری خۆشه‌ويستيش
له‌سه‌ر گوێسوانه‌يه‌وه هيلانه ناكات
وه‌كۆ قه‌ڵه‌می ده‌ستی ديل پڕم له تاسه‌باری و
هه‌رچێ خه‌می دونيا هه‌يه
ره‌ش ره‌ش
له‌نێوي دڵمدا كۆ كراوه
سازی شێعرم
به‌وێنه‌ی شمشاڵی ده‌ستی ئاشه‌وانان
هه‌ر كونێكی به‌ده‌ره‌وشی عه‌شقێکه‌وه داخ كراوه
تۆ ئه‌ی سه‌رگوڵی خه‌مڵاوی
ئه‌ی گوڵی سه‌ر بسكۆكی خه‌ياڵه‌كانم
دوور كه‌وه و
خۆت پارێزه له هه‌ڵاوی به‌سۆزی هه‌ناسه‌كانم
جوان سه‌يرم كه
باش برِوانه
ده‌توێ له بۆ كام شاری رووخا‌و سه‌فه‌ر كه‌ی ؟
له‌دووره‌وه
كام ئاوه‌دانيت كردوه چاو
وا ده‌توێ رێبواري دڵت ده‌ربه‌ده‌ر که ی ؟
فه‌ردین میرزایی