ئه‌حمه‌د هه‌ردی
"ئه‌حمه‌د هه‌ردی"، كوڕی حه‌سه‌ن به‌گ، كوڕی عه‌زیز به‌گ"ه. به یه‌كێك له شاعیر و نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی کورده داده‌نرێت، كه زۆربه‌ی ته‌مه‌نی له‌بواری وێژه و هۆنراوه‌ی کوردی‌دا به‌سه‌ربردووه.
ئه‌حمه‌د هه‌ردی 1922 له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ڕووناكبیر له‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه. هه‌ردی زانیارییه‌كی زۆری له شیعری كوردی، فارسی و عه‌ره‌بی شێوه کلاکسیکدا هه‌بووه و هه‌ربۆیه توانیوێتی كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر شیعری نوێی كوردی بکات. "ئه‌حمه‌د هه‌ردی" له‌بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورددا به‌شداربووه. پاش به‌ستنی "په‌یمانی جه‌زائیر" به‌ره‌وو ئێران ڕۆیشتووه و دواتر 1993 به‌ره‌وو وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێده‌که‌وێت.
"ئه‌حمه‌د هه‌ردی" له‌زانكۆی سلێمانی و دواتریش له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین وه‌كو مامۆستا وانه‌ی وتووه‌ته‌وه.
ساڵی 1941 له قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌كانی سلێمانیدا وه‌ك مامۆستا ده‌ستبه‌کاربووه. له كۆتایی چله‌كاندا له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ڕامیاری له‌سه‌ر کاره‌که‌ی دوورخراوه‌ته‌وه. هه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی کوردایه‌تی چه‌ندجارێك دووچاری گرتن هاتۆته‌وه.
یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه شیعری ئه‌حمه‌د هه‌ردی له‌ساڵی 1957دا له‌ژێرناونیشانی "ڕازی ته‌نیایی"دا هاتۆته وه‌شاندن و کاتخۆی چه‌ندجارێك له‌چاپدراوه. ساڵی 1959 له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێیدا "كۆمه‌ڵه‌ی ئازادی ژیانه‌وه‌ی یه‌كێتیی كورد"یان دامه‌زراند، که به‌کورتکراوه‌ی به "كاژیك" ناوده‌برێت. هه‌ردی وه‌ك به‌رپرسی یه‌كه‌م چالاکی خۆی له کۆمه‌ڵه‌ی ناوبراودا بینیووه.
سه‌رده‌مێك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ناوه‌ندی "یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد" بووه، سه‌رده‌مێكیش سه‌رۆكی لقی سلێمانی بووه. ساڵی 1963 په‌یوه‌ندیی كردووه به‌شۆڕشی كوردستانه‌وه.
ساڵی 1966 له سه‌رده‌شت له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران (ساواك) ده‌ستگیركراوه. دوای ئازادکردنی بۆ باشووری کوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه. پاش رێكه‌وتننامه‌ی 11ی ئازاری 1970، ساڵی 1973 تا 1974 له‌كۆلێژی ئادابی زانكۆی سلێمانی مامۆستا بووه.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕدا، ساڵی 1974 دیسانه‌وه په‌یوه‌ندیی به شۆڕشه‌وه کردۆته‌وه. پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی ئهیلوول، تاساڵی 1979 له ئێران ئاواره بووه، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا شه‌ڕی نێو پارته کوردییه‌کان نائومێدی ده‌كات، به‌و هۆیه‌شه‌وه بڕیار ده‌دات، بۆ پاراستنی هه‌ڵوێستی سه‌ربه‌خۆی خۆی، بۆ سلێمانی بگه‌ڕێته‌وه.
له‌گه‌ڵ باڵاگرتنی دڕنده‌یی به‌عسدا، جارێكی تر له‌ساڵی 1988دا په‌یوه‌ندی به‌شۆڕشی كوردستانه‌وه كردووه‌ته‌وه، بۆ ماوه‌یه‌ك بووه به‌سكرتێری گشتیی "پارتی سۆسیالیستی كورد" (=پاسۆك). ساڵی 1989 وازی لهپاسۆك هێناوه، وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌ڕیزی شۆڕشدا ماوه‌ته‌وه، تا ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991، ساڵی 1992 له‌له‌نده‌ن نیشته‌جێبووه، هه‌ر له‌وێش لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر كێشی عه‌رووز له‌شیعری كوردیدا ته‌واوكردووه.
پاش ڕووخانی رژێمی به‌عس بۆ كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ساڵی 2004 لێكۆڵینه‌وه عهرووزییهكهی به‌چاپگه‌یاندووه. به‌هۆی ژیانی پڕ له‌ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌وه، گه‌لێك لێكۆڵینه‌وه، ده‌قی ئه‌ده‌بی، هونه‌ریی فه‌وتاون، ڕووناكییان نه‌دیوه. 2006.10.29 له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد.
كچه‌كه‌ی، "چۆمان هه‌ردی"، نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی كورده و هه‌روه‌ها كوڕه‌كه‌ی، "ئاسۆس هه‌ردی" ڕۆژنامه‌وانێكی ناسراوی باشووری كوردستانه، كه بناغه‌دانه‌ری ڕۆژنامه سه‌ربه‌خۆكانی "هاووڵاتی" و "ئاوێنه" داده‌نرێت. هه‌روه‌ها "ڕێبین ئه‌حمه‌د هه‌ردی" یه‌كێكه له‌نووسه‌ر و ڕووناكبیره زۆر چالاکه‌کانی كوردستان ته‌ماشا ده‌کرێت و خاوه‌ن تێڕامانێكی جیاوازه له‌نووسه‌ران و ڕووناكبیرانی دیكه‌ی كوردستان.
شیعری "خۆره‌تاو" بۆ منداڵان، ده‌ستنووی خودی ئه‌حمه‌د هه‌ردی.
هه‌ردی له‌وه‌سفی ته‌مه‌نی خۆیدا ده‌ڵێت:
هه‌موو ئاواتی ئاكامم گوڵاڵه‌ی لاله‌زارێ بوو
شریتی سه‌رگورشته‌ی من خه‌وێكی نهوبههارێ بوو
هه‌موو پێچانه‌وه‌ی ژینم بریتی‌بوو له‌چیرۆكی
لهكورتیو زوو به‌سه‌رچوونا بزه‌ی سه‌رلێوی یارێ بوو
به‌وته‌ی شاعیران و شاره‌زایانی بواری ئه‌ده‌بی، به‌رهه‌می "ڕازی ته‌نیایی"ی ئه‌حمه‌د هه‌ردی، كه ته‌نها دیوانیه‌تی، به باشترین به‌رهه‌م داده‌نرێت. کۆمه‌ڵێك هۆنراوه‌ی ناو دیوانی ناوبراو له‌لایه‌ن سترانبێژه کورده‌کانه‌وه چڕاونهرهوه و به‌هۆیه‌وه ناوبانگێکی باشیان به‌ده‌ست هێناوه.
به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌حمه‌د هه‌ردی
- ئاگری سوور
- هاوار
- یاد و خه‌بات
- لاوی كورد
- ئازادی خوا
- ڕازی ته‌نیایی
- مه‌جلیسی موزه‌ییه‌ف
چاوه‌ڕوانی بێهووده
هه‌موو ڕۆژێ له به‌ر سه‌یری بتی ئه‌و به‌ژن و باڵایه
له سه‌ر ڕێیدا ئه‌وه‌ستم، هه‌تاكوو ئاوی پێم دایه !
به دوو چاوێ كه شه‌وقی چاوه‌ڕوانی ئه‌ی ترۆكێنێ
به دوو چاوێ كه سیڕڕی قووڵی لاوێتی ئه‌دركێنێ
سه‌رنجی ڕێ ئه‌ده‌م ، ڕێگا، هه‌موو شێوه‌ی ئه‌وی تیایه
وه‌كوو دنیا له ناو جوانی ئه‌وا توابێته‌وه... وایه
شنه‌ی با، باسی جوانی ئه‌و به گوێی مندا ئه‌چرپێنێ
هه‌موو ده‌ركه‌وتنی شۆخێ، دڵی من دا ئه‌خورپێنێ
به‌ڵام خورپه‌ی ته‌واوی دڵ له گه‌ڵ هه‌نگاوی ئه‌و دایه
كه سه‌رتاپا له ئاوازی به‌هه‌شتی خواوه ... په‌یدایه
به‌ڵێ ! كاتێ كه ئه‌و ده‌ركه‌وت، ئیتر من بێ سه‌ر و شوێنم
به تیشكی خۆری جوانی ئه‌و، به جارێ قوڵپ ئه‌دا خوێنم
وه‌كو چۆن نه‌ونه‌مامێ، گه‌رده‌لوول ئه‌یبات و ئه‌ی هێنێ
له‌شم موچڕكی دڵداری، وه‌ها ناخی ئه‌بزوێنێ !
ئه‌گه‌رچی وه‌ك خه‌یاڵی من عه‌با ده‌وری له‌شی داوه
له ئه‌ندام و له‌ش و لاری بڵند و ڕێكی ... ئاڵاوه
به‌ڵام كاتێ كه با چمكی عه‌باكه‌ی لا ئه‌دا، تاوێ
ئه‌ڕێژێ پووزی نایابی ، له سیحری خوایی، لافاوێ
م : خۆزگه