دەستێکم پڕە لە باران...
دەستێکم پڕە لە باران و
دەستەکەی ترم بەتەنیشتمەوە
سیمای خۆڵەمێشی دەنوێنێ ،
دەستەکەکانم
فرمێسکی سەوزەگیایەو
لەرەنگی خەونێکی
سوری ئەرخەوانی دەچێ ،
دەستێکم پڕە لەبەخشندەیی و
رەنگی گەشی پشکۆکانی
سادە،وەکوو پەنجەی دەستی مۆسیقارێک "
دەستێکم پڕە لەتیشکی هەتاو
چەپکێ درەختی وەنەوشەیی
لەباوەشیا حەشارداوە و
هەڵمی هەناسەی ژنێکی ماندووی
چاوڕەش و کزۆڵەی ئەنفالەکانی
بەنێو کێڵگەی بیرەوەرەکانیدا
عەتر رێژدەکا ؟
دەستی من
دەستە سەوزو رەنگاڵەیەکەم
دەستێکی تیژڕەوە و
لەزەوییەوە دەتوانێت
نمەی بارانیش بباتە ئاسمان و
نیگای منداڵی ژنێکیش
ببەخشێتە شاگوڵێکی تر
ئێستا دەستم
وەک گەردەلول و تۆفان
هەتاوی دەستەکەی ترم لادەدا و
لەگەڵ خۆیدا جوتێ کۆتری سپی
دەبەخشێتە گەڵای دڵم
من و دەستم چەند شەوی درێژ تێک ئاڵاوین
چەند سترانی لەشەوی بێ خەوشیدا
کردۆتە ئاوازی رۆحم
ئەوان دێن و ناهێڵن ،جارێکی تر
بەدەستی بەتاڵ بگەڕێمەوە و
بەکۆڵێک وەرینەوە
دەمخەنە باوەشی سەوزی زەوی
من و دەستم
لە بیابانەدوور و درێژەکانی
وەرزی ساڵدا بووینە
پیرە گەڵایەکی پیری کەوتوو
لەوەرزێکدا دەستەکانم و
باخچەی دڵم بوونە پشکۆی
وەرزی پایز
((پایز دڵی بە کەس ناسوتێ ،
کەگەڵاکانی وەری بۆ کەس ناوەرێ
تەنها زەوی نەبێ ))
ئەگەر پایز نەهاتایە
دەبوو هەردوو دەستەکانم
لە نێو کوانووی درەختێکی
بەجێماودا
وەک ژنێکی خۆڵەمێشی
تەنهایی دەریا بیخنکێنێ.
کەژاڵ ئیبراهیم خدر
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )