
07-03-2013
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
چەتە
چەتە
بە هەناسەبڕكێ لە پلیكانەكان وەسەر كەوت. كە گەیشتە نێو هۆڵی چاوەڕوانی، چەن ژن و پیاو و منداڵ لەسەر سەندەڵییە یەكڕەنگەكان بە ڕیز دانیشتبوون. هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا و پشتە كۆمەكەی ڕاست كردەوە. لەگەڵ سڵاوی كرد، هەموو چاویان لەسەر ڕیشە سپییەكەی و قەڵافەتە تێكشكاوەكەی گیرسایەوە و چەند كەس لەبەری هەستان و چاكوخۆشییان لەگەڵ كرد. بە لەقەلەق چووە بەر مێزی كابرای بلیتفرۆش و ڕاوەستا. هێشتا هەناسەی نەهاتبۆوە بەر خۆی، كابرای بلیتفرۆش بە پۆزێكەوە سەری هەڵێنا و چاوی لە چاوە كزەكانی بڕی كە لە ژێر هەوری برۆ خۆڵەمێشینەكەیدا تەمێكی لێڵیان وەسەر كشابوو.
ـ مامە گیان، دوكتۆر نەهاتووە، خێرت بداتێ. بڕۆ سەعاتێكی دیكە وەرەوە.
مامە پیرە ڕهنگی سپی هەڵگەڕا و لە ناكاو سەری بەرز كردەوە، دانیشتوانی نێو هۆڵەكە هەستیان كرد پشتە كۆمەكەی لەگەڵیدا ڕاست بۆوە. چاوی لە ڕوومەتە سووتاوەكەی كابرای بلیتفرۆش كرد كە جێ جێ چرچ هەڵگەڕابوو و مووی قرژ و تیژ وەك دڕوو سەریان دەرهێنابوو.
ـ باوكەكەم من سواڵكەر نیم، ئەم ئەكسەم هێناوە نیشان ئاغای دوكتۆری بدەم.
دوگمەی كەواكەی كردەوە و دەستی كرد بە باخەڵیا. پاكەتێكی پان و گەورەی لە باخەڵی دەرهێنا و لەسەر مێزەكە داینا. كابرای بلیتفرۆش بە ناقایلی ئەكسەکەی لە پاكەتەكە دەرهێنا و دایە بەر ڕووناكایی گڵۆپەكە و چاوی لێكرد. یەسقانی ڕهقوتەقی لاشانی مامە پیرە لە ئەكسەكەدا دیار بوو. خستییە نێو پاكەتەكەوە و دایەوە دەستی.
ـ مامە دەبێ بلیت بگری و دانیشی هەتا دوكتۆر دێ، بە نۆرەی خۆت دەتنێرمە ژوورێ.
ـ جا باوكەكەم هەر تەماشایەكی ئەو ئەكسەم بۆ بكا بزانێ یەسقانەكەی گرتوویەتەوە و تەواو، خۆ نامەوێ معاینەم بكا و دەوا و دەرمانم بۆ بنووسێ. ئەوە بلیتی بۆ چییە؟ ئەو دوكتۆرەی بۆی هەڵبەستوومەوە لە سنەیە، گوتم بۆ ئەو ڕێگا دوورە بكوتم، هەر لێرە نیشان ئاغای دوكتۆری دەدەم، ئەگەر پێویست بوو یان دەمنێرێتەوە بۆ لای دوكتۆرەكەی سنە، یان خۆی ماریجەم دەكا.
ـ خاڵە گیان، بلیتی دەوێ. دەنا سەرچاوم. فەرموو مەحتەلمان مەكە.
مامە پیرە دەستی كرد بە گیرفانی بەر پشتێنەیدا و بەستەیەك پارەی دەرهێنا كە دوو قەد نووشتابۆوە و بە جیرێك بەستبووی. جیرەكەی داماڵی و گوتی:
ـ چەندەیە باوكەكەم؟
ـ شەش هەزار تمەن.
مامە پیرە دوازدە پێنجسەد تمەنیی جیا كردەوە و لە بەردەمی بلیتفرۆشی دانا. چاوێكی لە پاشماوەی پارەكەی كرد و ئەمبارەوباری كرد: دوو پێنجسەد تمەنی و دووسەد تمەنییەك و چوار پەنجا تمەنیی پێمابوو. نایەوە گیرفانی و چوو لەسەر كورسییەك دانیشت. پاڵی داوە و سەری نا بە دیوارەكەوە.
ـ خاڵە گیان خەڵكی كوێی؟
یەكێك لە نەخۆشەكان لێی پرسی كە لە پەنایدا دانیشتبوو.
ـ باوكەكەم خەڵكی ئەم ساڵحاوایەی سەقزم.
ـ ئەی ئەوە كەست نەبوو لەگەڵت بێ؟ كوڕێك، ژنێك، خزمێك؟
ـ كوڕ؟
تەزوویەك بە لەشیدا هات و ئۆناقێكی تاڵ گەرووی گرت و خەمێكی ئاشنا چنگی لە دڵی گیر كرد و هەڵیگڵۆفی. هەناسەیەكی هەڵكێشا و بە دڵێكی كەیلەوە گوتی:
ـ نا.
خەریكی بیر هەڵقەندنی ماڵی حاجی سەلیمی جیرانیانە. حەوت میتر بیری لێداوە خەریكە دەگاتە ئاو، ئارەقەی دەرداوە و عەرزە تەڕەكەش هەموو داودەلینگ و پاتۆڵەكەی خووساندووە و لە قوڕ و لیتەی هەڵكێشاوە. زوو زوو پەت و دەولكی بۆ شۆڕ دەكەنەوە پڕی دەكا لە قوڕ و بەرد و هەڵیدەكێشن. لەگەڵ چوونە سەری سەتڵەكە، سەری هەڵێنا و چاوی بە دوادا بەڕێ كرد. هەتاوی نیوەڕۆی مانگی جۆزەردان دەڕژێتە نێو بیرەكەوە. زۆر چاوەڕوان ما پەت و دەولك نەهاتەوە خوارێ، هەرا دەكا. لەوە دەچێ هاوكارەكەی لەوێ نەمابێ. گوێ هەڵدەخا، دەنگی گریان و ژاوەژاوی ژنان و پیاوان دێتە گوێ. بە پەلە لە بیرەكە دێتە دەرێ. حەوشەی ماڵی حاجی سەلیم چۆڵ و هۆڵە، دەڵێی زیندەوەری تێدا نەماوە. بە هەڵەداوان و گیانی قوڕاوییەوە پێ دەنێتە كۆڵان. بەر درگاكەی ماڵی خۆیان عالەمێكی لێ كۆبۆتەوە. بە هەناسەبڕكێ خۆی دەگەیێنێتە بەردەرگا، هەموو ڕێی بۆ چۆڵ دەكەن و دەچێتە حەوشە. تابووتێك لە حەوشە لە ژێر دار تووەكە داندراوە و تارایەكی سووری بە سەردا كێشراوە. دوو كەس لە هاوڕێیانی كوڕەكەی بە چەك و فیشەكلغەوە باوەشی پێدا دەكەن و لەگەڵ گریانی بە كوڵی خۆیان گریانی وە بیر دێننەوە. چونكە وا تاسابوو نەیدەزانی چ بكا.
دوای جوانەمەرگ بوونی كوڕە تاقانە سوور خەڵاتەكەی، تووشی نەخۆشی بوو. نەخۆشییەكەی وا نەبوو لە پێی بخا. بەڵام تووشی فەرامۆشی بووبوو، جاری وا بوو نزیكترین خزمەكانی خۆی نەدەناسییەوە. دوای چەند ساڵ ژنەكەشی بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە كۆچی دوایی كرد و تەنیا و بێكەس مایەوە. بەڵام كاری بیر هەڵكەندنی هەر درێژە پێدا و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیا.
شەقوكوتی كورسی و هەستانی خەڵكەكە هەودای خەیاڵی پساند. دوكتۆر پێی نایە هۆڵی چاوەڕوانییەوە و بە پۆز و هەوایەكەوە ڕۆیی بۆ ژووری معاینە. دوای ماوەیەك زیڕەی زەنگێك هات و نەخۆش و شەل و دەستشكاو بە نۆرە چوونە ژوورێ و هاتنەوە دەرێ.
ـ خاڵە گیان خۆ لەوە ناچێ هیچ كوێت شكابێ، ئەم دوكتۆرەش جەڕڕاحی یەسقانە، بۆ هاتووی بۆ ئێرە؟
دیسان نەخۆشەكەی پەنای لێی پرسی. ئەمجارەیان مامە پیرە سەری هەڵێنا و چاوی لە كوڕە كرد كە بە پەڕۆیەكی سپی دەستیان بۆ لە ملی كردبوو.
ـ باوكەكەم مانگێك لەمەوبەر خەریكی بیر هەڵقەندن بووم، كەوتمە نێو بیرەكەوە و شانم شكا.
ـ جا تۆ كوا دەتوانی بیر هەڵكەنی مامە گیان؟
ـ ڕۆڵە گیان چۆن ناتوانم؟ خۆ غارغارێن ناكەم. دادەنیشم و لە بنەوپاڵەوە دەست دەكەم بە هەڵكەندن و گڵ و قوڕەكەم بۆ هەڵدەكێشن. بەڵام داخەكەم ناتوانم خۆم بچمە خوارێ و بێمەوە سەرێ. دەبێ پەتێك لە نێوقەدم خەم دامهێڵنە خوارێ و پاشان هەڵمكێشنەوە. هەروەك عەرزم كردی مانگێك لەمەوبەر كاتێك ویستیان دامهێڵنە خوارێ، میترێك نیو میترم مابوو بگەمە تەركی بیرەكە، كەندرەكە لە دەستی ئەو كوڕە بەستەزمانە بەر بوو و لاشانم درا بە دیواری بیرەكەدا و بەرچاوم تاریك بوو. ئیتر نازانم چۆنیان دەرهێنامەوە، كاتێك وەهۆش هاتمەوە لە نەخۆشخانەی سەقز بووم و خەریك بوون بەڕێیان دەكردم بۆ نەخۆشخانەی سنە.
ـ ئەی خاڵە گیان هەر ئەو كاتە بۆ نەیانهێنای بۆ لای ئەم دوكتۆرە و بردیانی بۆ سنە؟
ـ ڕۆڵە گیان ئەم دوكتۆرە بیست ڕۆژە هاتووە. ئێرە دوكتۆری جەڕاحی لێنەبوو. ئەوە لەوێ بۆیان هەڵبەستوومەوە و شوكور ژانی نەماوە. ئەمڕۆ چووم لە نەخۆشخانە ئەم ئەكسەیان بۆ هەڵگرتوومەوە و هێناومە بۆ لای ئەم ئاغای دوكتۆرە بزانێ گرتوویەتەوە، گوتم بۆ ئەو ڕێگا دوورەی سنە ببڕم.
پیاوێك بە شەلەشەل لە ژووری معاینە هاتە دەرێ. كابرای بلیتفرۆش هەروا كە ملی بە سەر دەفتەرەكەدا شۆڕ كردبۆوە، دەنگی هەڵێنا.
ـ مەحموودی مقەننی.
مامە پیرە بە لەقە لەق هەستا پێ و ڕۆیی بۆ ژووری دوكتۆر، سڵاوی كرد و بە دەستێكی بلیتەكەی دایە دەست دوكتۆر و بە دەستەكەی دیكەی ئەكسەكەی لە بەردەمی دانا. دوكتۆر بلیتەكەی خستە نێو چەكمەجەی مێزەكەیەوە و دەستی دا ئەكسەكە و تەماشایەكی پاكەتەكەی كرد:
- ئەمە بۆ لای من نەنووسراوە. بیبە بۆ سنە.
ئەكسەكەی دایەوە دەست كابرا پیرە و قامكی بە زەنگەكەدا نا، نەخۆشێكی دیكە بچێتە ژوورێ.
ئەمین گەردیگلانی
بۆكان ـ هاوینی 1386
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|