"یادگاری شیرن"
چاوه‌که‌م! چاوی ڕه‌شی تۆ ئافه‌تی گیانی منه
گیانه‌که‌م! برژانگی تیژت نووکه ڕمبی دوژمنه
شیری ده‌ستی شێری ئاڵایه برۆ ڕاکشاوه‌که‌ت
جه‌رگی لاوێکی هه‌ژاری کوردی ورد پێ بنجنه
دیده‌که‌ی به‌خوماری تۆ، تورکانه به‌دمه‌ستی ده‌کا
بۆیه مه‌یلی وا به کێشه و فیتنه و خوێن ڕشتنه
به‌ژنه‌که‌ت سێداره‌یه، که‌زیه‌ت ته‌نافه، زووبه ده‌ی!
بیخه ئه‌ستۆی من که کوردم، کورد به‌شی خنکاندنه
زامی جه‌رگی من به فه‌رمووده‌ی گراوی سواری کورد
مه‌لهه‌می هه‌ر ژه‌نگی گواره وئاره‌قی به‌رگه‌ردنه
ئاره‌زوومه هیچ نه‌بێ جارێکی ماچ که‌م زاری تۆ
ئاره‌زووی من چووکه، ئه‌مما تا بفهمووی شیرنه
دڵ به گرمه‌ی تۆپی گه‌وره‌ی دوژمنیش ڕانهچڵهکێ
داده‌خورپێ ئه‌م دڵه ئه‌مما به خرمه‌ی بازنه
خه‌ڵکی دنیا ڕازی دڵداری به بێته‌ل پێک ده‌ڵێن
ڕاسپارده‌ی لاو و کیژی کورده ئێستاکه‌ش شنه
ڕۆژی به‌ختی هه‌ر له‌ژێر هه‌ورێکی ڕه‌ش دا لاوی کورد
تاکوو ڕوخساری کچی شاری له پێش چاوان ونه
نایه‌ڵێ گۆشه‌ی برۆکه‌ت ده‌رکه‌وێ چارشێوه‌که‌ت
ئه‌ی له ده‌س ئه‌و چڵکه هه‌وره مانیعی مانگ گرتنه
چۆن ده‌بێ سه‌ربه‌ست، گه‌لی ژێرده‌ست، که کچ دابه‌سته بێ؟!
به‌س نه‌بێ ئه‌و کۆیله‌تی و ئه‌و کچ له ژوور دابه‌ستنه!
ده‌رکی داخستوه له تۆ بابت که‌چی ده‌رکی نیه
ده‌رکه داخستن له تۆ ، ده‌رکی هومێد داخستنه
داڕزینه، مردنه، ئاخر هه‌تا که‌ی پێت بڵێن
نابێ بێته‌ده‌ر له ماڵێ، مافی ژیانی کوا؟ ژنه
لاده چارشێوی ڕه‌شت با ده‌رکه‌وێ کوڵمه‌ی گه‌شت
چون له قه‌رنی بیسته‌ما زۆر عه‌یبه ئه‌و ڕووگرتنه
کیژی خه‌ڵکی بۆمی ئاتۆمی دروست کرد و ئه‌تۆش
هه‌ر ده‌زانی ناوی(ئه‌ستێوڵک) و (ده‌رخۆنه) و (پنه)
فێری زانست و هونه‌ر بوو ئه‌و له سایه‌ی خوێندنی
تۆش ته‌شیمان بۆ ده‌ڕێسی یادگاری شیرنه
ئه‌و به ئاسمانا فڕی، دنیا گه‌ڕا، چوه بن به‌حر
ده‌ک نه‌مێنم کاری ئێوه‌ش هه‌ر له ژوور دانیشتنه
کوڕ به‌زێنه ئه‌و له عیلم و ئه‌و له کار و سه‌نعه‌تا
گۆره‌ویشه سه‌نعه‌تی تۆ، پێت خه‌نی بووم بیچنه!!
ئه‌و په‌چه و ڕووبه‌ند و چارشێوه‌ی نه‌دیوه نه‌نکی تۆ
ئه‌و شڕ و شاڵاته دیاری دوژمنی دڵ چڵکنه
کیژی شێخ و کیژی حاجی و کیژی ئاغا ڕه‌نجه‌ڕۆن
کیژی ئازاده ئه‌وی ژینی به نووکی گاسنه
شه‌نگه‌بێری یار و ده‌سباری کوڕی کۆچه‌ر نه‌بێ
چۆن ده‌گاته جێ هه‌وار و هۆبه ئه‌و بارگه و بنه؟
قه‌ڵشی ده‌ست و کوڵمی سووتاوی کچی لادێ نه‌بێ
چۆن ده‌گاته ده‌ستی ده‌سبڕ ئه‌و هه‌موو تا تووتنه؟
نیسک و نۆک و ماشی ناو عه‌مباری ئاغای مفته‌خۆر
پاک له سایه‌ی ده‌سکه‌نه‌ی(زین) و (مرۆت) و (سوێسنه)
شۆڕه‌ژن بنکۆڵ نه‌کا بڕکه‌ی به قرچه‌ی نیوه‌ڕۆ
چۆن له کاڵه‌ک تێر ده‌بێ ئه‌و زگ زله بێستان ڕنه؟
کوا مه‌تاعی کورده‌واریمان ده‌چوو بۆ هه‌نده‌ران؟
گه‌ر به سه‌ربه‌ستی نه‌ژیابا ئه‌و کچه مازووچنه
بێر و هاوێری له گه‌ڵ کاکی نه‌کردبا بن پشک
چۆن ده‌مانبوو ئه‌و هه‌موو گۆشت و په‌نیر و به‌رگنه ؟
ده‌ست و که‌رکیتی کچی نازداری هه‌وشاری نه‌با
چۆن ده‌ڕازاوه به قاڵی شار و بازاڕی سنه ؟ قالی = فه‌رش، مافوره
با هه‌زار(زێ) و (گاده‌ر) و (لاوێنی) ڕوونیشمان هه‌بێ
تاکوو ژن ئازاد نه‌بێ، سه‌رچاوه‌که‌ی ژین لیخنه
کۆیله‌تی باوی نه‌ماوه، کیژی کوردی خۆشه‌ویست!
ڕاپه‌ڕه، هه‌سته له‌خه‌و، ئاخر چ وه‌ختی خه‌وتنه ؟
ده‌رکه بشکێنه، په‌چه بدڕێنه، ڕاکه مه‌دره‌سه
چاری ده‌ردی کورده‌واری خوێندنه، هه‌ر خوێندنه
دایکی زانایه کوڕی ئازا ده‌نێرێته خه‌بات
من گوتم تۆش تێبگه(ناگاته ده‌ریایه زنه)
گواره‌که‌ی زێڕت به‌کار نایه، له گوێ بگره قسه‌م
لایقی گوێی تۆ عه‌زیزم شیعری ساده‌ی (هێمنە)
"هێمن"
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )