پێنج خشتەکی "ئەحمەد هەردی" لە سەر
غەزەلێکی "شێخ نوری شێخ ساڵح"
قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو
خۆت نەخەیتە بەر شەپۆڵی ئەشکی بێ پایانی شەو
ئەی کچی خواوەندی جوانی و ئەی چرای دیوانی شەو
خۆت بپارێزە لە ئاهی دڵبریندارانی شەو
نەک خوا ناکەردە گیرا بێ دووعای ناڵانی شەو
وێڵم و تاریکە دەورم، فەرشی رێگەم مەینەتە
بێ کەسم، تەنیا ئەناڵم، مەرگی خۆمم عەزرەتە
سازی ئاهەنگی شەوانم، سۆزی جەرگی لەت لەتە
یاوەر و یاری ئەنیسم ئاهو ئەشکی حەسرەتە
ئافەرین ئەی بارەکەڵڵا، دیدەیی گریانی شەو
وا نەزانی دەستی خەم یادت لە دڵدا دەرئەکا
ئەشکی خوێنینم دەلیلە بۆ کەسێ باوەر نەکا
گیانەکەم بەو تیشکی چاوەی شەر لەگەڵ ئەختەر ئەکا
دڵ ئەبێتە قەترەیێ خوێن و لە دیدەم سەر ئەکا
هەر کە ڕابوورێ بە دڵما سوحبەتی جارانی شەو
هاودەمێ فەرمووی: لەبەرچی کردەوەت گریانە هەر؟
تافی لاوێتیتە، لاویی، قەڵبەزەی سەیرانە هەر
من وتم سەیران و خۆشی پێشکەشی شادانە هەر
ئەشکی حەسرەت لازمی جەمعی سیابەختانە هەر
شەونمی سوبحە دەلیلی قەترەیەک گریانی شەو
هەوڵی زۆرم دا، لە داوی زوڵفی ئەو بێ مروەتە
دەرچم و دوایی بیهێنم بەم عەزاب و مەینەتە
پێی وتم بێ سوودە هەوڵت، تاکو ماوی جێگەتە
نووری لەم پێچ و خەمی زوڵفە نەجاتت زەحمەتە
لای سەخی تەبعان مەحاڵە روخسەتی میوانی شەو
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )