چه‌پكێک شێعری سواره
-----------------------------------
- خه‌وه‌به‌ردینه
- شار
- كچی به‌یان
- خێڵی درۆ
- دووی ڕێبه‌ندان
- سووره‌قه‌ڵا! دایكی به‌ڵا!
- هه‌ڵۆ
-----------------------------------
خه‌وه‌به‌ردینه
له چه‌شنی گه‌رووی كه‌و،
كه‌وی دۆمی یه‌خسیری زیندانی داری،
پڕی سه‌وزه به‌سته‌ی خرۆشانی باڕی
ته‌ره‌ی باوه‌شی تاسه‌باری بناری
<> <> <> <>
شه‌پۆلی له گوێن خوێنی شه‌رمی كچانه
له سه‌ر ڕوومه‌تی ماتی بووكی ڕه‌زاسووک
به تینی بتاوێنی ڕوانینی زاوا
گه‌رمتر له پڕشنگی تاوی به‌هاری
<> <> <> <>
وه‌كوو نه‌رمه هه‌نگاوی لاوی به‌ره‌و ژوان
له جێژوانی زیندوو به گیانی كچی جوان
وه‌كوو گه‌رمه‌یاوی قه‌شه‌ی ده‌ستی تاراو
له بژوێنی ده‌ریای بلوورینی به‌روێ
به خوڕ خۆ به دیواری كێوا ئه‌دا ئاو
له گه‌ڵ گاشه‌به‌ردا سه‌ر ئه‌سوێ، سه‌ر ئه‌سوێ.
<> <> <> <>
كچی نوور قه‌تیسی ده‌سی دێوی كێوه
له ئه‌نگوسته چاوی دڵی خێوی كێوا
به‌ره‌و ده‌ر، به‌ره‌و شاری ده‌ریا به‌ڕێوه.
<> <> <> <>
گه‌رووی ویشک و چاوی سپی چاوه كانی
ده‌رووی ڕوونی ئاوه
به فانووسی ئه‌ستێره به‌رچاوی ڕوونه
له به‌ر پێی حه‌ریری كه‌وه‌ی سێوه‌ڕه
به پۆی مانگه شه‌و چندراوه.
<> <> <> <>
ئه‌ڵێی بورجی خاپووری مێژووی له‌مێژین
له درزی هه‌زار خشتی ڕۆژ و شه‌وانی
دڵۆپه‌ی چپه‌ی پۆلی په‌ریانی دادا
ئه‌ڵێی پێكه‌نینی كچی سه‌رگوریشته‌ی قه‌دیمی
له ئه‌ندامی تاپۆی وه‌كوو بوومه‌لێڵی
سنووری شه‌وی دوێنێ ئه‌وڕۆ به‌یانی
په‌چه‌ی قورسی نسیانی ئینسانی لادا.
<> <> <> <>
ئه‌ڵێی ده‌نگی شمشاڵه ڕه‌شماڵی دۆڵی دڕیوه
شه‌ماڵی ده‌ره‌ی دووره شاری پشووی پڕ له عه‌تری به‌هاری كچی كورد
به بلوێری شووشی گه‌رووی زه‌رد و زۆڵی
له زه‌نوێری زێوئاژنی سای زرینگانه‌وه‌ی شه‌و
به خوڕ زه‌مزه‌مه‌ی هه‌ڵبڕیوه.
<> <> <> <>
به ئیعجازی ئه‌نگوستی پاكی موحه‌ممه‌د
شه‌تی نوور به ڕووی مانگی عه‌رزا كشاوه
ترووسكه‌ی برووسكه‌ی شه‌وی ده‌م به‌هاری به هه‌وره
له سه‌ر عاسمانی زه‌وی ڕاخوشاوه.
<> <> <> <>
له هه‌ر گاز و ڕێبازێ وا گازی ئاوی ئه‌گاتێ
نیازی هه‌زاران گه‌زیزه‌ی به نازی وه‌دی دێ
ئه‌بووژێته‌وه داری چاكی به ودمی هه‌ناسه‌ی
شنه‌ی نه‌رمه‌لاوێنی ده‌م بای ئه‌خاتێ.
<> <> <> <>
ئه‌ڵێن تاجی زمڕووتی دوورگه‌ی له سه‌ر ناوه ده‌ریا
هه‌تا چاو هه‌ته‌ر كا، شه‌پۆله، له بوونا، له چوونا
به ئاهه‌نگه سه‌ربه‌ندی بزوێنی خۆشی
له به‌ر نووری خۆره‌تاوا ئه‌ڵێی سینگی ژینه ئه‌هاژێ
ئه‌ڵێی هانی هه‌ستانه ده‌نگی خرۆشی
<> <> <> <>
سروودی خوناوه‌ی به‌هاره له گوێما
له دڵمایه بڕوای به‌رینی به ده‌ریا گه‌یشتن
له هه‌ر شیوه جۆبارێ، هه‌ر ده‌شته چۆمێ
له تاریكه تاراوگه‌كه‌مدا، به‌سه‌رچوو زه‌مانی ته‌ریكیم
ئیتر خێر و خۆشی له ڕێما.
<> <> <> <>
وه‌هایه
كه كانیی به هیوا
به‌هارانه لووزه‌و ئه‌به‌ستن به‌ره‌و شاری ده‌ریا
به‌ڵام داخی جه‌رگم، له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌هارێ
كه دائه‌چڵه‌كن سه‌وزه‌ڵانیی له خاكینه خه‌ونی گرانا
له دڵما خه‌م و داخی ئه‌و ده‌رده سه‌وزه
كه ده‌ردی گرانی هه‌موو ڕێبوارێ وه‌نه‌وزه.
<> <> <> <>
له به‌ر نووری خۆرا كه‌مێ كوێره كانی شه‌واره‌ن
زنه‌ی ده‌م به هاواری هاری درۆزن هه‌زارن
كه ته‌سلیمی سێحر و ته‌لیسمی بنارن
به بێ هه‌وڵی هه‌ڵدان و چارانی چارن
به هیوان بگرمێنێ هه‌وری به‌هاری
ڕه‌ها بن له زیندانی به‌ردینی غارا.
كه‌چی، وا كه‌وی و ده‌سته‌مۆی ده‌سته‌ڵاتی ڕكه‌ی دۆڵ و شیون
له به‌ر سامی ڕێ وا به‌زیو و ته‌زیون
له گه‌ڵ گۆچی كردن گزینگێ، چه‌واشه‌ن له پێچی نزارا،
هه‌تا بیری تاڵی گڕاوێ به دڵما گه‌ڕاوه
هه‌تا یاد ئه‌كه‌م ئاوه به‌و وه‌رمه به‌ردینه كاری كراوه
ئه‌ڵێم: سه‌د مه‌خابن!
<> <> <> <>
وه‌جاغێ كه ڕووگه‌ی هه‌زاران نزای شینه‌باهۆی به تاسه‌ن
وه‌بووژێنه‌وه‌ی هه‌ست و هان و هه‌ناسه‌ن
چلۆنه كه بیژووی گڕاوان ئه‌بینن؟
له نێو چاوی ئه‌و خانه‌دانه
له‌هی، چۆنه پیتی بڕاوه؟
نه سۆزه‌ی بلاوێنی میری خوناوه‌ی به‌هاری
نه تووكی برای ڕێبواری
له كاسیی خه‌وا، فێری ڕاسانی ناكه‌ن
له مانا، به ئامان و بریا
په‌شیمانی هه‌رمانی ناكه‌ن
وه‌ها گه‌ی له‌شی به‌و گه به‌ردینه گاوی دراوه
كه‌حێلێكه، كۆڕژن و حیله‌ی نه‌ماوه
وه‌هایه كه هه‌ر گیایه له‌و ده‌شته شینن
له سه‌ر ماته‌می ئاوه‌به‌ردینه،
سه‌ر شینن و سه‌رگه‌رمی شینن.
هه‌تا جۆگه ئاوێ به ویشكی ئه‌بینم
ئه‌ڵێی مێرگی ڕوخساری كیژێكی كاڵ و مناڵه
به كووزی ته‌مه‌ن، جاڕه‌جوانێكی پڕ خه‌وش و خاڵه
ته‌شه‌نداره جه‌رگی برینم.
<> <> <> <>
چه‌نێ گۆله له‌و چۆله، یه‌خسیری خاكن
به ڕوویا، گه‌ڵا
وه‌ک چه‌مۆڵه‌ی كڵۆڵیی وه‌ریون
گه‌مارۆی زه‌لی نێزه،
وا ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیون،
كه بێ ده‌رفه‌تی پێكه‌نین
به سه‌د به‌رزگی زه‌رده‌ماسی
لک و پۆپ و هه‌ژگه‌ڵ
وه‌ها ده‌ور و پشتی ته‌نیون
كه بێ فرسه‌تی چاوه‌بڕكێ له گه‌ڵ عه‌رشی پاكن.
<> <> <> <>
به‌ڵێ، دووره گه‌رمێنی ده‌ریا
به‌ڵێ، وایه كانیی هه‌ژاران
ئه‌زانم، ئه‌وانه‌ی كه پاراوی ئاون، بژارن.
ئه‌زانم، له ڕێگا مه‌ترسی گه‌لێ ژه‌نگ و ژارن.
به‌ڵام كاكه
ئه‌و گشته
عه‌قڵی خه‌سارن.
<> <> <> <>
له ناو ئه‌و هه‌موو ئاوه هه‌ر چاوه‌یه‌ک باوی هه‌نگاوی خۆشه
به ته‌نیا ئه‌وه شاره‌زای كۆسپ و كه‌نداڵی ڕێیه
هه‌وه‌ڵ مه‌نزڵی زێیه، ئاواتی به‌رزی زرێیه
ئه‌زانێ له هه‌ڵدێره هاتی به‌هێزی
له ئه‌سكوند و چاڵایه هه‌ڵدان و گێژی
په‌ڕۆی شینی سه‌رشانی ده‌ریایه ژینی كه‌رێزی
ئه‌زانێ له پێ ناكه‌وێ
پێیه پێڵاوی تاسه‌ی پیاسه‌ی له پێ بێ
نه وه‌ستان ئه‌وه‌ستێ به ده‌ستێ
كه خاراوی ئێش و سواوی سوێ بێ
له هه‌ر شوێنێ ڕاماوه، داماوه، كاری ته‌واوه
ئه‌زانێ ئه‌بێ هه‌ر بژێ و باژوێ، تا بژی، تا بمێنێ
هه‌ناوی به هه‌نگاوه،
نه‌سره‌وتنه، كووله‌كه‌ی ڕووحی ئاوه.
سواره‌ی ئیلخانیزاده
1346(1967)
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
تێبینی:
- كاک سه‌لاحی موهته‌دی ده وتارێكیدا(ده ساڵ دوای كاک سواره، مامۆستای كورد، 1986، ژماره 3) به‌وچه‌شنه باسی سواره و"خه‌وه‌به‌ردینه" ده‌كا: "سواره له شێعر كوتنیش دا هه‌ر وه‌ک باقی كاره‌كانی ژیانی كه‌م تاقه‌ت و به په‌له بوو، زوو وه‌ڕه‌ز ده‌بوو، زوو وازی دێنا و زۆر جار شێعرێكی به نیوه‌چڵی ده‌هێشته‌وه و هه‌رگیز نه‌ده‌گه‌ڕاوه سه‌ری، ئه‌وه‌شی كه ته‌واو كردبایه پێی دا نه‌ده‌چۆوه و هه‌ڵه‌ی ڕاست نه‌ده‌كرده‌وه و هه‌ر به ڕه‌شنووس و شپرزه‌یی ده‌ستاوده‌ست بڵاو ده‌بۆوه و خۆی هه‌رگیز پاكنووسی نه‌ده‌كردن و كۆی نه‌ده‌كردنه‌وه. ته‌نیا شێعری "خه‌وه‌به‌ردینه" هه‌ڵاوارده و هه‌ڵبژارده بوو! چه‌ند ڕۆژ هه‌موو كاتی خۆی بۆ ته‌رخان كرد، پرۆژه‌ی ڕێكخستنه‌كه‌ی زووتر باس لێكردبوو، ده‌یزانی چ ده‌ڵێ و چۆنی ده‌ڵێ. خۆی بۆ خوڵقاندنی شاكاره‌كه‌ی ئاماده كردبوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كاتێک گه‌یشته ته‌واوكردنی ئه‌و به‌نده‌ی كه ده‌ڵێ:
"به‌ڵام داخی جه‌رگم، له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌هارێ
كه دائه‌چڵه‌كن سه‌وزه‌ڵانیی له خاكینه خه‌ونی گرانا
له دڵما خه‌م و داخی ئه‌و ده‌رده سه‌وزه
كه ده‌ردی گرانی هه‌موو ڕێبوارێ وه‌نه‌وزه."
چه‌ند ڕۆژێک به‌ینی كه‌وت و چی تازه‌ی لێ زیاد نه‌بوو، زۆر كه‌س له هاوڕێیان و ئه‌دیبان ده‌ترسان به ده‌ردی باقی به‌رهه‌مه‌كانی بچێ و به نیوه‌چڵی و جوانه‌مه‌رگی بمێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و جاره‌یان سواره خۆی مه‌یلی له سه‌ر بوو، ئاره‌زووی ده‌كرد ته‌واوی كا و كردی."
- له نووسینه‌وه‌ی شێعری "خه‌وه‌به‌ردینه" دا پشتم به دیوانی سواره(خه‌وه‌به‌ردینه) نه‌به‌ستووه. بۆخۆم نوسخه‌یه‌كی ئه‌و شێعره‌م له‌به‌ر ده‌سته كه 22 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، وێڕای فه‌رهه‌نگۆكێک، ده گۆڤاری "پێشه‌وا"ی ژماره 21 دا بڵاوم كردۆته‌وه. ئه‌وده‌م شێعره‌كه‌م، به فه‌رهه‌نگۆكه‌كه‌وه، له ڕووی نوسخه‌یه‌كی كاک سه‌لاحی موهته‌دی نووسیبۆوه كه ده گۆڤاری "نووسه‌ری كورد" دا - كه له شاخ ده‌رده‌چوو- بڵاوی كردبۆوه. پێموایه ئه‌و نوسخه‌یه له‌وه‌ی نێو دیوانه‌كه جێ متمانه‌تره. لێره‌شدا فه‌رهه‌نگۆكه‌ی ده‌خه‌مه‌وه به‌ر چاوان. - هێدی -
فه‌رهه‌نگۆکی خه‌وه‌به‌ردینه
-----------------------------------
ئه‌سكوند: به‌رزایی
باژوێ: بچێته پێشه‌وه، لێخوڕین به‌ره‌و پێشه‌وه
باڕ: باڕه كه‌و
بتاوێن: توێنه‌ره‌وه
بژوێن: جێگه‌یه‌ک له‌وه‌ڕی باشی هه‌بێ، سه‌وز و خوڕه‌م
بژێ: ژه‌ندن (وه‌ک مه‌شكه ژه‌ندن)
به‌روێ: به‌رۆک
بیژوو: زۆڵ
پۆ: تان و پۆ، شتێكی چنراو كه له دوو شت پێكهاتبێ، یه‌كه‌میان "تان" یان "ڕایه‌ڵ"، دووهه‌میان "پۆ"یه كه زۆر جاریش نه‌خشه‌كه‌ی پێ درووست ده‌كرێ
پێی ناوه‌ستێ: ده‌ره‌قه‌تی نایه
تاراوگه: جێی تار بوون
تووک: دوعای به شه‌ڕ، دوعا لێ‌كردن
جاڕه‌جوان: جاڕه گه‌نم، جاڕه جۆ، پاشماوه‌ی دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ، له ڕابووردوا "جوان"
ڕاخوشان: كشانی ئه‌ستێره
ڕاسان: خۆ ڕاپسكان، ڕاپه‌ڕین
ڕكه: قه‌فه‌س
ڕووگه: قیبله
زنه: كانییه‌كی هه‌ڵقوڵاوه كه ئاوه‌كه‌ی هی سه‌رچاوه‌یه‌كی تره
زه‌نوێر: جێگایه‌كی ئاوداری پڕ له‌وه‌ڕه
زێوئاژن: نه‌خشێندراو به زێو
سێوه‌ڕه: سێپه‌ڕه، جۆره گیایه‌كی سه‌وزی جوانه، شه‌وه‌ر
كووز: خه‌تی جووت
كه‌رێز: كارێز
گاز: شوێن، جێگا
گاز: بانگ
گا‌و كردن: لێک به‌ستنه‌وه‌ی پارچه‌ی شووشه‌ی شكاو
گڕاو: گه‌ڕاو، یان كانییه‌ک كه پاش ماوه‌یه‌ک له هه‌ڵقوڵانی ده‌بێته به‌رد، كانی ئاوی مه‌عده‌نی و ئه‌ملاح
گۆچ كردن: گۆش كردن
گه‌ی له‌شی: جومگه‌ی له‌شی(مفاصل)
لاوێن: شووڵی داره بی، ئه‌و "بی"یه‌ی كه نابێ به دار، به "بنج"ی ده‌مێنێته‌وه
لووزه‌و: به خوڕ، به كۆمه‌ڵ و به گوڕ به‌ره‌و لایه‌ک چوون
له گوێن: وه‌ک، له چه‌شنی
له‌هی: لافاو، لاو (كرمانجی)
میر خوناوه‌ی به‌هار: خوای بارانی به‌هار (له حیكایه‌تی فۆلكلۆری كوردی دا "میرخوناوه" زۆر به‌كار هاتووه به‌و مانایه‌ی سه‌ره‌وه "خوای باران")
نزا: دوعای به خێر
ودم: به‌ره‌كه‌ت، (ده‌ڵێن فڵانكه‌س "ودم"ی پێیه، واته به به‌ره‌كه‌ته، به‌ره‌كه‌تداره)
وه‌رم: خه‌و ( به هه‌ورامی)
هه‌تا چاو هه‌ته‌ر كا: هه‌تا چاو بڕ كا
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
شار
گوڵم!
دڵم پڕه له ده‌رد وكوڵ
ده‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت
ده‌ڵێم به جامێ ئاوی كانیاوی دێیه‌كه‌م
عه‌لاجی كه‌م
كوڵی دڵی پڕم, له ده‌ردی ئینتزاره‌كه‌ت!
وه‌ڕه‌ز بوو گیانی من له شار و هاڕه‌هاڕی ئه‌و
له ڕۆژی چڵكنی نه‌خۆش و تاو و یاوی شه‌و
ده‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت
له شاری چاو له به‌ر چرای نێئۆن شه‌واره‌كه‌ت
بڕۆمه دێ كه مانگه‌شه‌و بزێته ناو بزه‌م
چلۆن بژیم له شاره‌كه‌ت
كه پڕ به دڵ دژی گزه‌م؟!
له شاره‌كه‌ت، كه ڕه‌مزی ئاسن و مناره‌یه
مه‌لی ئه‌وین غه‌واره‌یه؛
ده‌ڵێی له ده‌وری ده‌ست و پێم
ئه‌وه‌ی كه تێل و تان و ڕایه‌ڵه، كه‌له‌بچه‌یه
ئه‌وه‌ی كه په‌یكه‌ره میسالی داوه‌ڵه
ئه‌وه‌ی كه داره‌تێله، مه‌زهه‌ری قه‌ناره‌یه!
له شاره‌كه‌ت كه‌مه‌ندی دووكه‌ڵه
كه دێته ده‌ر له ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ند
وه تیشكی بێ گوناهی خۆره‌تاو ئه‌خاته به‌ند!
له هه‌ر شه‌قام و كووچه‌یه‌ک شه‌پۆڕی شینه
دێ به‌ره‌و دڵم
ده‌ستی گه‌رمی ئاشنا نییه كه ئه‌یكوشم
ده‌ستی چێوییه!
له شاره‌كه‌ت زه‌لیله شێر،
باوی ڕێوییه
به هه‌ر نیگایه‌ک و په‌تایه‌كه!
ده‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت گوڵم!
گوڵم هه‌رێمی زۆنگ و زه‌ل
چۆن ئه‌بێته جاڕه‌گوڵ؟
له شاری تۆ
له بانی عه‌رشه قۆنده‌ره‌ی دراو
شاره‌كه‌ت، ئاسكه جوانه‌كه‌م!
ته‌سكه بو ئه‌وین و بۆ خه‌فه‌ت هه‌راو
كێ له شاری تۆ، له شاری قاتڵی هه‌ژار
گوێ ئه‌داته ئایه‌تی په‌ڕاوی دڵ؟
منێ كه گۆچی تاوی گه‌رمی به‌ر ده‌واره‌كه‌ی عه‌شیره‌تم
به داره‌ته‌رمی كووچه ته‌نگه‌كانی شاره‌كه‌ت
ڕانه‌هاتووه له‌شم
بناری پڕ به‌هاری دێ
ڕه‌نگی سوور و شین ئه‌دا
له شێعر و عاتیفه‌ی گه‌شم .
سواره‌ی ئیلـخانی زاده
م - هێدی
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
ویرایش توسط behnam5555 : 03-08-2015 در ساعت 09:19 PM
|