بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 06-13-2012
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض چەند نیگایەك لە سەر ژیان و شیعری بابا تاهیر



خوداوەندی ناكام چەند نیگایەك لە سەر ژیان و شیعری بابا تاهیر


لە دامێنی دڵڕفێن و بژوێنی كێوی ئەڵوەند،ویژدانێكی رۆشن و جیهان دیدەیەكی شەیدا و كۆچەرێكی زانا ناڵەی دەردەكانی لە گەڵ خۆڕەی جۆیباران و ئاهەنگی شەماڵی میوان ئاوێتە دەكرد و لە گەڵ باڵندەكانی بەهاراندا هاوڕاز و هاو ئاواز بوو.شكۆی ئاگرین و نەغمەی گیان سۆزی ئەو دەبوونە شیعر و حیكمەت و گیانی ماندووی دەردە دارانی دەلاواندەوە و ئەسرینەكانی تێكەڵ بە ژیان و ئەوینی هەمووان دەبوون.
غوبار گرتوویە ئەم هەردە،بڵێم چی؟
كە دڵ كەیلی غەم و دەردە،بڵێم چی؟
گۆڵێكم چاند لە بەر دامانی ئەڵوەند
لە بەختی من ئەویش زەردە،بڵێم چی؟(1)
ژیان و رەوش و شیعری ئەو سادە و سروشتی بوون و لە هەر شێوازێك لە ئاڵۆزی و پەردە پۆشی بێبەری بوون،هەر بۆیەش خەڵكی زانا و سادە ، شاری و دێهاتی سروود و ئاوازەكانی ئەویان لە بەر بوو.ئەو هێندە ئازاد بوو كە لە هەموو شت(جگە لە شیعر و زانایی و شەیدایی و سووتان) داماڵڕا بوو هەر بۆیەش نازناوی (عۆریان)ی كردە ناوی شاعیری و رۆحی درەخشانی هێندە پاك و بێگەرد بوو هەر وەكو ناوی ئەو كە (تاهیر) بوو.(2)
بۆ چی ناونیشانی (خوداوەندی ناكام)؟
بابا تاهیری عوریان و هەمەدانی و لوڕ، هەر وەكو زۆرێك لە شارەزایان و سەرچاوەكان باسیدەكەن زانا و عارف و شاعیر و ناودار و خاوەن پلە و پایەی مەینەوی باڵا بووە.ئەو لە لای دەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆی و لە ناو پەیڕەوانی ئایینی یارسانی ناوچەی هەمەدان و ئەڵوەند دارای پایەی خاوەن شایستەیی جێگای رێز بوو.لە هەمان كاتیشدا پیاوێكی شارەزا و خوێندەوار و رووناكبیر و لێهاتوو بووە و شیعر و بەرهەمە كانیشی گەواهی تەواوی ئەمە بە دەستەوە دەدەن، بەڵام وێڕای هەموو ئەوانە عاشق،شەیدا، كۆچەر و دەربەدەریش بووە و هەر بۆیەش سەرئەنجام ژیانی ناكامی لە سنووری كەسێتی لە رەوشی گشتیشدا بووە بە نەسیب. ئەو هێندە ناودار و پایە بڵند وخاوەن شایستەیی بووە كە دەشێت بڵێین پەیامبەر یان خوداوەند بووە و سەر چاوەكان باس لەوە دەكەن كە سۆڵتانی سەلجووقی دێتە دیداری و دەستی ماچ دەكات و داوای راوێژی لێ دەكات و لە هەمان كاتیشدا ناوی ئەو لە گەڵ ناوی (ئەبوو سەعید ئەبۆلخەیر) و (عەین ئەل قوزات)ی هەمەدانی دا دێت.ئەبوو سەعیدو عەینوڵقۆزات لە سەردەمی خۆیاندا بە هێمای لێبوردن و نەیاری لە بەرامبەر تەعەسوب و كوێر باوەڕی و بە نەیارانی دەمارگیری ناسراو بوون . لە نەیشابوور كۆمەڵێك پیاوانی ئایینی فتوای كۆشتنی ئەبوو سەعیدیان دا و ئەوان لە نامەیەكدا كە بە نیازی مۆڵەت وەرگرتن بۆ كۆشتنی ئەبوو سەعید ناردبوویانە دەرباری غەزنەین، نووسیبوویان ((پیاوێك هاتووەتە ئێرە بانگە وازی سۆفیەتی دەكا بەڵام مەجلیس و میوانداریی گەورە ساز دەكات و لە سەر مینبەر شیعر دەخوێنێتەوە و ئەخبار و تەفسیر ناڵێ ، لە گەڵ گەنجەكان سەما دەكا)) شیعر خوێندنەوەی ئەبوو سەعید،بە بەڵگەیەك دانرا بوو بۆ نیشاندانی ئەوەی كە لە دین لایداوە .كە ئەمە لایەنی هاوبەشی ئەبوو سەعید و باوە تاهیرە.
عەینولقوزاتی هەمەدانی كە وەكو مەنسوری حەللاج بێپەروا قسەی دەكرد و ئەگەرچی تا ماوەیەك بە هۆی پشتیوانی گەورە دەسەڵاتدارێكی سەردەمی خۆی دەیتوانی بە ئازادی بیروڕای خۆی دەر ببڕێ كە بناغەی باوەڕە خورافییەكانی سەردەمی خۆی دەبردە ژێر پرسیار و گومانەوە ، سەرئەنجام كەوتە بەر غەزەب و فتوای كوشتنی درا و دوای ماوەیەك لە زیندان لە شەوی چوارشەمەی 7 مانگی جەمادی سانی ساڵی 525 كۆچی لە هەمەدان لە تەمەنی 33 ساڵیدا لە دار درا.عەینولقوزات لایەنگیری فەلسەفەی ئیشراق بوو.
جێگای سەرنجە كە كەسێكی وەك عەینولقوزات كە بە فتوای كۆنە پەرستان كوژرا،بەڕێز و ستایشەوە لە بابا تاهیر دەدوێ‌ و كەسێكی وەكو ئەبوو سەعیدیش كە لە مێژووی سۆفییاندا بە نموونەی تەساهول و دڵگەورەیی و مودارات دەناسرێ و لە بەرامبەر دا تەسەعوب و دەمارگیریدا خەباتی كردووە،بە پیر و مورادی بابە تاهیر دادەنرێ.سەرەنجام بابا تاهیر لە لایەك قوتابی و شاگردی ئەبوو سەعید و لە لایەكی دیكەش مامۆستا و رابەری عەینۆلقۆزات.(3)
هەروەها باوە تاهیر لە ناو پەیڕەوانی ئایینی ئەهلی حەق (یارسان)دا پلەی (بابا)ی پێدراوە كە هێمایە بۆ ئەوەی كە بەر جەستەكاری (شاخوشێن ) و لە ئاینی ئەهلی هەقدا هەریەكێك لە ڕابەرانی سەردەم چوار بەرجەستەكاری پیاو ( بابا) و یەك بەر جەستە كاری ژنی (ماما) هەیە، كە باوە تاهیر یەكێكە لە بابەكانی شاخو شێن و كتێبی پیرۆزی(سەرەنجام) كە پەیامی ئەهلی هەقە لە ئاییندا لەو سەردەمەدا هەر وەكو هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن،لە لایەن بابا تاهیرەوە نووسراوە و كە بە (دەورەی شاخوشێن) یان(دەورەی بابا تاهیر) ناسراوە.(4)
هەموو ئەم بەڵگانە و گەواهی زۆرێك لە سەرچاوەكانی مێژوو و نووسین و لێكۆڵینەوەی شارەزایان و ناودارانیش ئەوە دەسەلمێنن كە بابا تاهیر ئەستێرەیەكی درەوشاوە،شایستەیەكی بە ناوبانگ و خوێندەوار و لێهاتوویەكی كارامە بووە كە ئەم تایبەتمەندییانە ئەو دەبەنە پایەی پەیامبەر یان خوداوەندێكی سەردەمی خۆی،لە گەڵ هەموو ئەم پلە و پایە و ناوبانگ و نازناوە دا بەڵام بابا تاهیر ژیانی عۆریان و كۆچەری و ژیانی بێنیازی دوور لە خەڵك و لە دەشت و دەر ژیان هەڵدەبژێرێ و ناوەڕۆكی شیعرەكانیشی بەیانی هەموو ئەمانە دەكەن.
من ئەو ڕەندەم كە پێم ئێژن قەلەندەر
نە ماڵم هەس،نە حاڵم هەس، نە لەنگەر
كە رۆژ دادێ لە دەوری ماڵەكەی تۆم
كە شەو دادێ وەخشتێكی دەكەم سەر.
مەلێ بم سەر چیاكانیش وەتەن بێ
بە باڵ بفڕم بۆ هەر لایەك چەمەن بێ
نە هێزێكم هەیە ئێستا نە سامان
مەگەر بمرم پەڕو باڵم كەفەن بێ.(5)
بەڵام هۆكار و بەڵگەی دڵنشینی خۆم بۆ هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە (خوداوەندی ناكام) سەلماندنی ئەوەیە كە بابا تاهیر وێڕای ئەوەی كە ناودارە،پلە و پایەی رەسمی و خەڵكی هەبووە،نووسەرێكی شارەزاو شاعیرێكی شەیدای سەردەمی خۆی بووە و ناوبانگیشی بۆ سەردەمەكانی دوای خۆی هەتا ئێستا ماوەتەوە،دەتوانین بڵێین كە كەسێكی رووناكبیر بووە لە زانین و هەڵوێستا. بەڵگەكانی خوێندەواری و شارەزایی بابا تاهیر لە زەمینەكانی ئایین، كۆمەڵایەتی، ئەدەب و بابەتەكانی دیكەی سەردەمی خۆی لە لای هەمووان و لە ڕێگەی سەرچاوەكانی مێژوودا ئاشكرا و بەر چاوە.بەڵام رەوشی بابا تاهیر یان كەسێتی ئەو لە هەڵوێست و مامەڵەدا لایەنی درەخشان و پرشنگداری ئەو وەك رووناكبیرێكی سەردەمی خۆی لە مێژوودا دەمێنێتەوە. چونكە((رووناكبیر كەسێكە كە خاوەنی هێزێكی زهنی و بیركردنەوەیە،بۆ تێگەیشتن و تێگەیاندن و بەر جەستە كردنی پەیام،تیۆری،ڕوانگە،فەلسەفە یان ئەندیشەی خۆی بۆ هەمووان و بە هەمووان تێدەكۆشێ‌)) (6) .
بێگومان هەر كەسێك شارەزا یان ئاگادار بێت لە ژیان و بەر هەم و باوەڕی بابا تاهیر دەزانێت كە بابا ئەم هەڵوێستانەی رووناكبیریی سەردەمی خۆی هەبووە و لە هەموو بوار و زەمینەكانی ژیاندا خاوەن پەیام و ڕوانگە و هەڵوێست بووە.
اگر دستم برسد بر چرخ گردون از او پرسم كە این چونست و ان چون
یكی را دادەای صد گونە نعمت یكی را نان جو الودە در خون .(7)
مكن كاری كە بر پا سنگت اید جهان با این فراخی تنگت اید
چو فردا نامە خوانان نام خوانند تو را زنامە خواندن ننگت اید .(8)
ڕوانگە و هەڵوێستی رووناكبیرانەی بابا تاهیر وەكو كەسێكی دانا و شایستە گەواهی ئەوە دەدەن كە ئەو بەبێ ئەوەی نیازێك یان مەبەستێكی كەسێتی یان پێشوەختی بووبێت لە هەموو ئەو بوار و زەمینانەدا بەشداری و بیریاری نواندووە و لە بەرامبەریان،ئەگەر پێویست بوو بێت،كاردانەوەی نواندووە و لە دیدگای گشتی بەرژەوەندی و سوودی هەموواندا ئەو رەوشەی بەڕێوە بردووە.لە هەمان كاتیشدا سەر بەخۆیی ڕوانگە و بیر و باوەڕەكانیشی پاراستووە،ئەگەر چی هەمیشە بەشدار بووە لە دەرد و رەنجەكانی دەورو بەردا. لە گەڵا ئەمانەشدا هێشتا پرسی دیكە ماون كە وا لە بابە تاهیر دەكات بەرەو ژیانی ناكامی یان درەخشانترین وێنای ئاوارەیی بڕوات و ئەو ئاوارەیی و ناكامی تایبەتی خۆی دوور لە خەڵك لە هەموو شت خۆشتر ویستووە و هەتا كۆچی دواییشی دوایتەمەنی تا ڕادەیەك زۆر بەو شێوەیە ژیانی بردووەتە سەر.تەنانەت لە دنیای عەشق و دڵداریشدا ئاوارەو ناكام دەمێنێتەوە و لە گەڵ یارەكەی پەیوەندی ژن و مێردایەتیان نابێت و لە سەر ڕاسپاردەی شاخۆشێن هاتە سەرو ئەو باوەڕەی كە بابا تاهیر و فاتمە لوڕە دەبێت وەكو لەیلاو مەجنون لە ڕۆژی قیامەتدا ببنە هاوسەر. (9)
مو درویشم لكم اعجاز دیروم مو دوسی چون خوشین دمساز دیروم
مو معشوقی و نام فاتمە لور صنوبر قامت و پرناز دیروم .(10)
یان لە دوو بەبیتییەكی تایبەت بۆ شاخوشێن:
هركی شاهش توئی حالش همینە
اسرینش خشت و بالین زمینە
جرمم اینكە كە تو را دوست دیروم
هر كی دوستش تەئی،حالش چنینە!
ئیدوارد سەعیدی بیر مەند و خاوەنی كتێبی (نقش روشنفكر) لە بەشی كۆتایی ئەو كتێبە بە ناوی(خودایانی هەمیشە ناكام) كەدیارە مەبەستی لە رووناكبیرانە،ئەم تایبەتمەندییە ناكامی و ئاوارەییانە بۆ رووناكبیران ناو دەهێنێ ،درەخشانترین وێنای ئاوارەیی شاعیر،هونەرمەند یان رووناكبیر،نەیارانی هاو ئاراستە بوونی گشتی،ئەوان هەمیشە لە نێوان تەنهایی و پابەندییدا وەستاون،هەڵبژاردنی ژیانی مەنفا و قەرار گرتن لە پەراوێزدا،نەبوونی سەرپەنا،هیوایەت (ئاماتۆر) و دواكەوتنی چێژی بیركردنەوە و سەرەنجام وتنی ڕاستیەكان.دە ئێوە بڵێن تەواوی ژیان و شیعر و بەرهەم و بڕوای بابا تاهیر بەو جۆرە نەبووە،ئایا ئەو لە لوتكەی ناوبانگ و ناودارییدا بەرەو مەنفاكەی خۆی نەچووەتەوە كە كوخەكەی دەشت و دەرێتی كە ئێستا بووتە شوێنی ئارامگاكەی.ئایا ئەو لەو پەڕی خۆشەویستی بۆ فاتمە لورە یان( بی بی فاتمە) لێی دوور نەكەوتۆتەوە.ئایا ئەو سەرەڕای دڵبەستەیی و خۆشەویستی بۆ خەڵك دوور لەوان نەژیاوە و بیری نەكردۆوەتەوە.هەموو ئەم بەڵگە و ژیاننامەو بەرهەم و باوەڕانە ئەو ناكەن بە(خوداوەندی ناكام).
دڵم شەیدایە،وێڵی دەشت و دەرما
بە بای عیشقت،نە باڵم ما،نەسەرما
بە من ئێژی سەبووریت بێ سەبووری
سەبووری كردی ئەم هەڕگە بە سەرما.
بە گیانمدا گەڕا سێ دەرد بە یەكجار
غەریبی بوو،ئەسیری بوو،غەمی یار
غەریبی و ئەسیری چارەیان دێ
غەمی یار و غەمی یار و غەمی یار .
ئەمن ئەو زامدارەكەی بێ ماڵ و حاڵم
من ئەو مارانگەزەی رۆژگاری تاڵم
ئەمن ئەو دڕك و داڵی وشكی دەم((با))م
بە دەم زریانەوە سەحرا دەماڵم.
قەدەر وا بوو سەر بێنم نە سامان
پەرێشان هاتمە دنیاوە،پەرێشان
پەرێشانی جیهان گشت چوونە ژێر خاك
لە خۆڵی وان قوڕی من هاتە شیلان
غەمی عالەم لە سەر شانم قەڵایە
بە دەردی من،فەراغەت كیمیایە
هەموو دەردێك،دەبێ دەرمانی رۆژێك
دڵی من نا،كە دەرمانی بەڵایە.
نیگاكان بۆ شیعری بابا تاهیر
بابا تاهیر بەبێ ئەوەی كە خۆی بڕەنجێنێ یان تەكلیف لە خۆی بكات بە شێوەی سروشتی و تایبەتی خۆی،سادە و ڕوون شیعرەكانی دەسرووداند و ئەو هەر وەكو نازناوەكەی(عوریان) وشەكانی ڕووت دەكردەوە و بەو شێوەیە زۆر سادە و ڕوون سروشتی لە شیعردا دەهۆنینەوە. ئاوازەكانی ئەو هەر وەكو گۆڵان و گژ و گیای دەشت و دەر و لالەكانی كوێستان سادە و دڵاوێز بوون و هەر وەكو شەماڵ و خۆڕەی ئاوی جۆیباران نەرم و شەفاف بوون.
بە دەریا بنگەرم دەریا تە وینم
بە سەحرا بنگەرم سەحرا تە وینم
بە هەر جا بنگەرم كوە و دشت و در
نیشانی از قامت رەعنایی تە وینم!
شەماڵ ئەو دەم كە عەتری بسكی تۆی بێ
لە سونبۆل خۆشترە بۆنی كە دەرژێ
كە شەو دەگرم خەیاڵی تۆ لە ئامێز
بەیانی بۆنی گۆڵ لەو جێگەیەم وێ!
داریۆشی ئاشووری لە كتێبی (شیعر و ئەندیشە)دا بەمجۆرە باسی شیعری سوهرابی سپێهری دەكات: ((شیعری سپێهری بێ زینەت و ئارایشە، بەڵام ئەمە كە مایەسی نی یە لە كاری ئەو دا، بەڵكو بە یەك مانا بەهرەیە لە كاری ئەو.ئازاد بوون و هەڵاتن لە ئاڵۆزی یەكانی هۆنینەوەی شیعر هاوڕێیە لە گەڵ ئەو مانایە كە دەخوازێ بیكاتە پەیام.لە شیعری ئەودا مانای قووڵی زۆر و ئاڵۆزی لە قسەدا كەم یان نەبوو)) . (11)
كە دەروانینە شیعرەكانی بابا تاهیر بێگومان هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی زمانی شیعری دەیبینین كە ئاشوری سەبارەت بە سوهراب باسی كردوون و ئەم ڕێبازەش یەكێكە لە ڕێبازە كۆنەكانە شیعری ئێرانی،هەر لە بابا تاهیر و خەییام و حافیز و سەعدی و مەولانا هەتا دەگاتە نیما و فرۆغی فەرەخزاد و سوهراب و تا سەرەنجام دەگاتە لای ئەحمەدی شاملۆ.بەڵام داهێنەری و مەزنی بابا تاهیر لەوە دایە كە ئەو لە سەرەتاوە و بۆ یەكەمین جار لەم ڕێبازەدا نەكەوتە داوی ئاڵۆزی و كەمینی نەگەیاندنی مانا لە شیعردا.هەر بۆیە لەم زەمیینەدا هەر وەكو لە زەمینەكانی دیكەشدا بابا تاهیر دەبێتە بنیانگوزار و كۆنترین و بە ناوبانگترین شاعیری دێرێنی كورد و ئێران و هیچكەس لەو دلێرانەتر و بێ پەرواتر لە ڕێگەی شیعر و شاعیریدا ڕێوان نەبووە.لە هەمان كاتدا،هۆشیاری بابا تاهیر لە پەیامی مێژوویی و سەر سپاردنی ئەو بەو پەیامە ئەو لە پایەیەكی مەزندا ڕادەگرێت كە بیر كردنەوەكان دەربارەی ئەو دەبنە بنەماكانی سەرەتاو ئاراستەی مێژوویی و شیعر و مانای ئەو،زمانی ئەو و شیعری ئەو لە ناوماندا لە بڵنداییدا دەهێڵێتەوە.
دوو بەیتییەكانی بابا تاهیر لە زەمینەی زمان و سرووداندنی شیعردا ئەو شیعرانەی كە هەمووان تێییان دەگەن و خوێندەواران و شارەزایانیش پەسەندی دەكەن و لە ستایشیاندا چەندین بابەت و لێكۆڵینەوە نووسراون.لە سەدە كۆنەكاندا و لە سەردەمی ساسانی و مێژووی دوای ئەو سەردەمەش بەم جۆرە لە شیعریان دەوت (پەهلەویات)كە عەرەب كردوویەتی بە(فهلوی)یان (فهلویات).((بە پێی ئەو بەڵگانەی كە لە سەرچاوەكاندا هەن ئێرانیەكانی ناوەند و رۆژئاوای وڵات لە كۆنەوە بەم شێوەیە شیعری سادەی زمان و خاوەن مانای بە هێزیان وتووە.و لە هەندێك لە سەر چاوە فارسیەكاندا بەمشێوەیە لە شیعر وتراوە چوارینە. لەنێوان رۆژهەڵاتناساندا كەسانێك هەبوون كە لێكۆڵینەوەیان لەمبارەوە كردووە و بەم چوارینە یان دوو بەیتی یانەیان وتووە(هەزەج موسەدەس مەحزوف).(12)
ئەم شێوەیەش لە سرووداندنی شیعر بۆ ئاواز و گۆرانی ئاسان دەبن و هەر بۆیە شیعرەكانی بابا تاهیر و خەییام لە ناو خەڵكا بە ئاسانی بڵاو بوونەتەوە.
وێنای شیعری بابا تاهیر
زۆر گرنگە و گەلێك مەزنە بە زمانی سادە و سروداندنی سروشتی بتوانی وێنای شیعری بەریتە ئاستێكی گرنگ و باڵاوە.بابا تاهیر لەوانە بوو،بەڵام ئەو نزیكەی هەزار ساڵ لەمەوبەر بەو شێوەیە وێنای شیعری كێشاوە.شیعرەكانی بابا تاهیر یان وێنای شیعری ئەو یەكسەر وتە جوانەكەی گاستۆن باشلارمان بیر دەهێنێتەوە كە دەڵێت:كەسایەتی شاعیر لەو بابەتانەدا نییە كە باسیان دەكات،بەڵكو لە وێنا كردنی ئەو شیعرانەدایە كە دەیانكاتە وێنەی شیعری.
بە بڕوای من،هەر وەكوو لە سۆریالیزمەوە فێر بووم،وێنای شیعر و بە تایبەتی وێنای شیعری لەلای بابا تاهیر دەبێتە:خەیاڵ وێنای راستینە لە شیعردا.واتە خەیاڵ یان وێنای شیعری بابا تاهیر وێنا یان خەیاڵێكی ڕاست ترە لە واقیع یان سەروو واقیع:
(super Realism )
بەڵا،ئەی جوان،رەمزێكە لە باڵات
جنوون وەسفێكی سەرپایی لە سەودات
گومانی وەم لە سەنعەتكاری تۆیە
بە پەنهان چاوی دەبڕێتە تەماشات.
لە دڵ نەخشی جەماڵت لانە چێ یار!
خەیاڵی خەت و خاڵت لانە چێ یار!
لە دەوری چاو،موژەم كردووە پەرژین
لە بەر چاوم خەیاڵت لانەچێ یار!
لە خۆشاوی ترێ خۆشە هەناوم
لە یاری نازەنین بۆ هەڵبڕاوم؟
كە من بێبەش لە تینی ئاگرت بم
ئەدی بۆ دووكەڵی دەرد بێتە چاوم؟
گڕی عیشقت لە گیانم سەر دەرێنێ
لە جەستەم خۆڵەمێشێ جێ دەمێنێ
نە مامی میهری تۆ ببڕن لە جەرگم
لە سەدلاوە پەلی تازە دەهێنێ‌
دو زولفونت بود تار ربابم
چە میخواهی از ین حال خرابم
كە تو با مو سر یاری نداری
چرا هر نیمە شو ایی بە خوابم
لە خێڵی سووتە دڵانم،چۆن نەناڵم
لە هۆز بێحاسڵانم،چۆن نەناڵم
لە سەر گوڵَ نیشتووە بولبول دەناڵێ
كە لێم دوورن گوڵانم، چۆن نەناڵم!
مانای شیعر یان بابەتەكانی شیعری بابا تاهیر
(شارل بۆدلێر)شاعیر و بیرمەندی سەدەی نۆزدەی فەرەنسی و كۆچەر و قەڵەندەرێكی وەكو بابا تاهیر دەربارەی شیعر كورترین بەڵام پڕ ماناترین ڕستەی هەیە كە ناوی ناوە (ئاوێزانی جوانی و هەڵوەڕین)،لە لای ئەو شیعر هەر وەكو عیشق لە نێوان دوو جەمسەری(جوانی)و(هەڵوەرین) دا ئاوێزان دەبن و سەرەنجام مانای مەبەست،یان مانا و وێنای شاعیرانە بۆ عیشق و شیعر پەیدا دەبن.بەشێكی زۆری شیعری بابا تاهیر بەرواردی نێوان ئەم دوو جەمسەرەیە،بەڵام دەبێت ئەو بزانین كە باوە تاهیر نزیكەی هەشت سەد ساڵ پێش شارل بۆدلێر ئەم ناوەڕۆكە گرنگەی لە شیعردا بەیان كردووە.
خۆدا بیباتەوە بۆ خۆی دڵی زار،
لە دەستم نایە من تیماری بیمار.
ئەمن نەمزانی لەعلی لێوی بۆ چی
بە خوێنم تینووە،خۆی هیندە ئاودار.
خودایە خەستە و زارم لە دەست دڵ
شەو و رۆژ گیان بە ئازارم لە دەست دڵ
لە دەست دڵ من،لە دەست من دڵ دەناڵێ
نەبێ یا ڕەب،كە بێزارم لە دەس دڵ.
اگر دل دلبر و دلبر كدام است
اگر دلبر دل و دل را چە نام است
دل و دلبر بە هم امیتە وینم
نزونم دل كە دلبر كدام است؟
یەكێكی دیكە لە مانای شیعری یان بابەت و ناوەڕۆكی شیعری بابا تاهیر،مانای تایبەتی یە بۆ شاعیر یان رووناكبیر.واتا بابا تاهیر وێڕای ئەوەی كە شیعر و نووسینی بۆ بابەتە گشتییەكان هەیە،بەڵام ئەوەشی بیر نەچووە كە مانای تایبەت بە شاعیر و رووناكبیر بكاتە بابەتی شیعری.مانای تایبەتی شاعیر یان ڕوانگەی تایبەتی رووناكبیر،ئەو دیدگایانەن كەیان كەسانی دیكە نیانە،یان تێیان ناگەن یان تەحەمول و بەرگەی ئامانجەكانیان ناگرن.بەڵام بابا بەو پەڕی تەحەمول و بەرگە گرتن و یەقینی زانینەوە ئەو ناوەڕۆكانە باسدەكات و لە شیعردا دەیان سرود دێنێ:
كە بمكوژی،بە پەیكانت،چ پەروات؟
دەرم كەی گەر لە كۆڵانت،چ پەروات؟
لەتێكم دڵ هەیە،قەت نیمە پەروا
دڵی عالەم لە دامانت،چ پەروات؟
چ دڵ چەشنی دڵی پرژانی من نین
چ غەم چەشنی غەمی هیجرانی من نین
ئەگەر دەریایە،گەر هەوری بەهاران
حەریفی چاوی پڕ گریانی من نین
بسر غیر تە سودایی ندیرم بدل جز تمنایی ندیرم
خدا زونە كە در بازار عشقت بجز خون هیچ كالایی ندیرم
غم عشق تە مادرزاد دیروم نە از اموزش استاد دیروم
خوشم با اینكە از یاد غم تو خراب اباد دل اباد دیروم
زۆربەی سەرچاوەكانی تایبەت بە عیرفان و تەسەوف و بەشێكیش لە زانایان و شارەزایان برَوایان وایە كە عیرفان و تەسەوف،سەرەڕای دینداری و پابەند بوونی بە خودا پەرستی،بەڵام دەكرێت وەكو پرۆژەیەكی رووناكبیری ناو ئایین یان ئایینەكان بناسرێت و هەر وەكو دەشزانین زۆربە یان هەموو ئایینەكان ئەم پرۆژە رووناكبیرییەیان تێدایە.بابای شاعیر و شاعیری رووناكبیر كە بەشێك لە ژیان و نووسین و بڕواكانی لە ناو ئاییندایە بەرە و هەمان پرۆژەی رووناكبیری دەچێت كە عیرفانە. عیرفان و یەقینی زانینی و ناسین و پەیڕەو كردن لە تەحەمول وبەگە گرتن دەبنە سیانەی شیعر لەلای بابا تاهیر و شیعری عیرفانی ئەو، یان تەسەوف لە لای ئەو تایبەتمەندیانە ی دەبێت كە رووناكبیرێك لە ئایندایە هەیەتی.دەبێ ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە بڕوای لێبوردن و تەساهول بەشێكە لە بڕوا ئایینیەكانی بابا تاهیر و سەرجەم پرۆژەی عیرفان و تەسەوف.
دلی دیروم خریدار محبت كە زاو گرم است بازار محبت
لباس بافتم بر قامت دل زپود محنت و تار محبت
خداوندا بە فریاد دلم رس كس بیكس تویی مو ماندە بیكس
همە گویند كە تاهر كس ندارە خدا یار منە چە حاجت كس
الهی اتش عشقت بە جان زن شرر زان شعلەام بر استخوان زن
چو شمعم بر فروز از اتش عشق بر ان اتش دلم پروانە سان زن
دیدگای تایبەتی و وێنای هونەرمەندانەی شاعیر،ڕوانگەی زانا و زیرەكی رووناكبیر و خەمی ویژدانێكی رۆشن و خواپەرەستی و بڕواكانی عارف لە گەڵ دنیای عەشق و خەرمانەكانی دەوری عەشق لە سووتان،چاوەڕوانی،ناڵێن و موناعات و خەم و نائومێدی ئاوێزان یان ئاوێتە دەبن و تابلۆ یان تابلۆكانی عیشقی باوە تاهیر بەو خەرمانانەوە دەنەخشن.دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە مەبەستی بابا لە عیشق تەنها عیشقە ئەگەر ئەو عیشقە جگە لە ناكامی و سووتان و نائومێدیش زیاتر بەرهەمێكی نەبێت.ئەو كە نیگای لە ئاكام و بەرهەمی عیشق نییە،بەڵكو عاشقی عاشق بوونە بۆ یە سەرەنجام ئازاد یان هەر وەكو خۆی دەڵێت ناكام و ئاوارە دەبێت.
ئەرێ دەردی من و دەرمانی، دۆست!
ئەرێ وەسڵی من و هیجرانی من،دۆست!
چەقۆ بێنن كە وڵ كەن گەر لەشی من
جودا نابێ ئەبەد لە گیانی من،دۆست!
مەلێكم من لە نێو گڕدام سەروماڵ
دەسووتێ عالەمێك گەر لێك بدەم باڵ
نیگار كێش گەر بكا نەخشم لە دیوار
لە تەئسیرم دەبێ گۆڵشەن بە زو خاڵ
غەمم هەر غەم بوو،غەمخۆری دڵم غەم
غەمم هەم موونس و هەم یار و هەمدەم
بە جێم ناهێڵی غەم هەرگیز بە تەنیا
بژی،هەی بارەكڵڵا،مەرحەبا غەم!
بەوان خۆزگەم كەپێ و سەر نەپرسن
وەكو شوعلە لە وشك و تەڕ نەپرسن
كەنشت و كەعبە و بوتخانە و دەیر
چ جێ بێ،غەیری دڵبەر هەر نەپرسن.
اگر چون موم صد صورت پزیرم بهر صورت بدل نقش تو گیرم
تو تا بخت منی هرگز نخوابم تو تا عهد منی هرگز نمیرم
عاشق ان بی كە دائم در بلا بی ایوب اسا بە كرمان مبتلا بی
حسن اسا بنوشە كاسە زهر حسین اسا شهید كربلا بی
بابای سوتە دڵ و عاشق و ناكام،لە دنیای عیشق و دڵداریدا چاوەڕوان دەمێنێتەوە و لە جیهانی پێچەوانە بە بڕواكانی ئەو بەرەو كۆچەری دەچێت.چاوەڕانی عاشقانە و ناڵین لە دەستی ئەو عیشقە ناكامە ئەگەر بێ اختیار و بێدەسەڵاتی عاشقی تێدا بێت،بەڵام ڕوو كردنە ئاوارەیی و كۆچەری و دوور ماندە لە هەموو كەس دەمێنێتەوە و ئەو بەرەو مەنفایەكی اختیاری دەچێت و تا دەمرێت لەو مەنفایەدا دەمێنێتەوە.
سپێدەی زوو كە گورگان دێنە سەرمێش
كەزێكانت پەرێشان كە!وەرەپێش
بدە ماچێك لە كونجی لێوەكانت
بڵێ خێر بوو،لە ڕێی خوا دامە دەروێش
كە شەو دادێ،من ئەستێرە ژمارم
لە چەشنی شەو درێژە ئینتزارم
لە پاش نیوە شەو گەر تۆ نەهاتی
هەور دێنم، دەگرمێنم،دەبارم
من ان اسپیدە بازم همدانی كە لانە دارم اندر كوە نهانی
ببال خود پرم كوهان بكوهان بچنگ خود كنم نخجیربانی

سەر چاوەكانی

1_ ناسری حیسامی،بابای سووتە دڵان(ژیانی،بەرهەمەكانی،باوەڕی)س ایتی ناسری حیسامی.
2_ دو بیتی های بابا تاهر،بە اهتمام علیرزا اسدی،خت مەسعود فەزللاهی،چاپ سوم،1386 ، انتشارات شابك،ل ە .
3_ ه.س.پ.(ناسری حیسامی).
4_ا. دورە هەفتوانە(جزوی از نامەی مینوی سەرئەنجام)تفسیر و تالیف صدیق صفی زادە،تهران 1361،ل 35.
ب.میهرداد ئیزەدی،ئایین و تایەفە ئایینی یەكان لە كوردستان،وەرگێڕانی كامەران فەهمی، بڵاوكراوەكانی مەكتەبی بیر و هۆشیاری (ی.ن.ك)،سلێمانی 2002،ل 48، 51.
5_چوارینەكانی بابا تاهیری عوریان،رازی وەڕیگێڕاوە،كتێبخانەی شانۆ،سلێمانی 1979.
6_ ادوارد سعید،نقش روشنفكر،ترجمەی حمید عزدانلو،نشر نی، چاپ دوم،1382 تهران،ل 22.
7_ دو بیتی های بابا تاهر.ه.س.پ. ل.63.
8_ باشگاە اندیشە_ سایتی انترنیتی.
9_ مقدمەی د. حسین محمد زادە صدیق بر كتاب(ترانەهای بابا تاهر) مولف،محمد باقر باقری،تهران،تكدرخت،1386.
10_ فرشاد علی یاری(كارشناسی ارشد ادیان و عرفان)،بابا تاهر لر،یا بابا تاهر همدانی_ انترنیت.
11_ داریوش اشوری،شعر و اندیشە،چاپ سوم،نشر مركز،تهران 1380،ل 132.
12_ جواد مفردكهلان،بابا تاهر لر همدانی،روایتی از مانی استورەای است.سایتی باشگاە اندیشە.
13_ ارغنون(14)فصلنامە فلسفی،ادبی،فرهنگی،زمستان 1377،دربارەی شعر، گاستون باشلار (پدیدار شناسی شعر)_ ل.13.

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )

ویرایش توسط behnam5555 : 06-13-2012 در ساعت 03:19 PM
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 12:35 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها