گوڵم ئەی شاهی نەو نەمام، شۆخ و شەنگ زامداری تۆم
ئەی طەبیبی دەرد و زەخمان، چاوەڕێی تیماری تۆم
گوڵئەندام، شاهی جوانان، ئەی ئەستێرەی گەشی ئاسمان
بۆ دەم کوژی تۆ بە چاوان، نازانی کە دڵداری تۆم؟!
تۆ کە زوڵفت وا لە ملما، بۆ خنکاندن خۆی پێچ دەکا
تیری چاوان پێویست ناکا، ئازاردراوی دەستی تۆم
نەم دیوە گوڵ دڕک و خاربێ، مانگی تابان هەوری تار بێ
شۆخ و شەنگ وەک تۆ زۆردار بێ، من خەفەتباری کاری تۆم
وامزانی میهرەبانی زۆر، لەگەڵ ئەسیرت چاکی زۆر
نەمزانی ستەمکاری زۆر، ڕەحمێ، خۆ لەبەر دەستی تۆم
ئەو چاوانەت کەوا گەشە، زاڵمێکی چەند بە غەشە!
سەرکردەی سوپای حەبەشە، حەیرانی چاوەکانی تۆم
زوڵفت کە چین و پەخشانە، تێک ئاڵاوە، لەسەر شانە
بۆ کوشتنم پەرێشانە، گرفتاری ڕووخساری تۆم
بزەی لێوت لەگەڵ گوفتار، هەم خۆ بادان و لەنجە و لار
پێم دەچێژن ئێش و ئازار، من دیلی دەنگ و سەدای تۆم
بمکوژی وا بە بێ دینی، ستەمکارانە دەنوێنی
ناوی پاکت دەشێوێنی، زۆر لە خەمی ناوبانگی تۆم
چاوەڕێی چاکەتە (جوتیار)، هێندە مەیدە ئێش و ئازار
بەیەکجاری بیکە ڕزگار، سوپاس گوزاری چاکەی تۆم
(جوتیار)
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )