دایه‌گه‌وره
هانس کریستیه‌نئاندیرسێن
وه‌رگێر له ئینگلیسیه‌وه: حامید به‌هرامی
دایه‌گه‌وره زۆر پیره، روومه‌تی چرچ و قژی سپی بووه. به‌ڵام چاوه‌کانی وه‌ک دوو ئه‌ستێره‌ن، کاتێ ده‌ڕوانن بۆت، نه‌رمی و میهره‌بانیان لێ‌ده‌بارێ و بۆ کاره باشه‌که‌ت، هه‌ر به‌و نیگایانه، پێت ده‌ڵێن ئافه‌ره‌م.
کراسێکی ماقوڵانه‌ی هه‌ورێشمینی باشکۆی له‌به‌ردایه و به‌و گوڵه گه‌ورانه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی کراسه‌که نه‌خشێنراوه، کاتێ ده‌ڕوا له‌ڕێ، ده‌نگی خشه‌ی گه‌ڵا ده‌گاته گوێ. ئه‌و ده‌توانێ، سه‌ر سووڕهێنه‌رترین چیرۆک گێرێته‌وه.
دایه‌گه‌وره شتی زۆر ده‌زانێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ر له دایک و به‌ر له باوکم ژیاوه، ئه‌مه‌ش شتێکی زۆر روون و حاشاهه‌ڵنه‌گره.
دایه‌گه‌وره کتێبێکی پیرۆزی هه‌یه و قوڵفێکی گه‌وره‌ی زیوینی پێوه‌یه که زۆربه‌ی کاته‌کان ده‌ی‌خوێنێته‌وه و له نێوان په‌ڕه‌کانی کتێبه‌که‌دا گوڵێ رۆزی داناوه که پان بوه‌ته‌وه و وشک بووه. گوڵه‌که هێنده‌ی گوڵه رۆزه‌کانی نێو گوڵدانه شووشه‌ینه‌که دڵڕفێن نیه به‌ڵام ئه‌و هێشتا به بینینی، بزه‌یه‌کی زۆر شیرین ده‌ی‌گرێ و جوتێ فرمێسک له چاوه‌کانی ده‌کشێنه خوار. سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ، بۆچی دایه‌گه‌وره به‌م چه‌شنه، ده‌ڕوانێته ئه‌و گوڵه وشکه‌ی نێو ئه‌و کتێبه کۆنه؟ ئێوه ده‌زانن؟ بۆچی کاتێ فرمێسکه‌کانی دایه‌گه‌وره ده‌ڕژێنه سه‌ر رۆزه‌که و دڕوانێت بۆی رۆزه‌که ده‌گه‌شێته‌وه و هۆده‌که پڕ ده‌کات له بۆن و به‌رامه‌ی خۆشی خۆی؟
دیواره‌که له نێو ته‌م و مژدا گوم ده‌بێ و ده‌وروبه‌ری دارستانێ سه‌وزی زه‌به‌نگی پڕشکۆیه. له هاویندا تیشکی هه‌تاو و له نێو لق و پۆپی چڕوپڕی داره‌کانه‌وه ده‌رژێته خوار و دایه‌گه‌وره چلۆن جوان ده‌بێته‌وه و ده‌بێته کیژێکی دڵڕفێن، ته‌رچک وه‌ک رۆزه‌که، کوڵمی خڕ ده‌بێته‌وه و گۆنای داده‌گرسێ، زوڵفێکی ڕۆشن و گه‌ش و روومه‌تێکی سه‌رنج‌راکێش و دڵخۆاز، به‌ڵام چاوه، نه‌رم و به‌سۆز و پیرۆزه‌کانی هه‌ر وه‌ک جاران ماوه‌ته‌وه و نه‌گۆڕدراوه.
پیاوێ گه‌نج له‌لای داده‌نیشێ، که‌ڵه‌گه‌ت و چوارشانه، رۆزێکی پێ‌ده‌بخشێ و بزه‌یه‌ک له‌سه‌ر لێوی هه‌ڵ‌ده‌نیشێ.
دایه‌گه‌وره، ئێستا ناتوانێ وه‌ک جاران، پێبکه‌نێ. به‌ڵێ ئه‌و پێ‌ده‌که‌نێ به ده‌م بیره‌وه‌ری ئه‌و رۆژه‌وه و دونیایه خه‌یاڵ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رابردوو.
به‌ڵام ئه‌و پیاوه، گه‌نج و قۆزه ده‌ڕوات و رۆزه‌که‌ی نێوان کتێبه‌که ژاکاوه و دایه‌گه‌وره‌ش هێشتا له‌وێدا دانیشتوه و دیسانه‌وه‌ش پیره‌ژنێکه، سه‌ری داده‌خا و ده‌ڕوانێته رۆزه وشک بووه‌که‌ی نێوان کتێبه‌که.
ئێستا دایه‌گه‌وره مردوه. له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵیه بێشکه‌یه‌که‌ی دانیشتبوو چیرۆکێکی درێژ و خۆشی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه و کاتێ ده‌گه‌یشته ئاکام، ده‌ی‌گوت ماندوه. پاڵی ده‌دایه‌وه و سه‌ری ده‌خست به پشتا و تاوێ خه‌و ده‌ی برده‌وه. کاتێ ده‌خه‌وت ده‌مان توانی، هێور بوونه‌وه‌ی هه‌ناسه‌کانی ببیستین. هێدی هێدی، هه‌ناسه‌کانی هێمن و هێمن‌تر ده‌بوونه‌وه و بێ‌ده‌نگ ده‌بوو. روومه‌تی له شادمانی و ئارامی‌دا ئه‌دره‌وشایه‌وه وه‌کوو ئه‌وه‌ی له تیشکی هه‌تاودا وه‌برسیکه که‌وتبێ. دایه‌گه‌وره بۆ جارێکی‌دی، بزه‌یه‌ک ده‌ی‌گرێ. خه‌ڵکی ده‌ڵێن مردوه. ده‌ی‌خه‌نه نێو تابوتێکی ره‌ش و له نێو چینه سپیه‌کانی کفنه که‌تانیه‌که‌ی‌دا، جوان و دلۆڤان دێته به‌رچاو. هه‌رچه‌نده چاوه‌کانی به‌سراون به‌ڵام لۆچه‌کانی روومه‌تی ون بوو بوون. قژیشی سپی و زیوین خۆی پیشان ده‌دا. له‌سه‌ر لێوی بزه‌یه‌کی شیرین نه‌خشی به‌ستبوو. ئێمه‌ش هیچ جۆره هه‌ستی ترسێکمان به بینینی ته‌رمی پیرۆزی نه‌ده‌کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایه‌گه‌وره لامان زۆ خۆشه‌ویست و به‌سۆز بوو.
کتێبه پیرۆزه‌که‌ش که رۆزه‌که‌ی تێدا، بێ‌ده‌نگ دفن کرا بوو، خرایه ژێر سه‌ری. ئه‌مه‌ش ئاوات و وه‌سیه‌تی خۆی بوو. ئه‌وسا دایه‌گه‌وره‌یان به خاک سپارد.
ئه‌و قه‌بره به دیواری حه‌وشه‌ی کلیسا ده‌وری گیرابوو. ئه‌وان دار رۆزێکێان ناشتبوو که به‌زویی پڕ بووبوو له رۆز و بوڵبوڵه‌کان له نێو گوڵه‌کان‌دا ده‌نیشتنه‌وه و به‌سه‌ر قه‌بره‌که‌وه ئاوازیان ده‌چڕی. له ئۆرگی کلیساوه، مۆسیقا و ئاوازێ خۆش و ئاسمانی ده‌گه‌ییه گۆێ که له نووسراوه‌کانی ئه‌و کتێبه کۆنه‌ی ژێر سه‌ری، سازێنرابوو.
مانگ به سه‌راوردی قه‌بره‌که‌وه ده‌دره‌وشایه‌وه، به‌ڵام مردوه‌که له‌وێ نه‌بوو. هه‌ر منداڵێک ته‌نانه‌ت له شه‌ویش‌دا ده‌ی‌توانی بێ‌مه‌ترسی، پڕوات و له‌سه‌ر دیواری حه‌وشه‌ی کلیساکه‌وه، گوڵێکی رۆز له دار گوڵه‌که بچنێت. مردوه‌که له ئێمه که زیندوین زۆرتر ده‌زانێ. ئه‌وان ده‌زانن چه‌نده ترس ده‌مان کوژێ، ئه‌گه‌ر شتێکی ئاوه‌ها نامۆمان بۆ رووبدات و مردویه‌ک رووبه‌ڕوومان ببێته‌وه.
ئه‌وان له ئێمه بێ‌ده‌نگترن. مردو، جارێکی‌دی ناگه‌ڕێته‌وه. زه‌وین جم‌کوت بووه له تابوته‌که‌ی دایه‌گه‌وره و زه‌وی ته‌نیا جێگایه‌که تابوته‌که‌ی تێدا راده‌کێشرێ.
په‌ڕه‌کانی کتێبه پیرۆزه‌که، ته‌پ و تۆزاویه و رۆزه‌که‌ش به ته‌واو ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌وه، ورد بووه و ته‌پ و تۆز دای‌پۆشیوه. به‌ڵام له‌سه‌ر قه‌بره‌که‌وه، گوڵه رۆزێکی تازه پشکوتاوه، بوڵبوڵ ده‌خوێنێ و ده‌نگی ئۆرگ دێته گوێ و بیره‌وه‌ری دایه‌گه‌وره، به‌و چاوه پڕ سۆز و هێمنانیه‌وه، که هه‌موو کات جوان ده‌هاته به‌رچاو، هه‌ر زیندوه.
چاوه‌کان قه‌د نامرن. ئاواتی مه بۆ جارێ‌دی، بینینی دایه‌گه‌وره‌ی ئازیزه، جوان و رازاوه، هه‌ر وه‌ک ئه‌و کاته‌ی بۆ یه‌که‌م جار، گوڵه رۆزه ته‌رچکه‌که‌ی ماچ کرد که ئێستا له قه‌بره‌که‌ی‌دا ته‌پ و تۆز ده‌ی‌خوا.
1- سه‌نده‌ڵی بێشکه‌یی: سه‌نده‌ڵیه‌کی ره‌حه‌ته که له سه‌ری داده‌نیشن و ده‌جوێ. زۆرتر بۆ کاتی پشوو که‌ڵکی لێ‌وه‌رده‌گیرێ. ئه‌م وشه‌یه‌م (اصطلاح) بۆ ئه‌م جۆره سه‌نده‌ڵیه، به باشترم زانی و بۆ یه‌که‌مین جار به‌کارم هێنا. (و)
پێشتر ئه‌م بابه‌ته له حه‌وته‌نامه‌ی سیروان ژماره ۳۵۵ رێكه‌وت له گه‌ڵ ۷ی گه‌ڵارێزانی ۱۳۸۴ هه‌تاوی چاپ و بڵاو بوه‌ته‌وه.
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )