ئاسمان ماخولیای "من"ێكە
تۆمەتی ژەنگاویبوون لە كەشتی و شاخی گا دەدا
[لانیكەم شك لە عەقڵی دەریا مەكە]
ئەوە عاقیبەتی ناخوایەكە دەماری بە جێگوڕكێی پەرچەمی سپی و سەخاوەتی ماسی نابزوێ
شتێك بڵێ؛
[مەسەلەن كاتێ شەیتان پێخۆر بە چاڵاوی پڕ لە پەپوولە ناكا بۆ "من"ەكانی پشت گوێچكەت جارێك خەوندیتن بە كەشتی بە واتای ڕاوی گۆی ماسی نییە]
دەریا ڕەختئاوێزی ئاسمانە و كاتژمێر عۆقدەی گشت كلیلەكانی زەمان
[یەكەم كەسی تاك كە بە پەرچەمی شەیتان ڕایكرد ناخواش لە گۆی ماسیدا نووست]
هەست بە ڕەختئاوێزبوونی "من" و ژن و تەعاڕوفی دەریا دەكەم[كە بە تەڕی، باری سەرشانی زەوییە]
[بە نەسیبی منیش نەبی یەكەم كەسی تاك بەپێچەوانەی عەقڕەبەكانی قوتبنەما ئۆقرە لە دەریا هەڵناگرێ]
شیمانەی سەمای كارمامز كە دەكەی بەر لە شەوی ماڵئاوایی دایرەش دەبێ بە گەڕۆكێكی خۆجێیی
[تا شەیتان
لە هەڵوێستێكی ڕۆخێنەردا زەوی ماچ كا هیچ كراسێك بە ڕەختاوێزبوە جێ نەهێنێ].
وێڕای ئەوەی مانگ دوگمەی بەرۆكی ئاسمانە یا ڕێنوێنی پەرچەم كەشتی گوێچكەی بە هیچ دزێك نابزوێ.
"من" نازانێ/ شتێك بڵێ؛/ هەر ئەوەندە! لاق لە سەمای كارمامز كە دەركێشم شەیتان هیج نیشتمانێك ماچ ناكا/
بە نەسیبی منیش نەبی ناخوا نەقشە ناسڕێتەوە تا مانگ لە گوێچكەی ماسیدا جۆغڕافیا بۆ جارێكیش بێ كوێر بكا
["من" قوتبنەمای دایرەیە و ڕوو لە هەر ناخوایەك بكا زەوی تاقەتی پەرچەمی سەر سنووری هەر دەمێنێ]
زەوی بۆ هەر لا بسووڕێ سنوور شككردنە لە عەقڵی دەریا...
بۆ ئەوەی "من" پیر نەبێ گشت كاتژمێرەكانی جیهان بدزە
[ئاسمان ماخولیای ئەلفێكە لە هەر چیەكدا تاوتوێكەی هەڵوێستێكە دە بەرژەوەندی ئاو و ئاماژە و كڵاودا]
شتێك بڵێ؛
مەسهلەن بڕوام بە مانگ نەماوە یا خۆر لە كەسێكدا خەوتووە تیتری شهوە
[كە پەرچەم و سنوور ویترین لە چاوتدا شەوێك خەوتووە شهفاعەت بۆ نیسێم ناكا / یا مانگ دەتكێتە سەر گۆنات... ئەرێ قوربان تۆ شینتر لە تاوانمی؟ / زستانانیش گەرمم كەوە بۆ هاڕمۆنی شەوانەی ژن كاتی بەشم لە ئاسمان / پەنجەرە هەر سنوورێكە / ئەگەر بە سەر قاڵییەكمدا خۆر بە پێخواسی پیاسە بكا من دڕدۆنگم لە لانیكەم تاكوو بڕوا / زەوی بۆ هەر لا بسووڕێ ماچ بە ڕەختاوێزەوە جێ ما /...]
عەبدولقادر نیازی ــ مههاباد