
10-10-2013
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
دوازده وانه بۆ مناڵان
دوازده وانه بۆ مناڵان
1
مناڵەکان
ئەی یاخییە ژین تاڵەکان
سبەی ئێوە کە گەورە بوون
لە لاوکا
لە حەیرانا
لە مزگەوت و دیوەخانا
لە چیرۆکا
لە هۆنراوەی شاعیرێکی ترسنۆکا
ڕەنگە زۆرتان بەر گوێ کەوێ
باسی ئێمە و ئازایەتی
باسی ئێمە و کوردایەتی
بەڵام نەکەن بڕوا بکەن
درۆی تیایە، درۆی پەتی
2
مناڵەکان
ئێمە تووشی سەد کوێر ڕێین
چرای بیرمان گەلەک کزە
هەنگاوی کوێرانە دەنێین.
3
مناڵەکان
ئێوەن زەلکاو دەشڵەقێنن
ئێوەن ئەو بومەلەرزانەی
سبەی کانی دەتەقێنن
ئێوەن سبەی
سنووری دەستکرد دەشکێنن
قەفی زنجیری لێکپچڕاو
بەیەکترەوە دەلکێنن
ئێوەن سبەی
لە قامیشلی
لە دیاربەکری شێخ سەعید
لە سلێمانی برینداردا
لە مەهابادی (قازی) دا
بەیەک فەلسەفە پێدەگەن
گشت تێدەگەن
ئەوەی کورد بێ، نەوەی نوێ بێ
دەبێ تێشووی
ڕێی یەکێتیی کوردی پێ بێ.
4
لە وانەکانی دوێنێمدا
گوتم:
ئێمە لەوەتەی هەین
درۆ لەگەڵ خۆمان دەکەین
لە ژینماندا
لە کردەوە و نووسینماندا
بێ فەلسەفەین.
ئەمەم گوت و دنیا ڕما
هەوری تانە
بەرەو ئاسۆی بیرم جما
مناڵەکان
توو خواکەی بپرس لێیان
بپرسن لەوانەی چاویان
تینی ناگاتە بەر پێیان
مەترسن، بپرسن، بڵێن:
لە سەفەری دوورگەی خوێنا
بۆ مناڵان چیتان هێنا؟
5
مناڵەکان
ئەی بێلانە ژین تاڵەکان
زۆر لەمێژە
دایکەکانی ئەم وڵاتە
مەمکەکانیان
شیری سەربەستی تیا قاتە
زۆر لەمێژە
کێوەکانی ئەم وڵاتە
پێغەمبەرێکیان تیا قاتە
مناڵەکان
لە ئاگردانی چاوتاندا
من چاوەڕیی زەردەشتێکم
بێ جێ بەو بتانە لەق کا
من چاوەڕێی
چەخماخەی ئاڤێستایەکم
بێ جەرگی تاریکی شەق کا.
6
مناڵەکان
سەنگەر سەنگەر چیاکان گەڕام
گوێم لێ بوو کۆمەڵێک قەوان
لەناو سەنگەرێکی چۆڵدا
لە پێشمەرگەی شەهید دەدووان.
7
مناڵەکان
دەسگیرانم
کۆترێکی دیاربەکرە
حەزی لە چیاو قاسپەی کەو و
ڕەنگی بەفرە
بۆ گواستنەوەی
زنجیرەی چیام قەف قەف بڕی
ڕۆژ ژمێرم پەڕ پەڕ دڕی
پەساپۆرتم
ئاوات و زەردەخەنە بوو
کلدان و کیسێک خەنە بوو
کە لە دەرگای سنوورم دا،
لەباتی ماچ
ماچی گەرمی دەسگیرانم،
تفی زەردی پۆستاڵ ڕەشێک
هات سواخی دا ناوچەوانم؟
8
مناڵەکان
ئەی برسییە ژین تاڵەکان
لەسەر سینگە
نەوتاوییەکەی بابەگوڕگوڕ
نێزیک تاڤگەی
سەرەوژووری زێڕینی گڕ
گوڵکۆیەکی بچکۆلەم دی
لێی نووسرا بوو:
(ئالێرەدا
مناڵێکی چاوڕەشی کورد،
لەبرسان مرد؟)
9
مناڵەکان
ئەوەی دەنکە گەنمێکی چاند
گوڵەگەنمێکی دروێنە کرد.
ئەوەی دڵوپێک خوێنی چاند
تابلۆکەیەکی بۆ خۆی نەخشاند.
ئەوەی تەنیا
هاوارێکی لە دەم دەرچوو،
گوێی لە سەدای دەنگی خۆی بوو.
کەچی ئێمە
کاسەسەر و چاو دەچێنین
بارانی خوێن
بەسەریاندا دەبارێنین
هێشتا وەرزی
دروێنەشمان دیار نییە
تا گوڵەگەنمێکی کێڵگەی
خوێنەشمان دیار نییە.
مناڵەکان
با ئەو جۆگەیە بگۆڕین
کە خوێنمانی پێدا دەڕوات
با ئەو زەمینەش بگۆڕین
کە چاو و کاسەسەر دەخوات.
ئینجا کێڵگەی رووناکیتان
پیشان دەدەم
ئینجا وەرزی دروێنەتان
بۆ ڕست دەکەم.
10
مناڵەکان
لەسەر بۆرییە نەوتەکان
لە دیواری
ئاوەدەستخانەی مزگەوتەکان
دە ملیۆن جار
نوویسمان بژی چەوساوە
نووسیمان بژی کرێکار
بەڵام، هەموو نووسینەکان
تەنها جارێ
نەیانتوانی ببنە پارو
تێرکەن زگی کرێکارێ؟
11
مناڵەکان
ئەی بێلانە ژین تاڵەکان
شەو لە خەوما رێبوارێک بووم
بۆ بارەگای (یوتان) دەچووم
کە دەروازەکەی قووتی دام،
رەشم بینی ئاڵای هەبوو
سپیم بینی ئاڵای هەبوو
هەرچیم بینی ئاڵای هەبوو
قیژاندیان:
ئەی بێ وڵات بۆ دەرەوە
ئەی بێ ئاڵا بۆ دەرەوە
منیش گوتم:
مەقیژێنن
کە چوومەوە
ئەم چیرۆکە
بۆ مناڵان دەگێڕمەوە.
12
مناڵەکان
کە وانەکان دەخوێننەوە،
ئەگەر رۆژ بوو
لە کونجێکدا کپ هەڵتووتێن
ئەگەر شەو بوو
با چراکان کز بسووتێن
چاک دەزانم
گەورەکانتان بتانبینن
داختان دەکەن
وانەکانم دەسووتێنن
دێن دووبارە
جەستەی حەلاج
دەدەنەوە لە سێدارە
پهشێو 1970-1972
سهرچاوه: ئهدهبیاتی پاسۆک، 12 وانه بۆ منداڵان
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|