بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 04-22-2010
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض ڕازی سه‌ربه‌مۆری کتێب‏فرۆشێک

ڕازی سه‌ربه‌مۆری کتێب‏ فرۆشێک


عه‌لی غوڵام عه‌لی-بۆکان


له‌ درگایان دابوو و من زۆر به‌ ئه‌سپایی کردبوومه‌وه‌. بێ ترس؛ به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی مه‌حته‌ل بم که‌ رۆژێک له‌ درگام بده‌ن! که‌ درگام کردبۆوه‌ زۆربه‌ حوججه‌ت یه‌کێک پاڵی پێوه‌ نابووم و کیفێکیشی له‌ گیرفانی باخه‌ڵی کۆته‏ چه‌رمه‌که‌ی ده‌رهێنا بوو و نیشانی دابووم. وێنه‌ی خۆیم له‌ سه‌ر کارتێکی نێو کیفه‌که‌ دی به‌ڵام نه‌متوانی هیچ بخوێنمه‌وه. سه‌رم له‌قاند یانی ده‌زانم کێن. یه‌کی دی مه‌حته‌ل نه‌ما و خۆی کرد به‌ ژوورێ‏دا
ده‌متوانی پێیان بڵێم ناتان ناسم و له‌ گه‌ڵیشتان نایه‌م وهه‌ر ڕێگای ژوورێتان ناده‌م؛ به‌ڵام نه‌مکوت. ئێستا به‌رامبه‌رم بوون و ده‌ستیان نابووه‌ سه‌رکه‌له‌که‌‌ و بن کاپشه‌نه‌ چه‌رمه‌که‌یان و چاویان له‌ من ده‌کرد. یه‌کیان بنێشتی ده‌جوو، یه‌کیان چاویلکه‌یه‌کی ڕه‌شی له‌ چاو دابوو و یه‌کیشان وه‌ک ئه‌وه‌ی بترسێ له‌ بنه‌وه‌ چاوی تێ‏بڕیبووم. له‌م به‌رو‏ئه‌وبه‌ری درگای حه‌وشه‌که‌ ڕاوه‌ستابوون. له‌ که‌لێنی درگاکه‌وه‌ لایه‌کی ماشێنێکی پۆلیس به‌‏دیاره‌وه‌ بوو. له‌ گه‌ڵ یه‌که‌م پرسیاره‌کانی ئه‌وان، دووسێ‏ ڕێک‏پۆشی دیکه‌ش بێ ئیزنی من وه‌ژوور که‌وتن؛ بۆ نێو ماڵه‌که‌م. وا دیار بوو به‌ نیشاندانی ئه‌و تاکه‌ کارته،‌ سه‌د که‌س ده‌یتوانی بێته‌ ژوورێ یان ته‌نانه‌ت ماڵه‌که‌شم لێ داگیر که‌ن.
به‌ خۆمم کوت:
ئه‌وانه‌ی من کردوومه‌ خۆ به‌ که‌س ئاشکرا نابێت! ئه‌ی بڵێی له‌به‌رچی هاتبێتن؟ له‌به‌ر کوشتنی کامه‌یان؟ چۆنیان زانیوه‌ له‌و ماڵه‌دام؟
بۆی هه‌بوو لێیان تێک چووبێ. ئه‌رخه‌یان بووم که‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان له‌ من پێ نییه، بۆیه‌ تا ئه‌و سه‌ری دنیاشیان کوتبا له‌ گه‌ڵیان ده‌ڕۆیشتم. به‌ قسه‌ی قه‌دیمیان، به‌ینێک بوو وه‌ڕه‌ز بووم له‌ حاڵی خۆم.
له‌ چێژی یه‌که‌م خه‌ونێکه‌وه‌ که‌ دزیم، ده‌مزانی شتێکی سه‌یرم به‌ سه‌ر دێ یان شتێکی سه‌یر دێته‌ سه‌ر ڕێم.
ئه‌و کاته‌ی که‌له‌مچه‌یان کردم و بردمیانه‌ ده‌رێ، ته‌رمێکی سه‌ر داپۆشراویش له‌ ژووری ماڵه‌که‌ی منه‌وه‌ ده‌بردرا ده‌رێ.
ده‌بێ کێ بێ؟ من که‌سم له‌و‌ ماڵه‌‏دا نه‌کووشتووه‌.
که‌ بردرامه‌ ده‌رێ، جه‌ماوه‌ر جمه‌ی ده‌هات. ورته ‌ورتێک بوو، ده‌بوو بیبینن. سێ چوارێک له‌ خه‌ڵکی گه‌ڕه‌کم ناسی‎یه‌وه‌ که‌ چاویان لێ ده‌کردم و سرته‌یان ده‌هات. من یه‌ک دوویه‌کیانم ناسی که‌ خه‌ونه‌کانیان ماوه‌یه‌کی کورت هی من بوون. وه‌ک ئه‌وه‌ی باسی نه‌مانی که‌سێکی ناسیاو بکه‌ن، یه‌کێک به‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ورووبه‌ری خۆی ده‌کوت:
- بۆ ئه‌وه‌ نابێ پیاوکوژ بێ؟ له‌ مێژه‌ ده‌یناسم. پیاوێکی باشه‌. قه‌تم نه‌دیوه‌ قسه‌یه‌ک بکات؛ قه‌تیشم ژن و منداڵ له‌ گه‌ڵی نه‌دیوه‌. نازانم که‌ی هاته‌ ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌و ماڵه‌ی به‌ میرات پێ گه‌یبێ. له‌ پێش‎دا کابرایه‌کی که‌نده‌سمه‌‌ی تێدا بوو. له‌ بیرتانه‌؟ سه‌یر بێ‎ده‌نگه‌؛ که‌ به‌ په‌نات‎دا ده‌هات هه‌ستت ده‌کرد بایه‌ک ویژه‌ی دێ یان سێبه‌ره‌که‌تت له‌ گه‌ڵه‌. قه‌تی سڵاو نه‌ده‌کرد. زۆر‏جار هه‌ستم ده‌کرد به‌ شوێنمه‌وه‌یه‌. ئه‌رێ بۆ واتان گوێ داومه‌تێ، له‌وانه‌یه‌ بڵێن نه‌تان دیوه‌؟!
ده‌بێ زۆریه‌ک له‌ خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک نه‌یان دیبێتم.
من ده‌بێ پیاوی چاک بووبێتم. ده‌بێ زۆرشێنه‌یی و له‌سه‌ره‌‏خۆش بووبم. بێ گومان ئه‌و کابرایه‌ش ده‌بێ باسی من بکات. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌زانم کێ کوژراوه‌؟ من که‌سم له‌و ماڵه‌دا نه‌کوشتووه‌ جگه‌ له‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی وا شه‌وێکی درێژی زستان خه‌ونی به‌ تێکه‌ڵاوی له‌ گه‌ڵ دایکی‎یه‌وه‌‌ بینی. ئاشقی دایکی بوو ئه‌و هێستره‌. دوای مردنی باوکی ته‌ماحی چووه‌ سه‌ر له‌شی دایکی. چابوو دایکی هێندی نه‌خایاند که‌ وه‌به‌ر ماشێن که‌وت و مرد. من پاڵم پێوه‌ نا و کوشتم؛ ئه‌ویش بێ‏ مه‌یل نه‌بوو بۆ له‌شی کوڕه‌که‌ی. نازانم بۆ هێنده‌م ڕق له‌خۆی و خه‌ونه‌کانی بوو. ونجڕ ونجڕم کرد و له‌ چاڵی مسته‌ڕاحه‌که‌م خست و ئه‌سیدیشم به‌ سه‌ری‎دا کرد؛ ئه‌ویش چه‌ند ‌ساڵ له‌وه‌ پێش.
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )

ویرایش توسط behnam5555 : 04-22-2010 در ساعت 08:52 AM
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




  #2  
قدیمی 04-22-2010
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض ڕازی سه‌ربه‌مۆری کتێب‏فرۆشێک ( 2 )


2

ئه‌و ماڵه‌ش میرات نییه‌ و هی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ بێ‏شه‌ره‌فه‌ بوو که‌ باسم کرد. دایمه‌ خه‌ونی به‌ عه‌وره‌تی ماینه‌وه‌ ده‌دی. ته‌نیا ئاره‌ق‏سه‌گیی ده‌خوارد. نه‌ جگه‌ره‌ی ده‌کێشا و نه‌ تا مه‌رگ چووه‌ پاڵ ژنێکه‌وه‌. هه‌ر خواردی و خه‌وت به‌و هیوایه‌ی ده‌ست له‌ قولاپه‌ی دایکی وه‌ردا یان ئه‌و تاکه‌‏ ماینه‌ بێته‌وه‌ خه‌ونیه‌وه‌ که‌ به‌ منداڵی پێی فێر ببوو. فه‌رمانبه‌ری دادگا بوو و به‌لای منه‌وه هونه‌ری هه‌ر ئه‌وه‌ بوو به‌ چل شێوه‌ ده‌ست له‌خۆیه‌وه‌ وه‌ردات.

پێش ئه‌وه‌ی که‌ له‌ پێ‎پلیکانه‌کانی "دایره‌ی‏ئاگاهی" بچمه‌ سه‌رێ، تاقمێک که‌س له‌ به‌ر درگای مه‌زرینگه‌که‌ ده‌یان وێنه‌یان لێ‏گرتم و پرسیاری سه‌یرسه‌یریان لێ کردم. له‌ نێویان‏دا ژنێکی لێو ئه‌ستوورم ناسی‎یه‌وه‌. ئه‌و له‌و کابرا پۆلیسه‌ی وا قۆڵمی توند گرتبووی، پرسی:
- سه‌روان! چۆنتان دیته‌وه‌؟ له‌ کوێ خۆی شاردبۆوه‌؟ چۆنتان زانیوه‌ له‌و ماڵه‌دا کابرا و ژن و منداڵه‌که‌ی کوشتووه‌؟ هیچی درکاندووه‌؟ سه‌ری بڕیون یان خنکاندوونی؟
له‌و ده‌مه‌دا که‌ ئه‌و پرسیاری ده‌کرد من وه‌بیرم ده‌هاته‌وه‌ که‌ زۆرتر له‌ ده ‏جار، له‌ خه‌ونی ئه‌و ژنه هه‌وه‌س‎بازه‌‏دا، به‌و کابرایه‌وه‌‌ شه‌یتانی بووم. له‌ بیرم ده‌هاته‌وه‌ که‌ چۆن ئه‌و ژنه‌ له‌ خه‌ونه‌کانی‏دا خۆی ده‌کرده‌ دیلی ئه‌و پۆلیسه کوڵکنه‌ و لێی ده‌گه‌ڕا به‌ قامچی له‌ گیانی به‌ربێ و تا ئاوی دێ، بیکوتێ.‌
من نهێنی زۆر که‌سم.
له‌ دیوێکی نیوه‌‏تاریک له‌‏ سه‌ر میزێک، دایان نیشاندم. زۆرکات بیرم له‌وه‌ کردبۆوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژێک بگیرێم له‌ دیوێکی ئاوادا پرسیارم لێ بکردرێ، ده‌توانم بڵێم زۆر کات به‌ هیوای تێک‏شکانم له‌ دیوێکی ئاوا‏دا بووم. بێتوو وه‌ک خه‌یاڵی من بوایه‌، ده‌بوو له‌و دیوه‌ که‌م ‏ڕووناکی‎یه‏دا، چرایه‌کیش له‌‏سه‌ر میزه‌که‌ی به‌ر‏ده‌مم بێ و بجووڵێته‌وه‌؛ به‌ڵام لێی نه‌بوو.
نابێ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ به‌سه‌رم دێ، خه‌ون بێ.
دوو دانه‌ی زینات و که‌هاڵ وه‌ژوور که‌وتن. یه‌کیان له‌ سووچی دیوه‌که‌ دانیشت و کورسی‎یه‌که‌ی ژێری هه‌ڵپه‌سارد به‌ سووچی دیواره‌که‌وه‌ و تفێکی فڕێ‏ دا سه‌ر عه‌رزی؛ ڕه‌نگیشه‌ به‌ڵغه‌مێک. ئه‌وی دییان جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساند، به‌رامبه‌رم دانیشت و چاوی بڕیه‌ چاوم.
- ده‌تناسی؟
وێنه‌یه‌کیان نیشان دام که‌ ده‌ستێک خه‌ریک بوو ده‌ی‌خنکاندم.
بۆ خۆم بووم.
- بۆ کوشتت؟ کێ ئه‌و وێنه‌یه‌‌ی لێ‏گرتووی؟ چۆن چوویه‌ ژوورێ؟ ژن و منداڵی کابرا کوان؟ ئه‌وانیشت خنکاندووه‌؟
باسی چ ده‌که‌ن؟ من قه‌تم نه‌ک منداڵ، به‌ڵکوو ژنیش نه‌بووه‌. ده‌ڵێی نازانن ئه‌وه‌ وێنه‌ی منه‌ که‌ ده‌خنکێندرێم.
پێم کوتن ئه‌وه‌ منم که‌ ده‌خنکێندرێم. ئه‌و شوێنه‌ش‌ ماڵی خۆمه‌. ئه‌و وێنه‌یه‌ش ده‌بێ به‌ کامێرایه‌کی کانوون که‌ ئه‌ویش هی منه‌، کێشرابێ.
چاوێکیان له‌ یه‌ک کردوو و یه‌کیان به‌ پشتی ده‌ستی دای له‌‌ فڵچم.
هیچم نه‌کرد، هیچم نه‌کوت. قه‌زا و قه‌ده‌ر یان ده‌ستێک دای‎نیشاندبووم که‌ ئاوام به‌‏سه‌ر بێ. جاران بوایه‌ ده‌متوانی جێ ‏گۆڕینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ بکه‌م و بڕێنم به‌ گۆڕی بابی ساحه‌بی‏دا.
هێنده‌یان پرسی و دووپات کرده‌وه‌ و له‌‏سه‌ر و گوێلاکیان دام تا به‌لا‏دا هاتم.
ده‌مویست سه‌باره‌ت به‌ ژیانی خۆم شتی زۆریان پێ بڵێم؛ به‌ڵام ئه‌و دووانه‌ له‌وه‌ گه‌وج‎تر و له‌خۆبایی‏تر بوون، گوێ بۆ قسه‌ی یه‌کی وه‌ک من شل که‌ن. ئه‌وان به‌ گومانی خۆیان هه‌موو شتێکیان ده‌زانی و ته‌نیا هاتبوون من پێیان بڵێم:
- وایه‌، فه‌رمایشته‌!
تاوان‏بار کرابووم که‌ ئه‌و کابرایه‌- که‌ بۆ خۆم بم- و ژن و منداڵه‌کانیم کوشتووه‌. وادیار بوو سه‌لماندرابووش.
- دوێنێ ئێوارێ له‌ کوێ بووی؟ شه‌وێ له‌ کوێ خه‌وتووی؟ کێت له‌ گه‌ڵ بووه‌؟ ته‌واوی عه‌رزی حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌. له‌ کوێت چاڵ کردبێتن، ده‌بیندرێنه‌وه‌. نێو دیواره‌کانیش ده‌پشکنین. وا مه‌زانه‌ هاسان له‌ کۆڵت ده‌بینه‌وه‌. به‌ ته‌نیا ده‌ژی؟ که‌م قسه‌ی یان لاڵی؟ ئاخر‏جار که‌ی چوویه‌تیه‌ مه‌بال!؟ ماڵت له‌ کوێ‎یه‌؟ خوێ به‌ چێشته‌وه‌ ده‌که‌ی؟! دایک و بابت کێن؟ به‌ منداڵی ئازاریان داوی؟ که‌س وای لێ نه‌کردووی، بن پێت ساف نییه‌ و ...
بێ‎ده‌نگ بووم. ده‌بوو بێ‎ده‌نگ بم. پیاوی گه‌وج بۆ ئه‌وه‌ نابێ بته‌وێ قسه‌ی له‌ گه‌ڵ بکه‌ی چ‏بگا بته‌وێ قسه‌ی حاڵی که‌ی.
تا ته‌رمه‌که‌یان نیشان نه‌دام، نه‌مزانی که‌ ئه‌م که‌ڕه‌ته‌ خه‌و‌نێکی جیاواز به‌ربینگی به‌ چاره‌نووسم گرتووه‌ و تا ئاگام کردووه‌ کاری خۆی کردووه‌.
به‌ چاوی به‌ستراوه‌وه‌ بردمیان و له‌ دیوێکی سارد یه‌خچاڵێکیان کرده‌وه‌ و به‌ ڕووتی مردوویه‌کی عه‌ینی خۆمیان نیشان دام.
بۆ خۆم بووم.
به‌ خۆمم کوت ده‌بێ ئه‌و نێوه‌ چه‌ند سارد بێ!
من بووم و دیار بوو لێوم ویشک ببوو و سه‌ریشم ده‌تکوت تاشراوه‌. ده‌تکوت قژم وه‌ریوه‌. له‌ نه‌خۆش ده‌چووم. د‌م ‏وچاوم زه‌رد ببوو و به‌ قووڵ‎دا چبوو. سپی و شین هه‌ڵگه‌ڕابووم به‌ڵام ملم ته‌واو ڕه‌نگی گۆڕیبوو؛ ده‌تکوت شکاویشه‌‌. له‌وه‌ ده‌چوو ته‌نافێک، گوریسێک، ده‌ستێکی به‌ قه‌وه‌ت له‌ ملم هاڵابێ و بای‏ دابێ. سه‌رم شوێنی چڕنووکی پێوه‌ دیار بوو. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ شتێک ترسابێتم، چاوم زیت ببۆوه. یه‌کێک له‌و کابرایانه‌ی وا له‏گه‌ڵم بوون، بۆی قووچاندم. به‌ تاتۆکانی سه‌ر باسکم که‌ جنده‌یه‌کی عه‌ڕه‌ب، له‌ نه‌شه‌ی شیشه‌یه‌ک‎دا بۆی هه‌ڵ‎که‌ندبووم، زانیم شکی ناوێ و بۆ‏خۆمم.
من بووم که‌ له‌و یه‌خچاڵه‌ خرا بووم و به‌ڕاستی مردبووم.
- خنکاندوویانه‌، دیوته‌! په‌نجا شه‌وه له‌و یه‌خچاڵه‌دایه‌! که‌س نه‌یزانیوه‌. نه‌ناسراوه‌ته‌وه‌. تۆ کوشتووته‌! له‌و ماڵه‌دا دیتراوه‌ته‌وه‌‌ که‌ تۆی تێدا بووی. شوێنی قامکت له‌سه‌ر گیانی هێشتا دیاره‌.
ئه‌ی ئه‌گه‌ر په‌نجا شه‌وه‌ له‌و یه‌خچاڵه ‌دام، ئه‌و ته‌رمه‌ی له‌ ماڵه‌که‌میان برده‌ ده‌رێ، کێ بوو؟ من نه‌مردبووم و‌ ئه‌وه‌ له‌هه‌موو شتێ گرینگ‏تر بوو.
ده‌بوو پێیان بلێم که‌ ده‌مه‌ویست یه‌کێک بکوژم هه‌میشه‌ ده‌سکێشم له‌ده‌ست ده‌کرد. به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌وان له‌وانه‌ ناگه‌ڕێن وا به‌ده‌ست من و خه‌یاڵی خه‌ڵکی کوژراون و له‌ کوژراوه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێن، که‌ منم.
بێ‎ده‌نگ سه‌رم داخست. تازه‌ زانیم چم به‌سه‌ر هاتووه‌. کارم ته‌واو بوو. نه‌ناسراو له‌و هه‌موو ڕووداوه‌ سه‌رسووڕێنه‌رانه‌ی وا به‌سه‌رم هاتبوو ئیعدام ده‌کرام و ڕازه‌کانم هه‌مووی له‌ دڵم‎دا ده‌مانه‌وه‌ چونکێ نه‌ پرسیاریان لێ ده‌کردرا و نه‌ باوه‌ڕیان پێ ده‌کردرا. خه‌ونی سه‌گ‎بابێک ده‌ردی دابوومێ.
ئه‌وان هه‌ر ده‌یان پرسی و من هیچم پێ‏نه‌کوتن. کابرا له‌ گه‌ڵ من بێ و نه‌زانێ منی کوژراوه‌ی له‌ گه‌ڵم، بۆ قسه‌ نابێ. که‌س شتی وای نه‌دیوه‌ به‌ کابرای زیندوو بڵێن تۆ مردووی. له‌وه‌ گێژتر بوون که‌ لێم حاڵی بن. چۆنیان حاڵی که‌م؟ ئێستا ده‌زانم بۆ قه‌ت ڕێی خه‌ونێکم نه‌که‌وتۆته‌ ڕێی خه‌ونی یه‌کێک له‌و پرسیارکه‌ره‌ که‌رانه‌! بۆ قه‌تم ئیشتیا نه‌کر‌دووه‌ ئاوقای خه‌یاڵیان بم؟ ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ش وا ئاره‌زووم ده‌کرد بگیرێم، له‌ تاو پرسیاری بێ‎مانای ئه‌وان زوو په‌ژیوان ده‌بوومه‌وه‌.
به‌ خۆمم کوت که‌س توانای نییه‌ به‌ڵای وا به‌سه‌ر من بێنێ؛ جگه‌ له‌و "سه‌ره‌تانی‎یه‌" پیسه‌ی وا چه‌ن ماوه‌یه‌ له‌ یه‌خه‌م نابێته‌وه‌ و خه‌ونم لێ ده‌دزێ.
پیاو وشیار نه‌بێ و بێڵێ خه‌ونی ڕێی لێ بشێوێ، شتی سه‌یری به‌سه‌ر دێ!
بردمیانه‌وه‌ دایره‌‌که‌یان. شوێنێ که‌ ده‌یان کوت له دیوه‌کانی ئه‌وێ هه‌موو شتێک ده‌ڵێم و لێیان ده‌پاڕێمه‌وه‌ له‌ کۆڵم بنه‌وه‌.
داوای جگه‌ره‌یه‌ک و چایه‌کی که‌م ڕه‌نگم کرد؛ چایی پڕڕه‌نگ دژی له‌ش‏ساغی‎یه‌‌. نه‌ک بۆیان نه‌هێنام به‌ڵکوو پێشم پێکه‌نین؛ زۆرم پێ پێکه‌نین.
داوای بریکارم کرد. سه‌ریان ڕاوه‌شاند؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی قسه‌‌یه‌کی سه‌یرم کردبێ قاقایان کێشا. ده‌بوو نه‌هێڵم له‌م وڵاته و له‌م‏ سه‌رده‌مه‌دا‌ بگیرێم؛ که‌س به‌ که‌سه‌.
له‌ سه‌رڕاوه‌ پرسییانه‌وه‌:
- بۆ کوشتووته‌؟ که‌ی و چۆن و له‌ کوێ کوشتت؟ ده‌ته‌وێ چی بشاری‎یه‌وه‌؟ هه‌موو شتێک ئاشکرایه‌. ده‌مانه‌وێ له‌ خۆتی ببیستین.
من چی‎یان پێ بڵێم؟ ئه‌وانه‌ چی له‌ خه‌ون ده‌زانن که‌ بۆیان باس که‌م؟ ده‌مهه‌ویست لێیان پرسم چه‌نده‌ توانای ئه‌وه‌یان بووه‌ که‌ ئه‌و خه‌ونه‌ ببینن وا ویستوویانه‌ بیبینن؟
نه‌مپرسی.
ده‌مهه‌ویست پێیان بڵێم ئه‌وان به‌ربینگیان به‌ خه‌ونێکی من گرتووه‌ که‌ که‌سێکی که‌ پێوه‌ی دیوم، نه‌ک خۆم.
ده‌مه‌ویست پێیان بڵێم ئه‌وان له‌ خه‌ونێک‎دا ده‌ژین که‌ من تێی‎دا مردووم ده‌نا زیندووم.
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #3  
قدیمی 04-22-2010
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض ڕازی سه‌ربه‌مۆری کتێب‏فرۆشێک ( 3 )

3

ده‌مهه‌ویست حاڵی‎یان که‌م من کوژراوه‌ی نێو ئه‌و وێنه‌یه‌م وا ئه‌وان پێیانه‌ و ئه‌وه‌ ته‌رمی منه‌ که‌ ئه‌وان له‌ قاتڵی ده‌گه‌ڕێن.

ده‌مه‌ویست بیدرکێنم که‌ ئێستا من له‌ جیات یه‌کی دیکه‌ مردووم هه‌رچه‌نده‌ له‌وه‌‏پێش زۆر که‌سم کوشتووه‌ و ساڵه‌هاش‌ ئه‌وه‌ کارم بووه‌‌.
ڕه‌نگبێ ئه‌گه‌ر گوێ‎یان دابامێ زۆر قه‌تڵی پڕگرێی ساڵیانی ڕابردووم بۆ ئاشکرا کردبان که‌ عه‌لاف بوون به‌ شوێن گرێ‏کانیانه‌وه‌.
ده‌ستیان له‌سه‌رم هه‌ڵنه‌ده‌گرت و ته‌نانه‌ت لای ده‌روون‎ناس و دکتۆریشیان بردم.
من هیچم نه‌ده‌کوت.
ماوه‌یه‌کی زۆر کوتیان نه‌خۆش و شێتم. ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌یان دواندم و نان و گوویان دامێ. ماوه‌یه‌کی زۆر به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ و به‏نۆبه‌، له‌ کونی ڕایه‌ڵێکه‌وه‌ چاویان تێ‏ده‌بڕیم. له‌ پڕدا وه‌ژوور ده‌که‌وتن و به‌ سێ‏وچوار له‌ دیوه‌که‌دا لێم ده‌گه‌ڕان هه‌ر‏وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌بم و به‌سه‌رم‏دا بازیان ده‌دا. جاری وا بوو به‌ حه‌وتوو نانیان نه‌ده‌دامێ و پاشان ده‌هاتن و ده‌یان کوت له‌ بیرمان چ‏بۆوه‌ لێره‌ی یان وه‌مان‏ده‌زانی مردووی.
من هه‌ر هیچم نه‌ده‌‌کوت.
قه‌رارم کردبوو قسه‌یان له‌ گه‌ڵ نه‌که‌م.
هاتن و هه‌ڵیان‎واسیم. هێلکه‌کانمیان به‌ سیمێکه‌وه‌ کرد و له‌ به‌رقیان دام. نه‌مده‌زانی ئه‌شکه‌نجه‌ ئاوا دڵته‌زێنه‌. به‌ خۆمم کوت هیچیان پێ ناڵێم. هه‌رتک ده‌ستیان به‌ پێچه‌وانه‌ له‌ پشته‌وه‌ ده‌به‌ستمه‌وه‌، قولاپه‌ و بن ‏پێیان به‌ چه‌قۆ هه‌ڵده‌دڕیم و لاقمیان ده‌خسته‌ سه‌تڵێکی خوێ‏وه‌. جارجار لاقمیان ده‌رده‌کێشا ده‌رێ و نینۆخێکیان هه‌ڵده‌که‌ندم. دیسان به‌ سه‌تڵ، خوێ‏یان به‌ برینم‏دا ده‌کرد. وایان ده‌نووشتاندمه‌وه‌ تا بتوانم سیره‌تم بمژم؛ گوێم له‌ شکانی پشتم ده‌بوو. ده‌بێ چ زه‌جرێکم به‌وانه‌ دابێ وا کوشتبوومن.
هه‌زارجاریشم وا لێ‎بکه‌ن، من هیچ نادرکێنم.
ده‌زانم هیچم نه‌کوت ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی کوتک‏یان تێ بڕیم یان گوێ‏یان به‌ دم‏وچاومه‌وه‌ دورییه‌وه‌ یان ده‌رزییه‌ سه‌یرسه‌یره‌کانی ژانیان لێ‎دام و به‌ مه‌ته‌ لایه‌کی مێشکیان کون کردم. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی دیوه‌که‌یان پڕ کردم له‌ نوور و نه‌یانهێشت منی ئاشقه‌ خه‌ون بخه‌وم، به‌ خۆمم کوت چارم کردرا.
ده‌بێ ئه‌ولاپه‌ڕانه‌م کاتێک ڕه‌ش کردبێته‌وه‌ که‌ پاڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ که‌مه‌کێک خه‌و.

به‌سه‌رهاتی من یان ئه‌و که‌سه‌ی له‌ خه‌ونی من‏دا ده‌ژیا:

خوێندنه‌وه‌ دوژمنی بنیاده‌مه‌‌ و مرۆ به‌ره‌و له‌به‌ین چوون ده‌بات. خوێندنه‌وه‌ دوژمنه‌ چونکێ مه‌رگت وه‏ پێش ده‌خات یان گۆڕانێكی ناخافڵ به‌سه‌ر ژیانت‎دا دێنێ. گۆڕانێکی نائاسایی که‌ مێشکت تێکه‌‌ڵ ده‌کات و دنیات ده‌خاته‌ نێو دنیای هه‌زاران که‌سی شێت و دز و مردوو و سواڵکه‌ر و سیاسی و نێرباز‌ و جنده‌ و زانا و شێخ و که‌ر و گا و لۆتی و مه‌ست و نه‌خۆش و بگره‌ کوونیش. حه‌وا ده‌درێیه‌ دنیایه‌کی نه‌ناسراو و سه‌یر ‏و ‏سه‌مه‌ره‌وه‌. ده‌که‌ویه‌ داوی لاپه‌ڕه‌ی کتێبه‌کانه‌وه‌. بیره‌وه‌ریه‌کانت تێکه‌ڵ ده‌بن و تاپۆیان به‌سه‌ردا ده‌کێشرێ. نازانی بۆ خۆتی که‌ وه‌بیر ده‌هێنیه‌وه‌ یان یه‌کی که‌یه‌ که‌ وه‌بیرت ده‌هێنێته‌وه‌. دایمه‌ له‌ سه‌فه‌ر و هات‏و‏نه‌هاتی نێو کتێبه‌کان دای و ورده‌‏ ورده‌ ده‌بییه‌ به‌شێک له‌ لاپه‌ڕه‌کانیان. جاری وایه‌ خۆت ده‌بینییه‌وه‌ که‌ له گێژاوێکی سیاسی یان کۆمه‌ڵایه‌تی دای و که‌ چاو له‌ خۆت ده‌که‌ی زیندانی بیری یه‌کی که‌ی. ئه‌وکه‌سه‌ نی وا ده‌ته‌وێ و بوویه‌تیه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ ده‌یان خوێنییه‌وه‌ و کاری به‌وه‌ش نییه‌ خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ت لا خۆشه‌ یان ‏ناخۆش. ورده‌ ورده‌ له‌ گه‌ڕه‌ک و له‌ نێو ئاشنا و دۆست‏دا هه‌ست به‌ نامۆیی ده‌که‌ی و ده‌شبینی که‌ ئه‌وانیش ورده‌ ورده‌ له‌ بیرت ده‌که‌ن. ده‌بییه‌ په‌نابه‌ر و ده‌که‌ویه‌ تاراوگه‌وه‌؛ تاراوگه‌ی ده‌ست‎کردی خۆت.
ده‌مه‌وێ پێتان بڵێم من که‌ مرۆیه‌کی ئاسایی بووم عه‌ینی باب و باپیر و جیرانه‌کانم، به‌ هۆی خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ ئه‌سیری ئه‌و چاره‌نووسه‌ نه‌گبه‌تی‎یه‌م وا ئێستا تێی‎دا ده‌ژیم و خه‌ریکم کورته‌یه‌کی ده‌نووسمه‌وه‌ تا به‌ڵکوو لێم گه‌ڕێن بخه‌وم و ئه‌ی خودا ویستی خه‌ونێکیش ببینم و بڕێنم به‌ گۆڕی بابی ئه‌و سه‌ره‌تانی‎یه‌‏دا و ڕزگار بم. به‌ نووسینی ئه‌و چه‌ن لاپه‌ڕه‌یه‌ وێڕای ده‌ربڕینی بێزاری خۆم له‌ زانین و فێربوون و به‌ تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌، داواکاری ئه‌وه‌م هه‌یه‌ به‌ هۆی گۆڕانی مێشک و له‏به‌ین چوونی عه‌قڵم، گوناحم له‌سه‌ر سووک که‌ن و به‌ چاوی عه‌فووه‌وه‌ بمبینن و لێم گه‌ڕێن تا کۆتایی ته‌مه‌نم له‌ سووچێک خه‌ریکی خه‌وتن و خه‌ون بینینی خۆم بم. ده‌ستیش له‌سه‌ر قوڕئانی پیرۆز دا ده‌نێم که‌ کارم به‌ خه‌ون و ژیانی که‌س نه‌بێ.
ساڵه‌هایه‌ ئیدی که‌س من ناناسێ بۆیه‌ ون بوونم شتێکی سه‌یر نابێ و ڕه‌نگبێ هۆی سه‌رسووڕمانی که‌سیش نه‌بێ و ده‌نگۆی به‌ شوێنه‌وه‌ نه‌بێ. من ناپاڕێمه‌وه‌ که‌ نه‌مکوژن به‌ڵکوو ده‌مه‌وێ وه‌ک خۆم- وه‌ک کتێب‏فرۆشێک- چاوم لێ بکردرێ و به‌ سووکم نه‌زانن. من پیاوکوژ نیم و ته‌نیا خه‌و‌بینه‌رێکی سه‌رلێ‏شێواوم. ئیشتیای خه‌ون دیتن منی به‌ره‌و دنیای کوشتن برد و ئه‌وانه‌ی قه‌راره‌ من پێتان بڵێم پێم وایه‌ قه‌تی له‌ که‌س نابیستنه‌وه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی منی به‌ کوژراوی خستۆته‌ به‌ر ده‌ستی ئێوه‌ و بۆ خۆی له‌ گۆشه‌یه‌ک به‌ خه‌ونی منه‌وه‌ ده‌ژی و من ده‌بێ سه‌ره‌نجام به‌ نه‌خۆشی ئه‌وه‌ بمرم یان له‌سه‌ر ئه‌مری ئێوه‌ بکوژرێم.
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
  #4  
قدیمی 04-22-2010
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض ڕازی سه‌ربه‌مۆری کتێب‏فرۆشێک ( 4 )


4


من کتێب‏فرۆش بووم و ئاشقی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌‌و کتێبانه‌ی ده‌هاتنه‌ به‌ر‏ده‌ستم.‌ به‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکێکه‌وه،‌ من فێربووم کایه‌ به‌ خه‌ونه‌کانم وخه‌ونه‌کانی خه‌ڵک بکه‌م. هه‌وه‌ڵه‌کانی زۆر‏جار به‏شوێن ژنی جوان یان که‌سێک که‌ سرنجی ڕاکێشابێتم ده‌که‌وتم. کارم ده‌بووه‌ بیرکردنه‌وه‌ له‌و که‌سه‌ و بۆ ماوه‌یه‌کی زۆرهیچی دیکه‌م نه‌ده‌کرد. بیرم ته‌نانه‌ت له‌ خۆشم نه‌ ده‌کرده‌وه‌. تا ئه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ خه‌و‌نمم تێکه‌ڵ خه‌ونی ده‌کرد. که‌یف‎سازی من بۆ جاری هه‌وه‌ڵ باس ناکردرێ. من فێری کایه‌یه‌ک ببووم که‌ که‌س نه‌ی‎ده‌زانی. من له‌ له‌ش و ڕووحی خه‌ونی ئه‌و که‌سانه‌‏دا ده‌ژیام وا ئیشتیایانم ده‌کرد. ئیشتیای ماڵ و ماشێن و ژن و پاره‌ و خواردن و ئاسووده‌یی و هه‌زار شتی‏تر. ژیانی زۆر که‌سم له‌ خه‌ونه‌کانیانه‌وه‌ کردۆته‌ هی خۆم و هه‌تا له‌ خه‌و ڕاده‌په‌ڕین هی من بوون. زۆر زوو له‌ خه‌ونی ئاسایی مرۆکان ماندوو ده‌بووم. هی وابوو دایمه‌ خه‌ونی به‌ ژنی جوانه‌وه‌ ده‌دی یان به‌ پاره‌وه‌ یان به‌ شتی ئاسایی‏‏تر. جاری وابوو ئیشتیام ده‌کرد وه‌ک خۆم خه‌ون ببینم به‌ڵام خۆمم لێ ون ببوو. جارێکیان که‌وتمه‌ خه‌ونی قاتڵێکه‌وه‌ و تاو‏و‏تۆ و ترسی نێو ژیانیم پێ خۆش بوو. ژیانێکی نائاساییم دۆزیبۆوه‌ و خه‌ونی تایبه‌تیش. به‌ فه‌رمانی ئه‌م‏ و‏ئه‌و له‌ خه‌ونی کابرا‏دا ده‌ستم کرد به‌ کوشتن. ئه‌و هه‌ڵی ده‌بژاردن و من کارم ده‌کرده‌ کارستان. زۆر‏جار بۆ خۆشم له‌و که‌سه‌ ده‌گه‌ڕام که‌ ده‌بوو بیکووژم. وه‌ک میعمارێکم لێ هاتبوو و هه‌ر یه‌کیم به‌ نه‌خشه ‌و پیلانێک ده‌کوشت. قه‌تیش دیار نه‌بووم، تا کابرا گیرا. له‌وه‌ی که‌ سه‌رم له‌و هه‌موو که‌سه‌ کاربه‌ده‌ست‌ و ده‌م وده‌زگایه‌ ده‌شێواند، که‌یفم ده‌کرد. له‌ زۆر فه‌رمانگه‌ سه‌رۆک بووم. به‌ نادیاری واژۆی زۆر حوکمم ده‌کرد‌. ئاره‌زووی زۆر که‌سم ده‌کرده‌‌ خه‌ونی که‌سی دی. دوای ساڵه‌ها، ماندوو بووم و زۆرم حه‌ول دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ خه‌ونی خۆم. ئاڵبۆمی وێنه‌ و بیره‌وه‌ری‎یه‌ نووسراوه‌کانمم هێناوه‌ به‌ر ‌ده‌ستم. خوێندمنه‌وه‌ و چاوم تێ‎ ده‌بڕین به‌ڵکوو تێکه‌ڵاو خۆم و خه‌ونه‌کانم ببمه‌وه‌. قه‌ت وا نه‌بووه‌ خه‌ونتان رێی لێ بشێوێ؟ من نه‌متوانی بگه‌ڕێمه‌وه‌ نێو خۆم. ده‌روونم ببووه‌ هی ئه‌و هه‌موو که‌سه‌ی له‌ جیات ئه‌وان خه‌ونم دیبوو. من ئیدی قه‌تم خه‌ونی دڵخوازی خۆم نه‌دی و دایمه‌ بێ ئه‌وه‌ی بمه‌وێ خه‌ونی یه‌کی دیکه‌م ده‌دی و بێ گومان یه‌کی دیکه‌ش ده‌بێ خه‌ونی منی دیبێ. له‌و ئاخرانه‌ی‏دا، زۆرجار خه‌ونی کابرایه‌کی نه‌خۆش به‌ربینگی پێ‏ده‌گرتم؛ که‌چه‌ڵێکی لێو پان.

چلۆن کوژراوم، نازانم. کاتی مردنم ده‌بێ زۆرم حه‌ول دابێ به‌خه‌به‌ر بێم به‌ڵام بێ که‌ڵک بوو بێ گومان. ده‌بێ کاتێک بووبێ که‌ من و خه‌وبینه‌رم هه‌ر دووکمان خه‌وتبێتین‌. خه‌ونی ئه‌و کابرا نه‌خۆشه‌ دابوویه‌ که‌لله‌م و ئێش و ئازاری ڕووحی وه‌ڕه‌زی کردبووم. زۆرم حه‌ول ‏دا لێی هه‌ڵێم، نه‌ده‌کرا. ده‌تکوت کابراش فێری کایه‌که‌ بووه‌. ده‌بێ من خه‌وتبێتم که‌ ئه‌و که‌وتۆته‌‌ خه‌یاڵی خۆکووشتن. بێ گومان ئه‌و کاته‌ی من له‌ ماڵێ خه‌وم هات، ئه‌و له‌ ماڵی خۆیان کوتبووی ماندووم و ڕاکشا بوو. ئه‌و ئێواره‌یه‌ هه‌ستم به‌ دڵ‎ته‌نگی ده‌کرد. ماوه‌یه‌ک بوو جگه‌ له‌ خه‌ونی ئه‌و کابرایه‌ خه‌ونم به‌ هیچی دیکه‌وه‌ نه‌ده‌دی. دوای ئه‌و هه‌موو حه‌وله‌، خه‌ونی من له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ جه‌سته‌م و به‌ هیوای ڕزگاری له‌ ده‌ست خه‌و‌نی دیتران، ڕێگای لێ ‏شێوا بوو. له‌ خه‌ونی منه‌وه‌ چبووه‌ خه‌ونی ئه‌و کابرایه‌وه‌‌. کابرایه‌کی سه‌ر تاشراوی نه‌خۆش که‌ دایمه‌ له‌ بیری خۆکووشتن‏دا بوو و له‌ هاواری شێرپه‌نجه‌دا. ماوه‌یه‌ک بوو وه‌ڕه‌ز بووم و هه‌ستم ده‌کرد ده‌روونم دێشێ. به‌ خۆمم ده‌کوت شێرپه‌نجه‌مه‌. دایمه‌ له‌فکری‏دا بووم به‌ڵام ده‌شمزانی که‌ ئه‌وه‌ نه‌خۆشی من نییه‌. زۆر دکتۆر چووم. دکتۆره‌کان به‌ گشتی به‌ هه‌زار ئازمایش ده‌یان‎سه‌لماند که‌ له‌شم ساغه‌ و نه‌خۆش نیم. به‌ڵام بۆ خۆم ده‌مزانی که‌ زۆر نه‌خۆشم و بیری خۆکوشتن ته‌نگی پێ‏هه‌ڵچنیبووم. زۆر نه‌خۆش بوو کابرای خه‌ونی من. من ئاوقای بیری ئه‌و ببووم و ئه‌و شه‌یدای خه‌یاڵی سه‌ر‏لێ‎شێواویی من. من ئاشقی ژیان بووم و ئه‌و دۆڕاوی ژین. من له‌ بیری نه‌مان و چۆن نه‌بوون‏دا بووم و ئه‌و له‌ بیری ‌مان و چلۆن ‌بوون. ژیانی من له‌ خه‌ونی کابرا‏دا مه‌حکووم بوو بمرێ و کابرا له‌ خه‌ونی من‏دا، حه‌ولی‏ ده‌دا هه‌ر بژی. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و قسانه‌ باوه‌ڕ بکه‌ن هێشتا نایناسم!
بۆ جاری ئاخر لێره‌دا ده‌ی‎نووسمه‌وه‌، من ئه‌و کابرایه‌م نه‌کوشتووه‌. من کوژراوه‌م. وه‌ک پێم کوتن ورده‌ ورده‌ هه‌ر خه‌ونی کابرا نه‌بوو که‌ ئاوقام ده‌بوو، ڕواڵه‌ت و خوو و هه‌روه‌ها نه‌خۆشی‎یه‌که‌شی دامانی ده‌گرتم. من نازانم ئه‌و کێ‎یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ک منی به‌سه‌رهاتبێ ده‌بێ ئێستا له‌ بیری دزینی خه‌ونی یه‌کی دیکه‌دا بێ. بێ‎گومان قسه‌کانی منی وه‌ک تاوان‎بارێک بیستووه‌ و نووسیوه‌ته‌وه‌ و خوێندۆته‌وه‌ و ده‌زانێ که‌ باسی ئه‌و ده‌که‌م به‌ڵام بۆ خۆی ئاشکرا ناکات، نازانم. چۆن ده‌توانێ له‌ جیات من بژی؟ دایمه‌ به‌ خۆم ده‌ڵێم ئه‌وه‌ نییه‌ تۆش له‌ جیات ئه‌و ده‌ژی؟ نا، جیاوازین. ئه‌و ده‌بێ ئاسووده‌تر بێ له‌ من، چونکێ من له‌ بیری خۆکووشتنی ئه‌ودا بوومه‌ته‌ قاتڵی خۆم و ئه‌و له‌ بیری من‎دا بۆته ‌قاتڵێکی نه‌ناسراو.
ته‌نافه‌که‌ی ده‌بێ کاتێک له‌ ملم هاڵاندبێ که‌ من له‌ بیری خۆکوشتنی ئه‌و دابووم و ئه‌و له‌ جیات من قورس خه‌وتبێ. ئێستا جوان له‌ بیرمه‌ که‌ چوومه‌ سه‌رکورسی‎یه‌ک‌ و چوارپایه‌که‌م تاقی کرده‌وه‌ و گوریسه‌که‌م له‌ ملم توند کرد. له‌ بیریشم دێ ده‌ستێک توند ملمی ده‌گوشی. په‌له‌قاژه‌که‌مم له‌ بیر نییه‌. به‌ڵام ئه‌وم بۆ هه‌وه‌ڵ‎جار دی که‌ دانیشتبوو و چاوی لێ ده‌کردم. ببووه‌ من. ده‌مزانی ده‌ستی یه‌کێک ده‌یه‌وێ بمکوژێ به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تی نه‌ده‌هاتم. ئه‌و ببووه‌ خاوه‌نی من و من هیچ ده‌سه‌ڵاتێکم نه‌بوو.
بۆ جاری هه‌زاره‌م ده‌یڵێمه‌وه‌ کابرایه‌کی دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌زانێ من چۆن مردووم و ئێستا خه‌ریکه‌ خه‌ون به‌و پرسیار و وه‌ڵامه‌ی ئێمه‌وه‌ ده‌بینێ. من زیندووم و که‌سیشم نه‌کوشتووه‌ و ئێوه‌ له‌ خۆوه‌ پێتان وایه‌ ئه‌و کابرایه‌ی مردووه‌ ژن و منداڵی بووه‌ و ژن و منداڵه‌که‌شی کوژراون. من بێ ژن و منداڵم.
بۆ ئاخرجار تکا ده‌که‌م ئه‌و ڕووناکی‎یه‌م له‌سه‌ر هه‌ڵگرن و لێم‏ گه‌ڕێن تۆزقاڵێک بخه‌وم به‌ڵکوو خه‌ونم تا خه‌ونی کابرا باڵ بگرێ و بتوانم وێڕای ئه‌وه‌ی خۆم ڕزگار ده‌که‌م، ئه‌و‌ که‌چه‌ڵه‌ گیان ‏ڕزیوه‌ش به‌ سه‌زای خۆی بگه‌یه‌نم و گرێی ئه‌و کوشتنه‌ش بۆ ئێوه‌ بکه‌مه‌وه‌ و تیشکی ڕاستی بخه‌مه‌ سه‌ر ڕووداوه‌که‌.
له‌ چێژی یه‌که‌م خه‌ونێکه‌وه‌ که‌ دزیم، ده‌مزانی شتێکی سه‌یرم به‌ سه‌ردێ یان شتێکی سه‌یر دێته‌ سه‌ر ڕێم.
من ئێستا حه‌وت ساڵه‌‌ له‌ ژوورێکی تایبه‌تی‏دا به‌ تاوانی کوشتنی خۆم و بنه‌ماڵه‌م به‌ کۆت‏ و ‏زنجیره‌وه‌، زیندانیم و هه‌موو شه‌وێ له‌ بیری ئه‌وه‌دام که‌ سه‌ر‏له‌به‌یانی سبحه‌ینێ دیسان ئێعدام ده‌کرێم. ده‌ڵێی که‌س درکاندنه‌کانمی نه‌خوێندۆته‌وه‌ یان له‌ هیچ دادگایه‌ک باسی نه‌کردراوه‌. ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌و هه‌موو شانازی‎یه‌م به‌ جیاوازی‎یه‌که‌ی هه‌بوو، بوو به‌ هیچ. زۆرتر له‌وه‌ی له‌ بیرم بێ له‌ ساعه‌ت پێنجی به‌یانی‏دا، له‌ دار دراوم یان تیرباران کراوم یان به‌ گاز خنکێندراوم یان ملم به‌ گیۆتین بڕدراوه‌؛ به‌ڵام هه‌ر زیندووم. زۆر که‌س بۆ سه‌یرکردنی ئه‌و کابرایه‌ی نامرێ دێته‌ ئێره و ده‌یان پرسیاری جۆراوجۆر ده‌کات که‌ چۆنه‌ نامرم و چۆنم خۆم و بنه‌ماڵه‌که‌م کوشتووه‌. ئه‌وان نازانن یان باوه‌ڕ ناکه‌ن که‌ من نه‌ قه‌تم ژن هێناوه‌ نه‌ قه‌ت منداڵم بووه و نه‌ قه‌تم خۆ کوشتووه‌. وه‌ڵامی که‌م پرسیارده‌ده‌مه‌وه‌. که‌سیان نازانێ تا کابرای سه‌ره‌تانی، که‌ خه‌ونی منی دزیوه‌‌ نه‌مرێ، من هه‌ر ده‌ژیم هه‌ر چه‌ن ناتوانم له‌به‌ر ئه‌و تیشکانه‌ که‌ ڕژاندوویانه‌ته‌ سه‌ر‏سه‌رم خه‌ون ببینم.
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 03:01 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها