
01-26-2012
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
گۆڕهوشار
گۆڕهوشار
راست و هەڵچوو، لەو بەرزایییەڕا دەڕوانێتە شار. لەوەتی چاوم كردۆتەوە، دیومە. دایكم دەیگوت: مێر منداڵ بووم، وردە وردە لە مانای خەم دەگەیشتم. شار هێندی ئێستا گەورە نەبوو، ئێواران كاتی رۆژپەڕ، دوای ئاوپڕژێن و ماڵینی حەوشە و دەرك و بان، ئەو دەمەی پەرەسێلكەكان پۆل پۆل، نەوی بە سەر كۆڵانەكانی شاردا دەفڕین و دەیانجریواند، پاڵم وە كۆڵەكەی بەر هەیوانی ماندوێتی دەدا و لە دوورم دەڕوانی. لەو شوێنەی كە هێدی هێدی هەتاوی تێدا نوقم دەبوو.
هەورەبانەكان و هێندێك خانووی دوو نهۆم و بەرزایییەكی رۆژئاوا و تاقەدارێك و دوورتریش، زۆر دوور، ریزەشاخێكی مژگرتووم لێ دیار بوو. و پرسیار لە دوای پرسیار...
سێبەرەكان دەهات و دەتوانەوە، سپای تاریكی زاڵ و زاڵتر دەبوو. فەنەر و چرای حەوت نمرە بۆ بەر هەیوان و پێشخانە هەڵدەكران.بەڵام ژوور تاریك و لە ئاویلكەی بێدەنگیدا بوو.
بەیناوبەین شۆقێكی رووناك بە كووچەدا تێدەپەڕی و نیسێی دوو لاقی زەلام لە سەر سواغی دیوارەكان پێشەبڕكەیان دەكرد. پیاوەكان لە دەستێكدا پاكەتێكی زەردی كاغەزیان لە ئامێز گرتبوو و لە دەستەكەی دیدا چرا تۆڕی دووكانیان بە هەڵكراوی پێبوو. ژیان و ئاوەدانی دەهاتەوە نێو ماڵەكان و شۆقی فەنەر و حەوت نمرە كز دەبوو.
ژوور وەكوو دڵی جەستەی ماڵ، وەكوتان دەكەوتەوە. ئیدی باس و خواس بوو و حەسانەوە و كاسە جیرانەتی و میوانداری. شار ماڵێكی گەورە بوو، دانیشتوانیش ئەندامی یەك بنەماڵە. شۆرباوی ئەم لە سەر سفرەی ئەو، دۆڵمە و هەڵوای ئەو لە سەر سفرەی ئەم دەخورا. شار بە شار بە شەو دنیایەكی تر بوو. هەموو لێك ئاگادار. خەم ئی هەموان، شادی ئی هەموان بوو.
ساتێك، دوو سات، وردە وردە جووڵە دەبڕا. دەستەلاوێك، چەن هەواڵێك، درەنگانێ بە كووچەدا رادەبردن و دەنگێكی خۆش، گەلێك بە سۆز، وەك لایلایە، دەهۆشڕاچووانی سەر بان و بەر هەیوانی دەلاواندەوە و شێعری وەفایی دەینواندن:
مەمكووژە تۆ گەردنی خۆت، روو لە زوولفان دەرخەوە
ئەی ستارەی سوبحدەم! ئەمشۆكە زووتر دەركەوە
چ شەوێك بوو؟! مانگ بە پەلە بوو! زوو ئاو بوو.
خەوی ئەو شەوە خەو نەبوو. هەندی ساڵێك، دوو ساڵ، دەیان ساڵ درێژ بوو ئەو شەوە. نوستوان رەنگی مردوویان لێنیشتبوو. كەڵەبابی نیوە شەو نەیخوێند.
ئەمجار، خۆرێكی ماندوو، بە چنگەكڕكێ، بە پشت كێوەكانی رۆژهەڵات هەڵدەگەڕا. لە لووتكەدا بە هەناسەبڕكێ سەیری شاری دەكرد. تاقەدار بەدەوری خۆیدا روانی. لە نێو پۆلێك داری بیانیدا خۆی دیتەوە. لە تاریكانی دوێشەودا شار گۆڕابوو. " گۆڕەوشار " بوو.
ئاپۆرەیەك تێكیان داویشت. كاڵای هەموان هەر مرۆ بوو. یەكیان دەفرۆشت. یەكیان دەكڕی.
لە لووتكەی چیاكانی رۆژهەڵاتەوە خۆر پێی خزی و خللۆر بۆوە. لە رۆژئاوا گورج رۆچوو. شار بەهەزاران چراوە تاریك بوو. ئەستێرەكان تۆران. هەورەبانەكان فڕین. بەرهەیوانەكان تێكڕمان.
هەموو رۆژێ، خۆر میلی كاتژمێرێكی بە پەلە بوو. هەڵدەهات و ئاوا دەبوو، هەڵدەهات و ئاوا دەبوو. دیوارەكان بەرزتر و بەرزتر دەبوون. جیرانەكان لە یەك دڕدۆنگ. شار لە ئاپۆرەییدا، چۆڵ.
تاقەداریش لە شەپۆلی داراندا، ون.
فاتیمە سوڵتانی
ئهنجومهنی ئهدهبیی مههاباد
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|