
07-03-2013
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
ناو
ناو
زەنگی ئاخر بوو، درگای پۆلی سێهەمی سەرەتایی كرایەوە. تێكڕا قرچەپێ هەستان. درگای پۆلەكە پێوە درایەوە و مامۆستا لە پاڵ تەختە ڕهشەكەدا وێستا و چاوی لە پەنجێرەكەوە چەن چركەیەك هەڵڕشتە ئەو دیو. منداڵانی پۆلی پێنجەم بە حەوشەكەدا غاریان دەدا. سەرنجی لە ژێر پێیان هەڵگرتەوە و بە سووڕێكی ملی هێنای لەسەر تەختە ڕهشەكە چەقاندی. خاڵ و چوكڵەی چەند پیت لە گلێنەی هەڵچەقین و ڕۆچوون بەرەو مێشكی و لەوێوە داگەڕان بۆ دڵی.
ـ كێ ئەوەی نووسیوە دیسان؟
منداڵەكان هەریەكەی دەست و سەرنجی خۆی بە شتێكەوە خەریك كردبوو. ئەویش لە سووچی پشتەوەی پۆلەكە كتێبەكەی بە بەرچاوییەوە گرتبوو دەگریا. هەر دڵۆپە فرمێسكێكی لاپەڕەیەك بوو و خەمێكی ئەوی لەسەر تۆمار كرابوو. مامۆستا بانگی كرد بێتە بەر تەختە ڕهشە بەڵام هێزی هەستانی نەبوو.
"وەك شوانەی جیرانمان خۆزگە منیش باوكم پێی نەخوێندمایە و بیدایەم بە ڕەنجبەر، چا نەبوو لە خەڵك و منداڵان دوور دەبووم."
مامۆستا دیسان بانگی كردەوە.
ئەو ڕۆژەی پووری و ژنی جیرانەكەیان هاتبوون بۆ ماڵی ئەمان، پووری بانگی كردبوو بچێ و ماچێكی بداتێ، جیرانەكەی ماڵی پووری گوتبووی:
ـ هەر بە ڕاستی ناوەكەی وایە؟
ئەم وەك ئێستا سەری بەردابۆوە و لە نێو خۆیدا كوڵابوو. هەستی بە توانەوە و ئارەقە دەردانێكی سەیر كردبوو. زۆر جار تووشی ئەم جۆرە شەرمەزار بوونە بووبوو.
پۆلەكە هەروا بێدەنگ بوو، سریوەی لێوە نەدەهات. مامۆستا هاتە پەنای، دەستی بە سەریدا هێنا و ماچی كرد.
ئەو ڕۆژە پووری گوتبووی: ئەگەر كوڕی من بوایە قەتم ئەو ناوە لێنەدەنا.
دایكیشی گوتبووی: دایكی كوێر بێ زۆر پاڕامەوە و تكام لە باوكی كرد. جوابی نەدامەوە. دەیكوت نابێ ناوی باوكم كوێر بێتەوە.
مامۆستا دەستی گرت و بردی بۆ بەر تەختە ڕهشەكە و هەورەكەی دا دەستی و گوتی:
ـ بە دەستی خۆت پاكی كەوە.
ئەم هێشتا نەیدەزانی مردن هەیە، دەنا خۆشی وەك ناوەكەی دەسڕییەوە. دەستە بێهێزەكانی هەڵێنا و بە دەم هەنیسكەوە ناوەكەی پاك كردەوە.
مامۆستا بە بزەیەكی شیرینەوە گوتی:
ـ بڕۆ دانیشەوە.
ئەم سەری بەرداوە و لەگەڵ هەموو خەمە ورد و درشتەكانی لە سەر جێگاكەی دانیشتەوە.
مامۆستا گوتی: ئێستا كتێبی بیركاری دەربێنن. وریا و هیوا بران، وریا هەشت گوێزی پێیە، ئەگەر چواریان بدا بە هیوا...
"بریا منیش برای ئەوان بوایەم. گوێزەكەی خۆشم دەدا بە ئەوان."
مامۆستا هاتە تەنیشتی وێستا. دەستی نا سەر شانی و گوتی: «نازانی چەندی بۆ دەمێنێتەوە؟»
لە سووچی دیواری كۆڵانەكەیان هەڵترووشكاوە. حەوت هەشت منداڵ تۆپێن دەكەن. كاك ڕهحیمی جیرانیان دەستی خستبووە سەر شانی و گوتبووی:
ـ نازانی تۆپێن بكەی؟
مامۆستا گوتی:
ـ هەستە بزانم دەزانی.
كاك ڕەحیم دەستی گرتبوو بردبووی بۆ نێو منداڵەكان. دەمی تێكڕای منداڵەكان دەرزییان لێ دەباری و لە گوێچكە و دڵی هەڵدەچەقین.
منداڵەكان پڕ بە پۆلەكە دەنگیان هەڵێنا و گوتیان: چوار، مامۆستا چوار!
لە نێوەڕاستی كۆڵانەكە ڕاوەستاوە. منداڵەكان بە دەوریدا هەڵدەخولێن و وشەی سەیر و سەمەرە بە ناوەكەیەوە دەلكێنن.
تۆپەكە بەڕەڵڵا بووە و دەستی كردووە بە تلارۆكێ و بە كۆڵانەكەدا دەڕواتە خوارێ. دەیهەوێ خۆی بخاتە جۆگەكەوە. هەر تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە...
مامۆستا دەستێك بە فرمێسكی سەر ڕوومەتیدا دێنێ، دەیسڕێ و دەڵێ:
ـ تۆش دەزانی وریا چوار گوێزی بۆ دەمێنێتەوە؟
تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە خۆی فڕێ دەداتە نێو جۆگەكەوە ئەمیش لە نێوەڕاستی كۆڵانەكەدا دەكەوێ بە عەرزدا. دێ هەستێتە سەر پێ، لە سەر كورسیلەكەوە بەلادا دێ و لەبەر پێی مامۆستاكەیدا دەدرێ بە عەرزدا. مامۆستا هەڵیدەستێنێتەوە و لەسەر كورسیلەكە دایدەنێتەوە و لە پاڵیدا دادەنیشێ.
لە نێوەڕاستی كۆڵانەكەدا كەوتووە و ناتوانێ هەستێتەوە. منداڵان هەر یەكەی بە لایەكدا هەڵدێن. كابرایەك خەتێكی بە دەوردا دەكێشێ و بە هەر دوو دەستی چاوی دەگرێ. دوای چەن چركەساتێك هەڵدەستێتەوە و خۆی دەكاتەوە بە ماڵێدا.
زەنگی قوتابخانە لێدرا.
ـ جوانە مەرگ بی، فریای جل شتنت ناكەوم. دیسان خۆت قوڕاوی كردووە.
قیژەی دایكی زرینگەی لە مێشكی هەستاند.
لە قوتابخانە هاتنە دەرێ، سەرنجی چاوی فرمێسكاوی و لاقە بێهێزەكانی بە سەر گڵ و بەردی كۆڵانەكەدا دەخوشێن. دەنگی تێكڕای منداڵەكان ناوی ئەمیان كردۆتە گۆرانی و كۆڵانەكەیان وەلەرزە خستووە.
ئەمین گەردیگلانی
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|