من تاکه دۆستێکم هه‌یه
باڵای
به قه‌د درێژایی شه‌وم به‌رزه و
چاوی
له‌ره‌نگی خه‌یاڵه‌کانم شینه و
لێوی
وه‌کۆ ئاواتم سوور
که له نێو ژووره‌که‌ما بێ
هۆ ده‌کا له ئاوێنه‌که و
وشه‌ی هه‌ناسه ده‌نووسێ و
له نێو چیمه‌نی وێنه‌کانی سه‌ر دیوار
گوڵی بیره‌وه‌ریه‌کانم ده‌چنێته‌وه
من تاکه دۆستێکم هه‌یه
که له نێو ژووره‌که‌ما بێ
کچه‌ده‌فته‌ری حه‌سوودی شێعره‌کانم ،
دڵ و ده‌روونی هه‌مۆ ره‌ش ده‌بێته‌وه و
پڕ ده‌بێ له
خه‌مه شێعر و خه‌مه وشه و خه‌مه هه‌ڵبه‌ست
منیش ئیتر
له نێو جاده‌ی ره‌سته‌کانی نامه پرتووکاوه‌کاندا
ده‌که‌ومه رێ و
تا دڵ بڕکا
له گه‌ڵیا
له‌ئه‌م دونیا دوور ئه‌بمه‌وه به ئاسایی
ده‌ست له‌نێو ده‌ست
پڕ له هه‌ستی خۆشه‌ویستی
ئه‌و به من ده‌ڵێ ( چاوه‌ڕوان )
من بانگی ده‌که‌م ( ته‌نیایی )
فه‌ردین میرزایی