م.اخوان ثالث
و: ناسری حه‌قیقی
زستان
سڵاوم کرد و که‌س نه‌یسانده‌وه جارێ سڵاوی من
هه‌موو سه‌ر چوونه‌وه ناوخۆ
مه‌وێسته بۆ وڵام
بێهووده وه‌ستانه
که‌سێ سه‌ر به‌رزه‌وه‌ناکا وڵامێ داته‌وه و چاوێ له یاران کا
هه‌موو که‌س هه‌ر ده‌بینێ پێشی پێی و هیچی تر چونکه
خلیسک و رژد و هه‌ڵدێره رچه
تاریک وتوومانه
ئه‌گه‌ر ویستت له‌گه‌ڵ دۆستێ ده‌سێ لێک ده‌یته‌وه جارێ
به‌نابه‌دڵی له نێو باخه‌ڵ ده‌ری دێنێ ده‌سی گه‌رمی
هه‌وا چونکێ گه‌لێ سارده و سه‌هۆڵ به‌ندانی زستانه
هه‌ناسه‌ت هه‌ر له نێوته‌ندووری سینه‌ت هاته‌ده‌ر
هه‌ورێکی تاریکه
له‌به‌ر چاوت وه‌کوو دیوار
نه‌فه‌س وابێ؟
چ سه‌یر وچه‌وته‌چاوه‌ڕوان بی گه‌ر
له‌م خزم و دۆستانه
مه‌سیحای مه‌رد و ره‌ندم ئه‌ی فه‌له‌ی پیر و په‌نای مه‌ستان
هه‌وا سارده و ئه‌من سه‌خڵه‌ت
له‌شت ساغ و سه‌رت خۆش بێ
ده‌تۆ جوابم ده‌وه و ده‌رکه‌م له‌بۆ باوێژه سه‌ر پشتان!
منم میوانه‌که‌ی هه‌رشه‌و له‌کۆڵم کۆڵێ ناڵه و خه‌م
منم به‌ردی له جێ هه‌ڵکه‌ندراو سووک و چرووک و که‌م
جنێوی پیس و په‌ستی بوون و ده‌نگی شیوه‌ن و ماته‌م
نه ئه‌ز رۆمم ،نه ئه‌ز زه‌نگم
ئه‌من بێ ره‌نگی بێ ره‌نگم
ده‌جا هه‌سته و وه‌ره و ده‌رکه‌ی وه‌که
دڵته‌نگی دڵته‌نگم
وه‌ره و ده‌رکه‌ی وه‌که
میوانه‌که‌ی جاران له پشت ده‌رگایه وێستاوه
ده‌له‌رزێ عه‌ینی مێژۆکه
کڕێوه‌ی چی و ته‌رزه‌ی چێ
ئه‌گه‌ر گوێت لێ ده‌بێ ده‌نگێ
ئه‌وا چیرۆکی سه‌رمایه و ددانه
چه‌شنی چیرۆکه
ئه‌من هاتووم حیسابی خۆم له‌گه‌ڵ تۆ پا بکه‌م ئه‌وشۆ
حیسابی کۆن و زووی خۆمت له‌گه‌ڵ یه‌ک لا بکه‌م ئه‌وشۆ
ده‌ڵێی چی تۆ که بێ وه‌خته و دره‌نگه و کاتی هه‌ستانه
فریوت خواردووه خاڵه!
ئه‌مه‌ی دیتت نه سووریی ئاسمانه کاتی کازێوه
که گوێ یه و تۆف و سه‌رمای تێ چزیوه، ره‌ق بووه، ئاڵه
ئه‌مه‌م لا یادگاری سه‌خڵه‌ت و سه‌رمای زستانه
وه زه‌ق و به‌رقی دنیای بێ به‌قا و به‌رته‌نگ و بێ ئامان
به زیندوو یا به مردوویی
له تابووتی ره‌ش و ئه‌ستوور و توێ توێی مردنا
ئاوێته‌یه و شاراو
بڕۆ لاده ، بڕۆ هه‌ڵکه چرای باده
که شه‌و یا رۆژ چ فه‌ڕقێکی نیه و
هه‌ردووکی یه‌کسانه
سڵاوم کرد و که‌س نه‌یسانده‌وه جوابی سڵاوی من
هه‌وا دڵگیر و خه‌مناکه
ده‌رک گاڵه و سه‌ریش ئاودیوی ناولاکه
نه‌فه‌س هه‌ور و هه‌ور تاریک و باغه‌ڵ
تاقه جێگه‌ی گه‌رمی ده‌ستانه
دڵان غه‌مگین و ماندوو
ئیسکلێتی داره‌کانیش جلکی بللووره له به‌ریانه
زه‌وی دڵمردووه و
ئه‌ستونده‌کی تاوڵی سه‌ما خاپوور
ونن مانگ و تریفه‌ی دڵڕفێن
خۆر و گزینگ و نوور
ته‌پ و مژ لایه‌که و هه‌ور و هه‌ڵا له‌ولاوه
زستانه.