پەنجە بەجێماوەكانى شیعر
خۆرنشینێك پەلى گرت و..
شەو بانگى كرد
تا لە ئاوێنەى تەمەن و حەسرەتەكانى راماندا
لە گەڵاى وەریو بروانىَ
سەما لە عومرى خەزانا داگیرسێنێ
خۆى لە مێژووى قەتیسدا
بنووسێتەوە ..
تا ..لە زمانى ئاو بگات
شەپۆل فێرى باڵە مەلەو ..
كۆتر لە فرین رابێنىَ
لە شەهوەتى فەنابوون و سەركێشیدا
ئاسمانىَ لە خۆشەویستى و
پەنجەرەیك لە بێدەنگى
لەودیوو سیحری وێڵ بوونەوە
دڕ بە تارمایى بداو
خاڵەرەشەكانى پەرەى بیرچوونەوە بسووتێنىَ
( ئەو ) رادەستى ئەهریمەنى نەفرەت كرا
پەرداخىَ ژەهرى شەوى سوور
لە ناو لەپى نەبوونیدا
چراكەى لىَ كوژاننەوە
كچێنى خۆى
چەقۆى هاویشتە سەر دڵى
مشتىَ ووشەى نێو ژوورى گوناهەكان بوو
نەعلەت رەنگى پىَ ئاڵ كردو..
سوراحییەك مانگى خستبووە سەر لێوى
سۆفییەك دەیروانییە خواو
پەنجەكانى خوێن و شیعر
پێكیان بۆ دەستەمۆ بوونى
خەڵتان بوون راخستبوو
ئەو گەواڵە هەورێكى نامۆ
تەوێڵى بۆ دەخوێندەوە
بەفرى ماچى هەڵوەریوى
بەڕچیووى لەسەر گۆناى جێدەهێڵا
قەسیدەیەك لەبەر باران
هەڵدەلەرزى و..
تێر دەبوو لە كریستاڵى دڵۆپەكان
بیرۆكەیەك بەدەم ژانى سرەوتەوە
پیاسەى دەكرد
ئەژنۆیەك لە هێز دەگەراو
بەژنێك بۆ تەڵەى ئارەزوو تلى دەخوارد
خەونێك خوێنى دەلستەوە
خەیاڵێك خۆى حەشار دەداو
حەزێك بەگڵاوى دەمرد..!.
جارێكى تر..
پەنجەكان لە سنگى یاخى شیعرەكانا
پڕبوون لە مەرگى ئاوابوون
لە دووكەڵى دۆزەخى تەریك بوونەوە
لە هەڵوەرینى جوانییەكان
جوگرافیاى دەقێكى شێت و..
مشتىَ ووشەى بارگاوى بوو
شۆربوونەوە بۆ دامێنى نزاكانى
رووت بوونەوەو ..
بە پێش چاوى كل رێژبووى ئەستێرەكانەوە
لاپەرەكان.. خۆڵەمێش لوولى دەكردن
پشكۆكان تێدەپەرین و..
پیتەكان یەك یەك دەسووتان ..!.
********
هێشتا سەرت لە كۆشى مناڵیتدایە
رۆحت لە دەلاقەى زامى بێكەسیدا چرۆ دەكات
تاریكى زۆر بىَ رەحمانە بیركردنەوەت دەهارێت و ..
شێتانە لە دەرگاى دڵى پرسەگێرى ماندووت دەدات
لەودیو شووشەى پەنجەرەى ژوورەكەتەوە
مانگەشەو غەرقى نوور بووە
پرچى تابلۆكەى عیشقى ماڵئاوایى شانە دەكات
دەست بە روومەتى خەزان و شان وملى حەزا دێنىَ
ناخت پر دەبێت لە گوڵ و..
بۆنى مێخەكى رێى جێژووان
چاوت خەونى هەڵبزركاوى لىَ دەتكىَ و
پەنجەكانیش مشتىَ حەرفى زەرنەقووتەى
سەرما بەستووى نێو هێلانەكەى گوناە و..
وێنەى بەرد و تەلیسمى لێخنى شەیتان
*********
هەوار رەشماڵێكە نوتەك
وەك ئەوەى ئەو نوتەكییەى
لە ناخى تۆوە دزی بێت
كپى بینى ناوە بە خوێنتەوە
بیركردنەوە دەتكرۆژێت
رازێكى تاڵ قووتت دەدات
لە تەنیایى تەنیاترى
شەو یەختێكى یاخى و سەركێشى دەریایە ..
تۆى لەسەر پشتى سەفەرى گومانەكان دابەستووە
بە جووت لە ئاوێزانیدا شەپۆلەكان تێكدەشكێنن
سەوڵەكان دەچنەوە كەنار
لەنگەر لە قوڵاییەكاندا كرنووش دەبات
ئەندێشەیەك دەتهارێت و پێڵووى ماندووت پىَ دادەخات
رەنگى ئاو دەتشارێتەوە
زریانى جەستەت هەڵدەكات
**********
( با ) لەدرزى شووشەى شكاوى پەنجەرەى تەمەنتەوە
بە ئەسپایى دێتە ژوورىَ و
گوزەر دەكات ..
پەردەكەى خەم وتۆز گرتوو رادەچڵەكێت
بۆ ساتێك پەلكێشت دەكات
سۆى زامەكەت رۆحت دەگوشێت
چاوەكانت دەبنەوە جووتىَ شاباڵى كاسەى سەرت و
جەستەى پڕبووى لە سێبەرت بە جێدێڵن
ژیان لە گوژاڵكەیەكدا پەنادەگرىَ و ..
تروسكاییەكان لەسەرخۆ خامۆش دەبن
خۆر خۆى دەتەقێنێتەوە
رووناكى وورد و خاش دەبێت
بە هێمنى هەنگاو دەنێى
وێستگەیەك لە چاوەروانیتا
چرایەكى هەڵكردووە
تۆش دەستێكت شیعر و كتێب
باوێشك خاوى دەكاتەوەو ..
سەرخەوێكى تیا دەشكێنن
ئەوى كەشت دەستەسرێكى خوێناوى
لە كانیاوى متمانە بوون هەڵدەژەنێت
چەمێكى شێت بۆ خۆكوشتن بانگت دەكات
فاتیح سەلام
كفرى
20/4/ 2011