موضوع: شعر كردي ...
نمایش پست تنها
  #4402  
قدیمی 03-10-2015
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض


ملوانکەی شین


نیوەڕۆی گەرمی رۆژێکی بەهار
له ژێر هەتاوی رێگای زرێبار
منداڵێ مل کز،چۆخە و ڕانک شڕ
رێگا دەپێوێ ، پەشێو و دڵ پڕ
بێ ووچان ئەڕوا و، هەنگاو هەڵ دەگرێ
بە گوێی چۆخەکەی، ئارەقی ئەسڕێ
نەختێ نانە رەق ، لە توێ جامانە
بونەتە تۆشوی ، ئەو بەستەزمانە
بۆ تێکۆشانی رۆژێ ماسی ڕاو
نەختێ شریت و تۆڕێ پورتوکاو
لەگەڵ قولاپێ کۆن و ژەنگ هێناو
هێناویە ئەمڕۆش بیانخاتە ناو ئاو
ئەڕوات و جار جار لە چۆڵی رێ دا
ئەزرنگێتەوە دەنگێ لە گوێی دا :
هیوا خێراکە خوا نەت هێنێتۆ
‌‌حەو رۆژە ئەڕۆی دەس خاڵی دێیتۆ
ئەمجار بێ ماسی نەیتەوە بۆ شار
ئەر بۆت نەگیرا خۆت خە زرێبار
ئەڕوات و لە نێو دڕک و داڵی رێ
کڵاش کۆنی تاو تاو ئەکەنرێ لە پێ
بێ وچان ئەڕوا و هەنگاو هەڵ دەگرێ
بە گوێ چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ
جارێ بۆ لا ڕێ ورد ئەبێتەوە
ملوانکەیێکی شین ئەدۆزێتەوە
بە چاکی چۆخەی خاکی لا ئەبا
ئەڕوات و جار جار سەرنجی ئەدا
بێ وچان ئەڕوا و هەنگاو هەڵ دەگرێ
بە گوێ چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ
کاتێ ئەگاتە ئاوی زرێبار
دێتە گوێ دەنگی شەپۆل و لێوار
دوو فرمێسکی داخ دێنە گوێ چاوی
سووکێ ئەشۆرێن گۆنای سووتاوی
ئەڵێ : زرێبار چەن پاڕێمەوە ؟
لەم لێوارانەت بسووڕێمەوە ؟
حەو رۆژ ئەم تۆڕەم هێنا و بردم
ماسیت پێ نەدام مەیۆست کردم
باوە ژنیشم کوتویە ئەمجار
ئەر ماسیت نەگرت خۆت خە زرێبار
بەڵکوو نەختێ زوو بگەڕێمەوە
ملوانکەی شینم دۆزیوەتەوە
دەیبەمەوە بۆ خوشکم ئێواره
ئاخر نێو هاوماڵ سەری لە خوارە
زرێبار من و خوشکم هەژارین
دایکمان نەماوە باوەژن دارین
خوشکم هەر خەریک فەرمانە بۆ ئەو
وچانی نیە بەیان تاکوو شەو
هەرچی دەیبینم چاوی پڕ ئاوه
لەبەر سەرماوە دەستی تەزاوە
شەوان کە ماندوو دێینەوە بۆ ماڵ
کارمان گریانە و بیستن قسەی تاڵ
بەیان ناهێڵێ خۆر سەر دەربێرێ
هەر یەکمان بەرەو شوێنێ ئەنێرێ
خوشکی هەژارم دەس ئەکا بە کار
منیش بۆ ماسی دێم بۆ زرێبار
خێراکە توخوا با بڕۆمەوە
با ئەم ملوانکەی زو بۆ بەمەوه
گیرفانم کونە نەک وا داکەوێ
یا لە دەستم بێ هەتاکو شەوێ
ئەمڕۆش بە وێنەی رۆژانی پێشوو
دێت و شریتی ئەخا هاتوچو
هەتا رۆژ ئەگا داوێن خۆر ئاوا
سێبەری کەیوان دێنە سەر ئاوا
هیوا هەر پەنجەی لێ هەڵپێکاوە
چاوەڕێی تۆڕ و دەریا وەستاوە
تاریکی شەو هات ڕەنگ ئاوی گۆڕی
هێشتا ماسیێک نەکەوتوە تۆڕی
وتەی باوەژن لەو نیوە شەوە
هەروەها لە گوێی دەنگ ئەداتەوە
هیوا خێراکە خوا نەت هێنێتۆ
حەو رۆژە ئەڕۆی دەس خاڵی دێیتۆ
ئەمجار بێ ماسی نەیتەوە بۆ شار
ئەر بۆت نەگیرا خۆت خە زرێبار
زرێبار تاریک شەو سەرد و دڵ تەنگ
هیوا کش و مات وەستاوە بێ دەنگ
وتەی باوەژن لەو نیوە شەوە
هەر وەها لە گوێی دەنگ ئەداتەوە
بەیان زرێبار تەمی گرتبوو
باران دوێنێ شەو لێڵی کردبوو
پەڵەی هەوری ڕەش بە ئاسمانەوە
لە سەر ئاوی لێڵ ئەسوڕانەوە
کاتێ چەخماخە لێ ئەدا تاو تاو
لاشەی منداڵێ کەوتبوە سەر ئاو
ملوانکەیێکی شین لە نێو دەسیایە
بۆ کێو ئەڕوانێ ئەڵێ وریایە
نێو ئەو شەپۆلەی دەور و بەریایە
دوو بەچکە ماسی کەوتبونە کایە
کاتێ کە نم نم باران هاتە خوار
ئەڕژا سەر سنگی سەردی زرێبار
سوکێ کەوتە ڕێ شەپۆلێ خەمبار
تا لاشەی هیوای هێنا بۆ لێوار
ملوانکەیش هەر وا لە چنگیا مابوو
هێشتاکو لە دەس بەری نەدابوو
زرێبار ئەیکوت : زۆری کۆشا بو
بەستەزمان ماسی بۆ نەگیرابوو



مامۆستا شەریف حووسێن پەناهی


__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید