ئینشایه‌ک بۆ کچه‌که‌م
ده‌ستی کرده ملم و گوتی: بابه، بابه، مزگێنی! ده‌بمه عوزوی فه‌رزانه‌گان.
ئافه‌رین کچم، فه‌رزانه‌گان چییه؟
گوتی: له هه‌ر مه‌دره‌سه‌یه‌ک پێنج دانیشئامووزیان ئینتخاب کردوون و مهرزووعێکیان بۆ داناوین، ئینشای هه‌ر که‌س جوانتر بێ ده‌بێته عوزوی فه‌رزانه‌گانی ئوستان!
له خۆشیان ده‌موچاوی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو و له په‌له‌په‌لیان وشه‌کانی سواری سه‌ری یه‌ک ده‌کردن.
گوتی: مه‌وزووعه‌کان زۆر سه‌ختن، لێیان حاڵی نابم، ده‌بێ کۆمه‌گم بکه‌ی.
که چاوم لێکرد سێ بابه‌ت بوون: ڕۆڵی خانه‌واده له به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ماده موخه‌دیره‌کان، ڕۆڵی قوتابخانه له ئاگادارکردنه‌وه و به‌ربه‌ره‌کانی... ڕۆڵی ڕاگه‌یه‌نه گشتییه‌کان...
کچه‌که‌م هه‌قی بوو ده‌و شتانه نه‌گا.
من مات بووم، ئه‌و بێده‌نگ. چیم پێ گوتبا؟
گوتبام نه‌ده‌بوو به‌رپرسانی قوتابخانه بابه‌تی وا قورس و هه‌ستیار، که کارناس و پسپۆڕ و کۆمه‌ڵناسانیش به ده‌ستییه‌وه داماون بخه‌نه به‌رده‌م کچانی پۆلی چواری سه‌ره‌تاییه‌وه؟
گوتبام ئه‌دی له‌و نێوه‌دا ڕۆڵی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت چی که مه‌وادفرۆش به ئازادی و به ڕۆژی ڕوون موخه‌دیرات ده‌فرۆشن؟
گوتبام تۆ ژه‌هر ده‌که‌یه خۆراکی ماڵێکه‌وه و دوایه لێیان ده‌پرسی، به ڕای ئێوه ڕێگای به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ مه‌سمووم بوون چییه؟
گوتی: بابه بۆ بۆم نانووسی:
چۆن ده‌بێ دایک و باب ئینشا بۆ منداڵه‌که‌یان بنووسن؟ ئینشا بۆ ئه‌وه‌یه...
ئه‌و ورده فهرمایشتانهم هیچ نه‌فه‌رموو. له جیاتان هاتمه سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌م جار ئینشایه‌ک له جیاتی کچه‌که‌م بنووسم.
بابه‌تی ئینشا:
به ڕای ئێوه هۆکاره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئالووده بوونی لاوه‌کانمان به مه‌وادی موخه‌دیر چییه؟
سلێمان دڵسۆز