نمایش پست تنها
  #517  
قدیمی 02-26-2015
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض

شەریف حسەین پەناهی

هەڵاڵە

دەوڵ و زوڕنایە، چەپڵە ڕێزانە
بەزمی شادی و چۆپی کێشانە


بەرگی ڕەنگاوڕەنگ کیژی سەربانان
دەکێشێ نیگای لاوی کۆڵانان


ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ
دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەو پەڕ دێ


لە نێو کیژانا تەنیا هەڵاڵە
دڵی خەمینە و لە سووچی ماڵە


ئاخر دیاری یاری بێوەفای
دەستەی چنوورە، ماوەتەوە لای


یادگارێکە یاری پێی داوە
ئێستا بێڕەنگە و بۆنی نەماوە


هەڵاڵە دەڕوا بۆ خەیاڵی دوور
ئەڕوانێ جار جار بۆ چەپکەی چنوور


دەنگی زەماوەن ئەتۆم دێتە گوێ
کوانێ پەیمانت، کوانێ وا لە کوێ؟


قەولی ئەم ڕۆژی سەما و شادییە
بە منت دابوو لە بیرت نییە؟!


دڵم گوڵێ بوو بۆ چیت هەڵوەراند؟!
بۆچی ئاوێنەی ئەوینت شکاند؟!


کوانێ مەیلەکەی جاری جارانت
کوانێ هاتوچۆ و ئیشارەکانت


کوانێ ڕاوەستان، سەر ڕێگای کانی؟
کوانێ سێوی سوور، کوانێ گۆرانی؟


گیانی شیرینم، دڵت شکاندم
دڵت شکاندم، دڵت شکاندم


جارجارێ فرمێسک لە چاوی سوورا
ئەبارێتە سەر چەپکەی چنوورا


ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ
دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەوپەڕ دێ


هەڵاڵە وا بیر ئەکاتەوە
دەفتەری ژینی هەڵئەداتەوە:


سوێندم بە سۆزی دڵی ئەسیرم
تا ساتێ ماوم هەر وای لە بیرم


ئەو ساتە لاشەم سەرد ئەبێتەوە
چرای ژیانم ئەکوژێتەوە


ئاخرین قسەم هەر ناوی تۆیە
هەر چاوەکانم پڕ ئاوی تۆیە


دڵم گوڵێ بوو بۆچیت هەڵوەراند؟!
بۆچی ئاوێنەی ئەوینت شکاند؟!


تۆ دەوڵەمەند و من کیژی نەدار
بەغەیری وەفا چی هەیە هەژار؟


خونچەی دڵی خۆم هێنا و دام بە تۆ
بەڵام وتەی تۆ هەموویان درۆ


جارجارێ فرمێسک لە چاوی سوورا
ئەبارێنە سەر چەپکەی چنوورا


دایکی لە داخی کچ، بێخەبەرە
بانگی لێ دەکا لەو بەر پەنجەرە:


هەڵاڵە وەرە هەڵاڵە وەرە
کیژە جوانەکەم تاوێ هەڵپەڕە


دایکی نەیبینی فرمێسکی چاوی
زولفی شێواوی دڵی شکاوی


ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ
دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەوپەڕ دێ


تەنیا

خانووی سەردم کش و مات
بۆنی بێدەنگی ئەدات
لە شوێنی پیری ڕێبوار
چاوم بڕیوە دیوار

جارێ هەتا ماوەی دێر
گوێ دەگرم بۆ کاتژمێر

هاتوچۆی عەقرەبەکان
وەک ڕێبوارانی زەمان

یەکێ گورج و یەک هێمن
ڕێگای عومرم دەپێون

بە ناوەدڵ ئەمەوێ
بەڵکوو دەردێ بسرەوێ

پەنا بەمە پێنووسم
بیرەکانم بنووسم

من کێم و لە کوێم و چیم؟!
تا کەی و بۆچی دەژیم؟!

جارێ قاقای پێکەنین
بە دنیا و ئاسمان و ژین

جارێکیش بۆغزی گریان
بۆ ماوەی خۆ خەڵەتان

خەمبار و بێدەنگ و باس
خەیاڵاوی و کەساس

هیچ ئاهەنگێ نایێتە گوێ
بەحری بێدەنگی بشکێ

خانووی سەردم کش و مات
بۆنی بێدەنگی ئەدات
***


ئامانجی قەڵەم

ئامانجی وایە پێنووسی دەستم
وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم



تاقەی مرواری هەر چەندە جوانە
بووکی بە نرخی نێو گەوهەرانە



بەڵام ئەو کاتەی کۆ بکرێتەوە
لە سەر شریتێ بهۆنرێتەوە



ئەو ساتە جوانە و جوانتر دەنوێنێ
تاکوو بە تەنیا لە لای بمێنێ
***
زمانی کوردیش ئەو گەوهەرەیە
کە دیاری بەرزی مێژووی ئێمەیە



وشەی جوان جوانی نێو کوردەواری
جوانتر لە زێڕ و لەعل و مرواری



کاتێ بە شێوەی جوانی هۆنراوە
کرایە بەستە و شێعر و هۆنراوە



چاکتر دەنوێنێ و هەر لە بەر چاوە
هەرگیز ون نابێ و ناخرێتە لاوە



ئامانجی وایە پێنووسی دەستم
وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم


ژار

له داخی مەینەتی دەوران، دڵم پــڕ ئاوره ساقی
له ژاری تاڵی ژین دیسان پیاڵەی دڵ پـڕه ساقی



وەره ئەمشەو وەكوو هەرشەو، وەره ساقی دڵم خوێنه!
هـەتـاكـوو دێتـه چـاوم خـەو، حـەرامـەشـەربـەتان بێـنه!



دڵم زووخاوی لێ دەڕژێ، دەسا هەسته! بكه مەسـتم!
شـەرابی كۆن له جامی نوێ، بەخوڕ تێكه، بده دەسـتم!



كـەوا كون‌كون بـووه جـەرگم، له جـەوری ماتەمی دنیـا
هەتاكوو سەردەمی مەرگم، وەره هەر تۆم دەوێ تەنیا



هەناسەی سەردی پـڕداخم دەمێكه گرتوویه ناخم
شەرابی تۆیه دەیشۆرێ؛ پەژارەی ژینی پـڕئاخم


یادێ

بولبولی بەندی قەفەس پەروەردەی ئەو کێوانەیە
بۆیە تا ئاخر نەفەس هەر وا بە تاسەی لانەیە


باڵی ئازادی ئەسووتێنین و دانەی پێ ئەدەین
نەک ژیانی ئەو مەلە، تەنیا بە ئاو و دانەیە



شینی هێلانەی دەکا، ئەگریت و سەربەستی دەوێ
بانگ و ئازادی قەفەس، ئەو شیوەن و گریانەیە



سووچی بەندی بۆ دەڕازێنینەوە بێخەم بژی
کەی نیشانەی ژینی بێخەم، زیوەری کاشانەیە؟!



تێدەکۆشێ هەڵفڕێ، بەندی قەفەس بۆی ناچڕێ
ئاخرین ئاواتی بەرزی دیتنی هێلانەیە



نە‌غمە سەردانی کە وا پاراوی هەستی گەل دەکا
شینی بێ فرمێسکی ئەو باڵندە بەستەزمانەیە



سووچی بەندیخانە وایە هەر کە ئازادی دەوێ
بەرهەمی کاتی خەمی، ئەو نەغمە بەرز و جوانەیە



«‌قانع»م دێنێتەوە بیر ئاوازی باڵەندەی قەفەس
قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە



دیل


وەکوو ئاوی بنی گۆمێ کە جێمابێ لە ڕووبارێ
وەکوو بەردی سەری شاخێ کە دانرابێ لە دیوارێ



وەکوو کاتێ گەڵای زەردێ دەسی بەربێ لە سەر دارێ
دڵم تەنگە لە تەنیایی نە هاوڕازێ نە خەمخوارێ



من ئەو بەردەی گرفتارم، کە دیلی چینی دیوارم
من ئەو ئاوەی بنی گۆمم کە جێماوم لە ڕووبارم



گەڵای زەردم، مەلێ پیرم، من دڵداری زنجیرم
لە بیرم دێ کە سی ساڵە لە بەندیخانە یەخسیرم



لە تاریکی ژیانم دا لە سووچی سەردی زیندانا
بە مۆرەی بەردی ناکامی بە جارێ عومری خۆم دانا



بەڵێ ئەو ساتە لاوێ بووم وەلێ ئێستا وەها پیرم
هەیە جارێ بەسەرهاتی خەمینی خۆم نییە بیرم



قەرەوڵ دێت و ڕادەبرێ، شەوانی عومرم ئەژمێرێ
شەوێکیش وا منی دیل، بە دەستی مردن ئەسپێرێ



__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید