شیرین ئه‌مینی
" ئه‌وشۆ پڵاوی ده‌خۆیی"
حه‌شیمه‌تێكی زۆر ده‌وریان دابوو، زۆری گه‌رما بوو، لاقێكی ڕ‌اكێشا و گرێی لێچكه‌كه‌ی كرده‌وه و به قه‌راغی لێچكه‌كه‌ی خۆی فێنك كرده‌وه. نێوچاوانی ئاره‌قه‌ی كردبوو، ئاره‌قه‌ی پشت مل و قه‌راغ سینگی ئه‌ستڕێوه.
حه‌شیمه‌ته‌كه له بنه‌وه پرته‌یان ده‌هات و چاویان تێ بڕیبوو، گه‌رما و وه‌ڕه‌زی هێرشی بۆ هه‌موویان هێنابوو، له بن سێبه‌ری دووكانی حاجی هاشم دانیشتبوو، حه‌شیمه‌ته‌كه‌ش له ده‌وری ڕاوه‌ستابوون و وه‌كوو شتێكی سه‌یرییان دیتبێ چاویان لێ زه‌ق كردبوو.
بوخچه ڕه‌شه كۆنه‌كه‌ی كرده‌وه و یه‌ك دوو شتی سه‌یری لێ ده‌رهێنا، مله قه‌ڵه‌و و ڕه‌شه‌که‌ی هه‌ڵێنا و ده‌ستی ڕاستی له سه‌ر چۆكی دانا، له بنه‌وه پرته‌یه‌كی هات و دوایه‌ش به ده‌نگێكی زل كوتی: چییه؟ بواتان چاو زه‌ق كردووه... قه‌توو بنی ئاده‌م نه‌دیوه؟
له نێو حه‌شیمه‌ته‌كه‌دا ده‌نگێك هاته ده‌ر: نا وه‌ڵڵا... جوانی وه‌ك تۆ قه‌ت نه‌بووه و نییه.
جه‌ماعه‌ته‌كه یه‌كڕا لێیان دا له قاقا، پیرێژن ده‌ستێكی وه‌به‌ر كه‌له‌كه‌ی دا و كوتی: هه‌ر كه‌س پیاوی مه‌یدانه بێته پێش ده‌ا بڕۆن یاڵڵا... زۆرم حه‌وسه‌له نییه هه‌ر كه‌سیش قسه‌ی زل بكا به شه‌پان هه‌ڵی ده‌دێرم.
كوڕێكی كه‌ڵه‌گه‌ت و ڕه‌ش ئه‌سمه‌ر داهاته‌وه، چه‌ند تاڵه‌مووی سه‌ری كه هه‌ر بریقه‌ێان ده‌ات خزابوونه نێو چاوانی، به قامكی ده‌ستی موویه‌كانی لادا پشت سه‌ری و لێوی گه‌ست، هه‌ناسه‌یه‌كی خسته ده‌ر و خێرا ده‌ستی برده پێش پیرێژن، به ده‌سته زوور و قه‌ڵشاوه‌كانی ده‌ستی كوڕه‌ی گرت و چاوێكی له چاوی بڕی، پرته پرت و هات و هاوار ببوو به ساتێك بێده‌نگی، پیرێژن ده‌نگی هه‌ڵێنا و كوتی: خۆشت ده‌وێ؟!
كوڕه‌كه عاره‌قه‌ی كرد، له بن برۆ تێك هاڵاوه‌كانی چاوێكی له حه‌شیمه‌ته‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی بڕی و كوتی: نازانم... بۆ خۆت ده‌زانی!!!
یه‌كێك له هاواڵه‌كانی هه‌ڵی دا قسان و كوتی: ئه‌وشۆ ده‌چینه خوازبێنی، یه‌ك دوو كه‌سیش قاقایان كێشا به‌ڵام جه‌ماعه‌ته‌كه پێنه‌كه‌نین، پیرێژن ده‌ستی كوڕه‌ی به‌ردا و كوتی: هیچ... ده‌بێته فچ فچێن!!!، ئه‌وه‌ی كوت و پاڵی داوه، كوڕه‌كه برۆی تێك نا و ملی برده پێش و زۆر به سه‌یری كوتی: فچ فچێن؟!
پیرێژن ملی ڕاوه‌شاند و كوتی: هه‌رچی ئه‌وان كوتیان ئه‌نگۆ ده‌ڵێن فچ، هه‌رچیش ئه‌نگۆ كوتتان ئه‌وان ده‌ڵێن فچ!، هه‌موو لێیان دا له قاقا، جه‌وانه‌كه د‌دانه‌كانی لێك داگرت و لێوی خوارێی تووند گه‌ست، به تووڕه‌ییه‌وه هه‌ستا سه‌ر پێ و له بنه‌وه پرته‌یه‌كی هات و دووسه‌تمه‌نێكی شڕی بۆ فڕێ دا.
له قه‌راغ جه‌وانه‌كه كابرایه‌كی كورته باڵا داهاته‌وه و ده‌ستی برده پێشی و چاوێكی كڕیارانه‌ی له پیرێژن بڕی، لێوی لێك كرده‌وه، هه‌ر فیكه‌ی سمێڵی ده‌هات، كه‌لێنی ددانه ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی كه‌وته ده‌ر. پیرێژن به سیله‌ی چاوی تێی ڕوانی و چه‌پۆكێكی بۆ حه‌واڵه كرد و كوتی: زۆرت نه‌ماوه... ئه‌و ڕۆژانه ده‌مری... ئه‌تۆ فاڵت بۆ چییه؟
كابرا به قامكی ده‌ستی سه‌ری كه‌پۆی خوراند و پێچه‌که‌ی كه‌مێك لادا و كوتی: ئادی به سه‌ری تۆ... وا زوو نامرم نا...
پیرێژن پرته‌ی هات: ئادی به سه‌ری بابت.
گه‌رما هێرشی هێنابوو، پیرێژن دیسان به قه‌راغ لێچكه ڕه‌شه‌كه‌ی ملی ئه‌ستڕێوه، بوخچه‌كه‌ی خڕ كرده‌وه و سه‌ری ڕاوه‌شاند و كوتی: هه‌ر ده‌ڵێی له پشت كێ‌و و شتی وا ڕا هاتوون ... حه‌ك به قوڕێ گیرێ ئه‌و جێگایه‌ی پیاوی خوێڕی وه‌كوو ئه‌نگۆی لێیه. یه‌كێك پرته‌ی هات، پیرێژن ده‌ستی برده به‌ر كه‌له‌كه‌ی و لاقی خڕ كرده‌وه، نێو چاوانی ئاره‌قه‌ی كردبوو، به زمانی لێوه ئیشك و چرچه‌كانی ته‌ڕ كرد و كوتی: بابه بڕۆن ده‌وره‌م به‌ر ده‌ن... مردم له گه‌رمان...
كوڕێك كوتی: جا خۆ هه‌رچی كوتت درۆ بوو!
پیرێژن سه‌ری هه‌ڵێنا و چاوێكی له لای ده‌نگه‌كه بڕێ و خێچ بۆوه، هاواری كرد و كوتی: چوون هه‌مووتان درۆزنن... ئه‌گه پیاون و ڕاست ده‌كه‌ن مه‌رد و مه‌ردانه وه‌رنه پێش بزانن چۆنیان بۆ له بنی كوله‌كه‌ی ده‌ده‌م.
كابرا كورته باڵاكه داهاته‌وه و كوتی: ئه‌وه‌نێ ده‌ستم هێناوه‌ته پێ، پیرێژن به تووڕه‌یی ده‌ستی لێ برده پێش و كوتی: كوتم ئه‌وه‌ی پیاوه...
قاقا بڵیند بوو له نێو حه‌شیمه‌ته‌كه‌دا كچێكی سه‌ر قژنی ڕه‌ش و ڕووت ڕێی خۆی كرده‌وه و هاته پێش، چاوه‌كانی خێس كرد و كه‌پۆی هه‌ڵقرچاند، قابڵه‌مه‌یه‌کی خێچ و خواری له بن هه‌نگڵی نابوو به سه‌یری چاوی له به‌ر و بوخچه‌ی پیرێژنه‌كه بڕی.
قابڵه‌مه‌كه‌ی تووندتر له بن هه‌نگڵی قایم كرد و ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی برده پێش ده‌له‌رزی... ده‌نگ له كه‌س نه‌ده‌بزووت، كچه‌كه چاوه‌كانی له پیرێژن زه‌ق كرد و به ترسه‌وه تێی هه‌ڵڕوانی.
مێشێك هاته سه‌ر كه‌پۆی، به قۆڵی كراسه‌كه‌ی بن كه‌پۆی خاوێن كرده‌وه و لووشمه‌یه‌كی هات، پیرێژن به ئارامی چاوی تێبڕی، بێده‌نگ بوو، بێده‌نگتر له هه‌موو ساته‌كانی ته‌مه‌نی... ده‌ستی بۆ لای كچه‌كه درێژ كرد و بۆ لای خۆی ڕ‌اكێشا.
بزه‌یه‌كی هات و ده‌ستێكی به قژه زه‌رده‌كانی دا هێنا، چای له چاوه كاڵه‌كانی بڕێ، كچه‌كه دیسان قابڵه‌مه‌كه‌ی تووندتر له بن هه‌نگڵی قایم كرد و سه‌ری گه‌ڕانده‌وه له نێۆ حه‌شیمه‌ته‌كه‌دا له كه‌لێنێك ده‌گه‌ڕا چاو له‌و به‌ری شه‌قامه‌كه ببڕێ به‌ڵام له هیچ كوێ كه‌لێنێك نه‌ده‌دۆزراوه، پیرێژن مه‌ودای خه‌ێاڵی پساند، سه‌ری برده پێشێ و شتێكی له بن گوێ كچه‌كه كوت.
له ناكاو لێوه‌كانی به بزه‌یه‌كی شیرین لێك بوونه‌وه، خێرا هه‌ستا سه‌رپێ و هه‌ڵات و له نێو جه‌ماعه‌ته‌كه‌دا ڕێگای بۆ خۆی كرده‌وه، به سه‌یری تێ‌یان ڕوانی، له ناكاو گه‌ڕاوه و ده‌ستێكی له نێو گیرفانی پاتۆڵه كۆنه‌كه‌ی ناو پێنج سه‌تمه‌نێكی شه‌قی ده‌رهێنا و بۆ پیرێژنه‌كه‌ی فڕێ دا و كوتی: خه‌ریكن بوكی داده‌به‌زێنن!!!
ئه‌وه‌ی كوت و خێرا هه‌ڵات، ڕووبه‌ڕووی شه‌قامه‌كه پڕ بوو له حه‌شیمه‌ت كچ و كوڕ هه‌موو شۆخ و شه‌نگ به داوه‌ت و هه‌ڵپه‌ڕكێ به‌ره‌و پێشوازی بووك و زاوا ده‌چوون.
ده‌نگی ته‌پڵ و توزه‌له هه‌ر ده‌هات و بڵیندتر ده‌بوو، خێرا له نێو جه‌ماعه‌ته‌كه‌دا ڕێی خۆی كرده‌وه و چۆ نێو تالاره‌كه، بۆنی پڵاوی بۆ ده‌هات.