
07-03-2013
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
نارنجی فڕین ( 2 )
نارنجی فڕین ( 2 )
تەقەی درگاكە هات و خۆی كرد بە ژووری تەونەكەدا، تاپۆیەكی ڕهش بەباقەیەك دووكەڵ و بۆنی خڵتەوە بەری ئەو تۆزە ڕووناكییەشی گرت. بەسێ و ئینتیهای خوشكی لە سەر تەختەی فەڕشەكە هەستان و بەپێوە وشك بوون. سەریان بەردایەوە و ڕهنگی مردوویان لێنیشت. لە دوای مردنی دایكیان ئەم قانوونە ـ وردە وردە یان كتوپڕ لە بیریان نییە ـ جێكەوت و ئیتر ناتوانن بە موو لێی لادەن. هەتا دایكیشیان مابووئەم ڕمووزنە هەروا غەزەب بوو. ڕۆژ نەبوو بەهانەیەك نەبینێتەوە بۆ كێشە و هەرا و لێدانیان. كاتێك دەهاتەوە ماڵێ ئیتر قسە كردن قەدەغە بوو، هیچیان هەقیان نەبوو زمانیان بگەڕێ. كەپێی دەنایە ژوورێ، لەشیان دەبوو بە بەرد و زمانیان دەبوو بە لەتكە گڵمتكێكی وشك.
«حەتمەن ئێستا چاو لەفەڕشەكە دەكا. لەو خەتەی بەیانی لێیداوە.»
هەموو بەیانییەك كە دەچێتە دەرێ، هەرچوار قامكە خەریتەكەی لەسەر فرێتەكە دادەنێ و بەقەڵەمێكی ڕهش دیاریی دەكا.
ـ هەتا نیوەڕۆ ئەوەندە.
ئەوانیش سەریان بەردەدایەوە و ژانێك، تەزوویەك یان ترسێك بەسەرتاپای لەشیاندا مێروولەی دەكرد. تەنانەت نەیاندەوێرا چاو لە چاویشی بكەن. چەندساڵە چاویان بەڕوخساری نەكەوتووە.
«بەشبەحاڵی خۆم تەنانەت شێوەیم وەبیر نایەتەوە. نازانم لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا ڕهنگی گۆڕاوە، ڕیشی سپی بووە، ددانی كەوتووە؟ نازانم شێوەی ئەدگاریم لە بیر نەماوە. تەنیا كاتێك دەتوانین چاوی لێبكەین كە پشت هەڵدەكا و دەڕوا بۆ ژوورەكەی خۆی، یان دەڕواتە دەرێ.»
خاتوون چەند خولەكێك لەمەوبەر هات بەلای چێشت لێنانەوە، قامكێكیان مابوو بگەنە دیارییەكە. گوتی: «خوشكێ گیان دەستی لێهەڵێنن، من دەبێ بڕۆم بەلای چێشتەكەوە، ئێستا دێتەوە نان و چێشت سازنەبێ ...»
زرمەی لاقی هات و دەنگی هەڵبڕی:
ـ داوەشێن، داڕزێن، تەواوتان نەكردووە؟ ئەی لەبەیانییەوە چیتان كردووە، بە سێكەس ... مردبوون؟!
تەپەیەك و تەقەی بەربوونەوەی قولاپ و كەركیت. لەدواوە لەچكە و قژی بەسێ و ئینتیهای گرت و بەریدانەوە خوارێ. وەك هەمیشە. هەموو ڕۆژێك ئەوە پیشەیەتی. ڕۆژێك لێیان نەدا نابێ، كاتێك لەسەر تەونەكەن و سەریان داخستووە، درگاكە دەكاتەوە و دێتە ژوورێ، لەبەر درگاكەدا ڕادەوەستێ هەتا جگەرەكەی تەواو دەبێ، قوونچكەكەی لەبن پێیدا دەكوژێنێتەوە و كەلاقی لەعەرزەكە دەخشكێنێ دەزانن جگەرەكەی تەواو بووە. چاوی لەپشتەسەریان دەبڕێ. سێبەرەكەی ژوورەكە تاریك دادەگێڕێ بەری ڕۆشناییەكە دەگرێ. پشیلەكە خۆی لە دەلینگی پانتۆڵەكەی هەڵدەساوێ. هەڵدێتە ژێرتەختەكە و دێتەوە لای لاقی. ڕمووزن دوای ئەوەی بەر چاوی ڕوون بۆوە و چاوی بە تاریكایی ژوورەكە ڕاهات، دەچێتە پێشێ. كچەكان هەستیان بۆتە چركەژمێر، دەزانن چەندە لەپشت سەریان ڕادەوەستێ، ئەوەندەی كێشانی جگەرەكەی. بەپێوە سەریان دادەخەن و چاوەڕوانن قژیان بگرێ و لەسەر تەختەكە بەریانداتەوە. لەپڕ باشووی چنگی لەڕێشۆڵەی پرچیان ڕۆدێ و بەسەرەوە بەریان دەداتەوە. پێلاقە و مست و چەپۆك دەخاتە كار. پشیلەكە هەڵدێتە سووچێك و قنگەڵتس دەدا و چاوی زیت دەكاتەوە. تەنیا دەتوانن دەست بەسەریانەوە بگرن و ددان بەجەرگی خویاندا بنێن. هەقی گریان و هاواریان نییە. خۆی دەڵێ: «پرووكەتان لەدەم بێتەدەرێ، سەرەوبن هەڵتاندەواسم بەو دەستەكی بنمیچەدا و شووڵكەتەڕ دێنم.» زرمەی مست و پێلاقە خاتوون دەتاسێنی.
«ئەو دوو خوشكە چارەڕەشەم ئێستا لە ژێر ئەو زەبرە دڕندانەیەدا دانیان بە خۆیاندا گرتووە و لە ژێر مست و پێلاقەكانیدا جینگڵ دەدەن.»
حەوتووی پێشوو ئێوارەیەك هاتەوە و دەستی كرد بە لێدانیان، بە پێلاقە دای بە پشتی ئینتیهادا و نركەی لێهەستاند. خاتوون بەسەر ژان و ئازاری خۆیدا خەمی ئەوی بوو. ئەو و بەسێ لە ژێر گۆپاڵەبارانی مست و پێلاقەدا بوون. چاوەڕێ بوون زەبرێكی ئاواش وە ئەوان بكەوێ. لە بنەوە چاوی لە لاقی ڕمووزن و جەستەی تخێڵ بووی ئینتیها بوو. زیتەی زەردی چاوی پشیلەكەش، دەتگوت پێدەكەنێ. لە تاوی خوشكی زەندەقی چوو. هەر ئەوەندە بوو گیانی دەرنەچوو.
«كوشتی، حەیاتی لێبڕی، چاكتر، نەجاتی بوو. هەزار جار مەرگ باشترە لەو ژیانە. بەختی خۆی نەجاتی بوو.»
پشتی كردۆتە دەلاقەكە و چاوی لەگڕی وەجاخەكەیە. گوێشی لە زرموكوتی مست و پێلاقەیە. دەڵێی پێلاقە بەسەردڵیدا دەدا.
«هەرئێستا دێ بۆجەستەی منیش.»
چاوێك لە كراسە ڕهشەكەی دەكا و چاوێكیش لەگڕی وەجاخەكە: «ئەم جلەڕەشانە چەنخۆشە ببنە سوور و نارنجی، چەندخۆشە ببنە سوور و نارنجی، ببنە باڵ، خۆم و ژوورەكەش پێكەوە باڵ بگرین. ببینە دووكەڵ و بڵێسە و باڵ بگرین. بەڵام دڵم نایە، یان ناوێرم، نازانم، لە ئاورەكە دەترسم یان لە مردن؟ نا، لە هیچیان ناترسم، لەوە دەترسم ئەو دوو خوشكە بەستەزمانەم لە بەردەستی ئەو ڕمووزنەدا بەجێ بێڵم.»
«دەی چیت پێدەكرێ؟ خۆ بوون و نەبوونت بۆ ئەوان هەروەكوو یەك وایە. بۆ دەتوانی دەستی بگری؟»
«نا، لانیكەم كارەكەیان لەگەڵ دەكەم، كارێك دەكەم بەهانەی نەكەوێتە دەست. نا، نابێ بیر لەشتیوا بكەمەوە.»
پێرێ بەسێ لەسەر تەونەكە بەچاوی فرمێسكاوی و بەدەم هەنیسكەوە گوتی: «خوشكێ وەرن با خۆمان و ئەم فەڕشە گڵاوە و ماڵەكە ئاور تێبەردەین و نەجاتمان بێ.» سەری بەسێی بەسینگییەوە نا و ڕوومەتە تەڕەكەی ماچ كرد. سوێراییی فرمێسكەكەی لێوی كزاندەوە. گوتی: «نا، بیر لە شتی وا مەكەنەوە خوشكێ، خودا گەورەیە، بڵێی دەردێكی بۆ نازڵ نەبێ؟» ئینتیها گوتی: «ئێوەش ئەو كارە نەكەن، من ناچارم. من حەتمەن دەبێ خۆم ڕزگار بكەم. من ئیتر زۆر لەئێوە ... چارەڕەشترم ...» بەدەم قوڵپی گریانەوە دوایین وشەی دەربڕی. دوای پێلاقەكەی ئەو ڕۆژە ئینتیها ماوەیەك بێ هۆش بوو. ڕمووزن دەستی لە لێدانیان هەڵگرت و ڕۆیشتە دەرێ. بە پلیكانەكاندا وەسەر كەوت و چووە ژوورەكەی خۆی. ئەو ژوورەی دیوار بە دیواری ژووری تەونەەكەیە و كورسەكەی بەرزە. چوار پلیكان لە دوو ژوورەكەی دیكە بەرزترە. هەمیشە قوفڵێكی گەورەی پێوەیە و داخراوە. هێشتا هیچكامیان نێو ژوورەكەیان نەدیوە. كاتێك نان و چێشتیشی بۆ دەبەن دەبێ هێواش لە درگاكە بدەن و سەر داخەن. بیدەنە دەستی و بە هەڵاتن بچنەوە خوارێ. ڕمووزن و پشیلەكەی لەو ژوورەدا دەژین. هەمیشەش یەكەم پارووی نان و چێشتەكە دەدا بە پشیلەكەی و دوای چەن ساتێك خۆی دەست دەكا بە خواردن. خاتوون و بەسێ هەستان و چوونە ژوورسەری ئینتیها. گریان. گریانێكی بێدەنگ. گریانێكی خنكێندراو. گریانێكی مردوو. خاتوون دەستی نایە سەر دڵی، سەری نا بە سینگییەوە، وەك تەپڵ دەنگی دەهات. هەڵات بۆ چێشتخانەكە و پەرداخێكی ئاوی سارد هێنا. لەسەروچاوی پڕژاند، بە ئارامی چاوی هەڵێنا. قومێك ئاوی كرد بە دەمییەوە. باوەشیان پێداكرد و خەریك بوو قوڵپی گریانەكەیان بتەقێتەوە، گریانێكی ئاوێتەی شادی لە ژوورەكەدا دەنگ بداتەوە. هەڵیانساندەوە. پشتیان نا بە دیوارەكەوە و دایان نیشاند. خاتوون قومێكیتری ئاو بە دەمییەوە كرد. ڕهنگی بووبووە چۆڕی شیر. سپی سپی هەڵگەڕابوو. نا زەرد هەڵگەڕابوو. پێلووی چاوی دادەكەوت و بێئیختیار هەڵیدێنایەوە. لەپەستا ئارەقەی دەردەدا. بەسێ بە لۆی لەچكەكەی نێوچاوانی بۆ سڕی. ئینتیها بەجارێ ڕهنگی هەڵبزركابوو. لەپڕ ڕهنگێكی هێناوبرد. چاوێكی لەخاتوون و پاشان لەبەسێ و داوێنی خۆی كرد. سەری هەڵێنا و چاوی لە چاوی خاتوون بڕی. گلێنەی چاوی دەتگوت هەڵدەخولێن. جۆرێك ترس و سەرسووڕمان و تاسان بەڕوخسارییەوە دیاربوو. بەپڕتاو داوێنی كراسەكەی خۆی هەڵدایەوە و دەستی برد بۆ بەینی ڕانی، شەرمێك لە چاوییەوە داڕژا و لەگەڵ فرمێسك و ئارەقە تێكەڵ بوو. دەتگوت دەستی وشك بووە، لە بەینی ڕانیدا بۆتە بەرد و ئیتر ناتوانێ بیبزێوێ. لەپڕ دەستی دەرهێنا و چاوی لێكرد. چاوی خاتوون و بەسێش لەسەر دەستی گیرسایەوە، هەرپێنج قامكی خوێناوی بوون. ئیتر ئەو شەوە هەتا بەیانی گریان و هەڵچۆقان و نەیانزانی چۆن ڕۆژیان كردەوە. دوای ئەو شەوە ئینتیها ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ كزتر دەبوو و ڕهنگی زەرد هەڵدەگەڕا. هێزی لێبڕابوو. تەنانەت قسەشی بەجوانی بۆ نەدەهات.
خاتوون هەروا پشتی لە دەلاقەكە كردووە و بەچاوی ئاوری وەجاخەكە دەخوا. دەنگی زرموكوتی مشت و پێلاقە تەواو بوو. چاوی لەسەر گڕەكەوە گوێستەوە بۆسەر درگاكە: «هەرئێستا دەكرێتەوە و دێتە ژوورێ. نۆرەی منە.» وەردەسووڕێت و چاو لە كێردەكە دەكا، لەسەر دەورییە پیوازەجندراوەكەیە و لەبەر دەلاقەكە داندراوە. قابلەمە ئاوەكە قوڵتەی دێ و هەڵمی لێهەڵدەستی. دەستگرەكە بەبزمارێكدا هەڵواسراوە، بەپڕتاو چاوی لەسەر كێردەكە و قابلەمەكە و دەستگرەكە دێت و دەچێ. دەست دەداتە كێردەكە، چاوێك لە نووكە تیژەكەی دەكات و دایدەنێتەوە. دەچێ بۆلای دەستگرەكە و لە بزمارەكەی دەكاتەوە. بە هەردوو دەست قابلەمە ئاوەكە دەگرێ و چاوی لە درگاكە دەبڕێ. چاوی لە ڕهشەوە دێ. دڵی تێكەڵ دێ و خەریكە بەلادا دێ. خۆشی نازانێ بۆئاوا تووشی سەرەگێژە بووە. هەردوو دەستی بە دەستگرە و قابلەمەكەوەیە، لەپڕ درگاكە دەكرێتەوە و ڕمووزن چاوە سوورەكەی تێدەبڕێ. لەمێژە ڕهنگی چاوی نەدیوە، ڕوخساری نەدیوە. قەت نەیانوێراوە سەرهەڵێنن و چاو لە چاوی بكەن. ڕمووزن چاوی لە چاوی خاتوون بڕی. هاتە پێشێ. خاتوون بەدەستێك سەری قابلەمەكەی لابرد و لەو لاوە داینا. ئاوەكە قوڵتەی دەهات و جارجار بە لێواری قابلەمەكەدا دەهاتە خوارێ و چزەی لە ئاورەكە هەڵدەستاند. سێهەنگاوی ماوە بێگاتێ. بەڵام هێندە دوورە لە بەرچاوی، تەنیا تارمایییەك دەبینێ. ژوورەكە هۆگانێك گەورە بۆتەوە. دەرك و دیوار دیارنین، دەشتێكی كاكی بەكاكی. تارمییەكە دێتە پێشێ. خاتوون هەروا دەستی بەدەستگرە و قابلەمەكەوە دەلەرزێ. چۆكی خەریكە دەنووشتێتەوە. هێزی لێبڕاوە. هەنگاوێكیتر هەڵدێنێتەوە و دەستی دەكێشێ بۆسەر و قژی. كچە هەموو هێزی خۆی لە دەستیدا كۆدەكاتەوە و دەیهەوێ قابلەمە ئاوەكە بەرز بكاتەوە بەڵام ناتوانێ، بەقەد گابەردێك قورسە. دێتە پێشێ و بەدەستێكی قوڕگی دەگرێ و بەدەستەكەی دیكەی قژی. ڕمووزن پڕ بە ژوورەكە دەنەڕێنێ و خاتوون بە نەڕەكەی دادەچڵەكێ. لەو دیوەوە دەنگی هەڵێنا:
ـ كوانێ ئەو قەحبەیەی دیكە؟
كچە چاوێكی لە كێردەكە كرد و بە نیگای ساردی دەم و نووكە تیژەكەی سڕی. دەستی بە دەستگرە و قابلەمە ئاوەكەوەیە، هاڵاوی قابلەمەكە شاڵاو دێنێ بۆ سەروچاوی. سەرەكەی لابردووە. ڕمووزن خۆی بە درگاكەدا دا و كردییەوە. لاقێكی لەم دیوی درگاكە و لاقێكی لەو دیو، خاتوون قابلەمەئاوەكەی پێدادا. ڕاست دایبەسینگ و سەروچاویدا. هێشتا دەستی نەگەیشتبووە دەموچاوی، دەمەوڕوو كەوت. كچە وەرسووڕا و دەستی داكێردەكە. هەلینگی دایە و سێجار لە سەریەك ئەوەندەی هێزی تێدابوو كێردەكەی بەمۆغەرەی پشت و كورتەكەلەكەیدا كرد. ڕمووزن تلێكی دا و كەوتە سەرپشت، ویستی هەستێتەوە، واینەڕاند لەوانە بوو جەرگ و دڵی كچەكان داكەوێ. خاتوون چوارەم زەبری ڕاست لە سەردڵی دا و نووكی كێردەكە هەتا بندەسكەكەی چووەخوارێ. چاوی لە سەروچاوی كرد بووبووە یەكپارچە بلۆق و سوور هەڵگەڕابوو. چاوی لە بەینی دوو بلۆقدا بە مۆلەق وێستا. لەپڕ كچە هاوارێك لە گەروویدا تەقییەوە و هەڵات بۆ لای بەسێ و ئینتیها و باوەشیان بەیەكتردا كرد. دوای ساڵانێكی زۆر توانییان بە دڵ بگرین و بە دەنگی بەرز كوڵوكۆی دڵیان هەڵڕێژن. دوای ئەوەی كوڵی دڵیان دامركا، چوونە حەوشە و دەبەیەك نەوتیان هێنا. هەنگاویان بەسەر تەرمی ڕمووزندا هەڵێنایەوە و چوونە چێشتخانەكە. لە دەلاقەكەوە چاویان لە كێوی دووبرا كوژراو بڕی. هەمووی هەڵدڕ هەڵداڕ كراوە و تەپوتۆزی لێهەڵدەستێ. بەردەلاقەكەیان چۆڵ كرد و چوون بۆلای دەبە نەوتەكە. ئینتیها سەرەكەی لابرد و لە تەرمەكەی باوكیان و دار و دیوارەكە و هەردوو خوشكەكەی پڕژاند. دەبە نەوتەكەی دایە دەست خاتوون. ئەویش ئینتیهای خووساند و بڕێكی دیكەشی لە وڵات پڕژاند. وەجاخەكە هەروا دەگڕێ. دەبەكە بڕێكی نەوت تێدا ماوە، خاتوون بردی لە سەر وەجاخەكەی دانا. دەستیان كردە ملی یەكتر و چوونە بەر دەلاقەكە. نیگای چاویان بەرەو كێوەبریندارەكەی دووبراكوژراو هەڵفڕاند. سێ چۆلەكە لە سەر گوێسوانەی دەستەڕاستی دەلاقەكە نیشتبوونەوە. سووك و قوشقی ملیان دەسووڕاند. دەتگوت باشوویان دیوە. لەپڕ هەڵفڕین و ڕوویان كردە كێوە بریندارەكە و بە ئاسمانەوە بوونە سێ خاڵی ڕهش و بزر بوون.
دووكەڵێك خەریكە لەگەڵ نەرمەبای دەمەونێوەڕۆ خۆ لە ماڵەكانی ئاوایی هەڵدەساوێ. بۆكوڕووزێك ئاسمانی گوندەكەی داگرتووە و هەواكەی قورس كردووە. دوای چەند خولەك خەڵك بەرەو بۆنی كەباب خێزەرەیان بەست.
ته واو
ئەمین گەردیگلانی
بەهاری 1386
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|