ئەی مانگ
ئەی مانگ من و تۆ هەردو هاو دەردین
هەردو گروفتار یەک ئاهى سەردین
تۆ ویڵ و رەنگ زەرد بە ئاسمانەوه
منیش دەربەدەر بە شارانەوه
دەخیلتم ئەی مانگ قیبلەی دڵداران
دەرمانی دەردی دڵەی بیماران
شەوێکە ئەمشەو بگەرە فریام
بێ یارو هاودەم عاجزو تەنیام
دڵزارو بێزار پەست و غەمگینم
گیرۆدەی داوی یاری شیرینم
دڵبەندی عەشقی ئەو بەڵەک چاوەم
شێت و شەیدای ئەو ئەگریجه خاوەم
لەو ساوە ئەوم کەوتۆتە خەیاڵ
گریانە پیشەم بوومە کۆی زوخاڵ
ئەی مانگ تۆ شوعلەی عەشقی پیرۆزی
تۆ نەشئە بەخشی دڵی بەسۆزی
من سوێندت ئەدەم بە عیشق و جوانی
بە نەسیمەکەی بەری بەیانی
بەسەرهاتی خۆت بۆ من بەیان که
دەردی گرانم نەختێ ئاسان که
دوچاری چی بووی وا پەشێواوی؟
لەبەر چی پەست و مات و داماوی؟
پێم بڵێ توخوا چەند جووانت دی؟
چەند جووتە یاری دەس لە ملانت دی؟
چەند کۆڕی بەزمی عاشقانت دی؟
چەند تەخت و بەخت و خان و مانت دی؟
چەند قەهرەمان و چەند سوڵتا نت دی؟
چەند قەوم و میللەت، چەند شارانت دی؟
چەند شەڕو شۆڕی بێ ئامانت دی؟
چەند بۆردومانی کوردستانت دی؟
چەند کفنی ئاڵی شەهیدانت دی؟
چەند بێ کەسانی پەرێشانت دی؟
چەند دەربەدەرو ماڵ وێرانت دی؟
چەند چاوی سوور ی پڕ گریانت دی؟
ئەی مانگ ئەوەندە سەیری دنیات کرد
سەیری نیفاق و زوڵم و ڕیات کرد
بۆیە بەم ڕەنگە کاری لێ کردی
ڕەنگ و شوعووری بەجارێ بردی...