چه‌پكێک شێعری چاوه
فاتیح شێخولئیسلامی
بووكی كۆست كه‌وتوو
< ناته‌واو >
سروه‌ی به‌ربه‌یان
كاتێک خه‌ڵكی دێ
تاقه تاقه‌یێ
له خه‌و هه‌ڵئه‌سان
ته‌ماشایان كرد دارێک ڕواوه
دارێک به‌رز و وڕ
بێ خونچه و گه‌ڵا
بێ هه‌ژگ و هه‌ڵا
به ناموباره‌ک
به‌ری هێناوه
له‌شێک سارد و سڕ
«» «» «» «»
لێی كۆ بوونه‌وه
یه‌ک یه‌ک و دوو دوو
زیز و بێ ده‌ماخ
سینگی له ترسی دوژمن دامردوو
جماوجم له ئاخ
چاوی نه‌خه‌وتوو
لێوان له فرمێسک
فرمێسكی خاوێن
- كه ورشه‌ی نێزه‌ی سه‌ربازی به‌د ئێسک
ڕێی پێ نه‌ئه‌دا
بڕژێته داوێن -
دڵی خه‌مگرتوو
پڕ له شه‌رت و سوێند
له گه‌ڵ ئاهه‌نگی سروه‌ی به‌ربه‌یان
سروودیان ئه‌خوێند
.......................
.......................
له پڕ تاپۆیه‌ک
ده‌ركه‌وت له ئاسۆی ته‌مگرتووی دێوه
ماندوو و پێخاوس
له دنیا وه‌ڕه‌س
شپرزه و شه‌مزاو له په‌نای ڕێوه
داوێنی سووری له دوو كێش ئه‌كرد
یه‌خسیری به‌ندی خه‌م و په‌ژاره
به عاسته‌م هاته عاستی سێداره
به‌ڵام له‌وێدا ئه‌ویش كه‌وت و مرد.
«» «» «» «»
كێ بوو ئه‌و كیژه
بووكی كۆست كه‌وتوو
كه هه‌ڵوه‌ریبوو
به سه‌ر داره‌وه خونچه‌ی ئاواتی
ئه‌ویش له ده‌س چوو
تارای په‌مه‌یی
- داخی داخانم -
كه‌وت به میراتی.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1340 (1961)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
لووتكه‌ی ئامانج
< ناته‌واو >
شه‌و بوو
شه‌وێكی تاڵ و ڕه‌ش
وه‌ک ده‌روونی دێ‌و و درنج
یا وه‌ک چاره‌ی نه‌نووسراوی كوردی بێ به‌ش
شه‌وێكی بێ ترووسكایی
كه تاریكی
له‌م ئاسۆ تا ئه‌و ئاسۆ بوو
نه زه‌رده‌خه‌نه‌ی ئه‌ستێره به‌ر چاو ئه‌كه‌وت
نه ڕیزه هه‌ڵپه‌ڕكێی "كۆ" بوو
نه بزه‌ی مات و خه‌مگینی حه‌وته‌وانان.
«» «» «» «»
شه‌و بوو
وه‌ها له په‌نجه‌ی پڕ هێزی دا ئه‌یگووشیم
ساتێ سه‌د جار
ئاواتم ئه‌خواست به گۆڕه‌وشار
.......................
.......................
زیخه‌ڵانی به‌ربڵاوی ژینم ئه‌بڕی
هه‌ر له په‌ساش
به ده‌ستی توێخ پێوه نه‌ماو
ئاره‌قی ته‌وێڵم ئه‌سڕی
چه‌ن هه‌ورازم كرده نشێو
چه‌ن خۆم به شاخ و داخا دا
به‌ڵكوو بگه‌مه لووتكه‌ی كێ‌و
چه‌ن جار به كۆڵێک زامه‌وه
چوومه شه‌رای مه‌رگ و دیسان گه‌ڕامه‌وه
.......................
تاكوو له پڕ
پڕیشكی ئه‌ستێره‌ی به‌یان
په‌رده‌ی ڕه‌شی شه‌وی تا خوارێ دادڕی
تاوێكی زۆری پێ نه‌چوو
تاویش هه‌ڵات
پڕ نه‌شئه‌تر له سه‌د باده‌ی كه‌لله‌ته‌زێن
ناوچاوی گرژی شاخه‌كانی كرده‌وه
به ماچێكی تاسه‌شكێن
«» «» «» «»
منیش له سێبه‌ری لووتكه‌ی ئامانجم دا
تاوێک نووستم
كاتێک كه چاوم هه‌ڵبڕی
ئه‌وا تۆ بووی له سه‌رینم
ئه‌ی نۆبووكی جوانی ئاواتی شیرینم
سه‌رمت گرتبووه سه‌ر باسک
به ده‌ست و په‌نجۆڵه‌ی ناسک
ئاره‌قی ته‌وێڵمت ئه‌سڕی
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
تاران - 1340 (1961)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
ئاخۆ ئاخۆ!
< ناته‌واو >
.......................
ئاخۆ كه‌ی ئه‌بێ ده‌س له ئه‌ستۆ كه‌ین؟
له دڵ مه‌ینه‌تی چه‌ن ساڵه ڕۆ كه‌ین؟
ئاخۆ كه‌ی ئه‌بێ بگه‌ینه ئا‌وات؟
ئاخۆ كه‌ی ته‌ركی ئاخۆ ئاخۆ كه‌ین؟
.......................
.......................
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1341 ؟ (1962)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
شه‌مه‌ننه‌فه‌ر
< ناته‌واو >
درێژ درێژ شه‌مه‌ننه‌فه‌ر
دایپۆشیوه ڕه‌یلی بێ سه‌ر
كون كون لاشه‌ی شووش و باریک
به په‌نجه‌ره‌ی نزیک نزیک
ئه‌ڵێی نێ ئاشی ڕووخاوه
مه‌ل هێلانه‌ی لێ داناوه*
.......................
.......................
له سه‌ر سه‌كۆی به‌ڕێكه‌ران
مۆنج ئه‌خوا ده‌ریای بێكه‌ران
هه‌ر كونجه و هه‌ر كه‌له‌به‌ره
جێگای دڵدار و دڵبه‌ره
ده‌سته‌وملی خواحافیزین
هه‌لخوازی ماچێكی دزین.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1341 ؟ (1962)
--------------------------------------------------------------------------------
*: ڕه‌مزی سه‌رده‌می هاتنی "ئاشه‌مه‌كینه" و فه‌وتانی ئاشی ئاوی.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
گژه‌با
< ناته‌واو>
ئه‌ی گژه‌با گژه‌بای دڕ
هاوڕێی زستانی سارد و سڕ
ئه‌ی خۆبه‌خۆ دوژمن به خۆشی و ئاسایشت
نه‌ک هه‌ر بۆ ته‌نیا من بۆ گشت
ئه‌ی گژه‌با گژه‌بای دڕ
باش ئه‌تناسم باش ئه‌زانم
كه ڕووت كرده دارستانی تاریک و چڕ
هێلانه‌ی هه‌زاران هه‌زار
بێچووه مه‌لی كزی هه‌ژار
ئه‌شووخێنی
دایک و بابیان له دارستان ئه‌ته‌رێنی
به چنگووڕی بێ به‌زه‌یی
خونچه و گه‌ڵا ئه‌وه‌رێنی
.......................
ئه‌ی گژه‌با گژه‌بای دڕ
جل و به‌رگت لێ كردم شڕ
چرای د‌سمت كوژانده‌وه
به ته‌پ و تۆز
چاوت پڕ كردم له گرێ
به‌ڵام ئه‌مانه هیچكامی
ناتوانێ ڕێگام لێ گرێ
.......................
.......................
ناتوانی ڕێگام لێ ون كه‌ی
ناتوانی قه‌ڵای تاقه‌تم سه‌ره‌وبن كه‌ی
.......................
ئه‌ی گژه‌با گژه‌بای دڕ
له سه‌ر ڕێگام لاده سمڕ
سوێندم به تیشكی ڕزگاری
سوێندم به ئه‌ستێره‌ی ئا‌وات
سوێندم به سروه‌ی به‌هاری
ناتوانی ڕێگام لێ ون كه‌ی
ناتوانی قه‌ڵای تاقه‌تم سه‌ره‌وبن كه‌ی
.......................
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1341 (1962)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
خۆزگه‌ی منداڵی
< ناته‌واو >
تا دوێنێ بوو ئاسووده بووم منداڵ بووم
له باخچه‌ی ژین نه‌مامی كرچ و كاڵ بووم
گوڵ بووم پێ ئه‌كه‌نیم به ده‌م دونیاوه
هاوچریكه‌ی بولبول بووم تاوه تاوه
په‌پووله بووم ئه‌سووڕام ئه‌م باخ ئه‌و باخ
شه‌وان گه‌ڵای شه‌وبۆم ئه‌كرده قۆناخ
به‌یان ورشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ئاسۆ بووم
ئێوارانه كه‌روێشكه‌ی گه‌نم و جۆ بووم
.......................
.......................
به‌ڵام ئێستا؟ كێ بێ له خۆم كوڵۆڵتر؟
كام گۆڕی داڕزیو له گیانم چۆڵتر؟
كێ عومری وه‌ک عومرم سكه‌ی به‌تاڵه؟
ڕوحی سزاكێشی هه‌زار خه‌یاڵه؟
ئێستا له پاش هێنده هومێده‌واری،
هێنده داماوی و سه‌ركزی و هه‌ژاری،
هیوای دوورم وایه، شه‌وێكه و ئیمشه‌و،
پێڵووی چاوم داپۆشێ په‌نجۆڵه‌ی خه‌و!
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
زستانی 1342 (1963)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
شه‌و
شه‌وم برده سه‌ر به ئاواتی خه‌و
خه‌و نه‌بوو له‌به‌ر خه‌یاڵاتی شه‌و
تاریكیی شه‌وان خه‌یاڵ ئه‌هێنێ
درێژیی خه‌یاڵ خه‌و ئه‌ڕه‌وێنێ
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1342 (1963)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
زستان
سێ چوار ڕۆژێک به بێ وچان
كولوو كولوو به‌فر باری
هه‌موو وڵات
ساماڵسا بوو به یه‌كجاری
ئاسمانی ڕه‌ش
تاوێک نه‌یئه‌ترووكاند چاوێک
به‌فر باری، به‌فر باری
بستێک، ئه‌ژنۆیه‌ک، ناوقه‌دێک، باڵاپیاوێک
«» «» «» «»
له‌م لاو ئه‌و لای دێیه‌كه‌وه
په‌سا په‌سا ماڵ ئه‌ڕووخا
هێلانه‌ی هه‌ژار ئه‌شووخا
نا! نا! ئیتر پێی ناڵێم ماڵ:
گۆڕی گشتیی ژن و منداڵ!
«» «» «» «»
چه‌ن ڕۆژێک بوو
باوكی نازدار
چووبوو بۆ شار
چووبوو جلی بۆ بستێنێ:
كراسی جا‌و
سه‌ڵته‌ی به‌ر و پشت به‌لاشه،
"نازداری خۆم پێی داپۆشێ ڕووتیی لاشه"
ئێواره‌یه‌ک
چه‌ن تارمایی
ته‌رمێک له كۆڵ
ئه‌یانشكاند به‌فر و سه‌هۆڵ
ملیان ئه‌نا بۆ ئاوایی
ته‌رمی كێ بوو؟
ته‌رمی كێ بوو؟
ته‌رمی ڕه‌قبووی باوكی نازدار
هه‌ی قوڕ به سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژار!
«» «» «» «»
ماڵێک لاڕووخاو
دڵێک پڕ زووخاو
ژینێكی په‌ڕپووت
نازدارێكی ڕووت
به میرات مابوو
بۆ دایكی نازدار:
مه‌گری مه‌گری نازداره‌كه‌م، ده مه‌گری به‌سه
هه‌ر ئێمه نین، خه‌ڵكی هه‌ژار هه‌مووی بێكه‌سه
مه‌گری، مه‌گری، نازداره‌كه‌م بخه‌وی باشه
فریشته‌ی خه‌و بۆی دووریوی سه‌ڵته‌ی به‌لاشه
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
(زستانی 1342 (1963) به‌فرێكی قورس باریبوو، خه‌سارێكی زۆری له خه‌ڵكی هه‌ژار دابوو)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
له پشت عه‌كسێک بۆ یۆسف هه‌ورامی:
ئه‌و ڕۆژانه‌ی له گه‌ڵ منا
تازه ئه‌بووی به ئاشنا
هه‌ردووكمان به خۆشی و شادی
چاوه‌ڕوان بووین بۆ ئازادی
خۆزگامه تا ئه‌م جاره‌وه
كڵاو ئه‌نێین به لاره‌وه
ئه‌و لێوه‌ی وا ئێستا كزه
ئه‌وسا پڕ ئه‌بێ له بزه.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
زستانی 1342 (1963)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
شه‌وه
په‌سا په‌سا په‌ره‌گر بوو
شه‌وی كڕی لاسار
نه‌ما شنه‌ی شه‌وبا
نه‌وی بوو چه‌سپی زه‌وی بوو
له سامی شه‌و پاسار
به سیحری تاریكی
هه‌بوو، نه‌بوو یه‌ک بوو
نه‌ما نیشانه‌ی بوون
نه‌ما نیشانه‌ی من
له‌شم توایه ده‌روونی شه‌وێكی بێ ڕۆچن
په‌سا په‌سا په‌ره‌گر بوو
به‌ره‌و فه‌زای بێ بن
به‌ره‌و فه‌زای بێ بن
«» «» «» «»
به چاو و گوێ
په‌له‌قاژه‌ی شعووری بوونم بوو
سه‌رنجی چاوی به هه‌ڵپه‌م
شه‌وی سمی
له هه‌موو لاوه
بۆ ترووسكایی
به له‌ز بوو گیانی به سوێ
دڵی به خورپه له بن گوێ
وه گوێ به وریایی
به كوڵ مه‌ڵاسی جریوه‌ی ژیان
به‌ڵام هه‌یهات!
مه‌لوولی كردم شه‌و
مه‌لوولی كردم شه‌وگار
عه‌زابی دامێ شه‌وی بێ ڕه‌زا
به گۆڕه‌وشار
«» «» «» «»
كه‌چی له دوورترین ناخی ئه‌م شه‌وا
ناكاو
به نه‌رمه ئاهه‌نگێ
درنگ درنگ ده‌نگێ
وه‌كوو پته‌ی سه‌ر ئاو
شه‌پۆلی خسته ده‌روون
له گوێم ته‌نینی له گوێن هه‌ڵقوڵینی كانی بوو
ته‌نینه‌وه‌ی وه‌كوو بۆنی هه‌ڵاڵه ئانی بوو
شنه‌ی بڵاوێنی
دنه‌ی ئه‌دا به خه‌یاڵ:
هه‌را هه‌رای نووحه،
گه‌می ئه‌خوڵقێنێ
كه دێوی زاڵمی شه‌و
هه‌ڤاڵه‌كانی به لافاوی ڕه‌ش نه‌خنكێنێ؟
به‌یاخی كاوه‌یه ئاخۆ
به ڕه‌مزی فه‌تحی به‌یانی
له جه‌رگی شه‌و ئه‌چه‌قێ؟
مه‌لی به‌یانه له شه‌و زیزه بێ وچان و هه‌دا
ده‌نووكی سه‌ختی له په‌رژینی قایمی شه‌و ئه‌دا؟
وه یا ته‌ور به ده‌سێكه
له دارستانی چڕی شه‌و
خه‌ریكه تێئه‌په‌ڕێ
ڕوو له شاری ڕووناكی؟
«» «» «» «»
ئه‌هات، ئه‌هات، ئه‌هات
ئه‌هات و شه‌و شه‌ق ئه‌بوو
شعووری گه‌رمی هه‌بوون
به گیانما ئه‌گه‌ڕا
جێ به سامی شه‌و له‌ق ئه‌بوو
ئه‌هات، ئه‌هات، ئه‌هات
ئه‌هات و گه‌وره ئه‌بوو
گه‌وره‌تر ئه‌بوو
هه‌یهات!
له سامی شه‌و كڕ بووم
له سامی ده‌نگ پڕ بووم
دڵم كولاوه به زرمه‌ی هه‌ناسه‌تاسێنی
ئه‌هات و گه‌وره ئه‌بوو
گه‌وره‌تر ئه‌بوو
هه‌یهات!
شه‌قژنی تاڵی وه‌كوو مه‌رگی ناگه‌هانی بوو
ته‌نینه‌وه‌ی وه‌كوو ژه‌هری هه‌لاهه‌ل ئانی بوو
هه‌رای ده‌روونئاخن
په‌سا په‌سا په‌ره‌گر بوو
وه‌كوو شه‌وی لاسار
په‌سا په‌سا پشووبڕ بوو
عه‌زابی گۆڕه‌وشار
وه‌رن وه‌رن هاوار!
وه‌رن وه‌رن شه‌وه گرتوومی
بمگه‌نێ
هاوار!
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1343 (1964)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
تێبینی هێدی:
كاک فاتیح ده ژماره 2 ی گۆڤاری "هانا" دا، كه مارسی 1996 له سوئێد ده‌رچووه، له ژێر سه‌ردێڕی "شێعری "شه‌وه" له "تاپۆ و بوومه‌لێڵ" دا" ده‌قی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی كاک سواره‌ی ئیلخانیزاده‌ی له سه‌ر شێعری "شه‌وه"، وێڕای ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی كورتی خۆی بڵاو كردۆته‌وه. لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی سواره ده لاپه‌ڕه 325 ی كتێبی "تاپۆ و بوومه‌لێڵ"یشدا چاپ كراوه. "تاپۆ و بوومه‌لێڵ" به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی بوو كه سواره له ڕادیۆ تاران به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. سه‌رجه‌می نووسراوه‌كانی ئه‌و به‌رنامه‌یه ده كتێبێكدا به نێوی "تاپۆ و بوومه‌ڵێڵ"، له ساڵی 1379 دا، له تاران، چاپ بووه. لێره دا هه‌ر ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی كاک فاتیح ده‌خه‌مه‌وه به‌ر چاوان:
"شێعری "شه‌وه" هی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌یه و به شوێن ئه‌وه‌دا نووسرا كه ساڵی 1964، له بزووتنه‌وه‌ی میللی كوردستانی عێڕاق، بارزانی نه‌یارانی سیاسی خۆی له مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به زۆری چه‌ک له مه‌یدان ده‌ركرد و ده‌سه‌ڵاتی خۆی و "پاراستن"ه‌كه‌ی و هێزه چه‌كداره‌كه‌ی، یه‌كپارچه به سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا سه‌پاند. شێعره‌كه وێنه‌یه‌ک به ده‌سته‌وه ده‌دا له ڕه‌وتی گه‌را به‌ستن و له بار چوونی خۆشباوه‌ڕی به بزووتنه‌وه‌ی میللی و پێناسه‌یه‌ک كه به ئینسانی ده‌دا. "شه‌وه" به "شه‌و" ده‌س پێده‌كا، ده‌گاته "هیوا"یه‌ک و به "هاوار"ێک ته‌واو ده‌بێ؛ ئه‌وده‌م كه هه‌ست پێده‌كا "شه‌و"ه‌كه و "هیوا"كه بوونه‌ته یه‌ک شت. "شعووری گه‌رمی هه‌بوون" له گه‌رد و خولێكی كورت ماوه دا ده‌بێته هاواری "شه‌وه گرتوومی بمگه‌نێ!" و ده‌كووژێته‌وه.
شێعری "شه‌وه" له ساڵانی ده‌سه‌ڵاتی شا دا به ده‌سنووس و ده‌سبه‌ده‌س له كوردستانی ئێران ده‌گه‌ڕا و ده‌خوێنرایه‌وه. ئه‌م شێعره وێنه‌یه‌كی تێكئاڵاوه له دیكتاتۆریی پشووبڕی زاڵ به سه‌ر ژیانی خه‌ڵک دا و پووكانه‌وه‌ی هیوا به بزووتنه‌وه‌یه‌ک كه ئه‌ویش جه‌وهه‌ری نیمچه دیكتاتۆریی خۆی زۆر خێرا ده‌رده‌خا. ئه‌و ده‌مه‌ی "شه‌وه" له ناو ده‌ستان ده‌گه‌ڕا، له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ته‌نیا چه‌ند دانه ساڵ تێپه‌ڕیبوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ته‌جره‌به‌ی به ده‌سته‌وه دابوو. ئه‌مڕۆ دوای تێپه‌ڕبوونی سی‌وچه‌ند ساڵ، به تایبه‌ت له 1991 به‌م لاوه، كه‌رسته‌ی زیندووی تاقیكردنه‌وه له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی، به هه‌موو باڵه‌كانییه‌وه، ئه‌وه‌نده زۆره كه ناماشرێته‌وه. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا به باشی ده‌زانم "شه‌وه" و شیكردنه‌وه‌كه‌ی سواره پێكه‌وه، وه‌ک دیارده‌یه‌ک له حاڵ و هه‌وای ئه‌ده‌بیاتی نوێی كوردی كه له شه‌سته‌كان له كوردستانی ژێرده‌ستی ڕژێمی شا دا سه‌ری هه‌ڵدا، بكه‌وێته‌وه به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران."
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
هه‌زار بورجی به‌ڵه‌ک ناشكێنێ تاسه‌ی مه‌م
خه‌یاڵی زینی به‌ڵه‌ک چاو ئه‌گه‌ر نه‌دا ته‌سكین
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
م - هێدی
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
ویرایش توسط behnam5555 : 03-08-2015 در ساعت 09:10 PM
|