لەتێك هەنار
دەنگی مەلا حوسێن هەتا ئەو سەری دێ دەڕۆیی. تەقە تەقی مەجووعمەكان و هاتوهاواری مناڵان كۆڵانەكەی داگرتبوو. جەماعەت دە هاتوچۆ دابوون. منداڵەكان فیتوویان لێدەدا و تۆپەكەیان دەهاویشت بۆ هەواڵەكانی خۆیان. تەپوتۆز هەستا بوو هەوا. مینە دوورتر لە منداڵەكان لە قەراغ چۆمەكەی ئەو سەری كۆڵان لە بن دارە سێوەكەی جاران دانیشتبوو. هەر دووك لاقی نووشتاندبۆوە و سەری لە نێو لینگی نابوو. بە هەر دووك دەستان مستێكی خۆڵ هەڵگرت و لە نێو قامكەكانیدا رشتی خوارێ. دەستەكانی لە گیرفانی پانتۆڵە دڕاوەكەی نا و وێنەیەكی دەرهێنا و بە لێوی نا و ماچی كرد. چاوە رەشەكانی لە وێنەی هەنارە سوورەكە بڕی و چلكەیەكی هەڵگرت و لە سەر خۆڵەكە خەریكی رەسمكردنی هەنار بوو، لاقەكانی خڕ كردەوە و لووشمەیەكی هات. لێوی هەڵقرچاند و گووپەكانی پڕ كرد لە هەناسە و خستی دەرەوە هەر وا خەریكی سەیركردنی هەنارەكە لە سەر خۆڵ بوو كە تۆپە پەلاستیكێكەی منداڵەكان خلۆر بووە و كەوتە سەر هەنارەكە، قەڵس بوو و خێرا هەستا سەر پێ و بەردێكی گەورەی لە گیرفانی پالتۆ بۆرەكەی دەرهێنا. منداڵەكان دەستیان لە كەلەكەیان دابوو و چاویان لێدەكرد. كوڕە سەر تاشراوەكە قوڵە دارەكەی دەستی هەڵسووڕاند و كوتی: بە خودای بیهاوێی بەو دارەی شلوكوتت دەكەم.
دەستی بەرداوە و سەری داخست. بەردەكە شل بووە و كەوتە خوار. چاوی لە هەنارەكە كرد كە لەتێكی كەوتبوو بن تۆپی منداڵەكان. هەناسەیەكی هەڵكێشا. بە قۆڵی پاڵتۆ بۆرەكەی بن كەپۆی سڕیوە زاری داپچڕی: قەحبانە ... بۆ لە كۆڵم نابنەوە..
قەراغ زاری كەفی كردبوو. منداڵەكان لێیان دا لە قاقا. جیری پاتۆڵەكەی هەڵكێشابووە سەرێ و بەردێكی گەورەی هەڵگرتەوە و قیت بووە منداڵەكان هەموو هەڵاتن. رەپێیان نا. هانكە هانكی دەهات و دەیپرتاند. بەردەكەی هەڵێنا هەوا و هەویستی بیهاوێ كە دەنگی سیگناڵی ماشێنەكان و تەپڵ و تووزەلەی زەفتەكەیان جەماعەتی وەخۆ هێناوە.
هەموو رژانە كووچە و دەوری ماشێنی بووك و زاوایان دا. منداڵەكان لە قەراغ جەماعەت پاڵیان بە یەكەوە دەنا ودەیانقیژاند. دەسرەكان لە هەوای سەمایان دەكرد. كوڕ و كچ دەستیان دەكرد بە سەما و چەپڵەڕێزان. گەرمای دەستەكان و رمبەی لاقەكان حەرزی دەلەرزاندوە. وردە وردە بووك و زاوا لە نێو خەڵكەكە رێیان بۆ خۆیان كردەوە و چوونە حەسارێ. هەموو رژانە حەوشە و داوەتیان گرت. تیپی موسیقا دەنگی مەلا حوسێنی تێكەڵاوی ئاوازەكەی كردبوو. مینە لە پشت دەروازە كە لە سەر رەقی پشتی كرابووە بە حاستەمێك سەری بردە ژوورێ و چاوە تەڕەكانی لە تارا سوورەكەی هەنار بڕی.
شیرین ئهمینی ــ مههاباد
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )