
07-03-2013
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
نارنجی فڕین
نارنجی فڕین ( 1 ) خاتوون لەبەر دەلاقە چكۆڵەكە ڕاوەستاوە و چاوی لە كێوی (دووبرا كوژراو) بڕیوە. دوای چەندچركە ڕوانین دەگەڕێتەوە بۆلای وەجاخەكە، هەڵیدەكات و قابلەمەكەی دەنێتە سەر.
«با جارێ ئەو دووچڵە پیوازە بجنم، هەرباشە بەوبۆنەیەوە تۆزێ دەگریم. ناچارم لەبەر دڵی ئەو دوو كچە هەر خۆم بخۆمەوە. مەگین كاتێك بە تەنیام تۆزێ بگریم و كوڵی دڵم دامركێنم. جا ئەوە ژیانە؟ وەرە نەوێری بە ئاشكراش بگریی. سەد جار مەرگ خۆشترە لەو ژیانە.
«ژیان! بڵێ گنخان و پڕووكان لە بن توێژێك پەڕوپاڵی ڕهشدا. خۆزگە ئەم پەڕۆیانە ئاوریان تێبەربێ و بەجێی ئەمگنخان و پڕووكان و پووكانەوە بەرەبەرە و پڕلەئازارە، ببنە باڵی سوور و نارنجی و هەڵمفڕێنن. ڕۆحە تەم لێنیشتووەكەم هەڵگرن و لەگەڵ دووكەڵێكی خەست و بۆكوڕووزێكی پشووبڕ بەرزی بكەنەوە و لەم خاكەی دووربخەنەوە. لەم ژیانەی داببڕن. لەم خاكە نەگبەتەی كە مرۆڤ ڕموودەی كردووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ جوانی و پاكییەكانی دەسڕێتەوە. خاك! خاكی چی؟! ئەم خەڵكە وەك قاڵۆنچەی گووخلێركە دەمیان لەو تۆپەڵە قوڕە ناوە و بەدەوریدا دەخولێنەوە و هەزارباری پێدەكەن بۆ ئەوەی لە نێوی بەرن. ئاخری لە نێوی دەبەن!»
بوغزێكی تاڵ گەرووی گرتووە. خەمێك دڵی ڕێكدەگوشێ، هەڵقرچانە لە ناخەوە.
«ئاخ زەوی، دەرد و ئازاری تۆش بەدەست ئەو خۆركە و مۆركانەوە هێندە زۆرە، خەریكم لە تاوی تۆ ئازارەكانی خۆمانم لە بیر دەچێتەوە.»
دیسان هاتووەتەوە بەردەلاقەكە. تەمێكی لێڵ بەری چاوی تەنیوە. دەورییە پیوازەكە دادەنێ و دەستێك بەشووشەكەدا دێنێ. كێردەكە بەدەستی چەپەوەیەتی، ئەویش دادەنێ. دەستێك بەچاوەتەڕەكەیدا دێنێ. تەمەكە دەڕەوێ بەڵام هەروا لێڵی دەبینێ. دەربیجەكە دەكاتەوە، دیسان چاو لە كێوی دووبراكوژراو دەبڕێ. جگە لەو كێوە هیچ جێگایەكیتر دیار نییە. كێوەكە هەڵدڕهەڵدڕ كراوە و تەپوتۆزی لێهەڵدەستێ. كەڵپەی شۆڤڵ و بۆڵدزێر دایدەپاچن. لە داوێنیشییەوە دووكەڵێك هەڵدەچێ و خەریكە لەگەڵ نەرمەبای دەمەو نیوەڕۆ دەچێ خۆ لە پەلك و گەڵای ئەو دارانەی بەرقەدی كێوەكە هاڵێنێ كە زۆربەیان گابەردی جاڵەبوو لەبەر دەمیاندا گیرساوەتەوە و لەوانەیە چۆكی زۆریشیانی شكاندبێ. هەناسەیەك هەڵدەكێشێ.
«دەی بۆ چۆكی من نەشكاوە؟ دووكەڵم بەسەردا نەكراوە؟ خەریكم خەم بۆ سروشت دەخۆم؟»
هەناسەی سوار بووە. گەرمایەكی تاقەتپڕووكێن خەریكە لە ناخەوە لەشی دەتوێنێتەوە. هەتا شانی سەری لە دەلاقەكە بردۆتە دەرێ. جگە لە كێوەبریندارەكە هیچكوێی دیكە نابینێ. قوونەبانی چەندسەربان دیارە، جاروبار چۆلەكە لەسەریان دەنیشنەوە و هەڵدەفڕنەوە. گوێسوانەی تەویلەیەك لەبەری لای ڕاستەوە دارەكانی وەك ددانی زەرد و شاشی پیاوێكی تووڕە و غەزریو ڕیچەی لێدەكا. جاروبار شمشێرباڵ بەپڕتاو دێن و خۆ بە كەلێنی ئەو ددانە ڕزیوانەدا دەكەن، بەپەلەش دێنەوە دەرێ و باڵدەگرن. ڕهنگە ئەمدیوارە خەمبارانەش تەنیا دڵخۆشیان ئەو زیندەوەرە وردیلانە بن.
«دەی ئەو پەلەوەرە وردانە بۆ دیوارەكانیش هۆی دڵخۆشی نەبن، لانیكەم بۆ ئێمە هەن. لەوان زیاتر چاومان بە هیچ كەس و هیچ شتێك ناكەوێ. هیچ كەس ناوێرێ بێتە ماڵمان. چەند ساڵە ئەو دیوی درگای حەوشەكەمان نەدیوە. ڕۆژی چەند چركە، كاتێك كە ڕمووزن دەڕواتە دەرێ، لەو دەلاقەیەوە چاو لە كێوی دووبراكووژراو دەكەین و هەڵدێینەوە سەر تەونەكە. ژووری تەونەكەش تاقە دەرووی ڕووناكییەكەی ئەو شووشەیەی سەر دەرگا یەكتاییە ژنگاوییەكەیە. كاتێك ڕمووزن لەماڵێ نییە گوڵۆپەكە هەڵدەكەین و دەتوانین جوانتر هیلمە و ڕهنگەكان لێكبكەینەوە. (خودا غەزەب لە پوورە ئایشێ گرێ دوو مانگ هات لێرە دایكوتا و ئەو تەونە نەگبەتییەی فێر كردین.) ڕۆژی چەند جار بە نۆرە دەچینە بەر پەنجێرەكە و چاو لە كێوەكە دەكەین. جاران ئەو كێوە جوان و سەوزەپۆشە ڕۆحی دەلاواندینەوە و دیمەنی بەژن و باڵا ڕازاوەكەی تەمی خەمەكانی تۆزێ دەڕەواندین. ئێستا ئەویش بەدەردی ئێمە چووە و جەستەی تواتوا بووە.»
سەری هەروا لەدەلاقەكە هێناوەتە دەرێ، سووچێكی درگای حەوشەكەی لێدیارە. دەروازەیەكی ئاسنی قورس، ژەنگی هەڵێناوە و قەت ڕهنگی بە خۆیەوە نەدیوە. پشیلە ڕهشی دەستەمۆی ڕمووزن لە سوچێكی دیوارەكە قنگەڵستی داوە و چاوی زیت و زەردی لە شوێنێكی نادیار بڕیوە. لەسەر پشیلەكەوە چاوی دەگوێزێتەوە سەر دەروازە ژەنگاوییەكە. ئەو دەروازەیەی ڕۆژی چەند جار دەكرێتەوە و ڕمووزن لێوەی دێتە ژوورێ، پێدەنێتە حەوشە و غەزریوانە جگەرەكەی بە لالێویەوە دەنێ و بەرەو ژوورە تەنگ و شێدارەكە سەر پێوەدەنێ و پشلیە ڕهشیش بە دوایدا دێتە ژوورێ.
سەری كێشاوەتە دەرێ و چاوە تەم لێنیشتووەكانی بەدار و دیوار و دیمەنی كێوە بریندارەكەی دوو برا كوژراودا دەگێڕێ. جلە ڕهشەكانی باوەشیان لە لەشی وەرهێناوە، گیانی گۆڕەوشار دەدەن و خوێن و تەڕاییی جەستەی دەچنن. وشكی دەكەن، لەپڕ درگای حەوشەكە تەقەی قوفڵەكەی دێت و بەپەلە سەری دەباتەوە ژوورێ. دەروازەكە لەسەر جیڕەیەكی وشك و مێشكتاسێن دەكرێتەوە. ڕمووزن بەباقەیەك دووكەڵەوە دێتە حەشە و شەققەی توندی درگاكە دەیانتاسێنێ. بەرلەوەی بەرەو ژوورێ ملپێوەنێ ئەو ژوورەی كە ناویان ناوە چێشتخانە و زیاتر لە تاریكخانە دەچێ؛ چونكە تەنیا شوێنێك كە ڕووناكاییی لێوە دەڕژایە ژوورێ ئەو دەلاقە چكۆلە بوو. ئەویش پەنجێرە نەبوو، بەرلەوەی ژووری پێش ئەو یانی ژووری تەونەكە دروست بكەن، تاقە بوو. تاقەیەكی چكۆڵە بوو لەچكە كۆنێكی پێدا بەردرابۆوە. بوخچەی جلەكانی دایكیانی لەسەر بوو. كاتێك ئەو ژوورەیان دروست كرد، ئەم چێشتخانەیە تاریك داگەڕا و لە هیچ كوێوە ڕووناكیی تێنەدەكەوت. ڕمووزن بوخچەی جلەكانی دایکیانی داگرت و تاقەكەی دیواودەر كرد، ئەو چوارچێوە دارینەی تێگرت و ناوی نا دەلاقە. ئیتر دوای ئەوە چاویان بەجلەكانی دایكیان نەكەوتەوە. نەیانزانی بردی بۆكوێ و چیی لێكردن.
«بریا لەڕووناكاییی ئەو دەلاقەیەش بێبەش بوایەین، بەڵام جلەكانی دایكم هەر بمایەن، بۆ ئەوەی ڕۆژی چەند جار بۆنیان پێوە بكەین و بەسەریدا بگریین و كوڵوكۆی دروونمان دامركێ.»
دریژه ی هه یه
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|