رزگار لوتفی ــ بانه
3 دار
گفت آن یار کز و گشت ســــــردار
بلند جرمش این بود که اسرار هویدا میکرد
لەگەڵ لێدانی تەشوێکەی ، نرکەیێک لە هەناوییەوە دەیپژماند و دواتر بە زەبری نووکەکەی، تەڵاشەیێکی لە لەشی دارچنارەکە دەپچڕاند. نرکە و جیڕە. ڕاسپاردەی قۆپچە زیوەکەش، قۆپچەکانی زیو بوون. لەو ماوە کەمەداپێنجت لە سەرڕا بۆ خوارەوە و دوو دانەشت لە سەر گیرفانەکانی بژارد بوو. یەک دوو سێ چوار... " لە کوێی هۆمەر؟ گوێت لە منە کەڕ و کاس؟ " ڕاسپاردەکە بە دەم و فڵچ و زاراوەیێکی توورکییەوە ئەمەی پێ وتبوو. پاشان هۆمەر پاشە و پاش گەڕابووەوە لای خۆی و وتبووی: "لە من بێ خەم بن، وەعدم پێداون و لە سەر وەعدەکەشم گیانم دەخەمە گرەوەوە. بەڵام ئێوەش پیاو بن و لە ژێر قەولتان دەر مە چن." بەڵێنی بە ڕاسپاردەکە دابوو تا کاتژمێر دوازدەی شەو خاشەبڕی بکات و ڕۆی ئاوێژێتە گەرووی خاکەوە و هەڵیبنێت. لەگەڵ تەکانی تەشوێکە پوزوولکەی ئارەق لە ژێر لوێچی جامەدانە کۆن و ڕەنگ ڕۆیشتووە کەیەوە ڕوو لە خوار دەنێت و بە تەکان دەتکێت.'' هۆشی نیە و نازانێت لە گەرمانە یان لە شەرمان!؟''
"هۆمەر! ئەمجارەیان مێسلێ جارەکانی گوزەشتە نییە. تەواو خۆتی پێوە ماندە و خەستە بکە، دەبێ زۆر مەحکەم و سفت و قەوی دروستی بکەیت. سەری ئەم دەفعە بوزورگە هۆمەر، زۆر بوزۆرگە و زلە و پاداشیش چەورە،چەور!"
شوێنی کەسپ و کار و ماڵەکەیان پێکەوە بوون، کە لە ناوچەی فەیزووڵابەیگی لە دەردی گزیری و سەپانی و گاوانی هەڵاتبوو، لێرە بە ناویدارتاش خۆی گیرساند بووەوە.هەر زووش دەم بە دەم لە ناو خەڵکیدا بەهۆمەری دارتاش ناوی دەرکردبوو. لە ترسی ئەوەی دەست و پێوەندی ئاغای ناوچەی خۆیان نەیبیننەوە، دووکانی دانەنابوو. قەناعەتی بە حەوشەی ماڵەکەیان کردبوو. لە بەرەوە هەر نرکە و خنەی بوو، هەڵبەتە ئیشی قورس و وەستایانە نا، بەڵکوو هێندێك کاری سووک و سانا کە بە هەر کەسێکت بسپاردایە تێیدا شارەزایی هەبوو. دوای ئەوەی شار لە لایەن پۆستاڵ پۆشە قۆپچە زیوەکانەوە دووهەم جار دەستی بە سەردا گیردرا، جار نا جارێ بە نهێنی و لە ترسیبۆڵەبۆڵی خورشێی ژنی وڵامی داخوازیەکانی ئەوانیشی هەر چەندە بە نابەدڵی دەدایەوە. خورشێ کە تووڕە دەبوو جەزمە دەیگرت و تا ئەو سەری کۆڵانە کەیان دەنگی هەڵدەنا: "خوا لە ئەزەلەوە هەر بە سەپانی لە قووڕی کردووی، هەر بە بێعورزەیی لە گڵ ڕاهاتووی. ئەگینا خەڵکی بۆ هەموو دەبێ ماڵ و حاڵی باشیان هەبێ و ئێمەش ڕوومەتمان بە شەپڵاغان گەش ڕاگرین. دەک پشتت شکێ بۆ ژیانێ بەرهەمت هێناوە. بۆو بەختە ناحەزەی خۆم دەگریێم و دەزانم تا قیامەتیش ئەمە بەشمانە. یا ڕەبی لەوە کەڕ و کاستر بی هۆمەر !"
گەلێک جار هۆمەر وای لێدەهات بڕیاری ڕۆیشتن بدات و سەری خۆی هەڵگرێت و ڕوو لە وڵاتی نادیاربکات. بەڵام کە بیری لە منداڵەکانی دەکردەوە قەڵەمی ئەژنۆی دەشکاو و دەتڵیسایەوە و دواتر کوێخا وتەنی:"وەکوودەستی کەر دەکەوتە عەرزێ".
خورشێ بە دەستی ڕاستی کەشەفەیێک و دوو چایی و قەندانەیێکی گڵی و بە دەستەکەی دیکەی دامێنی کراسە پڕ چینەکەی گرتبوو و هاتە لای: "هۆمەر خان ماندووش نەبی! چ دەبوو تۆش ناوت هۆمەر خان بووایە وخاوەن کوێخا و گزیر و گاوان و سەپان بوویتایە. ئەوجا بە جووتە و بە سواری ماینێکی تەقڵە دەچووینە بازارێ و بەبەر چاوی عالەمێ و لە بەر دووکانی سولەیمانە جووەی خشڵ فرۆش ڕاماندەگرت و دەچووینە ژوورێ دە دانە گۆبەرۆک وچوار دانە لاگیرە و پێنج دانە ژێر چەنە و شەپڵاغە و گوارە و پاوانە و سەر پشتێن و شتی دیکەم دەکڕی، ئەوسا دەبووم بە خورشیدەی تابان، ژنی هۆمەر خان و ڕەشیدی جاجان و خانەکەی خانان. هۆمەر خان لەگەڵ تۆمە کەڕ و کاس، دەڵێی بۆ دار و بەردی ئەم ناوە قسان دەکەم. ئەوە لە ئێوارەوە کە ڕاسپاردەکە هاتووەتە ئێرە ئیمانم نەچێ گۆڕاویت ولە هۆمەرەکەی جاران ناچی. دەبێ بۆنی دەوڵەمەندی و دراوت کردبێت. ڕەنگە لە بیری ئەوەدا بی کە پاداشەکەت وەربگریت و ئێمە تووڕ هەڵبدەیت و بچی ژنێکی دیکە مارە بکەیت. بۆیە دەڵێن: کورد هەر دەستی بە دەمی گەیشت و دراوی هەبوو چیتر بە هیوای مەبە، یان زەلامان دەکووژێت یان ژنی مارە دەکات...شەرتە بە شەرتی خوا ئەگەر پاداشەکەت وەربگریت و نەمبەی بۆ دووکانی سولەیمانە جووەی خشڵ فرۆش و بە دڵی خۆم ڕازیم نەکەی، وەکوو عوزارەشێتی باپیر ئاغا ئاور لە خۆم بەر دەدەم و ڕووسیای دنیا و قیامەتت دەکەم. جا جوان جوان ئاوێزەی گوێکانتی بکە وبیری خۆتی لێ هەڵپشکنە، هۆمەر خانی دارتاش! " دوایین قسەی بە دەم هەستانەوە کاتێك تەواو کرد کە ژیلەمۆیئاوێنەی ڕوخساری باوەشێن دەکرا و دەرگا دارەکەی ژوورەوەی بە دووای خۆیدا بە ڕقەوە بە یەکدادا. لە دەرەنجامیکارەکەیدا لە دەلاقەکەوە چاوێکی بە ناو ژوورەکە و منداڵەکانیدا خشکاندبوو. لە وێوێشەوە بە خورشێی وتبوو تا کۆتایی ڕێ و ڕەسمەکە و وەرگرتنی دوا شاییەکانی پاداشتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. خورشێش بە زەردە خەنەیێک ڕەزامەندی خۆی دەڕبڕیبوو.
... لەگەڵ سێ چوار کەسی ڕاسپاردەی قۆپچە زیوەکە لە چەقاندن و هەڵنانی دوا دارەکە بووبوەوە. کزەی شەماڵی شەوێکی مام ناوەندی خاکەلێوە، دوای ئارەق کردنەوەیێکی بێ وچان لەرزی دەخستە دڵیەوە. تەنیا و لە بوومەڵێڵدا و لە سەر تەپۆڵکەیێک ئەژنۆکانی لە باوەش نابوون و چەناگەی خستبووە سەریان و لە هەیبەت و باڵای بەرهەمەکەی خۆی دەڕوانی: "هۆمەر! ئەمجارەیان مێسلێ جارەکانی گوزەشتە نییە. تەواو خۆتی پێوە ماندە و خەستەبکە، دەبێ زۆر مەحکەم و سفت و قەوی دروستی بکەیت. سەری ئەم دەفعە بوزورگە هۆمەر، زۆر بوزۆرگە و زلە و پاداشیش زۆر چەورە، چەور!
غەڵبە غەڵبێک بە سواری شەماڵ گەنە مووەکانی گوێچکەی نەرم ئاژەن کرد و بە بێ خوڵق کردن خۆی دەکردە خانەخویێ مێشکی:
"کوڕینه سهیری بهژن و باڵام کهن، چ دارێکتان دیوه هێندهی من قیت و قۆز و رێکوپێک بێ؟ دار تاشهکهمان لهناو ههر سێکماندا منی کردووه به برا گهوره، برا گهورهیی له خۆوڕا نابێ. ئهرکی زۆرتری له سهر شانه.دهبێتهکۆڵهکهی ماڵهکه. نابینن من چۆن بوومهته کۆڵهکه بۆتان!"
"کوڕه، کهم فشهفشبگرەوە. لهوهتی ههڵنراوی یهک بین زمانت دهگهڕێ، دهڵێی ئاشه بووجاڕییهههڵدهسوڕێ. بهردهوام دهڵێی: بهژنم وایه، لاقم وایه و کلکم وایه. عهیبه پیاو باسی خۆی بکا، یهکێک له نیشانهکانی پیاوی گهوج و نهفام به خۆدا ههڵوتنه. له کۆنهوه وتوویانه: درێژ ئهقڵی له کۆشیدایه! "
"پیاوی چا بن دوو قسهی باش بکهن. داوهشێی برا چکۆله، ئهرێ ئهوورته ورتهت لێ چیه؟ کهم ڕژدو چاو چنۆک به برا، تاکوو ئێستا له ناو ئێمهدا، بێ حورمهتی به برا گهوره مان نهکراوه، گهوره و چکۆلهیی ههر ماوه.ڕاسته دهڵێن: پیاوی کورته باڵا و گولهکه شهو وڕۆژی حهوت جاران له عهبد هیچ، لهخوداش یاخی دهبێ!"
سەری هەڵبڕی. گوێی تیژ کرد. بێجگە ئەو سێ دارەی بەرهەمی چەند کاتژمێر هانکەهانک و ماندووبوونی بوو، کەسی دیکەی بەرچاو نەهات. تەزووێکی سارد ویبرەی خستە هەناویەوە. " تۆ بڵێی لەم جۆرە کاتانەدا دارەکانیش وە قسە بێن، بسم اللە... ! "
دنیا لە ڕوون بوونەوەدا بوو.سەرەتای پێو قەدەمی گزینگ لە ڕۆژهەڵات ڕا.
دەنگێک نەدەبیسترا بەڵام دەیوت: " کوڕینە دەزانن ئێمەش ناومان چووە ناو ناوانەوە؟!"
لە ماڵەوەش خورشێ لە جێ و بانەکەیدا خەونی بە ژێر چەنە و لاگیرە و پاوانەوە دەبینی...
شارۆچکەی هەتاو - نوور - مازندەران
17/3/1381