بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #91  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض گۆڕبەگۆڕ


گۆڕبەگۆڕ


ئارەقەی ڕەش و شینم دەرداوە، هەتا ئەژنۆم لە قوڕ و لیتەدایە. قووڵكێكم هەڵكەندووە گەزێك پان و دوو گەز درێژە. قوڵنگەكەم لە لایەكی قووڵكەكە هەڵپەساردووە و پێمەڕە بەدەست قوڕ و لیتە دەردەدەم و كەوتوومەتە هەناسەبڕكێ. كاری خۆمە و دەبێ زۆر زوو تەواوی بكەم. بێتوو كارەكەم وەدرەنگی بكەوێ ، بۆگەن دەبـم. چركەیەك وێستانـم نییە. لەوەتا وە بیرم دێ هیچ‌كات ئاوا بە دڵ كارم نەكردووە و خۆم ماندوو نەكردووە.
ئاسـمان ڕەنگێكی خۆڵەمێشینی بە خۆیەوە گرتووە. كەشەهەورەكان دەڵێی ڕێگای كزربۆوەی دوای بارانەن و تەراكتۆر بەسەریان‌دا ڕۆیشتووە. بەرەبەیانێكی ساردە و هاڵاوی هەناسەم لە قووڵكەكەوە دێتە دەرێ و دەڵێی ئاوری تێدا دەكوژێننەوە.
جێگای گۆڕەكەمـم بۆیە وا لە حەوزە گەورە دوور خستەوە، ترسم بوو ئاوی حەوزەكە بدەڵێتە نێوی و بۆ هەتا هەتایە گۆڕەكەم شێدار بێ. ئەو شوێنەی هەڵمبژاردووە بە بەر لێژایی قەڵاكەوەیە و كەوتۆتە شانی ڕۆژهەڵاتی حەوزەگەورە. سەرەتا كە دەستم بە هەڵكەندن كرد، توێژێك چیمەنتۆی ڕەش و كەڕوواوی بوو. تا شكاندم تەواوی بەری دەستم بلۆقی دا و هەر قوڵنگێكم دادێناوە بلۆقێكی دەستم دەتەقی و ئاوەكەی لەگەڵ ئارەقەی تەوێڵم دەتكانە سەر عەرزەكە و خاكە بریندارەكە دەكەوتە سۆڵەسۆڵ. كاتێ دیتم درزێك كەوتۆتە چیمەنتۆكە، خۆشی كەوتە دڵم. نووكی تیژی قوڵنگەكەم تێگیراند، قرچەیەكی لێوەهات و یەك‌تەختە هەڵقەندرا. خۆڵەمڕەیەكی نەرم وەدەركەوت. تاشە چیمـەنـتۆم لەتوكـوت كـرد و لام ‌دایە قەراغ و دەستم‌ دا پێمەڕەكەم و خۆڵەمڕەم دەردا، تەپ و تۆزێك ساز بووبوو دەتگوت ڕەشەبا هەڵیكردووە. هەرچی پێمەڕەم لـێ دادەگرت هێندە نەرم و وشك بوو بە دەمی پێمەڕەكەوە گیر نەدەبوو و دەڕژایەوە خوارێ. بە هەڵەپڕووكێ و تاڵووكە خۆڵم دەردەدا؛ هێندەم خۆڵەمڕە پێوە نووسابوو و لەگەڵ ئارەقەی جەستەم تێك هەڵەنگووتبوون، دەتگوت وڕچەقوڕینەی منداڵانـم. هەرچۆنێك بوو بە چنگ و كۆش دواییم بە خۆڵەپۆتەكە هێنا و دەرم‌دا دەرێ. قەت ئەوەندە لە كار بە پەلە نەبووم، وەك ئاشی ئاور هەڵدەسووڕام. ئاخر بیستبووم ئەگەر مردوو زۆر بـمێنێتەوە دەماسێ. دەمگوت ئەگەر زۆر بـمێنێتەوە و بـماسێ، دەبێ گۆڕەكە گەورەتر بكەمەوە و ئەو وەختە شان و شەپیلكم دێنە دەر و لە هەڕەكە دەكەوم و تەرمەكەم هەروا بە دەرەوە دەمێنێتەوە و بۆگەن دەبـم.
دوای تەواو بوونی خۆڵەپۆتە، گەیشتە عەرزێكی وشك و ڕەق و قەڵشت‌قەڵشت. دەتگوت جێگەی گۆلاوە وشك بۆتەوە و تواتوا بووە. هیندە ڕەق بوو وەك بەفركوش وا بوو. نووكی قوڵنگەكە بە حاڵ دەیبڕی. هەڵمكەند و هەڵمكەند و هەڵمكەند. ئێوارە كە سەرم هەڵێنا، خۆر لە شانی بەردە زەردەوە خەریك بوو ئاوا دەبوو. منیش لە نێو قووڵكەكەدا بە حاڵ سەرم بە دەرەوە بوو. تا ئێستا گۆڕی ئاوا قووڵم نەدیبوو. بەڵام دەستم هەڵنەگرت لە هەڵكەندن. ئەو شەوە تا بەیانی هەر هەڵمكەند. كە گزنگ لەسەرانی دا و كفنی سپی بە بەر ئاسـمان دووری، خەریك بووم گۆڕیچەكەی هەڵكەنـم؟ پاتۆڵەكەم تا چۆكم هەڵكرد و كەوشەكانـم فڕێ دایە دەرێ؛ چونكە لە قوڕ و لیتەدا هەر جڵقەیان دەهات. گەیشتبووە ئاو و وەك زنە نەرم نەرم ئاو لە گۆڕیچەكەوە هەڵدەقوڵی، قووڵكەیەكی چكوڵەم لەبەر زنەكەدا دروست كرد و بینم پێوەنا، هەر ئاو هەڵقولێ و خواردمەوە. دەمـخواردەوە و دەمگوت با گوڕەكەم نەخووسێنێ و بەڵكوو ئاوەكەی دوایی بێ و دەست بكەم بە ناشتنی تەرمەكەم. هەروا كە بینم بە ئاوەكەوە نابوو، لەپڕ دەمم پڕ بوو لە قوڕ و وەك چەققە پێوەی نووسا.
كە هەستامە سەر پێ ئاوەكە وشكی كردبوو، زگم ببووە مەشكە. قوڕەكەم لە زارم كردەوە و تووڕم هەڵدا، تەماشام كرد هەرچوار ددانەكەی پێشەوەم بە تۆپەڵە قوڕەكەوە نووساون. بەپەلە دەستم برد بۆ دەمم، هەر دوو لێویشم لـێ ببوونەوە و دەمە بێددانەكەم ببووە كونە قرژاڵ. ویستم بێمە دەرێ و تەرمەكەم ڕۆهێڵمە خوارێ و بینێژم، ئەختوچارم كرد نەمتوانی وە سەر كەومەوە. لەو كەندڕە قووڵەدا گیرم خواردبوو. قوڵنگ و پێمەڕەكەم فڕێ دابووە دەرێ و پێگیرەم لەم بەر و ئەو بەری گۆڕەكە ساز نەكردبوو، كە پێی لەسەر دانێم و بێمە دەرێ. ویستم بە چنگ و نینۆك پێگیرە هەڵكەنـم، بەڵام تەواوی نینۆكەكانـم لەبن‌دا هەڵكەندرابوون، ئەوەندەم قوڕ و خیز و خۆڵ پێ دەردابوون. ددانیشم نەبوو. دەستەوئەژنۆ دانیشتم. دوای ماوەیەك سێبەرێكی نەرم بە سەرمدا كشا و بارانەیەكی گەرمم بە سەردا باری. كە سەرم هەڵێنا، خۆم بووم! دوازدە ساڵم تەمەن بوو، لەسەر لێواری گۆڕەكە وێستابووم و میزم هەڵدەداشت.
گوتـم: جا شەرم ناكەی؟ داناڕزێی، نازانی ئەوە قەبرە، بۆ میزی تێدەكەی؟
لەپڕ وەبیرم هاتەوە من لێرەدا گیرم خواردووە. بریا لێی تووڕە نەبوایەم، جا هەڵێ و بڕوا چ بكەم؟ كەسم وە گیر ناكەوێ داوای یارمەتیی لـێ بكەم. كەوتـمە پاڕانەوە. بەڵام ئەو قاقا پێم پێدەكەنی. لەپڕ وە بیرم هاتەوە لێو و ددانـم نەماوە و خۆم نەبێ كەس نازانێ دەڵێم چی. وا دیارە هەر لێم حاڵی نەبووە گوتوومە چی. بۆیە تۆزێ دڵم خۆش بوو بەوەی كە ڕەنگە لەم تووڕە بوونەم نەگەیشتبێ. گوتـم كاكە چكۆل گیان! ئەو قوڵنگەم بۆ بـخە خوارێ، ناتوانـم بێمە دەرێ. پێگیرەی پێ دروست دەكەم. ئەو مەیتەی لەوێیە بۆگەن دەبێ. دەستی كرد بە پێكەنین و هەڵبەزدابەز لە قەراغ گۆڕەكە؛ هەرچیم دەكرد لێم حاڵی نەدەبوو. گڵی دەكرد بە سەرم‌دا، بەردی پێدا دەدام. خوداخودام بوو قوڵنگەكە یان پێمەڕەكەشم پێدا دا بەڵكوو یەكیانـم وە دەست كەوێتەوە و بە لەونێك بتوانـم لەو قووڵكە بێمە دەرێ. خودا و ڕاستان قوڵنگەكەی هەڵگرتبوو نابوویە سەر سەری و دەیگوت پێتدا دەم، بیدەم بەسەرتدا؟ بتكوژم؟ لە دڵی خۆمدا دەمگوت ڕۆڵە گیان كێ دەكووژی؟ من لە مێژە مردووم. ئەوە نییە گۆڕ بۆ خۆم هەڵدەكەنـم. بە سەر و دەست داوام لـێ دەكرد قوڵنگەكە بهاوێ، بەڵام نەیدەهاویشت. لەپڕ لەسەر گڵەكە لاقی خزی و تلاسكەی بەست. قوڵنگەكەی لە دەست بەربۆوە و كەوت بە سەر قامكەكەڵەی لاقی چەپەمدا. سەرم لە گێژەوە هات و دڵم سست بوو. كە سەرم هەڵێنا كوڕە لەسەر لێواری گۆڕەكە گیر ببوو خەریك بوو بە سەرەوە بەردەبۆوە. لە تاوان هەستامە سەر پێ و باوەشم بۆ گرتەوە. دوای هێندێ گریان و قیژەقیژ جووڵەیەكی كرد و كەوتە خوارێ. قورسایییەكەی بەسەر هەردوو دەستمدا درا و شتێك وەك دووكەڵ و تەپوتۆز بەرز بۆوە. كە تۆز و دووكەڵەكە ڕەوی، تەماشام كرد بە غەیری خۆم و قوڵنگەكە و هێندێ خاك و خۆڵی داوەریو هیچی دیكە لە نێو گۆڕەكەدا نەبوو.
هاتـمە دەرێ. تەرمەكەم چەن هەنگاو لەولا گۆڕەكەوە درێژ كرابوو. بەرماڵەكەی هەروا بە سەرەوە بوو، با لۆیەكی هەڵدابۆوە. لاقی چەپی وە دەر كەوتبوو، قامكەكەڵەی ڕەش و شین هەڵگەڕابوو. بەرماڵەكەم داداوە و وە دووی كفن كەوتـم. دووكانی بەزازی نەما سەری پێدا نەكەم، كفن لە هیچ كوێ وەگیر نەدەكەوت. نازانـم زۆرم پێچوو یان كەم، لەپڕ وە بیرم هاتەوە تەرمەكەم بەجێ هێشتووە. بە هەڵاتن گەڕامەوە. سەگێك لە ژوور سەرم باوێشكی دەدا و پشیلەیەك دەمی نابووە نێو جەرگ و دڵم و خوێنە خەستەكەی دەخوارد و سـمێڵی دەلستەوە. بەردێكم ڕێهاڵاندن، هەڵاتن. مەیتەكەم بە كۆڵمدا دا و بە بەرماڵەكە توند لە خۆمم شەتەك دا و كەوتـمە گەڕان. دووكان نەما نەچم و داوای كفنی لـێ نەكەم. بە سەر و دەست و زمان ئاماژەم دەكرد، كەسم لـێ حاڵی نەدەبوو. پاش گەڕانێكی زۆر لە دووكانی قەسابێك باوەشێكیان ڕۆژنامە دامێ و گوتیان تێوەی پێچە لە كفن نامێنێتەوە.
بەرە و حەوزەگەورە گەڕامەوە. دیوارەكانی هەموو هەڵتەكابوون و حەوزێكی سەرئاوەڵا و ڕووناك بوو. هەرچوار دەوری چیمەن و سەوزەڵانی بوو. مەیتەكەم لەسەر تاتەبەردێك دانا و بە مست ئاوم پێدا كرد و دەستم كرد بە شۆردنی. دەستم بە هەر جێیەكیدا دێنا پێستەكەی دادەماڵكا و گۆشتێكی شین و خۆڵەمێشی وە دەر دەكەوت. ڕۆژنامەكانـم هێنا و تێوەم پێچا. لە هەر لایەكم دەپێچا یەسقانەكانی دەشكان و ڕۆژنامەكەی كون دەكرد. لاقم دەپێچاوە دەستم لـێ دەبۆوە، دەستم دەپێچاوە سەرم لـێ دەبۆوە. وای لـێهات زیاتر لە بیست تۆپەڵە گۆشت و یەسقانـم لە ڕۆژنامە پێچابوو و لەسەر بەرماڵەكەم دانابوو. دەتگوت بەشەگۆشتی قوربانییە ڕیزم كردوون. پاشان بەرماڵەكەم گرێ دا و دام بەشانـمدا و چووم بۆ لای گۆڕەكەم. تەماشام كرد تاتە بەردێكە دەڵێی سەدان ساڵە كەسی بەلادا نەچووە. گۆڕەكە پڕ كرابۆوە و تاتە بەردەكەیان لەسەر دانابوو. كە تەماشای لێواری بەردەكەم كرد بە خەتی بزماری نووسرابوو مێرمنداڵێكی دوازدە ساڵان لەم شوێنەدا نێژراوە و كەس تا ئێستا نەیزانیوە كێیە و ناوی چیە؟! بەرماڵەكەم لە شانـم توند كرد و وەڕێ‌كەوتـم. ئێستا شاخ و دەشت و دۆڵانـم هەموو پشكنیوە، جێیەك نییە ئەم تەرمە لەت‌لەت و هەڵپڕووكاوەمی لـێ بنێژم.

ئەمین گەردیگلانی

بەهاری 1381



__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




  #92  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض كۆیلە


كۆیلە


«ئەوە منداڵە بەخێوت كردووە؟ تازە تا دەمرێ دەبێ هەر ئاوا فەلەج بێ. ئەوەش وەڵامی ئازمایشەكانی: ئەو منداڵە كاتی لەدایك بوون عەیبی نەبووە. ئەگەر نازانی منداڵێك بەخێو كەی بۆ شووت دەكرد؟ چۆن منداڵی سێ ساڵان ئاوایە؟ دەڵێی نەمەییوە. چیت داوەتێ؟ شیری خۆت یان شیری وشك؟»
چاوێكت لە مێردەكەت كرد. ڕووبەڕووی تۆ لەسەر كورسیلەیەك دانیشتووە. چاوت لە چاوی بڕی. چاوت چاوی بەزاند. سەری داخست.
***

تازە چلەی كوڕەكەت چووبوو. بە دەنگی گریانی ڕاچڵەكیی. تەزوویەك لە تەپڵی سەرتەوە مێروولەی كرد و لەبەری پێتەوە دەرچوو. ویستت هەستی. تەكانێكت لە خۆت دا. دەتكوت بە تەختەی فەڕشەكەوە دووراوی. ئاوڕێكت دایەوە. خەسووت لە هاڵەكە نەبوو. هێواش هاتییە خوارێ. بەرەو گریانی كوڕەكەت ڕۆیشتی. گریانەكەی ئاسایی نەبوو. پاڕانەوە، برسییەتی. گریانی منداڵێكی برسی. لە درگای دیوی خەوەكەتان نزیك بوویەوە. خەسووت لە درگای چێشتخانەكە هاتە دەرێ. لەبەر دەركی دیوەكەدا لووتتان بە لووتی یەكدا تەقی. مەمكە شووشەیەكی پڕ لە قەنداوی بەدەستەوە بوو. دەتكوت پشكۆی ئاورە بە دەستییەوە و دەیهەوێ بینێ بە دڵتەوە! مۆڕەیەكی لێ‌كردی و لچی هەڵقورتاند. زمانێكی بەملاولای دەمیدا هێنا و گوڕاندی:
ـ ژنەتیوە ساویلكەیە! تۆ بنیادەم نەبووی. بە قوربانی خودا بم. تۆ کوا خواردنی كوڕەكەی من بووی؟ دڵم خۆشە ژنم بۆ كوڕم هێناوە، دەك تووی ژن ببڕێ. چەن جارم پێ‌گوتووی، بۆ هەوەڵ و ئاخر جوان لە گوێی گرە. جارێكی دیكە گوێت لە گریانی ئەو كوڕە بێ و لەسەر تەونەكە هەستی و بێی بە لایدا خۆم دەزانم...
لە سووچێكی درگاكەوە چاوێكت لە كوڕەكەت كرد. دەگریا. سەری بە لای بێشكەكەدا شۆڕ بووبۆوە. بوغزێكی تاڵ گەرووتی ڕێك‌گوشی. تف لە زارتدا وشك بوو. جەستەت قورس بوو. نا، سووك بوو. خۆشت نەتزانی چیت لێهاتووە. دڵت توند ببوو. ڕاوەستابوو. نا، بە پڕتاو لێی دەدا. ئەوە بۆ وات لێهاتووە؟ ئەژنۆت دەلەرزی. بە هەنگاوی شل و دڵەكوتەوە گەڕایەوە. بە دوو سێ تەكان توانیت بچییەوە سەر تەختەی تەونەكە. دەستت دا قولاپەكە. پەنجەكانت دەلەرزین. هێزیان تێدا نەبوو. بەری دەستت مێروولەی دەكرد. چاوت لە ڕەشەوە دەهات. كوڕەكەت بە دەنگی كپ و دەمی مەمكەمژە تێ‌ئاخنراوەوە هەنیسكی دەدا. گەرمایەكی تێكەڵ بە مۆچڕك لە دڵتەوە داگەڕا و لە هەناوتدا پێچێكی خوارد و بە هەر دوو لاقدا داگەڕا و بن چۆكت گەرم داهات و هەر دوو بەری پێت سڕ بوون. سەرت لە گێژەوە دەهات. تاڵەكانت نەدەدی. كزە لە قامكت هەستا. قولاپەكەت لە دەست كەوتە خوارێ. دەستە بێ‌هێزەكەی دیكەت بێ‌ئیختیار لەسەر برینەكەت گیرسایەوە. دوو سێ دڵۆپ خوێن ڕژا سەر كۆشت. لەسەر گۆناتەوە دوو ڕیز فرمێسك قەتارەیان بەست و لە چەناگەت داوەرین و لەگەڵ خوێنەكە تێكەڵ بوون. خۆشت نەتدەزانی بۆ ئەسرین لە چاوت دەڕژێ. لە تاوی كوڕەكەتە؟ لە بەر ژانی زامەكەی قامكتە؟ یان بۆ بەخت و نێوچاوانەكەتە؟
لەبەر خۆتەوە دەگریای. نا، ورتەت دەهات:
«خۆ من زۆر لە مێژە فرمێسكم پێ نەماوە. كانیلەی چاوم وشكی كردووە. ئەو دڵۆپە ڕووناكانە چین لە چاوم هەڵدەوەرێن؟! دڵم لەمێژە ژاكاوە، گریانم لەبیر چۆتەوە. گریانم پێ نەماوە. ڕەنگە سۆمای چاوم بن هەڵدەوەرێن. چش. چاوم بۆ چییە؟ ژیانم بۆ چییە؟»
دوكتۆر دیسان گوڕاندی:
«لەگەڵ تۆم نییە؟! بۆ ویشك بووی. دەڵێم چی دەدەی بەو منداڵەکەت؟ شیری خۆت یان...»
چاوت دیسادن لەسەر چاوی مێردەكەت گیرسایەوە.
شەو بوو. دەستت خستبووە سەر شانی مێردەكەت و پێت كوتبوو:
«پیاوەكە منت خۆش دەوێ؟»
قاقای توندی مێردەكەت زرینگەی لە گوێت هەستاندبوو. بە بزەیەكی شیرینەوە پێت كوتبوو:
ـ سووك پێبكەنە كوڕەكە خەوتووە، دادەچڵەكێ.
پێشت خۆش بوو لە خەو هەستێ. هەتا مەلابانگدان دەمی بە مەمكتەوە بێ و چەك و چڕیان دا. تێرتێر چاو لە چاوی بڕی و بیگوشی بە سینگتەوە. بە قامكە ڕەقەڵەكانت بەرمل و چەناگەی ختیلكە دەی و بە پشت پشت وەپێكەنینی بخەی. با ئەو لەباتی تۆش پێبكەنێ. بەڵام تەنیا نیو سەعات لەسەر كۆشت بەخەبەر دەبوو و مەمكتی دەمژی. لەپڕ دەمی شل دەبوو و خەوی لێدەكەوت. بە ڕۆژدا هێندە دەگریا و برسییەتی پێچی بە زگیدا دێنا، خەو نەدەچووە چاوی. بۆیە شەوێ خێرا خەوی لێدەكەوت. كەم وا بوو هەر دوو مەمكەكەت بمژێ. مەمكێكیانی بە تەواوی نەدەمژی. تێری دەخوارد و خەو شلی دەكرد.
«پیاوەكە! گوێم بۆ ڕادەگری؟ دوو سێ كەلیمە قسەم لە دڵـ...»
دیسان قاقای كێشابوو. ئەمجارەیان بە تووڕەیی كوتبووی:
«ـ قسە! قسەی چی؟ تۆ قسە چووزانی؟ دایكم چاكت دەناسێ. تۆ قسە چووزانی؟ دەزانم دەتەوێ بڵێی چی. هەر درۆ و دەلەسەكەی شەوانی دیكەیە. دەڵێی دایكم...»
« ـ نا، ئەو كوڕ...»
«دەمت لێك نێ. تۆ و زمان درێژییان نەگوتووە.»
زللەیەكی خێواندبووە لا ڕوومەتت.
تەڕییەكی گەرمت لەسەر ناوكت هەست پێكرد. مەلی بیرت بە باڵ لێدانێك گەڕایەوە. مەمكت بزووتووە. تك‌تك شیری لێ‌دەچۆڕێ. لە مێژە لەگەڵی ئاشنای. هەموو ڕۆژێ دیوتە. هەموو ڕۆژێ لەسەر تەونەكە مەمكت دەبزووت و بەر زگ و ناوكتی دەخووساند. ئەو كاتانەی بە دەم هیلمە تێوەدانەوە، بە خەیاڵ كوڕەكەت لە باوەش دەگرت و دەتگوشی بە سینگتەوە. لەپڕیش بە تەڕایی مەمكت یان بە گریانی كوڕەكەت ڕادەچڵەكای. ئێستاش خەیاڵ لە خۆیەوە پێچابووی. وەك خەڕەك مێشكی هەڵدەسووڕاندی و بەنی هەموو ژانەكانتی لەسەر ڕۆحت هەڵدەكردەوە. بزووتنی مەمكت وەخۆی هێنایەوە. تەنیا شەواوشەو كاتی خەوتن دەتتوانی مەمك بدەی بە كوڕەكەت. ئەویش هەموو شەوێك نا. زۆربەی شەوان خەسووت لانكەكەی هەڵدەگرت، لەگەڵ مەمكەشووشەی پڕ لە قەنداغ دەیبردە دیوەكەی خۆی. لەگەڵ ئەوەی بە شەقوكوت بێشكەكەی دەبرد و پێچكە و كەمەی لە چوارچێوەی درگاكە دەكوتا، بۆڵەی دەهات:
«ـ چۆن دێڵم دێڵە ساویلكەی وا كوڕم بۆ بەخێو كا. چۆن...»
ئیتر شەو و دڵ گوشران. شەو و ژان. شەو و دابڕان. خوێ لە چاوت دەكرا. ئەگەرچی بەیانی شەو و ڕۆژی تەقە لە درگا هەڵدەستا و دەبوو بە دەم باوێشك و وەنەوزەوە بچییەوە سەر تەونەكە. بەڵام ئەو شەوانەی ڕۆڵەت لەبەر هەڵدەگیرا، ژان ڕەپێچەكی دەدای. پرخەی مێردەكەشت دەبووە مشار و كاسە سەرتی دەبڕییەوە. دەبووە مار و بە هووشەهووش لە ملت دەهاڵا. دەمی ژەهراوی دەنا دەمتەوە و بە گەرووتا دەچووە خوارێ و بە پەڕەی دڵتیەوە دەدا. ژاراوی تێكەڵ خوێن و ڕۆح و هەستت دەكرد.
دوكتۆر دیسان وەدەنگ هات:
ـ لەگەڵ تۆمە! نەخۆشی دیكەمان هەیە. دەڵێم...
چاوێكت لە مێردەكەت كرد. سەری داخستووە. سوور هەڵگەڕاوە. سەری هەڵێنا. لەبەر تەوژمی نیگاتا خۆی نەگرت. سەری داخستەوە. ڕەنگە قسەكانت لە گوێیدا بزرینگێتەوە:
«گوێم بۆ ڕادەگری دوو سێ كەلیمە قسە بكەین؟»
هەستا پێ، ئیتر دەموچاوە سوور هەڵگەڕاوەكەی نەمابوو. زەرد. یان سپی و زەرد. زەرد هەڵگەڕابوو. چاوی فرمێسك تێزاوی لە دوكتۆر بڕی و كوتی:
ـ ئەو، هیچ تاوانێكی ... نییە... مـ ... مـ.... من....
لە پڕمەی گریانی دا و بە پڕتاو بەرەو درگاكە ڕۆیی. تۆش چاوێكت لە دوكتۆر كرد. هەنیشكی لەسەر كورسییەكەیە و بە قەڵەمەكەی ورد ورد لە ناوچاوانی خۆی دەدا. كوڕەكەت وەك مەلۆتكە بە باوەشەوە گرت و هەستایە سەر پێ. لە پشت فرمێسكی چاوتەوە دوكتۆرت دی خەریكی نووسینی نوسخەیە. بە ئەسپایی لە درگاكە چوویە دەرێ و وەدوای مێردەكەت كەوتی.

ئەمین گەردیگلانی


پایزی 1375

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #93  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض ناو

ناو

زەنگی ئاخر بوو، درگای پۆلی سێهەمی سەرەتایی كرایەوە. تێكڕا قرچەپێ هەستان. درگای پۆلەكە پێوە درایەوە و مامۆستا لە پاڵ تەختە ڕه‌شەكەدا وێستا و چاوی لە پەنجێرەكەوە چەن چركەیەك هەڵڕشتە ئەو دیو. منداڵانی پۆلی پێنجەم بە حەوشەكەدا غاریان دەدا. سەرنجی لە ژێر پێیان هەڵگرتەوە و بە سووڕێكی ملی هێنای لەسەر تەختە ڕه‌شەكە چەقاندی. خاڵ و چوكڵەی چەند پیت لە گلێنەی هەڵچەقین و ڕۆچوون بەرەو مێشكی و لەوێوە داگەڕان بۆ دڵی.
ـ كێ ئەوەی نووسیوە دیسان؟
منداڵەكان هەریەكەی دەست و سەرنجی خۆی بە شتێكەوە خەریك كردبوو. ئەویش لە سووچی پشتەوەی پۆلەكە كتێبەكەی بە بەرچاوییەوە گرتبوو دەگریا. هەر دڵۆپە فرمێسكێكی لاپەڕەیەك بوو و خەمێكی ئەوی لەسەر تۆمار كرابوو. مامۆستا بانگی كرد بێتە بەر تەختە ڕه‌شە بەڵام هێزی هەستانی نەبوو.
"وەك شوانەی جیرانمان خۆزگە منیش باوكم پێی نەخوێندمایە و بیدایەم بە ڕەنجبەر، چا نەبوو لە خەڵك و منداڵان دوور دەبووم."
مامۆستا دیسان بانگی كردەوە.
ئەو ڕۆژەی پووری و ژنی جیرانەكەیان هاتبوون بۆ ماڵی ئەمان، پووری بانگی كردبوو بچێ و ماچێكی بداتێ، جیرانەكەی ماڵی پووری گوتبووی:
ـ هەر بە ڕاستی ناوەكەی وایە؟
ئەم وەك ئێستا سەری بەردابۆوە و لە نێو خۆیدا كوڵابوو. هەستی بە توانەوە و ئارەقە دەردانێكی سەیر كردبوو. زۆر جار تووشی ئەم جۆرە شەرمەزار بوونە بووبوو.
پۆلەكە هەروا بێدەنگ بوو، سریوەی لێوە نەدەهات. مامۆستا هاتە پەنای، دەستی بە سەریدا هێنا و ماچی كرد.
ئەو ڕۆژە پووری گوتبووی: ئەگەر كوڕی من بوایە قەتم ئەو ناوە لێ‌نەدەنا.
دایكیشی گوتبووی: دایكی كوێر بێ زۆر پاڕامەوە و تكام لە باوكی كرد. جوابی نەدامەوە. دەیكوت نابێ ناوی باوكم كوێر بێتەوە.
مامۆستا دەستی گرت و بردی بۆ بەر تەختە ڕه‌شەكە و هەورەكەی دا دەستی و گوتی:
ـ بە دەستی خۆت پاكی كەوە.
ئەم هێشتا نەیدەزانی مردن هەیە، دەنا خۆشی وەك ناوەكەی دەسڕییەوە. دەستە بێ‌هێزەكانی هەڵێنا و بە دەم هەنیسكەوە ناوەكەی پاك كردەوە.
مامۆستا بە بزەیەكی شیرینەوە گوتی:
ـ بڕۆ دانیشەوە.
ئەم سەری بەرداوە و لەگەڵ هەموو خەمە ورد و درشتەكانی لە سەر جێگاكەی دانیشتەوە.
مامۆستا گوتی: ئێستا كتێبی بیركاری دەربێنن. وریا و هیوا بران، وریا هەشت گوێزی پێیە، ئەگەر چواریان بدا بە هیوا...
"بریا منیش برای ئەوان بوایەم. گوێزەكەی خۆشم دەدا بە ئەوان."
مامۆستا هاتە تەنیشتی وێستا. دەستی نا سەر شانی و گوتی: «نازانی چەندی بۆ دەمێنێتەوە؟»
لە سووچی دیواری كۆڵانەكەیان هەڵترووشكاوە. حەوت هەشت منداڵ تۆپێن دەكەن. كاك ڕه‌حیمی جیرانیان دەستی خستبووە سەر شانی و گوتبووی:
ـ نازانی تۆپێن بكەی؟
مامۆستا گوتی:
ـ هەستە بزانم دەزانی.
كاك ڕەحیم دەستی گرتبوو بردبووی بۆ نێو منداڵەكان. دەمی تێكڕای منداڵەكان دەرزییان لێ دەباری و لە گوێچكە و دڵی هەڵدەچەقین.
منداڵەكان پڕ بە پۆلەكە دەنگیان هەڵێنا و گوتیان: چوار، مامۆستا چوار!
لە نێوەڕاستی كۆڵانەكە ڕاوەستاوە. منداڵەكان بە دەوریدا هەڵدەخولێن و وشەی سەیر و سەمەرە بە ناوەكەیەوە دەلكێنن.
تۆپەكە بەڕەڵڵا بووە و دەستی كردووە بە تلارۆكێ و بە كۆڵانەكەدا دەڕواتە خوارێ. دەیهەوێ خۆی بخاتە جۆگەكەوە. هەر تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە...
مامۆستا دەستێك بە فرمێسكی سەر ڕوومەتیدا دێنێ، دەیسڕێ و دەڵێ:
ـ تۆش دەزانی وریا چوار گوێزی بۆ دەمێنێتەوە؟
تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە خۆی فڕێ دەداتە نێو جۆگەكەوە ئەمیش لە نێوەڕاستی كۆڵانەكەدا دەكەوێ بە عەرزدا. دێ هەستێتە سەر پێ، لە سەر كورسیلەكەوە بەلادا دێ و لەبەر پێی مامۆستاكەیدا دەدرێ بە عەرزدا. مامۆستا هەڵیدەستێنێتەوە و لەسەر كورسیلەكە دایدەنێتەوە و لە پاڵیدا دادەنیشێ.
لە نێوەڕاستی كۆڵانەكەدا كەوتووە و ناتوانێ هەستێتەوە. منداڵان هەر یەكەی بە لایەكدا هەڵدێن. كابرایەك خەتێكی بە دەوردا دەكێشێ و بە هەر دوو دەستی چاوی دەگرێ. دوای چەن چركەساتێك هەڵدەستێتەوە و خۆی دەكاتەوە بە ماڵێدا.
زەنگی قوتابخانە لێ‌درا.
ـ جوانە مەرگ بی، فریای جل شتنت ناكەوم. دیسان خۆت قوڕاوی كردووە.
قیژەی دایكی زرینگەی لە مێشكی هەستاند.
لە قوتابخانە هاتنە دەرێ، سەرنجی چاوی فرمێسكاوی و لاقە بێ‌هێزەكانی بە سەر گڵ و بەردی كۆڵانەكەدا دەخوشێن. دەنگی تێكڕای منداڵەكان ناوی ئەمیان كردۆتە گۆرانی و كۆڵانەكەیان وەلەرزە خستووە.


ئەمین گەردیگلانی
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #94  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض مەرگ و بیرەوخەو


مەرگ و بیرەوخەو

سات لە دوای سات هەوا تاریكتر دەبێ و ترووسكەی چاوی پەنجێرە بۆ بڕینی جەرگی شەو تیژتر دەبن. شەو بایەكی فێنك هەڵی‌كردووە و وڵاتی ناوەتە ژێر ڕكێفی خۆی. دەنگی زەنگوڵەی ڕانەمەڕێك لە دووری ئاوایی گوێچكەی شەو بە ئەسپایی ختووكە دەدا. لە نێو دار بەڕووەكانی بەرقەدی كێوە هەڵۆ لوورەی گورگێك دێتە گوێ. شوانە حەجمانی نییە، گۆچانەكەی لە قۆڵی كردووە، هەر دێت و دەچێ و دەدا بە ڕانی خۆیدا:
ـ پەككوو ملی شەیتان شكێ، بیری مردنم بوو بیری ئەوم نەبوو. ناكرێ مێگەلەكەش بەجێ بێڵم، هەموو خەتای ئەو واوا لێ‌كراوە بوو، ڕۆژ نییە شڵتاخێك بە پیاو نەكا! ئەو هەرایەی ئێوارە لەسەر هیچ و خۆڕایی سازی كرد، هەر ئەوە بوو نەمردم، خودایە هەقی من و ئەو پیرە زەلیلەی لێ‌بستێنی!
خەوێكی قورس گوندی داگرتووە، شەوقی پەنجێرەیەك نابینی، دێ وا بە گۆمی مەنگی بێدەنگیدا ڕۆچووە، دەڵێی زیندەوەرێكی تێدا ناژی. تەنیا لە قەراغ ئاوایی دەلاقەی دیوێك جار ناجارێك شەوقێكی كزی لێوە دەردەكەوێ، ئەویش هەر جارێ شەوبا هەناسە هەڵدەكێشێ پەنجێرەكە دەكرێتەوە و لەگەڵ وێستانی با، پێوە دەدرێتەوە. پەنجێرەكە نایلۆنێكی تێگیراوە، هێندەی تۆز و دووكەڵ لێ‌نیشتووە كە پێوە دەدرێ شەوقی نێو ژوورەكە نابیندرێ، كاتێ بە شنەی با دەكرێتەوە و پێوە دەدرێتەوە دەڵێی پیرە پیاوێكی بێ‌خەوە باوێشك دەدا. لە نێو دیوەكەدا ناڵە و نووزەیەك دێتە گوێ و بێدەنگیی ژوورەكە دەشكێنێ، لەنتەرێك لە تاقەیەكی چكۆڵە و قورماویدا ترووسكەی دێ. لایەكی شووشەكەی بە دووكەڵ ڕەش داگیرساوە. جیكەجیكی سیسركە بۆ ساتێكیش نابڕێتەوە. لە سووچێكی ژوورەكەدا جێوبانێك ڕاخراوە، پیرە پیاوێكی ڕەنگ بزركاو و ڕەقەڵە ڕاكشاوە، پەیتا پەیتا دەناڵێنێ: «ئاخ سووتام، ئاخ خنكام.»
وەك مێوژۆكە دەلەرزێ، ئارەقەیەكی ساردوسڕ بە ڕوومەتییەوە لەبەر شەوقی لەنتەرەكە بریقەی دێ. تاو و یاوێكی بە تەوژم دایگرتووە، لێفەكەی لە خۆی كردۆتەوە، لای چەپییەوە لە پەنا دیوارەكەدا گرمۆڵە بووە. گۆزەیەكی لێو شكاو و ئاوخۆرییەكی ڕۆح لە ژوور سەری سووچێكی بەڕەكەی بۆ هەڵدراوەتەوە، گۆزەكە ئاوی دەڵاندووە و بە قەرای بستێك دەوری تەڕ بووە. دەم‌ولێوی پیرە پیاو وشك هەڵاتووە، لە دوێنێ شەوەوە ئاوی وێ نەكەوتووە. جارجار بە بێوازی سەری دەجووڵێنێتەوە، دڵۆپێك ئارەقە بە ڕوومەتیدا دێتە خوارێ و دەچێتە گۆشەی لێوی. بە دەم ناڵەوە زمانێكی پێدا دێنێ، دەنگی ناڵەی بەرزتر دەبێتەوە.
دروێنە دەكا، سەرپاڵەیە، بەری لە پێش هەمووانەوەیە، ئارەقەی زوڵاڵ و سوێری ماندوویەتی، دەم‌وچاوی شڵتان كردووە. گەنم خۆ لەبەر شان و باهۆ و گەوزی داسیدا ناگرێ، دوو سواڵەی باقەیەكە، لە تینووانا دەمی وشك بووە، گوێ بە تینوویەتی و ماندوویەتی نادا، تا بەرەكەی دەر نەكا شانی هەڵناهێنێتەوە. ئەوین لە دڵیدا هێلانەی كردووە، دڵی گەرمە، بە دەم دروێنەوە گۆرانی دەڵێ، چریكەی لە نێو دڵی كێوەكانی دەوربەریدا بووە بە زایەڵە.
پشووی سوار بووە، قۆخەیەكی وشك لە گەروویدایە، پیرانی پێ‌بەستووە، هەناسەی وەختە ڕاوەستێ، دوای تاوێ كۆخە تاڵەكە گەرووی بەردا، لەگەڵ ئاخێك... مەلی بیری بە بەردی ناهومێدی پێكرا و لەنگەری باڵی تێك‌چوو. بەجێی ئارەقەی گوڕ و تین ئێستا جواناو دەموچاوی خووساندووە، لە جێی چریكەی گۆرانی، ئاخ و ناڵەی ناهومێدی چنگی لە گەرووی گیر كردووە، بۆ قومێ ئاو وەختە ئیمان بدۆڕێنێ. لەبەر خۆیەوە دەڕاوێنێ: «شوانە، شوانە گیان، لە كوێی؟ ئاخ خنكام، ئاخ سووتام...»
نركەیەك لە دڵییەوە هات. بوغز و خەم لەگەڵ دەستی مەرگ ئەوكی دەگوشن، نووزەی دەرنایە، وەك منداڵ هەنیسك دەدا، چاوی ئاوەڵایە تەم وەسەریان كشاوە، وشەیەك لە گەروویدا گیری كردووە، هەرچی دەكا بۆی نایەتە سەر زمانی. مەرگ و بیرەخەو لە سەر مێشك و ڕۆحی مەچەكیان لێك توند كردووە، ئەمیان بەرەو پێشەوەی دەكێشێ و ئەویان بۆ دواوە، مەرگ دەستی شل دەبێ و بیرەخەو بۆ دواوەی دەگێڕێتەوە.
ئێوارەی هاوینە، وڵات تاریك داهاتووە، لە مەزراوە بەرەو ماڵ دێتەوە، گەیشتەوە نێو دێ، بە كۆڵانی ماڵی دڵدارەكەیدا دەڕوا، لەبەر دەركەی ماڵەكەیان تارماییەكی دی، دڵی داخورپا، نزیكتر بۆوە، ناسییەوە، نازدارە، دیارە چاوەڕوانی ئەمە، نازدار ماندوو نەبوونی لێ‌كرد، لە نێو درگاكەدان، هەر یەكەی پاڵیان داوە بە بەرێكەوە، لە دوورەوە بۆنی هەناسەی یەكتری هەڵدەمژن. قەول و بەڵێن درا، هەردووكیان ڕازین.
پاییزە، جووتیار و سەپان هەموو لە كار بوونەتەوە، دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا گوێچكەی دێی پڕ كردووە، ڕەشبەڵەك گیراوە، ئەم‌سەرەوسەری دیار نییە.
مێشكی خەریكە بتەقێ، وەهەناسەبڕكێ كەوتووە، ڕەشبەڵەك و چەمەرچۆپی شانیان لە یەكتری توند كردووە و لە گۆڕەپانی مێشكیدا هەڵدەبەزەن! هەرچی دەكا بۆی لە یەكتر جیا نابنەوە، ئەم‌سەرەوسەری ئەو بیست و شەش ساڵە وێك‌هاتوونەوە، وەك دەزووی ئاڵۆزكاو سەر و بنی بۆ نادۆزرێتەوە.
زۆرەبانی مەرگ و بیرەخەو هەروا بەردەوامە، مەرگ هەستاوەتەوە، بیرەخەو لە ژێر چۆكیدا جووڵەی لێ‌بڕاوە.
شوانە وەك خولخولە هەڵدەسووڕێ، مەڕەكانی ڕه‌پێچەك داوە، دڵی بە پڕتاو لێ‌دەدا، بەرەو ئاوایی مێگەلی وەپێش داوە و لەبەر خۆوە ورتەی دێ:
ـ دوێنێ ئێوارە زۆر ناساغ بوو، مام لاوەی داماو دەك خەجاڵەتت خۆم، قەولم پێ‌دای هەموو ئێوارەیەك سەرت بدەم. تۆ هەر بۆ چارەڕەشی دروست كراوی، چەندەت كوێرەوەری و چەرمەسەرێ كێشا. دوای مەرگی پوورە نازدار حەوت ساڵت بە بێوەمێردی ڕابوارد، تا هێزت بوو خۆت بەڕێوە هێنا...
نەوتی لەنتەرەكە تەواو بووە، بە پرتەپرت ئاهەنگێكی بەسامی ساز كردووە. لە ئێوارەوە شەوبا جارجار پەنجەی ساردی بە پەنجەرە بچووكەكەوە دەنا و دەیكردەوە و لەشی لاوازی باوەشێن دەكرد، لەپڕ ئەویش خەوت، لەگەڵ خەوتنی شەوبا پەنجێرەكەش لە باوێشك‌دان كەوت و لەنتەرەكە كوژاوە و ژووری دار و دیوار داڕووخاو لە نێو جەرگی تاریكەشەودا بزر بوو.

ئەمین گەردیگلانی


زستانی 1374
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #95  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض بانگی بەیانی


بانگی بەیانی [1]

دیسان بە جیڕەی درگای مزگەوت لە خەو ڕاچەنیم، غەفووریش كە لە پاڵ مندا نوستبوو كەوتە جووڵەجووڵ. ئەو خودا غەزەب لێگرتووە هەركە دەرگاكەی بە جیڕەجیڕ دەكردەوە ـ چونكە كەركەرۆكی دەركەكە تۆزێ لە تەختی مزگەوتەكە بەرزتر بووـ بازی دەدا ئەم دیوی و دەرگا شڕەی لە پشت سەری بەڕەڵڵا دەكرد، چوارچێوەی لەق و دەرگای تەختە وا بە یەكا دەدران و شەقەی دەهات، دەتگوت تۆپەكەی وەستا ڕەجەبە! نەك ئێمەی لە خەو ڕادەپەڕاند، گەڕەكە ماڵێكی لەولاتریشەوە وەخەبەر دێنا!حوجرەكەی ئێمە هەر لە مزگەوتەكەدا بوو، دەركەیەكی لەسەر مزگەوتەكە بوو و دەركەیەكی تریشی دەچووە دەرەوەی مزگەوت. هەر دەنگێك لە نێو مزگەوتەوە بهاتبایە، دەتگوت لە حوجرەكەی ئێمەدایە. چەرخەكەی دەرهێنا، دوو سێ جار قامكی پێدانا و هەڵی‌كرد و لەنتەرەكەی مزگەوتی پێ‌داگیرساند و چووە لای میحرابەكە دانیشت، دەستی بەرز كردەوە و بەربووە دوعا كردن، ڕیشی درێژی لەگەڵ جووڵانەوەی دەمی دەتگوت بابردەڵەیە بە شتێكەوە گیرساوەتەوە و با دەیجووڵێنێ، سێبەرەكەشی بە دیوارەكەوە كە بە تیشكی لەنتەرەكە ساز بووبوو، دیمەنێكی زۆر سەیری هەبوو.هەروا كە پاڵم بە دیوارەكەوە دابوو، چاوم خەریك بوو گەرم دابێت و خەوم لێ‌بكەوێتەوە، دیسان جیڕەی دەركە هات و شەققەی ناخۆشی بە دوایدا. بە تەپەتەپ بە پلیكانە دارەكەدا سەركەوت بۆ سەربانی مزگەوت و دوای هێندێ پیاسە كردن لە سەربانەكە دەنگی ناخۆشی بەزر كردەوە و بە بانگی ناوەختی خەوی لە چاوی خەڵكی ئاوایی زڕاند. بە دەنگی بانگی مام خەلیل و چەق و لووری سەگەل، غەفوور تۆزێ ئەم‌دیوەودیوی كرد و هەستا سەر قوون دانیشت، لەنتەرەكە لە پشت سەری هەڵواسرابوو، گڕەكەی هەڵكێشا و باوێشكێكی دا، خەریك بوو شەویلكەی لە گرێژەنە بچێ! دەستی كرد بە ژێر سەرینەكەیدا، سەعاتە دەزبەند پچڕاوەكەی دەرهێنا. چاوێكی لێ‌كرد و گوتی: «خۆ دیسان وەختەكەی ڕۆژانە، هێشتا سەعاتێكی ماوە بۆ كاتی بانگ. نازانم ئەو كەڵەشێرە ناوادەیە بۆ وا دەكا و خەوی لەو دێیە حەرام كردووە و كەس هیچی پێ‌ناڵێ؟ بە دەم نیوە باوێشكێكەوە گوتم:ـ جا چی پێ بڵێن برالە، خۆ كەس ناوێرێ، هێندە خۆی بە موسڵمان دەزانێ، هەر ئەوەیە ناڵێ من خودام! بەڵام قەیناكە، ئەمڕۆش نۆبەخشی بێ، فكرێكم بۆ كردووە، دەبێ سبەی شەو وای لێ‌بكەم، بۆ هەوەڵ و ئاخری تەمبێ كەم و داخی ئەو چەند وەختەی پێ‌بڕێژم؛ وشكەسۆفی لەون لێگۆڕاو. ئێستا لە سەربان دێتە خوارێ و دەست دەكا بە نوێژ كردن. تۆ لە دەرگای دەرەوەڕا بچۆ بۆ سەر خەرمانەكەی ماڵی مامە حەمە لە پشت ماڵان، گوریسێكی درێژی لێیە بۆ بێنە، منیش دەچمە سەربان جا مشووری دەخۆم. ـئاخر كوڕەكەی مامە حەمە لە لای خەرمانەكە خەوتووە. ـنا، بەرهەم و حاسڵیان كۆ كردۆتەوە، ئێوارە چوومە پشت ماڵان بۆ ڕاوێچكە كردن، دیم خەرمانیان هەڵگرتبوو گوریسەكەش لەسەر لۆدە كایەكە بوو.مام خەلیل لە سەربان هاتە خوارێ چوو دەستی كرد بە نوێژ كردن، ئێمەش هەردووكمان بە دەرگای دەرەوەڕا هاتینە دەرێ، غەفوور چوو بۆ گوریسەكە و منیش بە پێدزكێ چوومە سەربان و لە كونی جێ قۆڵە كوورەكەوە دەنگی خۆم گۆڕی و بە هێواشی هەرام كرد: مام خەلیل، مام خەلیل! مابووی نوێژەكەی تەواو بێ، دوو سێ جاری ترم قاو لێ‌كرد، نازانم نوێژەكەی بڕی یان تەواو بوو ، گوتی: «بەڵێ.» هەستا چووە بەر پەنجێرەكە و هێندێ بە نێو مزگەوتەكەدا خولاوە، نەیدەزانی لە كوێوە هەرای لێ‌دەكەن، دیسان هەرام كرد: «مام خەلیل، وەرە حاندی جێ قۆڵە كوورەكە، لێرەوە بانگت دەكەم.» هات، بە زمانێكی خۆشەوە گوتم: «سەلامونعەلێكم مام خەلیل، خەلیلی خودا، من جوبرائیلم لە لایەن خوداڕا هاتوومە خزمەتت! خودای مەزن تۆی بۆ پێغەمبەری هەڵبژاردووە، دەیهەوێ سبەی شەو خۆت حازر كەی و بتبەم بۆ خزمەتی!»
ـ م م من؟
ـ ئەرێ تۆ، بۆ تۆ كەمی؟ خۆ ئەمڕۆ لە دنیادا لە تۆ بە ئیمانتر و پیاوچاكتر پەیدا نابێ، پیرۆزباییت عەرز دەكەم. ئێستاش بۆیە هاتوومە خزمەتت عەرزت بكەم، كە سبەی شەو خۆت حازر بكەی، پاك و خاوێن خۆت بشۆی، جل‌وبەرگی جوان لەبەر كەی و عەتر و گوڵاو لە خۆت دەی، چونكە سبەی شەو هەر لەم كاتەدا دێمەوە بە دواتدا، لە لای هیچ كەس دەنگ نەكەی، تەنانەت لای ژنەكەشت.» خوداحافیزیم لێ‌كرد و بە هێواشی هاتمەوە خوارێ، غەفووریش لەگەڵ من گەیشتەوە بەردەرگا و چووینەوە حوجرەكەمان و لە جێگاكەمان خزاین.
كوتم: «غەفوور نەخشەكەم گرتی، ئەوە گوریسەكەش ئامادەیە.» هەموو قسەكانم بۆ غەفوور گێڕایەوە. هێندێ لە ژێر جێگاكەدا خۆمان خافڵاند. تا وەختی بانگ هات. هەستاین چووین لە حەوزەكە دەسنوێژمان هەڵگرت، غەفوور چووە سەربان بانگی دا و منیش چووم بۆ مزگەوت لەپەنا مام خەلیلەوە دانیشتم. گوێم لێ‌بوو لەبەر خۆیەوە هەر پرتە و بۆڵەی دەهات: «دەم‌ڕووتی بەڕەڵڵا، كەس نازانێ لە كوێوە هاتووە، خۆی بە كەوچك بەدەستی ئاوایی دەزانێ، بە تەما بین هەرزەكارێكی ئاوا ببێتە مەلا و جێ‌نشینی پێغەمبەر، هەی مەگەر ببێتە تەڕەماش! ئەوە شەست ساڵم تەمەنە و لەو دێیەدام، لە هەموو كەس بەدینترم، ئەوە بە پێغەمبەرییش گەیشتم، كەچی دەم‌ڕووتێكی بێ‌ئاوەز و بەڕەڵڵا بە بانگەكەی من ڕازی نییە و پێی وایە دەنگی ئەوەندە خۆشە چۆتە سەربان دەنەڕێنێ. ئاخەر ئێستا وەختی بانگە؟ ئەوە نوێژی نیوەڕۆیە. نوێژی بەیانی ھەتا زووتر بیكەی خێری زیاترە، من لە شەووڕۆژییەوە هەڵدەستم و خەو لە خۆم حەرام دەكەم، لەبەر ئەوەی خەڵك نوێژەكەیان نەچێ، كەچی بە دەنگی من گەماڵەكان خەبەریان دەبێتەوە، ئەم خەڵكە خودا نەكا وەخەبەر بێن و بێن بە لای نوێژ و تاعەتەكەیانەوە.»
هەروا لەبەر خۆیەوە دەیڕست و پرتەی دەهات، غەفوور لە سەربان هاتە خوارێ، مامۆستا هات و یەك یەك و دوو دوو پیاوان هاتن و نوێژیان دابەست، بەڵام مام خەلیل لە مێژ بوو نوێژی خۆی كردبوو. هەركە خەڵكەكە هاتن لووتی هەڵمساند و بە تووڕەییەوە چووە دەرێ و شەقەی لە دەرگا شڕە هەستاند و ڕۆیشتەوە بۆ ماڵێ.
ئەو ڕۆژە تێپەڕی، شەوێ دەگەڵ غەفوور دانیشتین بە كتێب خوێندنەوە و بیرەوەری گێڕانەوە خۆمان خەریك كرد و بە نۆرە سەرخەوێكمان شكاند، تا بووە سەعات دوو و نیو و سێی شەو، لەپڕ جیڕەی دەرگا هات و شەقەی توندی بە دوایدا. گوتم: «غەفوور، هات!» لەبەر درگای حوجرەكە وێستاین تا دەستی كرد بە دوعا كردن و نوێژ گێڕانەوە، نازانم ئەو نوێژەی ئەو چ نوێژێ بوو، نوێژی سوننەت بوو، قەرزی باوكی دەداوە، یا نوێژی چواوی خۆی دەگێڕاوە؟ ئەوەش پیشەی هەموو بەیانییەكی بوو، پێش بانگە ناوەختەكەی چەند ڕكاتی نوێژ دەخوێند.
چاوێكم لە سێبەری ڕیشی كرد و بۆ لای غەفوور وەرسووڕامەوە و گوتم:
ـ غەفوور، ئەوە دەچمە سەربان هەروەك پێم گوتی، تۆش مەلافە سپییەكە لە خۆت هاڵێنە، لەبەر دەرگای دەرێ ڕاوەستە، هەركە كاتی خۆی هات وەرە ژوورێ. لەبیرت نەچێ كە هاتیە دەرێ دوو لێفەش گرمۆڵە كە و بیخە نێو جێگاكانەوە، نەوەك شك بكات و چاو لە حوجرەكە بكا.
گوریسم هەڵگرت و بە هێواشی خۆم گەیاندە سەربان و لە كونی قۆڵە كوورەكەوە هەرام كرد: «مام خەلیل، مام خەلیل!» هەر نوێژی دەكرد، خێرا نوێژەكەی تەواو كرد و بە هەڵەداوان هاتە بەر كونی قۆڵە كوورەكە. گوتم: «مام خەلیل سڵاوت لێ بێ، حازری بڕۆین بۆ خزمەت خودای گەورە؟»
ـ بەڵێ بە سەدەقەت بم، حازرم.
ـ خۆ سەروملت شتووە و جل‌وبەرگی خاوێنت لەبەر كردووە؟
ـ بەڵێ بە سەدەقەت بم.
ـ زۆر چاكە، كەوا بوو ئێستا مەلاییكەیەك دێ بۆ لات، هەر شتێكی كرد قسە مەكە و هیچ مەڵێ.
ـ بەڵێ بە چاوان.
لەو كاتەدا غەفوور بە سپیپۆشی خۆی كرد بە مزگەوتدا، منیش گوریسم لە جێ قۆڵە كوورەكەوە داهێڵا خوارەوە و غەفوور توند لە نێو قەدی مام خەلیلی گرێ‌دا.
ـ وای ببەستەوە نەكرێتەوە.
ـ نا دڵنیا بە چاكم بەستووە.
مام خەلیل گوتی: «ئێستا هەرچی دەفەرمووی سەرم لە ڕێتایە.»
ـ كەوایە ئەوە هەڵتدەكێشم.
ـ سەبر كە، بە سەدەقەت بم لە بیرم نەبوو، بانگ بدەم و نوێژەكەم بخوێنم.
ـ نانا، بۆیە وا زوو هاتووم كە بچین نوێژی بەیانیمان دەگەڵ مەلاییكەكانی ئاسمانی یەكەم بخوێنین.
ـ كەوایە حازرم، بە كوێڕا هەڵمدەكێشی؟
ـ بەو كونی قۆڵە كوورەیەدا.
ـ من چۆن لەو كونەوە دەچم بە سەدەقەت بم؟ بە جێیەكی تردا هەڵم‌كێشە.
ـ ئا ئا... مام خەلیل بڵێ ئەستەغفیرەڵڵا، چۆن ئاوا ئیمانت بە خودایە، خودای مەزن ئەگە بیھەوێ لە كونی دەرزییەوە ڕەتت دەكا.
ـ باشە، بە سەدەقەت بم، هەڵم‌كێشە.
كێشامە سەرێ تا تەواو لە بن میچەكەم توند كرد و چركەم لێ‌بڕی و وەناڵە ناڵم خست، ئەمجار سەری گوریسەكەم بە داری گوێسوانەكەوە گرێ دا و بە هێواشی لە سەربان هاتمە خوارێ و لەگەڵ غەفوور لە جێگاكەمان خزاین و لە بن لێفەكەدا هەر پڕم و هۆڕمان بوو، ئافەرینمان بە خۆمان دەگوت كە پیلانەكەمان ئاوا چاكی گرتووە.
بەرەبەیانێكی ئارام و فێنك و دڵگر بوو، گوند لە باوەشی بێدەنگیدا نوستبوو و دەتگوت زیندەوەری تێدا ناژی، ئەم بەیانییە خەوی خەڵكی ئاوایی بە بانگی ناوەختی مام خەلیل نەزڕابوو...
ئەوە مام خەلیلیش دەتگوت مەشكەیە بە بن‌میچی مدبەقیاندا هەڵواسیوە بۆوەی دووكەڵ بگرێ، هەر لەبەر خۆیەوە دەیناڵاند و هاواری دەكرد لە خودا نەجاتی دا. جنێوی واشی حەواڵە دەكرد تەپ‌وتۆژی لێ هەڵدەستاندین.
تا كاتی بانگ هات و دەگەڵ غەفوور چووین دەسنوێژمان گرت و غەفوور چوو لە سەربان بانگی دا و منیش لای حەوزەكە خۆم خافڵاند تا پیاوان یەك یەك و دوو دوو هاتن و چوونە مزگەوت، منیش بە دوایاندا چوومە ژوورێ و تەماشام كرد هەركەس دەهات دەچووە ژێر سكی مام خەلیل ڕادەوەستا و واقی وڕ دەما، كە ئەوە چییە هەڵواسراوە و نووزەی دێ. یەك دەیگوت: ڕەنگە مەلاییكە بێ. یەك دەیگوت: برالە ڕەنگە ئەجندە و شتی وا بێ. یەكی‌تر گوتی: كوڕە ئەجندەی چی! ئەو مزگەوتە بیست قورئانی تێدایە، ئەجندە چۆن دەوێرێ ڕووی تێكا!
تا مام خەلیل هاواری لێ‌هەستا:
ـ كوڕە مەلاییكەی چی و ئەجندەی چی؟ من مام خەلیلم.
هەموو بە سەرسووڕمانەوە چاویان لە یەكتر كرد و مامۆستا گوتی:
جا مام خەلیل تۆ ئەو سەرە بۆ چووی؟!
ـ كوڕە فریویان دام خودا خراپیان بۆ بكا، یەكێ پەیدا بوو گوتی جوبرائیلم و لێرەوە هەڵیكێشام كە بمبات بۆ ئاسمان، كەچی بەو دەردەی بردم.
هەركەس یەكێكی هەڵدا كە ئەوە كاری فڵان كەسە، سۆفی كەریم گوتی:
ـ من دەزانم كاری كێیە، كاری ئەو فەقێیانەیە.
لە دڵ خۆما گوتم: «ئەك بە جەددی باوەگەورە لێمان ئاشكرا بوو، جا ئەوە چ بكەین؟!» باش بوو مام خەلیل گوتی:
ـ كوڕە فەقێی چی، فەقیرانە وەڵڵا لەو كاتەدا تەماشای حوجرەكەم كرد، گوتم نەوەك ئاگایان لێ‌بێ، بە خوا وایان خەو لێ‌كەوتبوو پیاوی ئاقڵ نەبووایە دەیگوت مردوون.
مامۆستا گوتی:
ـ جارێ لەو حەیس و بەیسە گەڕێن، بچن نێردیوانێك بێنن با دایگرین، بێچارە خەریكە دەمرێ.
ـ كوڕە نێردیوانی چی برالە! لە سەربانەوە بەستوویانمەوە، زوو بچن بیكەنەوە مردم، پشتم شكا.
خێرا دوو كەس چوون گوریسەكەیان كردەوە و ڕایان‌هێڵا خوارەوە. كە خەڵكەكە دیتیان نەیانناسییەوە، هێندە پاك و خاوێن و بۆشناغ بوو، جل‌وبەرگی تازە و سۆرانیی سپی دەتگوت بەفرە. دەموچاوی لەبەر شۆقی لەنتەرەكە نووری لێ‌هەڵدەستا. مامۆستا گوتی: «بەڕاستی مام خەلیل دەبێ زۆرت پێ‌خۆش بێ، چونكە هەركەسێ ئەو كارەی كردبێ زۆر دڵسۆزی تۆیە. چونكە بەو كارە ئەگەر بە پێغەمبەریشی نەگەیاندی، خۆ بە پاكی و خاوێنیی گەیاندی. بابم ئێستا لە خودا نزیكی، خۆ جاران لەبەر بۆعارەق و ڕەنگی دزێو و ڕیشی زەرد و چڵكنت كەس نەیدەوێرا لێت نزیك بێتەوە. دیسان تۆ ئەو هەمووە خۆت بە موسڵمان دەزانی، نازانی تازە پێغەمبەر نایەت؟»
مام خەلیل هێندێ سەری داخست، زۆری پێ عەیب بوو. چون بەڕاستی بۆی ڕوون بۆوە كە تا ئێستا چەندە لە دنیا غافڵ بووە، بە هێواشی لە مزگەوت چووە دەرێ و شەقەی لە دەرگا شڕە هەستاند و ئێمەش نوێژی بەیانیمان دابەست.

ئەمین گەردیگلانی

[1] سووژەی ئەم چیرۆکە لە فۆلکلۆر وەرگیراوە

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #96  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض نارنجی فڕین

نارنجی فڕین ( 1 )
خاتوون لەبەر دەلاقە چكۆڵەكە ڕاوەستاوە و چاوی لە كێوی (دووبرا كوژراو) بڕیوە. دوای چەندچركە ڕوانین دەگەڕێتەوە بۆلای وەجاخەكە، هەڵیدەكات و قابلەمەكەی دەنێتە سەر.
«با جارێ ئەو دووچڵە پیوازە بجنم، هەرباشە بەوبۆنەیەوە تۆزێ دەگریم. ناچارم لەبەر دڵی ئەو دوو كچە هەر خۆم بخۆمەوە. مەگین كاتێك بە تەنیام تۆزێ بگریم و كوڵی دڵم دامركێنم. جا ئەوە ژیانە؟ وەرە نەوێری بە ئاشكراش بگریی. سەد جار مەرگ خۆشترە لەو ژیانە.
«ژیان! بڵێ گنخان و پڕووكان لە بن توێژێك پەڕوپاڵی ڕه‌شدا. خۆزگە ئەم پەڕۆیانە ئاوریان تێبەربێ و بەجێی ئەم‌گنخان و پڕووكان و پووكانەوە بەرەبەرە و پڕلەئازارە، ببنە باڵی سوور و نارنجی و هەڵم‌فڕێنن. ڕۆحە تەم ‌لێ‌نیشتووەكەم هەڵگرن و لەگەڵ دووكەڵێكی خەست و بۆكوڕووزێكی پشووبڕ بەرزی بكەنەوە و لەم خاكەی دووربخەنەوە. لەم ژیانەی داببڕن. لەم خاكە نەگبەتەی كە مرۆڤ ڕموودەی كردووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ جوانی و پاكییەكانی دەسڕێتەوە. خاك! خاكی چی؟! ئەم‌ خەڵكە وەك قاڵۆنچەی گووخلێركە دەمیان لەو تۆپەڵە قوڕە ناوە و بەدەوریدا دەخولێنەوە و هەزارباری پێدەكەن بۆ ئەوەی لە نێوی بەرن. ئاخری لە نێوی دەبەن!»
بوغزێكی تاڵ گەرووی گرتووە. خەمێك دڵی ڕێك‌دەگوشێ، هەڵقرچانە لە ناخەوە.
«ئاخ زەوی، دەرد و ئازاری تۆش بەدەست ئەو خۆركە و مۆركانەوە هێندە زۆرە، خەریكم لە تاوی تۆ ئازارەكانی خۆمانم لە بیر دەچێتەوە.»
دیسان هاتووەتەوە بەردەلاقەكە. تەمێكی لێڵ بەری چاوی تەنیوە. دەورییە پیوازەكە دادەنێ و دەستێك بەشووشەكەدا دێنێ. كێردەكە بەدەستی چەپەوەیەتی، ئەویش دادەنێ. دەستێك بەچاوەتەڕەكەیدا دێنێ. تەمەكە دەڕەوێ بەڵام هەروا لێڵی دەبینێ. دەربیجەكە دەكاتەوە، دیسان چاو لە كێوی دووبراكوژراو دەبڕێ. جگە لەو كێوە هیچ جێگایەكی‌تر دیار نییە. كێوەكە هەڵدڕهەڵدڕ كراوە و تەپوتۆزی لێ‌هەڵدەستێ. كەڵپەی شۆڤڵ و بۆڵدزێر دایدەپاچن. لە داوێنیشییەوە دووكەڵێك هەڵدەچێ و خەریكە لەگەڵ نەرمەبای دەمەو نیوەڕۆ دەچێ خۆ لە پەلك و گەڵای ئەو دارانەی بەرقەدی كێوەكە هاڵێنێ كە زۆربەیان گابەردی جاڵەبوو لەبەر دەمیاندا گیرساوەتەوە و لەوانەیە چۆكی زۆریشیانی شكاندبێ. هەناسەیەك هەڵدەكێشێ.
«دەی بۆ چۆكی من نەشكاوە؟ دووكەڵم بەسەردا نەكراوە؟ خەریكم خەم بۆ سروشت دەخۆم؟»
هەناسەی سوار بووە. گەرمایەكی تاقەتپڕووكێن خەریكە لە ناخەوە لەشی دەتوێنێتەوە. هەتا شانی سەری لە دەلاقەكە بردۆتە دەرێ. جگە لە كێوەبریندارەكە هیچ‌كوێی دیكە نابینێ. قوونەبانی چەندسەربان دیارە، جاروبار چۆلەكە لەسەریان دەنیشنەوە و هەڵدەفڕنەوە. گوێسوانەی تەویلەیەك لەبەری لای ڕاستەوە دارەكانی وەك ددانی زەرد و شاشی پیاوێكی تووڕە و غەزریو ڕیچەی لێ‌دەكا. جاروبار شمشێرباڵ بەپڕتاو دێن و خۆ بە كەلێنی ئەو ددانە ڕزیوانەدا دەكەن، بەپەلەش دێنەوە دەرێ و باڵ‌دەگرن. ڕه‌نگە ئەم‌دیوارە خەمبارانەش تەنیا دڵخۆشیان ئەو زیندەوەرە وردیلانە بن.
«دەی ئەو پەلەوەرە وردانە بۆ دیوارەكانیش هۆی دڵخۆشی نەبن، لانیكەم بۆ ئێمە هەن. لەوان زیاتر چاومان بە هیچ‌ كەس و هیچ‌ شتێك ناكەوێ. هیچ‌ كەس ناوێرێ بێتە ماڵمان. چەند ساڵە ئەو دیوی درگای حەوشەكەمان نەدیوە. ڕۆژی چەند چركە، كاتێك كە ڕمووزن دەڕواتە دەرێ، لەو دەلاقەیەوە چاو لە كێوی دووبراكووژراو دەكەین و هەڵدێینەوە سەر تەونەكە. ژووری تەونەكەش تاقە دەرووی ڕووناكییەكەی ئەو شووشەیەی سەر دەرگا یەك‌تاییە ژنگاوییەكەیە. كاتێك ڕمووزن لەماڵێ نییە گوڵۆپەكە هەڵدەكەین و دەتوانین جوانتر هیلمە و ڕه‌نگەكان لێك‌بكەینەوە. (خودا غەزەب لە پوورە ئایشێ گرێ دوو مانگ هات لێرە دایكوتا و ئەو تەونە نەگبەتییەی فێر كردین.) ڕۆژی چەند جار بە نۆرە دەچینە بەر پەنجێرەكە و چاو لە كێوەكە دەكەین. جاران ئەو كێوە جوان و سەوزەپۆشە ڕۆحی دەلاواندینەوە و دیمەنی بەژن و باڵا ڕازاوەكەی تەمی خەمەكانی تۆزێ دەڕەواندین. ئێستا ئەویش بەدەردی ئێمە چووە و جەستەی تواتوا بووە.»
سەری هەروا لەدەلاقەكە هێناوەتە دەرێ، سووچێكی درگای حەوشەكەی لێ‌دیارە. دەروازەیەكی ئاسنی قورس، ژەنگی هەڵێناوە و قەت ڕه‌نگی بە خۆیەوە نەدیوە. پشیلە ڕه‌شی دەستەمۆی ڕمووزن لە سوچێكی دیوارەكە قنگەڵستی داوە و چاوی زیت و زەردی لە شوێنێكی نادیار بڕیوە. لەسەر پشیلەكەوە چاوی دەگوێزێتەوە سەر دەروازە ژەنگاوییەكە. ئەو دەروازەیەی ڕۆژی چەند جار دەكرێتەوە و ڕمووزن لێوەی دێتە ژوورێ، پێ‌دەنێتە حەوشە و غەزریوانە جگەرەكەی بە لالێویەوە دەنێ و بەرەو ژوورە تەنگ و شێدارەكە سەر پێوەدەنێ و پشلیە ڕه‌شیش بە دوایدا دێتە ژوورێ.
سەری كێشاوەتە دەرێ و چاوە تەم لێ‌نیشتووەكانی بەدار و دیوار و دیمەنی كێوە بریندارەكەی دوو برا كوژراودا دەگێڕێ. جلە ڕه‌شەكانی باوەشیان لە لەشی وەرهێناوە، گیانی گۆڕەوشار دەدەن و خوێن و تەڕاییی جەستەی دەچنن. وشكی دەكەن، لەپڕ درگای حەوشەكە تەقەی قوفڵەكەی دێت و بەپەلە سەری دەباتەوە ژوورێ. دەروازەكە لەسەر جیڕەیەكی وشك و مێشك‌تاسێن دەكرێتەوە. ڕمووزن بەباقەیەك دووكەڵەوە دێتە حەشە و شەققەی توندی درگاكە دەیان‌تاسێنێ. بەرلەوەی بەرەو ژوورێ مل‌پێوەنێ ئەو ژوورەی كە ناویان ناوە چێشتخانە و زیاتر لە تاریكخانە دەچێ؛ چونكە تەنیا شوێنێك كە ڕووناكاییی لێوە دەڕژایە ژوورێ ئەو دەلاقە چكۆلە بوو. ئەویش پەنجێرە نەبوو، بەرلەوەی ژووری پێش ئەو یانی ژووری تەونەكە دروست بكەن، تاقە بوو. تاقەیەكی چكۆڵە بوو لەچكە كۆنێكی پێدا بەردرابۆوە. بوخچەی جلەكانی دایكیانی لەسەر بوو. كاتێك ئەو ژوورەیان دروست كرد، ئەم چێشتخانەیە تاریك داگەڕا و لە هیچ كوێوە ڕووناكیی تێ‌نەدەكەوت. ڕمووزن بوخچەی جلەكانی دایکیانی داگرت و تاقەكەی دیواودەر كرد، ئەو چوارچێوە دارینەی تێگرت و ناوی نا دەلاقە. ئیتر دوای ئەوە چاویان بەجلەكانی دایكیان نەكەوتەوە. نەیانزانی بردی بۆكوێ و چیی لێ‌كردن.
«بریا لەڕووناكاییی ئەو دەلاقەیەش بێبەش بوایەین، بەڵام جلەكانی دایكم هەر بمایەن، بۆ ئەوەی ڕۆژی چەند جار بۆنیان پێوە بكەین و بەسەریدا بگریین و كوڵوكۆی دروونمان دامركێ.»

دریژه ی هه یه

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #97  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض نارنجی فڕین ( 2 )

نارنجی فڕین ( 2 )

تەقەی درگاكە هات و خۆی كرد بە ژووری تەونەكەدا، تاپۆیەكی ڕه‌ش بەباقەیەك دووكەڵ و بۆنی خڵتەوە بەری ئەو تۆزە ڕووناكییەشی گرت. بەسێ و ئینتیهای خوشكی لە سەر تەختەی فەڕشەكە هەستان و بەپێوە وشك بوون. سەریان بەردایەوە و ڕه‌نگی مردوویان لێ‌نیشت. لە دوای مردنی دایكیان ئەم قانوونە ـ وردە وردە یان كتوپڕ لە بیریان نییە ـ جێ‌كەوت و ئیتر ناتوانن بە موو لێی لادەن. هەتا دایكیشیان مابووئەم ڕمووزنە هەروا غەزەب بوو. ڕۆژ نەبوو بەهانەیەك نەبینێتەوە بۆ كێشە و هەرا و لێدانیان. كاتێك دەهاتەوە ماڵێ ئیتر قسە كردن قەدەغە بوو، هیچیان هەقیان نەبوو زمانیان بگەڕێ. كەپێی دەنایە ژوورێ، لەشیان دەبوو بە بەرد و زمانیان دەبوو بە لەتكە گڵمتكێكی وشك.
«حەتمەن ئێستا چاو لەفەڕشەكە دەكا. لەو خەتەی بەیانی لێی‌داوە.»
هەموو بەیانییەك كە دەچێتە دەرێ، هەرچوار قامكە خەریتەكەی لەسەر فرێتەكە دادەنێ و بەقەڵەمێكی ڕه‌ش دیاریی دەكا.
ـ هەتا نیوەڕۆ ئەوەندە.
ئەوانیش سەریان بەردەدایەوە و ژانێك، تەزوویەك یان ترسێك بەسەرتاپای لەشیاندا مێروولەی دەكرد. تەنانەت نەیاندەوێرا چاو لە چاویشی بكەن. چەندساڵە چاویان بەڕوخساری نەكەوتووە.
«بەش‌بەحاڵی خۆم تەنانەت شێوەیم وەبیر نایەتەوە. نازانم لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا ڕه‌نگی گۆڕاوە، ڕیشی سپی بووە، ددانی كەوتووە؟ نازانم شێوەی ئەدگاریم لە بیر نەماوە. تەنیا كاتێك دەتوانین چاوی لێ‌بكەین كە پشت هەڵدەكا و دەڕوا بۆ ژوورەكەی خۆی، یان دەڕواتە دەرێ.»

خاتوون چەند خولەكێك لەمەوبەر هات بەلای چێشت لێنانەوە، قامكێكیان مابوو بگەنە دیارییەكە. گوتی: «خوشكێ گیان دەستی لێ‌هەڵێنن، من دەبێ بڕۆم بەلای چێشتەكەوە، ئێستا دێتەوە نان و چێشت سازنەبێ ...»
زرمەی لاقی هات و دەنگی هەڵبڕی:
ـ داوەشێن، داڕزێن، تەواوتان نەكردووە؟ ئەی لەبەیانییەوە چیتان كردووە، بە سێ‌كەس ... مردبوون؟!
تەپەیەك و تەقەی بەربوونەوەی قولاپ و كەركیت. لەدواوە لەچكە و قژی بەسێ و ئینتیهای گرت و بەری‌دانەوە خوارێ. وەك هەمیشە. هەموو ڕۆژێك ئەوە پیشەیەتی. ڕۆژێك لێیان نەدا نابێ، كاتێك لەسەر تەونەكەن و سەریان داخستووە، درگاكە دەكاتەوە و دێتە ژوورێ، لەبەر درگاكەدا ڕادەوەستێ هەتا جگەرەكەی تەواو دەبێ، قوونچكەكەی لەبن پێیدا دەكوژێنێتەوە و كەلاقی لەعەرزەكە دەخشكێنێ دەزانن جگەرەكەی تەواو بووە. چاوی لەپشتەسەریان دەبڕێ. سێبەرەكەی ژوورەكە تاریك دادەگێڕێ بەری ڕۆشناییەكە دەگرێ. پشیلەكە خۆی لە دەلینگی پانتۆڵەكەی هەڵدەساوێ. هەڵدێتە ژێرتەختەكە و دێتەوە لای لاقی. ڕمووزن دوای ئەوەی بەر چاوی ڕوون بۆوە و چاوی بە تاریكایی ژوورەكە ڕاهات، دەچێتە پێشێ. كچەكان هەستیان بۆتە چركەژمێر، دەزانن چەندە لەپشت ‌سەریان ڕادەوەستێ، ئەوەندەی كێشانی جگەرەكەی. بەپێوە سەریان دادەخەن و چاوەڕوانن قژیان بگرێ و لەسەر تەختەكە بەریان‌داتەوە. لەپڕ باشووی چنگی لەڕێشۆڵەی پرچیان ڕۆدێ و بەسەرەوە بەریان دەداتەوە. پێلاقە و مست و چەپۆك دەخاتە كار. پشیلەكە هەڵدێتە سووچێك و قنگەڵتس دەدا و چاوی زیت دەكاتەوە. تەنیا دەتوانن دەست‌ بەسەریانەوە بگرن و ددان بەجەرگی خویاندا بنێن. هەقی گریان و هاواریان نییە. خۆی دەڵێ: «پرووكەتان لەدەم بێتەدەرێ، سەرەوبن هەڵتاندەواسم بەو دەستەكی بن‌میچەدا و شووڵكەتەڕ دێنم.» زرمەی مست و پێلاقە خاتوون دەتاسێنی.
«ئەو دوو خوشكە چارەڕەشەم ئێستا لە ژێر ئەو زەبرە دڕندانەیەدا دانیان بە خۆیاندا گرتووە و لە ژێر مست و پێلاقەكانیدا جینگڵ دەدەن.»
حەوتووی پێشوو ئێوارەیەك هاتەوە و دەستی كرد بە لێدانیان، بە پێلاقە دای بە پشتی ئینتیهادا و نركەی لێ‌هەستاند. خاتوون بەسەر ژان و ئازاری خۆیدا خەمی ئەوی بوو. ئەو و بەسێ لە ژێر گۆپاڵەبارانی مست و پێلاقەدا بوون. چاوەڕێ بوون زەبرێكی ئاواش وە ئەوان بكەوێ. لە بنەوە چاوی لە لاقی ڕمووزن و جەستەی تخێڵ‌ بووی ئینتیها بوو. زیتەی زەردی چاوی پشیلەكەش، دەتگوت پێدەكەنێ. لە تاوی خوشكی زەندەقی چوو. هەر ئەوەندە بوو گیانی دەرنەچوو.
«كوشتی، حەیاتی لێ‌بڕی، چاكتر، نەجاتی بوو. هەزار جار مەرگ باشترە لەو ژیانە. بەختی خۆی نەجاتی بوو.»
پشتی كردۆتە دەلاقەكە و چاوی لەگڕی وەجاخەكەیە. گوێشی لە زرم‌وكوتی مست و پێلاقەیە. دەڵێی پێلاقە بەسەردڵیدا دەدا.
«هەرئێستا دێ بۆجەستەی منیش.»
چاوێك لە كراسە ڕه‌شەكەی دەكا و چاوێكیش لەگڕی وەجاخەكە: «ئەم جلەڕەشانە چەن‌خۆشە ببنە سوور و نارنجی، چەندخۆشە ببنە سوور و نارنجی، ببنە باڵ، خۆم و ژوورەكەش پێكەوە باڵ بگرین. ببینە دووكەڵ و بڵێسە و باڵ بگرین. بەڵام دڵم نایە، یان ناوێرم، نازانم، لە ئاورەكە دەترسم یان لە مردن؟ نا، لە هیچیان ناترسم، لەوە دەترسم ئەو دوو خوشكە بەستەزمانەم لە بەردەستی ئەو ڕمووزنەدا بەجێ بێڵم.»
«دەی چیت پێ‌دەكرێ؟ خۆ بوون و نەبوونت بۆ ئەوان هەروەكوو یەك وایە. بۆ دەتوانی دەستی بگری؟»
«نا، لانیكەم كارەكەیان لەگەڵ دەكەم، كارێك دەكەم بەهانەی نەكەوێتە دەست. نا، نابێ بیر لەشتی‌وا بكەمەوە.»
پێرێ بەسێ لەسەر تەونەكە بەچاوی فرمێسكاوی و بەدەم هەنیسكەوە گوتی: «خوشكێ وەرن با خۆمان و ئەم‌ فەڕشە گڵاوە و ماڵەكە ئاور تێ‌بەردەین و نەجاتمان بێ.» سەری بەسێی بەسینگییەوە نا و ڕوومەتە تەڕەكەی ماچ كرد. سوێراییی فرمێسكەكەی لێوی كزاندەوە. گوتی: «نا، بیر لە شتی وا مەكەنەوە خوشكێ، خودا گەورەیە، بڵێی دەردێكی بۆ نازڵ نەبێ؟» ئینتیها گوتی: «ئێوەش ئەو كارە نەكەن، من ناچارم. من حەتمەن دەبێ خۆم ڕزگار بكەم. من ئیتر زۆر لەئێوە ... چارەڕەشترم ...» بەدەم قوڵپی گریانەوە دوایین ‌وشەی دەربڕی. دوای پێلاقەكەی ئەو ڕۆژە ئینتیها ماوەیەك بێ هۆش بوو. ڕمووزن دەستی لە لێدانیان هەڵگرت و ڕۆیشتە دەرێ. بە پلیكانەكاندا وەسەر كەوت و چووە ژوورەكەی خۆی. ئەو ژوورەی دیوار بە دیواری ژووری تەونەەكەیە و كورسەكەی بەرزە. چوار پلیكان لە دوو ژوورەكەی دیكە بەرزترە. هەمیشە قوفڵێكی گەورەی پێوەیە و داخراوە. هێشتا هیچكامیان نێو ژوورەكەیان نەدیوە. كاتێك نان و چێشتیشی بۆ دەبەن دەبێ هێواش لە درگاكە بدەن و سەر داخەن. بیدەنە دەستی و بە هەڵاتن بچنەوە خوارێ. ڕمووزن و پشیلەكەی لەو ژوورەدا دەژین. هەمیشەش یەكەم پارووی نان و چێشتەكە دەدا بە پشیلەكەی و دوای چەن ساتێك خۆی دەست دەكا بە خواردن. خاتوون و بەسێ هەستان و چوونە ژوورسەری ئینتیها. گریان. گریانێكی بێدەنگ. گریانێكی خنكێندراو. گریانێكی مردوو. خاتوون دەستی نایە سەر دڵی، سەری نا بە سینگییەوە، وەك تەپڵ دەنگی دەهات. هەڵات بۆ چێشتخانەكە و پەرداخێكی ئاوی سارد هێنا. لەسەروچاوی پڕژاند، بە ئارامی چاوی هەڵێنا. قومێك ئاوی كرد بە دەمییەوە. باوەشیان پێداكرد و خەریك ‌بوو قوڵپی گریانەكەیان بتەقێتەوە، گریانێكی ئاوێتەی شادی لە ژوورەكەدا دەنگ بداتەوە. هەڵیانساندەوە. پشتیان نا بە دیوارەكەوە و دایان نیشاند. خاتوون قومێكی‌تری ئاو بە دەمییەوە كرد. ڕه‌نگی بووبووە چۆڕی شیر. سپی سپی هەڵگەڕابوو. نا زەرد هەڵگەڕابوو. پێلووی چاوی دادەكەوت و بێ‌ئیختیار هەڵیدێنایەوە. لەپەستا ئارەقەی دەردەدا. بەسێ بە لۆی لەچكەكەی نێوچاوانی بۆ سڕی. ئینتیها بەجارێ ڕه‌نگی هەڵبزركابوو. لەپڕ ڕه‌نگێكی هێناوبرد. چاوێكی لەخاتوون و پاشان لەبەسێ و داوێنی خۆی كرد. سەری هەڵێنا و چاوی لە چاوی خاتوون بڕی. گلێنەی چاوی دەتگوت هەڵدەخولێن. جۆرێك ترس و سەرسووڕمان و تاسان بەڕوخسارییەوە دیاربوو. بەپڕتاو داوێنی كراسەكەی خۆی هەڵدایەوە و دەستی برد بۆ بەینی ڕانی، شەرمێك لە چاوییەوە داڕژا و لەگەڵ فرمێسك و ئارەقە تێكەڵ بوو. دەتگوت دەستی وشك بووە، لە بەینی ڕانیدا بۆتە بەرد و ئیتر ناتوانێ بیبزێوێ. لەپڕ دەستی دەرهێنا و چاوی لێ‌كرد. چاوی خاتوون و بەسێش لەسەر دەستی گیرسایەوە، هەرپێنج قامكی خوێناوی بوون. ئیتر ئەو شەوە هەتا بەیانی گریان و هەڵچۆقان و نەیانزانی چۆن ڕۆژیان كردەوە. دوای ئەو شەوە ئینتیها ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ كزتر دەبوو و ڕه‌نگی زەرد هەڵدەگەڕا. هێزی لێ‌بڕابوو. تەنانەت قسەشی بەجوانی بۆ نەدەهات.
خاتوون هەروا پشتی لە دەلاقەكە كردووە و بەچاوی ئاوری وەجاخەكە دەخوا. دەنگی زرم‌وكوتی مشت و پێلاقە تەواو بوو. چاوی لەسەر گڕەكەوە گوێستەوە بۆسەر درگاكە: «هەرئێستا دەكرێتەوە و دێتە ژوورێ. نۆرەی منە.» وەردەسووڕێت و چاو لە كێردەكە دەكا، لەسەر دەورییە پیوازەجندراوەكەیە و لەبەر دەلاقەكە داندراوە. قابلەمە ئاوەكە قوڵتەی دێ و هەڵمی لێ‌هەڵدەستی. دەستگرەكە بەبزمارێكدا هەڵواسراوە، بەپڕتاو چاوی لەسەر كێردەكە و قابلەمەكە و دەستگرەكە دێت و دەچێ. دەست دەداتە كێردەكە، چاوێك لە نووكە تیژەكەی دەكات و دایدەنێتەوە. دەچێ بۆلای دەستگرەكە و لە بزمارەكەی دەكاتەوە. بە هەردوو دەست قابلەمە ئاوەكە دەگرێ و چاوی لە درگاكە دەبڕێ. چاوی لە ڕه‌شەوە دێ. دڵی تێكەڵ دێ و خەریكە بەلادا دێ. خۆشی نازانێ بۆئاوا تووشی سەرەگێژە بووە. هەردوو دەستی بە دەستگرە و قابلەمەكەوەیە، لەپڕ درگاكە دەكرێتەوە و ڕمووزن چاوە سوورەكەی تێ‌دەبڕێ. لەمێژە ڕه‌نگی چاوی نەدیوە، ڕوخساری نەدیوە. قەت نەیان‌وێراوە سەرهەڵێنن و چاو لە چاوی بكەن. ڕمووزن چاوی لە چاوی خاتوون بڕی. هاتە پێشێ. خاتوون بەدەستێك سەری قابلەمەكەی لابرد و لەو لاوە داینا. ئاوەكە قوڵتەی دەهات و جارجار بە لێواری قابلەمەكەدا دەهاتە خوارێ و چزەی لە ئاورەكە هەڵدەستاند. سێ‌هەنگاوی ماوە بێگاتێ. بەڵام هێندە دوورە لە بەرچاوی، تەنیا تارمایییەك دەبینێ. ژوورەكە هۆگانێك گەورە بۆتەوە. دەرك و دیوار دیارنین، دەشتێكی كاكی بەكاكی. تارمییەكە دێتە پێشێ. خاتوون هەروا دەستی بەدەستگرە و قابلەمەكەوە دەلەرزێ. چۆكی خەریكە دەنووشتێتەوە. هێزی لێ‌بڕاوە. هەنگاوێكی‌تر هەڵدێنێتەوە و دەستی دەكێشێ بۆسەر و قژی. كچە هەموو هێزی خۆی لە دەستیدا كۆدەكاتەوە و دەیهەوێ قابلەمە ئاوەكە بەرز بكاتەوە بەڵام ناتوانێ، بەقەد گابەردێك قورسە. دێتە پێشێ و بەدەستێكی قوڕگی دەگرێ و بەدەستەكەی دیكەی قژی. ڕمووزن پڕ بە ژوورەكە دەنەڕێنێ و خاتوون بە نەڕەكەی دادەچڵەكێ. لەو دیوەوە دەنگی هەڵێنا:
ـ كوانێ ئەو قەحبەیەی دیكە؟
كچە چاوێكی لە كێردەكە كرد و بە نیگای ساردی دەم و نووكە تیژەكەی سڕی. دەستی بە دەستگرە و قابلەمە ئاوەكەوەیە، هاڵاوی قابلەمەكە شاڵاو دێنێ بۆ سەروچاوی. سەرەكەی لابردووە. ڕمووزن خۆی بە درگاكەدا دا و كردییەوە. لاقێكی لەم دیوی درگاكە و لاقێكی لەو دیو، خاتوون قابلەمەئاوەكەی پێدادا. ڕاست دای‌بەسینگ و سەروچاویدا. هێشتا دەستی نەگەیشتبووە دەم‌وچاوی، دەمەوڕوو كەوت. كچە وەرسووڕا و دەستی داكێردەكە. هەلینگی دایە و سێ‌جار لە سەریەك ئەوەندەی هێزی تێدابوو كێردەكەی بەمۆغەرەی پشت و كورتەكەلەكەیدا كرد. ڕمووزن تلێكی‌ دا و كەوتە سەرپشت، ویستی هەستێتەوە، وای‌‌نەڕاند لەوانە بوو جەرگ و دڵی كچەكان داكەوێ. خاتوون چوارەم زەبری ڕاست لە سەردڵی دا و نووكی كێردەكە هەتا بن‌دەسكەكەی چووەخوارێ. چاوی لە سەروچاوی كرد بووبووە یەكپارچە بلۆق و سوور هەڵگەڕابوو. چاوی لە بەینی دوو بلۆقدا بە مۆلەق وێستا. لەپڕ كچە هاوارێك لە گەروویدا تەقییەوە و هەڵات بۆ لای بەسێ و ئینتیها و باوەشیان بەیەكتردا كرد. دوای ساڵانێكی زۆر توانییان بە دڵ بگرین و بە دەنگی بەرز كوڵوكۆی دڵیان هەڵڕێژن. دوای ئەوەی كوڵی دڵیان دامركا، چوونە حەوشە و دەبەیەك نەوتیان هێنا. هەنگاویان بەسەر تەرمی ڕمووزندا هەڵێنایەوە و چوونە چێشتخانەكە. لە دەلاقەكەوە چاویان لە كێوی دووبرا كوژراو بڕی. هەمووی هەڵدڕ هەڵداڕ كراوە و تەپو‌تۆزی لێ‌هەڵدەستێ. بەردەلاقەكەیان چۆڵ كرد و چوون بۆلای دەبە نەوتەكە. ئینتیها سەرەكەی لابرد و لە تەرمەكەی باوكیان و دار و دیوارەكە و هەردوو خوشكەكەی پڕژاند. دەبە نەوتەكەی دایە دەست خاتوون. ئەویش ئینتیهای خووساند و بڕێكی دیكەشی لە وڵات پڕژاند. وەجاخەكە هەروا دەگڕێ. دەبەكە بڕێكی نەوت تێدا ماوە، خاتوون بردی لە سەر وەجاخەكەی دانا. دەستیان كردە ملی یەكتر و چوونە بەر دەلاقەكە. نیگای چاویان بەرەو كێوەبریندارەكەی دووبراكوژراو هەڵفڕاند. سێ چۆلەكە لە سەر گوێسوانەی دەستەڕاستی دەلاقەكە نیشتبوونەوە. سووك و قوشقی ملیان دەسووڕاند. دەتگوت باشوویان دیوە. لەپڕ هەڵفڕین و ڕوویان كردە كێوە بریندارەكە و بە ئاسمانەوە بوونە سێ خاڵی ڕه‌ش و بزر بوون.
دووكەڵێك خەریكە لەگەڵ نەرمەبای دەمەونێوەڕۆ خۆ لە ماڵەكانی ئاوایی هەڵدەساوێ. بۆكوڕووزێك ئاسمانی گوندەكەی داگرتووە و هەواكەی قورس كردووە. دوای چەند خولەك خەڵك بەرەو بۆنی كەباب خێزەرەیان بەست.

ته واو

ئەمین گەردیگلانی
بەهاری 1386



__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #98  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض بەفر و خوێن


بەفر و خوێن

بەرەبەیانە، حەوش و بان كفنێكی بەفرینیان بەسەردا كێشراوە. ئاوایی مردوویەكی نەنێژراوە. لە كەلێنی درگای ژوورەكەوە چاو بەسەر دیوار و سەربانەكاندا دەگێڕی. دوو ڕۆژە لە ژوورێ نەهاتوونەتە دەرێ. دەگەڕێیەوە سەر جێگاكەت و شیلانی كۆرپە بە هەنیسك و گریانەكەیەوە لە باوەش دەگرییەوە. دیسان وەك ئەو دوو شەو و ڕۆژە مەمكە وشك و بێ‌شیرەكەت دەنێیتەوە دەمی، بەڵام ژیر بوونەوەی نییە. بە باوەشتەوە ڕایدەژێنی. باوك و برا و خوشكە چكۆڵەكەت هەر كام سەریان لە بەر خۆیاندایە و بە ئەوكی پڕ گریان و دڵی پڕەوە لە نێوان خەو و بەخەبەریدا جووڵەیان لە خۆیان بڕیوە. باوكت جار و بار لەگەڵ كۆخەیەك و ئاخێكی خەماوی هەمووتان دادەچڵەكێنێ و شیلانیش دەست دەكاتەوە بە گریان. وەنەبێ ئێوەش نەگرین، بەڵام گریانی ئێوە بێدەنگە، هەڵقرچانە لە ناخەوە. لە دوێنێوە چەن جار لە ژێرپیاڵەدا قەندت بۆ تاواندۆتەوە و كردووتە بە دەمییەوە، بەڵام برسییەتی عەجمانی لێ هەڵگرتووە.
هەڵدەستییە سەر پێ، شیلان بە بەر سینگتەوە دەگوشی و دەچییەوە بەر درگا و بە حاڵ كەلێنێكی پێدەدەی. دیسان چاو بە حەوشە و سەربانەكاندا دەگێڕی. وڵات تۆزێ ڕووناكتر بۆتەوە. تەمومژێكی تەنك خەریكە باڵ بە سەر گوندەكەدا دەكێشێ. درگاكە بە تەواوی دەكەیتەوە و پێ دەنێیە حەوشە.
ـ ڕۆڵە! خەزاڵ، مەچۆ بابم، وەرە ژوورێ، با داخی تۆش نەنێن بە جەرگمەوە.
بەسەر نوا بەفری حەوشەكەدا تێدەپەڕیت و بە جیڕەیەكی وشك درگای حەوشەكە دەكەیتەوە. كۆڵان كپ و بێدەنگە، هێشتا بە هەنگاوی هیچ كەس بۆژۆ نەبووە. شەقڵی نەشكاوە.
ـ ڕۆڵە كچم، مەڕۆ با لەگەڵت بێم.
ئاوڕێكت دایەوە، بابت سەری لە درگاكە هێنابووە دەرێ و هاڵاوی دەم و لووتی لەگەڵ تەمومژەكە تێكەڵ دەبوو. گوتت: «مەیە بابە گیان، زوو دێمەوە»
پێت نایە كۆڵان و كرپە كرپی بەفر لە ژێر پێتا لە گەڵ دەنگی گریانی شیلان بە باوەشتەوە، خەوی سڕی كۆڵانەكەی زڕاند.
بە بن دیواری بەری ڕۆژهەڵاتدا ملی ڕێت گرت و بەرەو مزگەوت كەوتییە ڕێ، كزەی سەرما سەر لووت و ڕوومەتتی دەگەزی. چاوە سوور هەڵگەڕاو و خەو لێ زڕاوەكەت ئاوی پێدا دەهاتە خوارێ. سەیرە گریانی ئەم دوو ڕۆژە چۆن تەڕایی تێدا هێشتووە. لەگەڵ هەنگاو هەڵێنانەوە چاو بە هەموو لایەكدا دەگێڕی، سرك و قوشقی، جار جار گورگاوڕێك. هەموو تارمایی و تاپۆیەكت لێ دەبێتە چەكدار و سێرەت لێ دەگرن. تا گەیشتنە مزگەوت چەن كۆڵانی دیكەت ماوە. ئاوایی خەوی مەرگ چۆتە چاوی. كفنی ترس و سام لەبەر هەموو ماڵەكان كراوە. گریانی شیلان پەنجێرەی هیچ دیوارێكی پێ ناكرێتەوە. هەر دەڵێی زاری دیوارەكانیش دووراون و ناوێرن لێویان ببزێون، كڕ و كپ.
بن دیوارە و دیوار ڕۆیشتی و جێگا پێی خۆت و دەنگی گریانی شیلانت گەیاندە نزیك گۆڕەپانی بەر مزگەوتەكە. ئاواتت بوو لەو كاتەدا وڵات ڕەش داگەڕێ. ببێتە شەوێكی ئەنگوستە چاو. چاو چاو نەبینێ. بەڵكوو بتوانی لەو گۆڕەپانە بپەڕییەوە و خۆ بكەی بە مزگەوتەكەدا.
چاوت لە گردەكەی پشت ماڵان بڕیوە و بە ئەسپایی و كۆمە كۆمە بەرەو مزگەوتەكە دەخوشی. چەن تارمایی بەسەر تەوێڵی گردەكەوەن. دەجووڵێنەوە، دەستت بە ئاستەم لەسەر دەمی پڕ لە گریانی شیلان داناوە و چاوت لە تارماییەكان بڕیوە و لاقت بێ ئیختیار هەڵدێن. تا بەر دیواری مزگەوتەكە بیست هەنگاوێكت ماوە. جار لەگەڵ جار گردەكە چاكتر وەدیار دەكەوێ و تاپۆكان ڕەشتر دەچنەوە. نازانی تارماییەكان سیانن یان چوار. گەرمایی دەمی شیلان بەری دەستتی گەرم داهێناوە و بە حاڵ نووزەی دێ. كرپە كرپی بەفر لە ژێر پێتدا وا دەنگ دەداتەوە خەریكە گوێچكەت كەڕ بكا. پێنج شەش هەنگاوت ماوە بۆ مزگەوتەكە. دەنگی ئیستێك دڵت دادەخا. لاقت دەچێتە بەست و موچڕكێك بە سەرتاپای گیانتدا مێروولە دەكا و هەوا ئەوەندەی دیكەی سارد دەبێ. چەقوچۆ، كاكیلكەت وە شەقەشەق دەخا. ورە بەر خۆت دەنێی، تازە گەڕانەوە ناكرێ. سێ هەنگاوی دیكە هەڵێنیتەوە دیواری مزگەوتەكە لە باوەشت دەگرێ. لاق هەڵدێنیتەوە هێشتا دات‌نەناوەتەوە تەقەیەك لەگەڵ ویزەی گوللەكەی بە پەنا گوێچكەی چەپتدا دەتتاسێنێ. هەنگاوی دووهەم هەڵدێنیتەوە و تەقەیەكی دیكە ویزەی دێت و چزە لە بەفرەكەی بەر پێت هەڵدەستێنێ. هەنگاوێكت ماوە بگەیتە دیوارەكە، بەڵام ئەوەندە لەبەر چاوت دوورە ساڵەڕێیەك دەبێ، تەواوی هێز و ورەی خۆت لە لاقتدا كۆ دەكەیتەوە و دەتەوێ بە بازێك خۆت فڕێ دەیتە بن دیوارەكە. لەگەڵ بەرز بوونەوەی لەشت تەقەیەك و گڤە لە نێو پشتت هەڵدەستێ و گەرمایی بە پەنا كەلەكەتدا دێ و دەیخووسێنێ.
بە سەرەوە دەكەوی بە سەر شیلاندا. زریكەی لێ هەڵدەستێ. هێز دەدەیە بەر خۆت بە لای دیوارەكەدا دەتلێی. شیلان لەسەر بەفرەكە كەوتووە و كراسە سپییەكەی و بەفرەكەی ژێری سوور هەڵگەڕاوە. هەموو گیانت سڕ بووە و دەمت وشك بووە، دەڵێی پڕ بووە لە خۆڵەمڕە. دەست دەبەی بۆ كەلەكەت، لە خوێنا خووساوە. دەست دەكێشی و قۆڵی كراسەكەی شیلان بە گریانەكەیەوە دەكێشی بۆ لای خۆت. هێز لە خۆت دەدەی، دەتەوێ هەستی، ناتوانی. لاقت دەنووشتێتەوە. هەر دەڵێی لاقیشت پێوە نییە. هەناسەت سوار بووە. دڵت بە پڕتاو لێ‌دەدا. شیلان دەگریتە بن باخەڵی ڕاستەت و بە زگەخشكێ بەرەو نێو مزگەوتەكە دەخوشێی. نازانی چەندەت پێدەچێ تا لەو دوو پلیكانەی مزگەوتەكە سەر دەكەوی. خەتێكی سوورت لەگەڵ بەفر هێناوەتە بەر هەیوانی مزگەوتەكە و سەرت ناوە بە درگاكەوە. بەسەر پاڵی پێوە دەنێی. ناكرێتەوە. شیلان لەسەر عەرزەكە دادەنێی و بە شان پاڵ بە درگاكەوە دەنێی، دەكرێتەوە. شیلان دەنێیتەوە بن باخەڵت و لەگەڵ گریانەكەی بە زگەخشكێ دەیبەیتە ژوورێ. هەناسەت بە حاڵ دێتە دەرێ. شیلانی خوشكت ئەوەندە قورس بووە ئیتر ناتوانی بەرزی كەیەوە. ئاتەگی كراسەكەی دەگری و ڕایدەكێشی. دایكت لە نێوەڕاستی مزگەوتەكەدا بەرماڵێكی پێدا دراوە و ڕاكێشراوە. ئێوارێ خۆت جوان داتپۆشیبۆوە و ڕۆیشتبوویەوە. شیلان هەر دوو مەمكی چەك و چڕ دابوو و بە بەر سنیگییەوە خەوی لێ‌كەوتبوو. تۆش كفنەكەت بەستبۆوە و بەرماڵەكەت بەسەردا دابۆوە، شیلانت لە باوەش كردبوو و بە جێت هێشتبوو. دوو جاری دیكەش باوكت هێنابووی تێری مەمكی دایكت مژیبوو و هێنابوویەوە. خۆت خشكاند و شیلانت لەگەڵ خوێن بە دوای خۆتدا ڕاكێشا و زۆر بە دژواری توانیت گرێی كفنەكە لە سەری دایكت بكەیەوە. شیلانت بردە پەنا سینگی و مەمكی دایكت نایە دەمی. شیلان گریانی لەبیر چۆوە. تۆش سەرت نا بە سەری دایكتەوە و هەستت دەكرد جار لەگەڵ جار لەشت سووك دەبێ و وەك فوودانە وە حەوا دەكەوی. توونییەتی و چەقوچۆ ئارا و قارای لێ هەڵگرتبووی. نێوچاوانە سڕەكەت ناوە بە نێوچاوانی دایكتەوە و ورتە دێ:
ـ دایە گیان،‌ئەوە منیش هاتم بۆ لات. بەڵام ئەی شیلان و دیلان و كەژاڵ و باوكم؟ بیریان دەكەین. ئەوانیش بیرمان دەكەن.
وەنەوزت دەدا،‌ خەریك بوو خەوت لێ بكەوێ. شیلان قونەنشینە بوو، تازە فێری گاگۆڵكە دەبوو. بە دانیشتنەوە دەمی بە سینگی دایكتەوە نابوو و دەستی بە بەرمل و چەناگەیدا دەگێڕا.
تەقەیەك دایچڵەكاندی، تەقەی دووهەم گوێت لە ئاخ و هاوارێك بوو. دەنگی باوكت ناسییەوە. ئەویشیان پێكا. نەتدەتوانی لە جێی خۆت ببزووی. هەرچی هێزت لە خۆت دا بخوشێیی، فایدەی نەبوو. تەنانەت نەتدەتوانی ملت هەڵێنی. لە كەلەكە بەرەو خوارت لە خوێنا خووسابوو. دڵی مزگەوتەكەشت لە خوێنا شەڵاڵ كردبوو.
لە دایكت بیستبوو: «خوێن بە جل‌وبەرگ و ڕاخەر و شتەوە بێ لە نوێژی دەبا» تۆ بە جارێ مزگەوتەكەت لە نوێژ بردووە. گوێت لە ناڵەی كزی باوكتە. لە دەرەوەی مزگەوتەكەوە دێ، بانگت دەكا: «خە... زاڵ... ڕۆ...ڵە... خەزاڵ...»
دوو ڕۆژ لەمەوبەر شەڕەكە دەستی پێ كرد. لەو قرمە قرم و ئاوربارانەدا هەموو خەڵكی نێو دێ لە قوژبن و ژێرخانی ماڵێدا خۆیان شاردبۆوە. كەس نەیدەوێرا بێتە دەرێ. دایكت بە پەلە چووە حەوشە گۆزەیەك ئاو بێنێتە ژوورێ. تەقەیەک هات و دایکت لەپڕ قیژەی لێ هەستا و كاتێ دەرپەڕینە دەرێ گوللەكە لە سەر دڵی درابوو و لە سەر بەفری حەوشە كەوتبوو خوێنی لەبەر دەڕۆیی. بە ڕاكێش ڕاكێش بردتانە ژوورێ. دوای چەن كاتژمێر كە دوژمن هەڵات و تێك‌شكاخەڵک کۆبوونەوە و توانیتان مەیتەكەی دایكت ببەنە مزگەوت و كفنی بكەن.
بۆ بەیانی پیاوان ویستیان بچن بۆ گۆڕ هەڵكەندن، دیسان دوژمن بە هێزێكی زۆرەوە هێرشی هێنایەوە سەر ئاوایی و ئەمجارەیان توانییان دەست بە سەر دێیەكەدا بگرن و ئەو گردەی پشت ئاواییش بكەنە مۆڵگە. ئێستا ئەوە دوو شەو و ڕۆژە كەس ناوێرێ لە ماڵ بێتە دەرەوە. ھەموویان لە ماڵەکانیاندا خۆیان لە پەنا و پەسیوان خزاندووە.
سەرت ناوە بەسەری دایكتەوە و لە پەنایدا ڕاكشاوی. شیلان لە نێوان هەر دووكتاندا دانیشتووە و دەست و پلە خوێناوییەكەی بە مەمكی دایكیدا دێنێ. تێری خواردووە و لەبەر خۆیەوە گڕوگاڵ دەكا و چەپڵە لێ‌دەدا. جارجاریش قامكە خرپنەكانی بە خوێنەكەوە دەنێتە دەمی و بە دەستەكەی دیكەشی شەپڵاخە لە مەمكی دایكت دەدا. ئیتر ناڵەی باوكت نایەتە گوێ. چاوت ڕێشكە و پێشكە دەكا و سەرت لە گێژەوە دێ. هەست دەكەی دڵت لە كوتە كوت كەوتووە و هێور بۆتەوە. چاوت لە شیلان بڕیوە. دەڵێی لە پشت شووشەیەكی تەماوییەوە دانیشتووە. لەپڕ شەو بەسەردا دێ و وڵات تاریك دادەگەڕێ.

ئەمین گەردیگلانی

هاوینی 1385
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #99  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض چارەچە‌قیلە


چارەچە‌قیلە

دیسان ملی ڕێی گرتبوو، گەیشتبووە لای تاشەبەردەكە و ڕاوەستابوو. هەتاوی نیوەڕۆی نۆزدەی بانەمەڕ پەلك و گەڵای گیاوگژ و دارانی پڕشنگ‌باران دەكرد. دەنگی خۆشی هەوێردە و سیچڕە و زەردەوەلی ئەمپەڕاوپەڕ دەنگی دەدایەوە. كابرا چاوی لە چیمەنی بەردەمی تاشەبەردەكە بڕیبوو. بنجێك چارەچەقیلە لەنێو گژوگیاكاندا بەدەم نەرمەباوە دەشنییەوە و جارجار پەلكی ناسكی لێ هەڵدەوەری. چاوی لە بنجەگوڵەكە بڕیبوو و نەیدەترووكاند. هەموو ساڵێك لە كاتی دیاری‌كراودا دەهات و لەو شوێنە ڕادەوەستا و لە گژوگیاكە ڕادەما. یان پاڵی دەدا بە تاشەبەردەكەوە و دەستەوئەژنۆ دادەنیشت و فرمێسك لەچاویدا قەتیس دەما. جاروباریش زەنگوڵ زەنگوڵ لە چاوییەوە كەلاوڕێژی دەكرد و بە ڕیشە سپییەكەیدا دەچۆڕا خوارێ. چەندساڵە ئەوە پیشەیەتی و دڵنیا نابێ. ساڵانی پێشوو لەگەڵ ژنە پیرەكەی دەهات، بەڵام سێ‌ساڵە بە تەنیا دێ.
یەكەم ساڵ كە هاتن چووم بۆلایان و ڕۆحم دایە بەر ڕێژنەی خەمەكانیان.
«لەبیرمە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ بوو، هەواكەی تاووساو و گەرم بوو. خەڵك هەموو لە مەزرا خەریكی كاروباری كشت و كاڵ بوون. مانگی بانەمەڕ وڵاتی سەوز داگێڕابوو. گوڵ ‌و گیا بەدەم شنەباوە دەشنینەوە و گەنم و جۆ كەروێشكەی دەكرد. دەنگی مەلان ڕۆحی بە بەر ئەو سروشتە نەخشاوەدا كردبوو. ئەمبەراوبەر ئەو ئاوازە دڵبزوێنەیان بۆ یەكتری دەساندەوە. دەنگی هەوێردە لەنێو مێرگ و باخاندا ئەمپەڕاوپەڕ دەڕۆیشت و لەگوێی خڕ و دۆڵ و گرد و تیرەگاندا دەبوو بە زایەڵە. لەپڕ دوای بانگی عەسر لەبەر كێوی (كەڵكەپیرێژنە) قرمە پەیدا بوو. تەقوتۆق وەك ڕه‌شەبایەكی ناوەخت تەواوی ئەو جوانییانەی شێواند. خەڵك بەنێو شیو و دۆڵ و كەندڕاندا مەڕ و ماڵاتیان وەپێش‌ دا و خۆیان كردەوە بەنێو ئاواییدا.»
كاتێك دەیبینم خۆم پێڕاناگیرێ و بێ‌ئیختیار هەنگاوم بۆلای دەخوشێ ئەگەرچی فرمێسكەكانی و هەناسە دووكەڵاوییەكەی كسپە دەخەنە هەناومەوە، بەڵام دەچم بۆلای و بەشێوەیەك خۆم بە شەریكی خەمی دەزانم، جاری‌ وایە خۆم بە تاوانباریش دەزانم. چونكە من یەكەم كەس بووم چاوم بە تەرمە شەڵاڵەكەی كەوت.
«خۆم دیم لەوێ كەوتبوو. لەپەنا ئەو تاشەبەردە، لەسەر پشت چاوی لە ئاسمان بڕیبوو. ڕۆژێك دوای شەڕەكە بوو، لای ئێوارە دەمویست بڕۆمەوە بۆ ماڵێ. كاری ئاوداشتنم تەواو كردبوو. لەخۆڕا لە ڕێگاكە كلابووم و بە نێو ئەو خڕەی لای تاشەبەردەكەدا وەسەر كەوتم. كە چاوم پێی‌كەوت وامزانی كاك ئەحمەدی خاوەنی مەزراكەیە لەوێ ڕاكشاوە. كە چوومە پێشێ لاوێكی نەناس بوو. خوێن لە كەلەكەی چەپەیەوە هەڵقوڵیبوو و بە مەودای سێ‌بست لەخوار خۆیەوە شۆلاوگەی بەستبوو بە عەرزەكەوە مەیی بوو. دەست و پلی شەڵتانی خوێن بوو، خوێنەكەی بە چاكەتە بۆرەكەیەوە ڕه‌ق بووبوو. دەستێكی نابووە. سەر برینەكەی و دەستەكەی دیكەشی لە گیا و خۆڵی پەنا تاشەبەردەكە گیر كردبوو، دەتگوت دەیهەوێ هێز لە خۆی بدا و هەستێتە سەرپێ. چوومە ژوور سەری و هەڵترووشكام. دڵم بەپڕتاو لێی‌دەدا و دەستم دەلەرزی. دەستە لەرزۆكەكەم لە ڕه‌گی لاملی دا، نەمابوو. لەشی گەرم بوو، لەوەدەچوو تازە گیانی دابێ. دەستێكم بەچاویدا هێنا و پێلوویم خەواند. بە هەڵەداوان چوومەوە بۆ نێودێ و چەندكەسم ئاگادار كرد، بەڵام هیچ‌كەس نەیوێرا یارمەتیم بدا. تەنانەت واشیان ترساندم ئیتر نەموێرا هەر باسی بكەم.»
كاتێك ئەو قسانەم بۆ كابرا پیرە دەگێڕایەوە چاوی لە بەردەمی خۆی بڕیبوو، هەستم دەكرد خەریكە لە ناخەوە هەڵدەقرچێ. دەتگوت سەهۆڵە و لەبەر تاوت داناوە. دەستی بە بەرچاوییەوە گرتبوو و شانی هەڵدەتەكاند. نەمدەویست برینەكەی بكولێنمەوە، یان خەفەتبار و هەناسەساردی بكەم. پێم‌وابوو دڵنیا دەبێ و دەڕوا. ئیتر واز لەو تاشەبەردە و شیوەكە دێنێ و نایەتەوە. بەڵام دوای ئەوەش دەستی هەڵنەگرت و هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا دەهاتەوە.
بەدەم فرمێسك هەڵوەراندنەوە گوتی:
ـ دەزانم لێرەیە. دڵم پێم دەڵێ هەر لەم دەوروبەرەیە. هەست بە بۆنی كوڕەكەم دەكەم. هاوڕێكانی گوتیان لەبن ئەو بەردەپێكراوە و نەیانتوانیوە تەرمەكەی لەگەڵ خۆیان بەرن و بەجێماوە. دڵنیام هەر لێرەیە. ناچارم ڕۆژێك تەواوی ئەم دەوروبەرە هەڵدڕم. بە نینۆخیش بێ هەڵیدەكۆڵم. هەتا چاوم پێی نەكەوێ دڵنیا نابم. دەبێ هەر بیدۆزمەوە. دەیدۆزمەوە. دەیـ ... دۆز ... مەوە.
كاك ئەحمەد چەند مانگ دوای ڕووداوەكە گوتبووی:
ـ ترسام برا، گاڵتە نییە. لە مەزراكەی مندا كوژراوە. دەترسام تووشی گێرە و كێشەم كەن. هەر ئەو شەوە پاچ و پێمەڕەم برد و چەند هەنگاو لەولای تاشەبەردەكەوە ناشتم.
هەر ئەو ئێوارەیەی تەرمەكەم دی و بە هەڵەداوان چوومەوە بۆ نێودێ، بۆ شەوێ كاك ئەحمەد چووبوو تەرمەكەی شاردبۆوە. بەیانی كاتێك چووینە شوێنەكە ئاسەواری نەمابوو. بۆیە بێدەنگەمان لێ‌هێنا. ڕه‌سووڵ گوتی: «ڕەنگە شەوێ هێزەكانی خۆیان هاتبێتن و تەرمەكەیان بردبێ.» ئێمەش گوتمان ڕاست وایە و گەڕاینەوە بۆ ئاوایی.
چەندكەس لە خەڵكی ئاوایی و تەنانەت كوڕەكانی خۆشی شوێنی گۆڕەكەیان لە كاك ئەحمەد پرسیبوو، بەڵام نیشانی هیچ‌كەسی نەدا و ساڵێك دوای ڕووداوەكە مرد.
كابرا پیرە هەموو ساڵێك ڕۆژی نۆزدەی بانەمەڕ دێتە ئەو شوێنە و پاڵ دەدا بە تاشەبەردەكەوە. چاوە فرمێسك ‌تێزاوەكەی لەو بنجە چارەچەقیلەیە دەبڕێ كە پەلكە ناسكەكانی بەدەم نەرمەباوە هەڵدەوەرن.

ئەمین گەردیگلانی

هاوینی 1386

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #100  
قدیمی 07-03-2013
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض چەتە

چەتە

بە هەناسەبڕكێ لە پلیكانەكان وەسەر كەوت. كە گەیشتە نێو هۆڵی چاوەڕوانی، چەن ژن و پیاو و منداڵ لەسەر سەندەڵییە یەكڕەنگەكان بە ڕیز دانیشتبوون. هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا و پشتە كۆمەكەی ڕاست كردەوە. لەگەڵ سڵاوی كرد، هەموو چاویان لەسەر ڕیشە سپییەكەی و قەڵافەتە تێك‌شكاوەكەی گیرسایەوە و چەند كەس لەبەری هەستان و چاكوخۆشییان لەگەڵ كرد. بە لەقەلەق چووە بەر مێزی كابرای بلیت‌فرۆش و ڕاوەستا. هێشتا هەناسەی نەهاتبۆوە بەر خۆی، كابرای بلیت‌فرۆش بە پۆزێكەوە سەری هەڵێنا و چاوی لە چاوە كزەكانی بڕی كە لە ژێر هەوری برۆ خۆڵەمێشینەكەیدا تەمێكی لێڵیان وەسەر كشابوو.
ـ مامە گیان، دوكتۆر نەهاتووە، خێرت بداتێ. بڕۆ سەعاتێكی دیكە وەرەوە.
مامە پیرە ڕه‌نگی سپی هەڵگەڕا و لە ناكاو سەری بەرز كردەوە، دانیشتوانی نێو هۆڵەكە هەستیان كرد پشتە كۆمەكەی لەگەڵیدا ڕاست بۆوە. چاوی لە ڕوومەتە سووتاوەكەی كابرای بلیت‌فرۆش كرد كە جێ جێ چرچ هەڵگەڕابوو و مووی قرژ و تیژ وەك دڕوو سەریان دەرهێنابوو.
ـ باوكەكەم من سواڵكەر نیم، ئەم ئەكسەم هێناوە نیشان ئاغای دوكتۆری بدەم.
دوگمەی كەواكەی كردەوە و دەستی كرد بە باخەڵیا. پاكەتێكی پان و گەورەی لە باخەڵی دەرهێنا و لەسەر مێزەكە داینا. كابرای بلیت‌فرۆش بە ناقایلی ئەكسەکەی لە پاكەتەكە دەرهێنا و دایە بەر ڕووناكایی گڵۆپەكە و چاوی لێ‌كرد. یەسقانی ڕه‌ق‌وتەقی لاشانی مامە پیرە لە ئەكسەكەدا دیار بوو. خستییە نێو پاكەتەكەوە و دایەوە دەستی.
ـ مامە دەبێ بلیت بگری و دانیشی هەتا دوكتۆر دێ، بە نۆرەی خۆت دەتنێرمە ژوورێ.
ـ جا باوكەكەم هەر تەماشایەكی ئەو ئەكسەم بۆ بكا بزانێ یەسقانەكەی گرتوویەتەوە و تەواو، خۆ نامەوێ معاینەم بكا و دەوا و دەرمانم بۆ بنووسێ. ئەوە بلیتی بۆ چییە؟ ئەو دوكتۆرەی بۆی هەڵبەستوومەوە لە سنەیە، گوتم بۆ ئەو ڕێگا دوورە بكوتم، هەر لێرە نیشان ئاغای دوكتۆری دەدەم، ئەگەر پێویست بوو یان دەمنێرێتەوە بۆ لای دوكتۆرەكەی سنە، یان خۆی ماریجەم دەكا.
ـ خاڵە گیان، بلیتی دەوێ. دەنا سەرچاوم. فەرموو مەحتەلمان مەكە.
مامە پیرە دەستی كرد بە گیرفانی بەر پشتێنەیدا و بەستەیەك پارەی دەرهێنا كە دوو قەد نووشتابۆوە و بە جیرێك بەستبووی. جیرەكەی داماڵی و گوتی:
ـ چەندەیە باوكەكەم؟
ـ شەش هەزار تمەن.
مامە پیرە دوازدە پێنج‌سەد تمەنیی جیا كردەوە و لە بەردەمی بلیت‌فرۆشی دانا. چاوێكی لە پاشماوەی پارەكەی كرد و ئەمبارەوباری كرد: دوو پێنج‌سەد تمەنی و دووسەد تمەنییەك و چوار پەنجا تمەنیی پێ‌مابوو. نایەوە گیرفانی و چوو لەسەر كورسییەك دانیشت. پاڵی داوە و سەری نا بە دیوارەكەوە.
ـ خاڵە گیان خەڵكی كوێی؟
یەكێك لە نەخۆشەكان لێی پرسی كە لە پەنایدا دانیشتبوو.
ـ باوكەكەم خەڵكی ئەم ساڵحاوایەی سەقزم.
ـ ئەی ئەوە كەست نەبوو لەگەڵت بێ؟ كوڕێك، ژنێك، خزمێك؟
ـ كوڕ؟
تەزوویەك بە لەشیدا هات و ئۆناقێكی تاڵ گەرووی گرت و خەمێكی ئاشنا چنگی لە دڵی گیر كرد و هەڵیگڵۆفی. هەناسەیەكی هەڵكێشا و بە دڵێكی كەیلەوە گوتی:
ـ نا.
خەریكی بیر هەڵقەندنی ماڵی حاجی سەلیمی جیرانیانە. حەوت میتر بیری لێداوە خەریكە دەگاتە ئاو، ئارەقەی دەرداوە و عەرزە تەڕەكەش هەموو داودەلینگ و پاتۆڵەكەی خووساندووە و لە قوڕ و لیتەی هەڵكێشاوە. زوو زوو پەت و دەولكی بۆ شۆڕ دەكەنەوە پڕی دەكا لە قوڕ و بەرد و هەڵیدەكێشن. لەگەڵ چوونە سەری سەتڵەكە، سەری هەڵێنا و چاوی بە دوادا بەڕێ كرد. هەتاوی نیوەڕۆی مانگی جۆزەردان دەڕژێتە نێو بیرەكەوە. زۆر چاوەڕوان ما پەت و دەولك نەهاتەوە خوارێ، هەرا دەكا. لەوە دەچێ هاوكارەكەی لەوێ نەمابێ. گوێ هەڵدەخا، دەنگی گریان و ژاوەژاوی ژنان و پیاوان دێتە گوێ. بە پەلە لە بیرەكە دێتە دەرێ. حەوشەی ماڵی حاجی سەلیم چۆڵ و هۆڵە، دەڵێی زیندەوەری تێدا نەماوە. بە هەڵەداوان و گیانی قوڕاوییەوە پێ دەنێتە كۆڵان. بەر درگاكەی ماڵی خۆیان عالەمێكی لێ كۆبۆتەوە. بە هەناسەبڕكێ خۆی دەگەیێنێتە بەردەرگا، هەموو ڕێی بۆ چۆڵ دەكەن و دەچێتە حەوشە. تابووتێك لە حەوشە لە ژێر دار تووەكە داندراوە و تارایەكی سووری بە سەردا كێشراوە. دوو كەس لە هاوڕێیانی كوڕەكەی بە چەك و فیشەكلغەوە باوەشی پێدا دەكەن و لەگەڵ گریانی بە كوڵی خۆیان گریانی وە بیر دێننەوە. چونكە وا تاسابوو نەیدەزانی چ بكا.
دوای جوانەمەرگ بوونی كوڕە تاقانە سوور خەڵاتەكەی، تووشی نەخۆشی بوو. نەخۆشییەكەی وا نەبوو لە پێی بخا. بەڵام تووشی فەرامۆشی بووبوو، جاری وا بوو نزیكترین خزمەكانی خۆی نەدەناسییەوە. دوای چەند ساڵ ژنەكەشی بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە كۆچی دوایی كرد و تەنیا و بێكەس مایەوە. بەڵام كاری بیر هەڵكەندنی هەر درێژە پێدا و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیا.

شەقوكوتی كورسی و هەستانی خەڵكەكە هەودای خەیاڵی پساند. دوكتۆر پێی نایە هۆڵی چاوەڕوانییەوە و بە پۆز و هەوایەكەوە ڕۆیی بۆ ژووری معاینە. دوای ماوەیەك زیڕەی زەنگێك هات و نەخۆش و شەل و دەست‌شكاو بە نۆرە چوونە ژوورێ و هاتنەوە دەرێ.
ـ خاڵە گیان خۆ لەوە ناچێ هیچ كوێت شكابێ، ئەم دوكتۆرەش جەڕڕاحی یەسقانە، بۆ هاتووی بۆ ئێرە؟
دیسان نەخۆشەكەی پەنای لێی پرسی. ئەمجارەیان مامە پیرە سەری هەڵێنا و چاوی لە كوڕە كرد كە بە پەڕۆیەكی سپی دەستیان بۆ لە ملی كردبوو.
ـ باوكەكەم مانگێك لەمەوبەر خەریكی بیر هەڵقەندن بووم، كەوتمە نێو بیرەكەوە و شانم شكا.
ـ جا تۆ كوا دەتوانی بیر هەڵكەنی مامە گیان؟
ـ ڕۆڵە گیان چۆن ناتوانم؟ خۆ غارغارێن ناكەم. دادەنیشم و لە بنەوپاڵەوە دەست دەكەم بە هەڵكەندن و گڵ و قوڕەكەم بۆ هەڵدەكێشن. بەڵام داخەكەم ناتوانم خۆم بچمە خوارێ و بێمەوە سەرێ. دەبێ پەتێك لە نێوقەدم خەم دامهێڵنە خوارێ و پاشان هەڵمكێشنەوە. هەروەك عەرزم كردی مانگێك لەمەوبەر كاتێك ویستیان دامهێڵنە خوارێ، میترێك نیو میترم مابوو بگەمە تەركی بیرەكە، كەندرەكە لە دەستی ئەو كوڕە بەستەزمانە بەر بوو و لاشانم درا بە دیواری بیرەكەدا و بەرچاوم تاریك بوو. ئیتر نازانم چۆنیان دەرهێنامەوە، كاتێك وەهۆش هاتمەوە لە نەخۆشخانەی سەقز بووم و خەریك بوون بەڕێیان دەكردم بۆ نەخۆشخانەی سنە.
ـ ئەی خاڵە گیان هەر ئەو كاتە بۆ نەیان‌هێنای بۆ لای ئەم دوكتۆرە و بردیانی بۆ سنە؟
ـ ڕۆڵە گیان ئەم دوكتۆرە بیست ڕۆژە هاتووە. ئێرە دوكتۆری جەڕاحی لێ‌نەبوو. ئەوە لەوێ بۆیان هەڵبەستوومەوە و شوكور ژانی نەماوە. ئەمڕۆ چووم لە نەخۆشخانە ئەم ئەكسەیان بۆ هەڵگرتوومەوە و هێناومە بۆ لای ئەم ئاغای دوكتۆرە بزانێ گرتوویەتەوە، گوتم بۆ ئەو ڕێگا دوورەی سنە ببڕم.
پیاوێك بە شەلەشەل لە ژووری معاینە هاتە دەرێ. كابرای بلیت‌فرۆش هەروا كە ملی بە سەر دەفتەرەكەدا شۆڕ كردبۆوە، دەنگی هەڵێنا.
ـ مەحموودی مقەننی.
مامە پیرە بە لەقە لەق هەستا پێ و ڕۆیی بۆ ژووری دوكتۆر، سڵاوی كرد و بە دەستێكی بلیتەكەی دایە دەست دوكتۆر و بە دەستەكەی دیكەی ئەكسەكەی لە بەردەمی دانا. دوكتۆر بلیتەكەی خستە نێو چەكمەجەی مێزەكەیەوە و دەستی دا ئەكسەكە و تەماشایەكی پاكەتەكەی كرد:
- ئەمە بۆ لای من نەنووسراوە. بیبە بۆ سنە.
ئەكسەكەی دایەوە دەست كابرا پیرە و قامكی بە زەنگەكەدا نا، نەخۆشێكی دیكە بچێتە ژوورێ.

ئەمین گەردیگلانی

بۆكان ـ هاوینی 1386

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 09:04 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها