دێرتر له دێر
بەختەوەرترین مردووەکانی ئەم جیهانه بێدەرەتانه
به میچی ئاسمانی ئەم شارەوه هەڵواسراون
پێکەنینه ڕەنگ هەڵپڕووکاوەکانیش
له گیرفانی ژنێکدا قۆتماخەی بەستووه و
خۆڵەمێشی ئەسپەنەر سووتاوەکانی ڕۆژەکانی هەینی و
خەفەته تۆزاوییەکانی داوێنی کراسەكەی
تابڵوکانی شاری داپۆشاوه
له هەموو دێره بێنەهایەت خەت خەتیتەکانەوه
له بێنەهایەتی چاوەکانتەوه
بێنەهایەت حەز له خەڵوەتی پەنجیرەکاندا نووستون
چەنێ دێرتر له دێر ئەم هاتنه
ویستنمان کەر بووه
ئەو بەرماڵانەی وا
چۆلەکەکان لە سەری نوێژیان ئەخوێند
ڕوحیان نەماوه
لاشەی شەقامه لاڵەکان له هەموومان عاشقترن
چەنێ پیادەڕەوی بێپیاده و
چەنێ پیادەی بێپیادەڕەو قژەکانم ئاڵۆز و ڕوحم بێزار
لەم هەموو هاتنوچوونانەی
لەچکه ڕەشەکانی پەژاره لەسەر
هەموو تاقەته بێتاقەتیەکانم لا ئەبم و
ئەیفرۆشم به تۆفانی چاوەکانی با
هەر ئەڕۆم و سێبەرەکەم له خۆم درێژتر ئەبێ
ئاخرین بزەی مەرگیش
بەزەیی بەم تابۆته بێمردووەی لەشم ناکا
پێڵاوەکانیشم کەوتنه هەناسەبڕكێ
لەم ڕۆیشتنەدا چرکەی سەعاتەکەم
گرێ ئەدەم
به تریفەی مانگەوه
با شاره بێچراکانی ئەم ئاسمانه
له خەڵوەتی پەنجەره درۆزنەکاندا
دەرکەون.
لەیلا وەزیری ــ سنه