
10-15-2013
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
کێشی هۆنراوه‌کانی گۆران
کێشی هۆنراوه‌کانی گۆران
( 1 )
نووسه‌ر: حسێن عه‌لی شانۆف
وه‌رگێڕ بۆ عه‌ڕه‌بی: شوکور مسته‌فا
وه‌رگێڕ بۆ کوردی: محه‌مه‌دئه‌مین شاسه‌نه‌م-بۆکان
شاعیر ته‌نیا له به‌ر بناغه‌کانی داهێنانی دروستکراوی خۆی که‌ڵکی له کێش وه‌رده‌گرت و پێی وا بوو شیعر ده‌بێ خه‌ڵک خوازیاری بێ، سووک و هاسان بێ و به سانایی له سه‌ر ئه‌و بناغه و پێوانانه‌ی له شێوه و بیچمی ئاخاوتنی خه‌ڵکه‌وه نزیکتره دابڕێژرێ.
گۆران هه‌میشه له دروس کردنی کێشه قورس و ناله‌باره‌کان خۆی ده‌پاراست و زنجیری لاسا کردنه‌وه‌ی له شێعردا پچڕاند و ئاڵقه‌ی ده‌وری هۆنراوه‌ی شکاند و ده‌رگایه‌کی گه‌وره‌ی ئازادیی بۆ کرده‌وه.
عه‌لائه‌دین سه‌جادی له باسی داهێنانه‌کانی گۆران‌دا ده‌ڵێ: «له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له نێو ئێمه‌دا شاعیرێکی به‌رزمان هاته کایه‌وه که گوێی به هیچ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و ڕه‌خنه‌یه‌ک نه‌دا، کوتوپڕ سه‌ربه‌ستییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی دا به کێشه‌کانی شیعر و له کۆت و زنجیری قافیه‌ی ڕزگار کرد، به‌ڵێ ڕزگاری کرد، به‌ڵام وه‌نه‌بێ مه‌یلی شاعیره کۆنه‌کانیشی به ته‌واوی وه‌لا نابێ، به‌ڵکوو له ڕێچکه‌کانی ئه‌وانیشدا وه‌کوو خۆیان دواوه.»[1]
کاتێ سه‌جادی باسی ڕزگاری شیعر له زنجیری شکڵ و ڕازاندنه‌وه ده‌کا، مه‌به‌ستی ئه‌و لاسا ڕه‌قوته‌ق و بێڕوحانهیه که له چاخه‌کانی ڕابردوودا، به سه‌ر شیعری کوردی‌دا زاڵ بووه و شاعیره‌کان هێندێ سه‌روای یه‌کسان و دیاری کراویان له هۆنراوه‌کانیاندا ده‌هێنا، ئه‌گه‌ر شیعر له زنجیری شکڵ و ڕازاندنه‌وه و له یاسا کۆن و دزێوه‌کانی ڕزگاری نه‌بایه، شیعری نوێ نه‌یده‌توانی ڕاسته‌قینه‌ی زیندووی خۆی وه‌ده‌س بێنێ.
گۆران ـ هه‌روه‌ک سه‌جادیش ده‌ڵێ ـ داهێنانه‌کانی خۆی له نیشانه‌ی نه‌ته‌واویه‌تی کلاسیک، بێبه‌ش نه‌کردووه، به‌ڵکوو قایمی و ڕه‌سه‌نایه‌تی شێوازی که‌ڵه شاعیرانی ڕابردووی له‌گه‌ڵ کاره پێشکه‌وتووه نوێیه‌کانی شیعری هاوچه‌رخی پێکه‌وه کۆ کردۆته‌وه و شیعری کردووه‌ته ئاوێنه‌ی باڵانوێنی سروشتی ئه‌و قۆناغه‌ی تێیدا ژیاوه، به دلێری و ڕووناکبیرییه‌وه هه‌موو ئه‌و سنوورانه‌ی به‌زاندووه که ته‌نگی به هونه‌ر هه‌ڵچنیوه و له‌مپه‌ری پێشکه‌وتنیه‌تی، هه‌روه‌ها بۆ خوڵقاندنی شیعری پێشکه‌وتووی هاوچه‌رخی کوردی، ده‌ستی داوه‌ته شه‌ڕێکی قورس و گران.
گۆران له زنجیره وتارێکدا به جوانی لایه‌نه‌کانی میراتی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی و بابه‌تگه‌لێکی سه‌باره‌ت به داهێنان ڕوون کردۆته‌وه و ئه‌و دووانه‌ی پێکه‌وه لکاندووه و لێکی جوێ نهکروونهتهوه.
«کاتێ ده‌مانه‌وێ کۆشکه‌کانی ئه‌ده‌بمان له لووتکه به‌رزه‌کاندا ساز بکه‌ین، به داخه‌وه ئه‌و قوڵکه‌ی که به‌ردی بناغه‌ی کۆشکه‌کانی لێ داده‌نێین، به گرینگ نازانین.»[2]
شتێک که لای شاعیر جێی داخ و خه‌فه‌تێکی زۆره، ئه‌وه‌یه که هێزه ئه‌ده‌بییه هونه‌رییه‌کان له به‌ر داخوازییه‌کانی چه‌رخی تازه، به شوێن نوێ کردنه‌وه‌دا ده‌ڕۆن و له به‌ستێنی نه‌ته‌وایه‌تی دوور ده‌که‌ونه‌وه. ئه‌م چه‌شنه که‌سانه، به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان که ده‌سکه‌وتی هه‌ستی ناسکی بلیمه‌ته‌کان له چه‌ندین سه‌ده‌ی ڕابردوودایه، ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن: ئه‌م به‌رهه‌مانه کون بوونه و زه‌مان په‌رده‌ی فه‌رامۆشی به سه‌ردا کێشاون، هه‌روه‌ها ئه‌م چه‌شنه که‌سانه له‌به‌ر په‌یدا کردنی ناوێکی هه‌رزانبایی، کوێرانه لاسایی نوێخوازه ڕۆژئاواییه‌کان ده‌که‌نه‌وه.
گۆران هه‌ڵوێستێکی توندی به‌رامبه‌ر ئه‌م هێزه هونه‌رییانه گرت و زۆری هه‌وڵ دا ئه‌وان به‌ره‌و چاترین ڕێگا ڕێنوێنی بکات و له لاڕێ و ساده‌بینی و سادهبیری دووریان بخاته‌وه: «زۆربه‌ی شاعیره‌کانمان له‌به‌ر ناو و ئاوازه، خۆیان ده‌خه‌نه زه‌حمه‌تێکی زۆره‌وه و بابه‌تگه‌لێک ده‌نووسن که به "مۆدی سه‌رده‌م" ناوی ده‌رکردووه، که‌چی ناتوانن به جوانی و ڕێکوپێکی پارچه شێعرێک، وه‌ک هه‌ڵبه‌سته‌کانی نالی و سالم و مه‌حوی و مه‌وله‌وی بهۆننه‌وه.»[3]
گۆران که هه‌میشه له بیری چاره‌نووسی شیعری کوردی‌دا بووه، چاترین و گه‌وره‌ترین ڕێنوێنی به‌ره‌ی ئه‌ده‌بی پاش خۆیه‌تی، چونکه زۆر بیروڕای پوخت و پاراو و زۆر شاکاری شیعری که له جوانترین و ڕازاوه‌ترین ئه‌زموونی بهدیهێنانیهتی، پێشکه‌ش به‌م به‌ره‌یه کردووه.
گۆران که پێی خۆش بوو، به‌رهه‌می ناسک و جوان له به‌رزترین پله‌ی ئه‌ده‌بی جوانیدا بخوڵقێنێ، له‌به‌ر ئه‌زموونه‌ی هونه‌رییه تایبه‌تییه‌کانی خۆی توانی کۆمه‌ڵێ کێشه‌ی هونه‌ری و به‌دیهێنان چاره‌سه‌ر بکات، به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی هۆنینه‌وه له سه‌ر کێشی بڕگه‌یی که به تێروته‌سه‌لی لێی دواوه.
له زاراوه‌ی شیعردا هۆنینه‌وه له سه‌ر کێشی بڕگه‌یی به سه‌نعه‌تێک ده‌ژمێردرێ، به‌ڵام گوران ئه‌م بابه‌ته ته‌نیا به ئامرازێکی ده‌ربڕین و قووڵ کردنی بیری کۆمه‌ڵایه‌تی شیعری نوێی کوردی داده‌نێ و کاتێک له‌م باره‌وه بیروڕاکانی خۆی ده‌رده‌بڕێ، زۆرتر پشت به فۆلکلۆر ده‌به‌ستێ که ئه‌مه‌ش شتێکی ئاساییه، چونکه زۆربه‌ی به‌رهه‌مه فۆلکلۆرییه‌کان به شێوازی بڕگه‌یین و شتێک که داکۆکی له‌سه‌ر ڕه‌سه‌نایه‌تی ئه‌م شێوازه ده‌کا، که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م شێوازه له سه‌دان گۆانی و سروود و به‌رهه‌می حه‌ماسی نه‌ته‌وه‌یی و چیرۆکه شیعرییه‌کانه که له چه‌ندین سه‌ده له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌بووه و به جوانی توانیویه‌تی ڕێگای خوی بۆ نێو شێعری نووسراوه‌ی کوردی بکاته‌وه و له ئاکامدا سه‌رکه‌وت و له شێعری گۆران‌دا به ته‌واوی خۆی نیشان دا و بوو به گرینگ‌ترین و سه‌رکه‌وتووترین شێوه‌ی شیعری کوردی.
دروسته که هه‌وه‌ڵین نموونه‌ی هۆنراوه‌ی بڕگه‌یی له شیعری نووسراوه‌ی کوردی‌دا هی شاعیر و عارفی مه‌زن مه‌وله‌وییه، به‌ڵام ئه‌م شیعرانه به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له نێو ته‌واوی هۆزه‌کانی کورددا بڵاو نه‌کرابووه‌وه و بێجگه له‌مه هه‌موو چامه‌کانی دیوانی مه‌وله‌وی له سه‌ر بڕگه‌ی (5+5)ه.
شایانی باسه که بڕگه‌ی پێنجپێنجی، پێوانه‌ی سه‌ره‌کیی جوانترین گۆرانی نه‌ته‌وایه‌تییه:
ته‌نیا دارێک بیم، کانیه‌ک له پام بی
گه‌ل گه‌ل نازداران، دایم له سام بی
ئێسته پیر بیمه، پهلگم ڕزیایه
گه‌ل گه‌ل نازداران، لێلم تۆریایه[4]
هه‌روه‌ک ده‌بینین ئه‌م گۆرانییه، هه‌ر به‌شێکی له 5 بڕگه پێک دێ و به‌م شێوه‌یه هه‌ر دێڕێک ده‌بێته 10 بڕگه.
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما این‌جا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|