گفتوگۆی بێ کەس لەگەڵ زەمانه
بێ کەس:
ئەی زەمانەی بێ وەفا تا کەی لەگەڵما خائینی
دائیمەن تاڕێک و چەوت و عەکسی ئامالی منی
موددەتێ لای خۆت له گەڵما وەک برا بوویت ئەی زەمان
حاڵی حازر لێم بەری بووی، ناحەز وهەم دوژمنی
وەڵامی زەمانە بۆ بێ کەس:
فایقا تۆ بۆچ ئەناڵی ، بەسیە ئیتر قیژه---قیژ
من وەفام بۆ کەس بووە وا تۆ خەریکی شیوەنی؟
سەد هەزار پیاوی نەجیبم خستە ژێر باری جەفا
چەند هەزار پیاوی بەسەروەت مایەوه خۆی و ...
بێ کەس:
ئەو کەسانەی تۆ ئەڵێی ، هێشتا لە بێ کەس چاترن
چونکە ژینی ئەو جەفایه ، زەهری مارە خواردنی
پێم بڵێ تۆ بۆچی دەرحەق ئەوکەسانەی عاقڵن
ئەژدیهایت و ، بۆ ئەوانەی جاهیلن هەروەک ژنی؟
زەمانه :
ڕۆڵە تۆ جارێ مناڵی، شارەزای دنیا نەبووی
سەیری تەئریخ کە ئەزانی گەر لە سیلکی خوێندنی
شا(صلاح الدین) و (دارا) ، خاوەنی باخی ئیرەم
جوملە فەوتان، بوونە خۆڵ و تۆ لە حاڵی نووستنی!
زەڕڕیەک فەرقی ئەم و ئەو قەتعی یەن لای من نی یه
بەسیه تەحقیر کردنم ، تۆ تالیبی شەڕ کردنی!!!
بێ کەس:
لێت مو حەققەق بێ زەمانە، عالەمێ لێت عاجزە!!
بێ وەفای، بێ مروەتی، هەم سەرسەری و پیس و دەنی
تاقەت و مەیل و بەقای تۆ بۆ کەسێ تا سەر نەبوو
هەردەمێ یاری یەکێکی ، لایقی زەم کردنی...