پەنجا کۆپلە شێعر لە پەشێو ( 1 )
پۆسته
شیعر بۆ من
عه‌شق و چاره‌نووسه ، نه‌ک پیشه .
میحرابه ، نه‌ک بازار .
نانبڕه ، نه‌ک نانده‌ر .
شیعر خاچێکی قورس بوو چاره‌نووس دای به
کۆڵی خۆم و ئه‌و که‌سانه‌شدا که لێمه‌وه نێزیکن .
تاکه خه‌ڵاتێک که له ئه‌نجامی نووسیندا ده‌ستم
که‌وتووه ، خۆشه‌ویستییه. تاکه ترسی عومریشم ، که
چرکه به چرکه‌و هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌گه‌ڵمدایه ، له ده‌ستانی ئه‌و خه‌ڵاته‌یه.
زۆر جار که نامه‌ی ئازیزان ده‌خوێنمه‌وه ، یا کاتێ ،
له کۆڕێکی شیعر خوێندنه‌وه‌دا ، به زمانی ئاگرو گوڵ
له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ده‌دوێین ، شه‌رم دامده‌گرێ و
ده‌شڵه‌ژێم . وا ده‌زانم ئه‌وه‌ی له‌وانی وه‌رده‌گرم زۆر
زێتره له‌وه‌ی پێیانی ده‌به‌خشم ، هه‌ر واشه !
بۆیێ له‌گه‌ڵ هه‌موو کوێره‌وه‌ری و
نه‌هامه‌تیه‌کانیشدا ، من به‌خته‌وه‌رم .
…………………………
عه‌بدوڵڵا په‌شێو
هێلسنکی – 21/10/2005
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
1. دێوه‌ره و كه‌ر
دێوه‌ره‌یه‌ك به سواری كه‌ر،
ڕێیه‌كی دووری گرته به‌ر .
نه‌یهێڵا كه‌ر بدا بێنێ،
تا ڕێیان كه‌وته بژوێنێ.
كه‌ر كه بینیی وا له‌و ناوه
گیاوگۆڵ سه‌ری پێوه‌ناوه،
مێوانی گه‌وره‌ی سروشته،
نه خێو، نه باری له پشته!
به زه‌ڕه‌زه‌ڕ، به غاره‌غار،
دنیای هه‌موو كرده به‌هار.
له‌پڕ خاوه‌ن كه‌ری زۆرزان
هه‌ستی كرد وا له‌ودیو ته‌لان
هه‌را و هۆریا و ده‌نگه‌ده‌نگه،
ئیتر زانیی كاری له‌نگه!
گوتی: ((كه‌ره گیان، گوێ گره،
ئه‌و ده‌نگه ده‌نگی ڕێگره!
هه‌تا زووه با بارت كه‌م
له ڕێگران ڕزگارت كه‌م))
كه‌ر دایه قاقای پێكه‌نین…
گوتی: ((قوربان، هاوڕێی شیرین!
باره‌كه‌ی من له خۆت بار كه.
هه‌تا زووه خۆت ڕزگار كه.
كه من كه‌ر بم، باره‌به‌ر بم،
كورتان له پشت، هه‌شبه‌سه‌ر بم،
فه‌رقی چییه؟ ده‌رد هه‌ر ده‌رده،
كه‌ری تۆ بم، یا هی جه‌رده!))
1988 ته‌رابلس
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
2. مردن
ئه‌وه‌ی دنیا جێدێڵێ،
سواره و ئه‌سپ تاو ده‌دا،
زینه جێگه‌ی مردنی،
ڕه‌تبردن و گلانی
چۆن بوو، هه‌روا ده‌مێنێ
له‌لای دۆست و دوژمنی.
* * *
مردن! مادام تۆ هه‌ر دێی،
ڕۆژێكی ئاوا وه‌ره،
خۆم بۆ لات به‌ڕێوه بم.
ڕۆژێكی ئاوا وه‌ره،
گڕم دانه‌مركابێ،
سه‌ربه‌رز و به‌پێوه بم!
1982 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
3. نیشتمان
به‌هه‌شت و دۆزه‌خ بۆ من تازه نین.
هاوكات و هاوجێ
ئه‌ویشم دیوه، ئه‌میشم دیوه:
نیشتمانی من، له‌وه‌تی هه‌یه،
به‌هه‌شته و دۆزه‌خ ده‌وری ته‌نیوه!
1995 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
4. باڵا
له‌وه‌تی من هه‌م، سه‌رنجم داوه،
ڕێگه‌ی گوڵگوڵیی ته‌خت و به‌خت و كام
به بن كه‌وانه‌ی تاقێكدا ده‌ڕوا
كه نه‌ویتره له خاچی باڵام.
من قه‌ت ده‌سكاریی به‌ژنی خۆم ناكه‌م
هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ر ده‌نێمه‌وه.
نه‌مام بووم زریان نه‌یچه‌ماندمه‌وه،
خوایه، به پیری… نه‌چه‌مێمه‌وه!
1999 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
5. شپرزه‌یی
ئه‌و ڕۆژه‌ی ژوانمان هه‌یه،
هه‌رچی ده‌ستی بۆ ده‌به‌م:
پیاڵه‌ی چا، كتێب، قه‌ڵه‌م…
هه‌موو گوڵاو ده‌رده‌ده‌ن.
ئه‌و ڕۆژه‌ی ژوانمان هه‌یه،
هێشتا زووه و تۆ دووری،
ئه‌ندامه‌كانی له‌شم نۆبه‌تبڕی لێك ده‌كه‌ن:
چاو – ڕه‌زی له‌شت ده‌ڕنێ،
ده‌ست – به ده‌نگتا هه‌ڵده‌زنێ،
گوێ – نوقمی بۆنت ده‌بێ و
مه‌ودای دووریت ده‌پێوێ…
بریا ده‌تزانی گیانه،
ئه‌و ڕۆژه‌ی ژوانمان هه‌یه،
چۆن سه‌رم لێ ده‌شێوێ!
1979 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
6. خۆڕا عه‌یامێك …
خۆڕا عه‌یامێك چه‌نه‌ی خۆم شل كرد!
له‌گه‌ڵ تاپۆدا جاڕی جه‌نگم دا و
تیغی مووكاری زمانم كول كرد.
مخابن عومری گوڵم به‌با دا.
مخابن هێنده‌م خه‌نجه‌ر له كا دا.
جێم ئێره نییه:
ئێستا تێده‌گه‌م، بێهووده ماندووم…
من مه‌ته‌ڵێكم،
ئه‌ستێره‌كانی گه‌ردوونێكی تر
دایانپه‌ڕاندووم.
* * *
ئێستا حاڵیم،
ئه‌و گه‌ورانه‌ی له گه‌ڵیاندا شه‌ڕم جاڕ دا
ده‌یان ساڵه
فیرعه‌ونی مۆمیاكراوی… تابووتزێڕن،
گورگی دووپێی نێزیك و دوور
چوارده‌سته‌كی به شاراندا ده‌یانگێڕن.
ئیدی ته‌واو!
نیازم وایه
خه‌نجه‌ره‌كه‌م فڕێ بده‌م…
زرێیه‌كه‌م دابماڵم…
ڕمبه‌كه‌ی خۆم به دیواردا هه‌ڵپه‌سێرم.
ئه‌وان مردوون،
كه‌س به مردوو نه‌وێراوه
هه‌تاكوو من پێی بوێرم!
………………………………………….
تاپۆ: تارمایی، ڕه‌شانگ، سامۆتك
1998 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
7. چاوی تۆ
ئه‌گه‌ر له‌ناو جه‌نگه‌ڵێكی چڕدا ون بم،
ئه‌گه‌ر له‌ناو زه‌ریایه‌كی په‌ركه‌مدارا
كه‌شتیم تووشی گێژه‌نێك بێ و سه‌راوبن بم:
ترسم نییه،
تا چاوی تۆ قیبله‌نما و ڕێبه‌رم بێ.
تا چاوی تۆ نێزیكترین به‌نده‌رم بێ.
* * *
خه‌ڵك گوێ له ڕادیۆ ده‌گرن،
بۆ ئه‌وه‌ی كژ پێشبینی كه‌ن.
منیش، كه ئێواره دادێ،
ته‌ماشای چاوی تۆ ده‌كه‌م:
ده‌زانم، با له‌كوێڕا دێ،
پله‌ی گه‌رما له‌چه‌نده‌وه تا چه‌ند ده‌ڕوا،
باران كام كێڵگه ئاو ده‌دا،
كام دارستان، كام چیا ده‌شوا!
1977 پۆتسدام
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
8. دره‌نگ نییه
(1)
خۆشه‌ویستم!
كه ژووره‌كه‌م جێده‌هێڵیت
تیشكی خۆر له ژووره‌كه‌ما
بوخچه‌ی خۆی ده‌پێچێته‌وه،
میلی سه‌عات
خولی له یاد ده‌چێته‌وه.
كه ژووره‌كه‌م جێده‌هێڵی و له‌لام ده‌ڕۆی،
هه‌ر چوار ده‌ورم، وه‌ك داره‌مه‌یت،
هه‌ستی سڕم ده‌گرێته خۆی.
له په‌نجه‌ره و ده‌رگاكه‌وه
بۆ قوڕگم دێ ده‌ستی زریان.
كتێبخانه‌ی بچكۆڵانه‌م،
دیواره‌كان،
هه‌موو یه‌ك یه‌ك دێنه گریان،
له‌گه‌ڵ مندا دێنه گریان.
(2)
خۆشه‌ویستم!
دنیا سارده… ئاو شه‌خته‌یه…
دڵی ته‌نیام هه‌ڵپه‌یه‌تی
بۆ لێوێكی گه‌رم، گه‌رم،
گه‌رم وه‌كوو پشكۆی په‌تی.
(3)
چ ڕوو ده‌دا با ڕوو بدا!
دڵنیا به، جێم مه‌هێڵه.
باوه‌شی من – به‌هه‌شتێكه،
ده‌تپارێزێ له ڕه‌هێڵه.
جێم مه‌هێڵه…
دره‌نگ نییه…
با نیگای چاو دڵنیابێ،
ئێستا… خۆر‌ت بۆ ڕاده‌گرم،
ناهێڵم وا زوو ئاوابێ!
1971 كوردستان
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
9. ته‌مه‌ن
تا تۆم هه‌بێ، ئه‌زیزم،
من چیم له مانگ و ساڵه؟
هێشتا زه‌ڕنه‌قووته بووم
ڕیشی خه‌مم سپی بوو،
ده‌مگوت شادی مه‌حاڵه
ئێستاش له سای ئه‌ڤینتا،
وا به كۆڵێ ساڵه‌وه
تازه پێڕه‌وكه ده‌بم، ده‌مم پڕ گڕوگاڵه!
1993 ڕووسیا – گوندی تشیریكۆڤه
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
10. مه‌زاد
كێ كڕیاره؟
هه‌رچیم هه‌یه،
هه‌مووی تاڵانفرۆش ده‌كه‌م.
كێ كڕیاره؟
ده‌ی، وه‌رنه پێش!
فه‌رموون: ئه‌مه كالانه‌ی چاو،
بڕبڕه‌ی پشت و كاسه‌سه‌ر،
كڵاوی كه‌ریم خانی زه‌ند،
شیر و زرێی سه‌لاحه‌ددین،
مێژووی لینگه‌وقووچی بێبه‌ر،
یه‌كه یه‌كه،
به‌نده‌كانی په‌یمانی مۆرفینی سیڤه‌ر،
ده‌نده‌كانی نیاندرتاڵی
پیره‌ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر!
* * *
كێ كڕیاره؟
هه‌رچیم هه‌یه،
هه‌مووی تاڵانفرۆش ده‌كه‌م:
سواڵه‌ت و ئاته‌شكه‌ده،
دیوانسه‌رای شاهه‌كانمان
به بنچینه و بنیاده‌وه،
به‌رده‌نووس و نه‌خش و نیگار
به ته‌خت و تاجی ماده‌وه…
مه‌زاد… مه‌زاد…
هه‌رچیم هه‌یه، هه‌مووی مه‌زاد…
به پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆی ساده،
كه هه‌ڵبكرێ و بشنێته‌وه
له‌سه‌ر بستێك زه‌ویی ئازاد!
مه‌زاد… مه‌زاد…
هه‌رچیم هه‌یه… هه‌مووی مه‌زاد!
1980 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
11. پێ‌زانین
ده‌ستم گوتیه په‌نجه‌كانم:
((با له مه‌یدان بتانبڕن
به‌ڵام هه‌رگیز نه‌تانكڕن!))
ده‌میشم گوتیه زمانم:
((من به درێژیی تۆ ده‌خوڕم،
مه‌پرینگێوه، بئه‌نگێوه!
سه‌روبه‌ر بكه‌ی ده‌تبڕم.))
* * *
گه‌ڕام، سوڕام به دنیادا…
چه‌ند شار ویستیان،
كچ ئاسایی، بێنه ده‌ستم.
به‌ڵام بووكی دیلی ئاسیا
نه‌یهێشت شایی له‌گه‌ڵ هیچیان داببه‌ستم!
* * *
ڕۆژباش، په‌نجه‌كانم، ڕۆژباش!
سوپاس، په‌نجه‌كانم، سوپاس!
هه‌تا ئه‌مڕۆ
ئێوه چه‌ند جار چوونه مه‌یدان،
درانه به‌ر شیر و تیران،
بریندار بوون، گلانه خوار،
به‌ڵام به دیل قه‌ت نه‌گیران!
ڕۆژباش، زمانه‌كه‌م، ڕۆژباش!
سوپاس، زمانه‌كه‌م، سوپاس!
تا ئێستا چه‌ند جارت به‌زاند
كه‌وشه‌نی پاوانی گه‌وران!
چه‌ند جار به ناو كێرده‌ڵانا ڕچه‌ت شكاند،
كه‌وتیته كه‌مینی ته‌وران!
چه‌ند جار ده‌رزیئاژن كرای،
له خاچی ڕاست و چه‌پ درای!
به‌ڵام… سوپاس…
سوپاس كه تۆ هه‌ر زمانی و
ده‌ستت نه‌دا كارێكی تر.
هه‌ر كلیلی سه‌ری خۆمی و
نه‌چوویته ناو زارێكی تر.
سوپاس كه تۆ،
له‌ناو سه‌نگه‌ری ده‌ممدا،
چه‌كی (نا) ت هه‌ر له‌سه‌رپێیه.
له كاتێكدا ده‌ست بۆ چه‌پڵه و
ده‌میش ته‌نیا بۆ (به‌ڵێ) یه!
1992 هه‌ولێر
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
12. ئاوێته‌بوون
نازانم چۆن ئاوێته‌ت بم؟!
ئه‌گه‌ر به‌هه‌شتی، پێم بڵێ،
تا كڕنووش به‌م بۆ گشت خواكان.
ئه‌گه‌ر دۆزه‌خی، پێم بڵێ،
تا زه‌مین پڕكه‌م له تاوان.
* * *
نازانم چۆن ئاوێته‌ت بم؟!
گه‌ر خاكه‌كی داگیركراوی، پێم بڵێ،
تا پێستم بكه‌م به ئاڵات.
گه‌ر وه‌ك منیش قه‌ره‌جێكی،
سنوورێكم بۆ بكێشه،
بۆ خۆت من بكه به وڵات!
1979 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
13. دووبه‌ره‌كی…
شه‌و له خه‌وما،
ئارامگه‌ی حاجیم دیته‌وه.
چۆكم دادا، سوژده‌م برد بۆی.
گوتم:”حاجی په‌رێشانین!”
سه‌ری كز كرد،
ده‌ستی دانا سه‌ر دڵی خۆی.
گوتی:”مه‌رد به، زیندووم كه‌وه!”
گوتم:”گه‌وره‌م،
من عیسا نیم،
چۆن زیندووت كه‌مه‌وه، بێژه؟”
گوتی:”لێره ده‌رم بێنه،
دووبه‌ره‌كی
له شوێنه‌كه‌ی من بنێژه!”
1987 ته‌رابلوس
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
14. به‌ندیخانه
باڵدارێك بووم،
به‌سه‌ر ده‌ریای فێداره‌وه
سه‌وڵی باڵم لێ ده‌دان و
سه‌رانسه‌رم بریندار بوو، ئه‌نگێورا بوو.
ئه‌وه‌نده‌ی چاو هه‌ته‌ر بكا
سروشت هه‌مووی له‌سه‌ر پاشوو،
ده‌ریا خجڵی كوده‌تا بوو.
له پڕێكا
دامڕوانی و تۆم به‌دی كرد …
شاگه‌شكه بووم!
هه‌ر وام زانی دوڕگه‌یه‌كی بچكۆڵانه‌ی،
بۆ ئارامی و فه‌رامۆشیم داڵده و لانه‌ی.
كه نیشتمه‌وه تێگه‌یشتم:
تۆ داڵده نیت،
شیرین‌ترین به‌ندیخانه‌ی!
……………………………………..
خجڵ : خه‌ریك، سه‌رقاڵ، سه‌رگه‌رم، له‌زك، له‌گژ
2002 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥