بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

 
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
Prev پست قبلی   پست بعدی Next
  #1  
قدیمی 04-14-2015
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض خوازبێنی

کۆمیدیای :

خوازبێنی
(1)
نووسینی : ئه‌نتۆن چیخۆف وه‌رگێڕانی له‌ سویدیه‌وه‌ : عه‌بدوڵا حه‌مه‌لاو


تێبینی : ئه‌م کۆمیدیایه‌ له‌ کتێبی ( کۆمێدیه‌ر ) ی نووسه‌ری سویدی (لاش کلێبێری ) وه‌رگیراوه‌و کراوه‌ته‌ کوردی . چیخۆف ئه‌م کۆمیدیایه‌ی له‌ ساڵی 1888 دا نووسیوه‌و بۆ یه‌که‌مجاریش له‌ مانگی نیسانی ساڵی 1989دا نمایشکراوه .

کاراکته‌ره‌کان
یه‌که‌م : ستێپان ستێپانوڤیچ شوبوکوف ، ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵ به‌ره‌و ژووره‌ .
دووه‌م : ناتالیا ، کچی ستێپانه‌و ته‌مه‌نی بیست و پێنج ساڵه‌ .

سێیه‌م : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ لوموڤ ، دراوسێی ستێپانه‌و ته‌مه‌نی سی وپێنج ساڵه‌ ‌

دیمه‌نی یه‌که‌م

له‌ به‌رده‌م باخچه‌که‌ی ماڵی شوبوکوفدا ، شوبوکوف و لوموڤ ، هه‌ردووکیان قاتیان له‌به‌ردایه‌و پێکه‌وه‌ ده‌رئه‌که‌ون) .

شوبوکوف : ئۆ ...... ئیڤان ڤاسیلیڤیچی خۆشه‌ویست ، پێخۆشحاڵ بووم به‌ بینینتان ( ده‌ستی لوموڤ ئه‌گرێ ) هه‌ر زۆر به‌ ته‌واوه‌تی
چاوپێکه‌وتنێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو ، ئێ...... ، توخوا تۆ چۆنیت ؟
لوموڤ : زۆر سوپاس . من باشم . ئه‌ی خۆتان چۆنن ؟

شوبوکوف : سوپاس هاوڕێ ی خۆشه‌ویست ، منیش باشم ، فه‌رموو دانیشن . ئه‌زانی چۆن ؟ پیاو نابێت دراوسێ ی خۆی له‌بیرکات ، من هه‌ر به‌ ته‌واوه‌تی به‌ ڕاستمه‌ . ئێ ..... ، به‌ڵام کوڕی خۆم پێم ناڵێیت ئه‌م هه‌موو ڕه‌سمیاته‌ چیه‌ ؟ چاکه‌ت و پانتۆڵ و ده‌ستکێشی سپی و کۆمه‌ڵێ شتی تریش ، چیه‌ ؟ ئه‌ڵێ ی ئه‌چیت بۆ شوێنێك ؟

لوموڤ : نه‌خێر ستێپان ستێپانوڤیچی خۆشه‌ویست هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ لای ئێوه‌ هاتووم .

شوبوکوف : باشه‌ به‌ڵام بۆ به‌م هه‌موو که‌شخه‌ییه‌وه‌ ؟ هه‌ر ئه‌ڵێیت بۆ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ ئه‌چیت .

لوموڤ : به‌ڵێ ستێپانی خۆشه‌ویت ( ده‌ستی ئه‌گرێت ) منیش هه‌ر بۆ شتێکی له‌و بابه‌ته‌ هاتووم ، من بۆ ئه‌وه‌ هاتووم داوای ئه‌وه‌تان لێبکه‌م ، که‌ به‌ هیوام نه‌بێته‌ شتێکی ناقۆڵاو نه‌گونجاو . چونکه‌ من ئه‌مه‌ یه‌که‌م جارم نیه‌ که‌ ئه‌و ئازادیه‌ به‌خۆم به‌م ، تا بێم و به‌ سۆزه‌وه‌ داوای یارمه‌تی ئێوه‌ بکه‌م ، بێگومان ئێوه‌ش هه‌میشه‌ وه‌ڵامێکتان بۆ من پێ بووه‌ ، ببورن من ناڕه‌حه‌تم . ستێپانی به‌ڕێز بۆم هه‌یه‌ که‌مێك ئاو بخۆمه‌وه‌ ؟ ( ئاوه‌که‌ ئه‌خواته‌وه‌ ) .

شوبوکوف : ( له‌به‌رخۆیه‌وه‌ )

ئه‌ترسم هاتبێت بۆ داوای پاره‌ ؟ ئه‌ی نه‌یخۆی تاڵه‌ ! ( پاشان ڕووئه‌کاته‌وه‌ لوموڤ )

ئێ ..... هاوڕێ ی خۆشه‌ویست قسه‌کانتان ته‌واو نه‌کرد ؟

لوموڤ : زۆر به‌ڕێز ستێپان ستێپانوڤیچی خۆشه‌ویت زۆر ببوره‌ ، ئه‌مجاره‌ش زۆر ببوره‌ هه‌روه‌کو ئه‌مبینن و ئاگاتان لێمه‌ که‌ زۆر ناڕه‌حه‌تم . زۆر به‌ کورتی ئێوه‌ ته‌نیا ئه‌توانن یارمه‌تیم به‌ن به‌وه‌ی که‌ تیایدا چه‌قیوم ، نه‌ به‌خوا مه‌سه‌له‌که‌ هه‌روا ئاسان نییه‌ ، ئاسان نییه‌و هیچ مافێکی نیه‌ که‌ به‌ هیوام .

شوبوکوف : ئێ باشه‌ بیڵێ و ببڕێته‌وه‌ . ئه‌ی خوایه‌ گیان ئه‌مه‌ چیه‌ ؟ زمانت به‌تاڵ که‌ره‌وه‌و ته‌واو .

لوموڤ : هه‌ر ئێستا ، به‌چاوان . هێنده‌ی چاوتروکانێك سه‌بر . ئا... مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ من هاتووم بۆ داوای کچه‌که‌تان ، خوازبێنی ناتالیا ستێپانوڤیچ .

شوبوکوف : ئه‌ی خوایه‌ گیان له‌و قسه‌ خۆشه‌ ، من نازانم هاوڕێ ڤاسیلیڤیچ به‌ ته‌واوه‌تی گوێم له‌و قسه‌یه‌ بوو یان نا ؟ تکایه‌ جارێکی تریش بیڵێره‌وه‌ .

لوموڤ : زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ هاتوم بۆ داوای کچه‌که‌تان ، ئه‌مه‌وێ ...... .

شوبوکوف : ( قسه‌که‌ی پێ ئه‌بڕێت )

هه‌ر به‌ ته‌واوه‌تی قسه‌یه‌کی خۆش بوو . ( لوموڤ له‌باوه‌ش ئه‌گرێ و ماچی ئه‌کات ) ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ من هه‌میشه‌ ئه‌مزانی ، ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر هیوام بۆ ئه‌خواست . ( فرمێسك به‌ چاویدا دێت ) . ئێوه‌ هاوڕێ به‌نرخه‌که‌م ، من هه‌میشه‌ وه‌کو کوڕی خۆم سه‌یرم کردوون ، ئێستاش هیوای خۆشی و به‌خته‌وه‌ریتان بۆ ئه‌خوازم . ئه‌مه‌ ڕێك به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌مزانی ، ده‌ تۆ سه‌یرکه‌ من چه‌ند گه‌مژه‌م ، له‌خۆشیدا به‌ ته‌واوه‌تی سڕ بووم و ناتوانم بجووڵێم ، هه‌ر ئێستا بانگی ناتالیا ئه‌که‌م .

لوموڤ : ( خۆی ئه‌جوڵێنێ )

ستێپان ستێپانوڤیچی به‌ڕێز تۆ له‌و بڕوایای که‌ من به‌هیوای ڕه‌زامه‌ندی ناتالیا بم ؟

شوبوکوف : ئه‌ی تۆ له‌و بڕوایای کوڕه‌ گه‌نجێکی ڕه‌شیق و ئه‌نیقی وه‌ك جه‌نابتان ڕه‌تکاته‌وه‌ ؟ کوره‌ من ئه‌زانم ئه‌و عاشقه‌ ، به‌یارمه‌تیت . ( ئه‌چیته‌ ده‌ره‌وه‌ ) .




دیمه‌نی دووه‌م
هه‌مانشوێنی دیمه‌نی یه‌که‌م
لوموڤ : ( به‌ته‌نیایه‌ )

من سه‌رمامه‌ .... ئه‌شله‌رزم ، من ئه‌بێت ده‌ستێك له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بوه‌شێنم ، ده‌نا
دوو دڵی وبیرکردنه‌وه‌ی دوورو درێژو چاوه‌ڕوانی نا مه‌نطیق و تا به‌ عه‌شقیش ئه‌گا پیاو هیچیان لێ به‌ده‌ست ناهێنێت .
همممم...... سه‌رمامه‌ .... ناتالیا ستێپانوڤنا تا بڵێ ی ژنێکی خانومانه‌.... خراپ نیه‌ ... ئێ دوای ئه‌وه‌ش خوێنه‌وارو ڕۆشنبیریشه‌ . ئیتر پیاو ئه‌بێت چ خۆزگه‌یه‌کی تری بۆ بخوازێت ؟ تێناگه‌م بۆ وا ناڕه‌حه‌تم ؟ هه‌ست ئه‌که‌م گوێچکه‌کانم ڕه‌پ بوون ، ( که‌مێك ئاو ئه‌خواته‌وه‌ ) ، من پێویسته‌ ژن بێنم . چونکه‌ یه‌که‌مجار با من به‌خۆم بڵێم که‌ من سی و پێنج ساڵ ته‌مه‌نمه‌ ، بێگومان ئه‌مه‌ش ته‌مه‌نێکی گه‌وره‌یه‌ ، دوای ئه‌وه‌ من ژیانێکی دامه‌زراوو ڕیكوپێکم پێویسته‌ .

من نه‌خۆشی دڵم هه‌یه‌و دڵه‌ کوته‌مه‌ ، زوو توڕه‌ ئه‌بم و زۆرجاریش له‌خۆمه‌وه‌ ناڕه‌حه‌ت ئه‌بم ، ئێ دوای ئه‌وه‌ش لێوه‌ له‌رزه‌مه‌وه‌و چاوی ڕاستیشم ئه‌بڵه‌ق ئه‌بێت ، له‌ هه‌مووشی ناخۆشتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ناتوانم بخه‌وم ، هه‌ر که‌ ئه‌گه‌مه‌ سه‌ر ته‌خته‌ خه‌وه‌که‌م زرمممممم ، زرمه‌ له‌لای چه‌پمه‌وه‌ دێت ، دواییش زرمه‌که‌ ئه‌گوازێته‌وه‌ بۆ لای شانم ، دواییش زرمممم بۆ سه‌رم ، پاشان ڕاست ئه‌بمه‌وه‌و وه‌کو شێت چه‌ند ئه‌مدیوو ئه‌ودیوێك ئه‌که‌م تا بخه‌ومه‌وه‌ ، به‌ڵام کاتێکیش که‌ خه‌ریکه‌ خه‌وم لێئه‌که‌وێته‌وه‌ دیسانه‌وه‌ زرمه‌ بۆر زرمممم ، هێرش بۆ لاکه‌ی تری سه‌رم دێنێت ، جا توخوا با من به‌خۆم بڵێم ئا ئه‌وه‌ حاڵه‌ که‌ منی تیام ؟

دیمه‌نی سێیه‌م
هه‌مانشوێنی دیمه‌نی یه‌که‌م
ناتالیا دێته‌ ژووره‌وه‌و لوموڤیش له‌ شوێنی خۆی دانیشتوه‌

ناتالیا : ئه‌رێ به‌ڕاست ئێوه‌ له‌کوێن ؟ باوکم ووتی یه‌کێك هاتوه‌و ئه‌یه‌وێت شتێك بکڕێت ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ڕۆژباش .

لوموڤ : ڕۆژباش ناتالیا خان
.
ناتالیا : ببورن وا به‌م جل وبه‌رگ و دیمه‌نه‌وه‌ هاتم ، ڕاستیه‌که‌ی خه‌ریکی نۆك ڕاخستن و ووشک کردنه‌وه‌ بووم ، ئای که‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ یه‌کتریمان نه‌دیوه‌ ، چاووم به‌رایی نایه‌ت ، فه‌رموو دانیشن .

( هه‌ردووکیان دائه‌نیشن )

ناتالیا : نانی به‌یانیتان خواردوه‌ ؟ با بۆتان ئاماده‌که‌م.
لوموڤ : نه‌خێر ناتالیا خان ، هه‌ر ئێستا زۆر نیه‌ که‌ نانم خوارد .
ناتالیا : فه‌رموو جگه‌ره‌یه‌ك بکێشن ، ئه‌وه‌ شقارته‌که‌یه‌ ، به‌ڕاستی هه‌واکه‌ی خۆشه‌ ، دوێنێ باران باری و جوتیاره‌کانیشمان به‌درێژایی ڕۆژه‌که‌ هیچیان نه‌کرد . ئه‌ی ئێوه‌ چه‌ند تۆوتان وه‌شاند ؟ تۆ سه‌یرکه‌ من چه‌ند بێ ئارام بووم که‌ هێشتم ئه‌و هه‌موو مه‌زرایه‌ تۆوکه‌ن ، به‌وخوایه‌ ئه‌ترسم تۆوه‌که‌ بۆگه‌ن کات ، ده‌ی به‌هه‌رحاڵ ، ئه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی باشتر بوو . به‌ڵام پێم بڵێ ئه‌مه‌ چیه‌ ؟ قاتت له‌به‌ردا ئه‌بینم ، ئه‌زانی شتێکی نائاساییه‌ به‌لامه‌وه‌ ؟ ئه‌چیت بۆ سه‌ما کردن ؟ ئه‌ی به‌ڕاست ته‌واو چوست و چالاك دیاری ؟ چی ڕویداوه‌ وا خۆتان له‌ناو قات و بۆینباخ هه‌ڵکێشاوه‌ ؟
لوموڤ : ( ناڕه‌حه‌ت ئه‌بێت )

به‌ڵێ ... ئه‌زانی چۆن ناتالیا خان ... له‌ڕاستیدا مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ من هاتووم
داواتان لێبکه‌م . له‌وانه‌یه‌ مه‌سه‌له‌که‌ به‌لاتانه‌وه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر بێت یان واتان لێبکات که‌ توڕه‌بن . به‌ڵام من ( به‌ خۆی ئه‌ڵێت ) ، ئای چه‌ند سه‌رمامه‌ !
ناتالیا : ئه‌وه‌ چیه‌ ؟ ( پیشێك ئه‌خواته‌وه‌و پاشان فوویه‌ك ئه‌کات )

لوموڤ : ئه‌بێت هه‌وڵبه‌م قسه‌کانم کۆکه‌مه‌وه‌ ، به‌ڵێ ناتالیا ستێپانۆڤیچی ئازیز ، خۆتان ئه‌زانن من هه‌ر له‌ ڕه‌قبوونی نینۆکه‌کانی په‌نجه‌مه‌وه‌ خێزانی ئێوه‌ ئه‌ناسم ، جا له‌ پوری ڕه‌حمه‌تیم و مێرده‌که‌یه‌وه‌ ، واته‌ له‌ خوشکی باوکم و مێرده‌که‌یه‌وه‌ ، که‌ زۆر ڕێزی دایك و باوکی ئێوه‌شیان ئه‌گرت ، من بوومه‌ میراتگری مه‌زراکه‌ ، واته‌ گا له‌وه‌ڕگاکه‌ ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی که‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ له‌وه‌ڕگاکه‌ی ئێوه‌ ، بێگومان ئێوه‌ش ئه‌بوایه‌ ئه‌مه‌تان بزانیایه‌ ، به‌ڵام من تێناگه‌م بۆچی تا ئێستا ئه‌مه‌تان نه‌زانیوه‌ ؟

ناتالیا : ببورن که‌ پێتان ئه‌بڕم ، ئێوه‌ ووتتان له‌وه‌ڕگای من ؟ بۆ ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ هی ئێوه‌یه‌ ؟

لوموڤ : بێگومان
.
ناتالیا : نه‌خێر قوربان ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ هی ئێمه‌یه‌ نه‌ك ئێوه‌ !

لوموڤ : نه‌خێر ناتالیای به‌ڕێز ئه‌وه‌ هی منه‌ .

ناتالیا : وه‌ڵا ئه‌مه‌ هه‌واڵێکی تازه‌یه‌ ، ئاده‌ی بزانم چۆن هی ئێوه‌یه‌ ؟

لوموڤ : چی چۆن چۆن ؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ بۆتان باسئه‌که‌م ! ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ئه‌ڵێم له‌وه‌ڕگاکه‌ی من وه‌کو
هێڵێکی دابه‌شکه‌ر که‌وتۆته‌ نێوان هه‌ردوو له‌وه‌ڕگاکه‌ی ئێوه‌وه‌ !
ناتالیا : ڕاسته‌که‌ی وایه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ هی ئێمه‌یه‌ .

لوموڤ : نه‌خێر ناتالیا خان ، ئێوه‌ هه‌ڵه‌ن ، ئه‌وه‌ هی منه‌ .

ناتالیا : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ له‌سه‌رخۆبه‌
، پێم ناڵێێت ئه‌مه‌ له‌ که‌یه‌وه‌ بووه‌ به‌ هی ئێوه‌ ؟
لوموڤ : یانی چی له‌که‌یه‌وه‌ ؟ له‌وه‌تی من له‌بیرم بێت ئه‌وه‌ هی منه‌ .

ناتالیا : زۆر ببوره‌ ، چونکه‌ ئه‌وه‌ی له‌بیری ئێوه‌دایه‌ هه‌ڵه‌یه‌ .

لوموڤ : به‌ڵام ناتالیا ستێپانۆڤیچی ئازیز من به‌ڵگه‌م هه‌یه‌ ، ڕاسته‌ ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان
جێگای مشت و مڕو قسه‌وباس بوه‌ ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌مووان ئه‌زانن که‌ هی منه‌ ، ئیتر ئه‌مه‌ قسه‌وباسی تر هه‌ڵناگرێت . مه‌سه‌له‌که‌ش له‌وه‌وه‌ هاتوه‌ که‌ نه‌نکی پورێم ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری نه‌کراو ، وه‌ به‌ بێ هیچ قه‌ره‌ بویه‌ك بۆ جووتیاره‌کانی باوکی باوکی باوکتان به‌جێهێشتوه‌ ، واته‌ ئه‌و جووتیارانه‌ ئه‌م له‌وه‌ڕگایه‌یان بۆ ماوه‌ی چل ساڵێك به‌بێ هیچ قه‌ره‌بویه‌ك به‌کارهێناوه‌ ، تا وورده‌ وورده‌ مه‌سه‌له‌که‌ وای لێهاتوه‌ باوکت له‌وه‌ڕگاکه‌ وه‌کو هی خۆی سه‌ییرکات ، واته‌ تا ئه‌وکاته‌ی که‌ کۆمه‌ڵه‌ی چاککردنی زه‌وی و زار هاتن .... .
ناتالیا : مه‌سه‌له‌که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وانیه‌ . به‌پێ ی قسه‌کانی باوکی باوکم و باوکی باوکی باوکیشم ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ش وه‌کو هه‌موو له‌وه‌ڕگاکانی تر هی ئێمه‌یه‌ . ئیتر ئایا ئه‌مه‌ قسه‌و مشت و مڕی تر هه‌ڵئه‌گرێت ؟ من تێناگه‌م ، پیاو خه‌ریکه‌ شێت ئه‌بێت .
لوموڤ : ناتالیا خان من هه‌ر ئه‌بێت ئه‌و به‌ڵگانه‌ت پیشانده‌م .
ناتالیا : نه‌خێر ، ئێوه‌ گاڵته‌ ئه‌که‌ن ، یان ئه‌تانه‌وێت بمترسێنن ؟ ئێمه‌ وا خه‌ریکه‌ بۆ سێ سه‌د ساڵ ئه‌چێت خاوه‌نی ئه‌و زه‌ویانه‌ین ، جه‌نابیشتان دێن و ئه‌تانه‌وێ پیشانمان به‌ن که‌ هی ئێمه‌ نیه‌ ! ئیڤان ڤاسیلیڤیچ بمبه‌خشه ، من گوێکانم بڕوا ناکه‌ن . من له‌به‌رئه‌وه‌ نیه‌ که‌ پێویستم به‌و ئه‌رزانه‌یه‌ ، چونکه‌ گریمان هه‌موو ئه‌رزه‌کان پێنج دۆنم بوون که‌ نرخی هه‌ر هه‌موویان ماکس ئه‌کاته‌ سێ صه‌د ڕۆبڵ ، به‌ڵام وه‌کو ووتم مه‌سه‌له‌که‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ به‌ڵکو ڕاست ئه‌بێت ڕاست بێت ، ئێوه‌ ئازادن چی ئه‌ڵێن بیڵێن ، به‌ڵام شتی ناهه‌قی نا ، چونکه‌ ڕێگای پێ نایه‌م .
لوموڤ : تکایه‌ ڕێگام پێبه‌ با بگه‌مه‌
خاڵی کۆتایی . جووتیاره‌کانی باوکی باوکی باوکت ، خشتیان بۆ دایکی دایکی پورێم سوورکردۆته‌وه‌ ، واته‌ ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ خراوه‌ته‌ بری ئه‌و خشت سوورکردنه‌وه‌یه‌ ، واته‌ له‌وه‌ڕگاکه‌ وه‌ك قه‌ره‌بوو به‌کارهاتوه‌ .
ناتالیا : باپیرم و نه‌نکم و پورێم لای من ناخوات ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ تا ئه‌گاته‌ گه‌رماوی هه‌ڵمه‌که‌ هی ئێمه‌یه‌ .
لوموڤ : نه‌خێر ئه‌وه‌ هی منه‌ .
ناتالیا : نه‌خێر ، تا دوو ڕۆژ قسه‌م بۆ بکه‌یت و له‌باتی قاتێك پانزه‌ قاتیشت له‌به‌ردا بێت ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ هی ئێمه‌یه‌ . ئێمه‌ ئێمه‌ ئێمه‌ . من نامه‌وێت شتێك هه‌بێت که‌ هی تۆ بێت ، به‌ڵام ئێمه‌ ئا ، ئه‌وه‌ هی ئێمه‌یه‌ ، چونکه‌ مه‌سه‌له‌که‌ خۆی وایه‌ .
لوموڤ : ناتالیا ستێپانۆڤنا ، من پێویستم به‌ له‌وه‌ڕگا نیه‌ ، به‌ڵام ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌بده‌ئیه‌ ، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ وابێت ئێوه‌ ئه‌توانن وه‌ك خه‌ڵاتێك وه‌ریگرن بۆ خۆتان .
ناتالیا : من خه‌ڵاتی ئه‌که‌م به‌ ئێوه‌ ، چونکه‌ ئه‌وه‌ هی منه‌ . به‌ڕاستی قسه‌ی سه‌یرم گوێ لێبو . ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، ئێمه‌ تا ئێستا وه‌کو دراوسێیه‌کی باش و هاوڕێیه‌کی باش سه‌یری ئێوه‌مان کردوه‌ ، دوای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ پیاوه‌تی ئێوه‌مان بیرناچێت که‌ ساڵی پار ده‌ڕڕاسه‌که‌تان داینێ به‌قه‌رز ، به‌ڕاستی جێگای سوپاس بوو . به‌ڵام ئێستا وه‌کو ته‌ته‌ریه‌ك سه‌یرمان ئه‌که‌یت و موڵکی خۆمان پێ خه‌ڵات ئه‌که‌یته‌وه‌ . ببوره‌ چونکه‌ دراوسێ کاری وا له‌گه‌ڵ دراوسێ ی خۆیدا ناکات
. ئه‌گه‌ر بۆم هه‌بێت بڵێم به‌ڕاستی جێ ی شه‌رمه‌ .
لوموڤ : که‌واته‌ ئێوه‌ من وه‌کو هێرشبه‌رێك سه‌یرئه‌که‌ن ؟ ناتالیا خانم من هه‌رگیز خۆم نه‌خستۆته‌ ئه‌رزه‌ی که‌سی تره‌وه‌ ، دواییش ڕێگا نایه‌م که‌سی تریش داوام له‌سه‌ر بنووسێت . ( زۆر به‌ خێرایی به‌ره‌و په‌رداخه‌ ئاوه‌که‌ ئه‌ڕوات ) له‌وه‌ڕگاکه‌ هی منه‌ .
ناتالیا : ئێوه‌ به‌هه‌ڵه‌دا چوون ، هی ئێمه‌یه‌ .
لوموڤ : نه‌خێر هی منه‌ .
ناتالیا :
ووتم ئێوه‌ هه‌ڵه‌ن ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌شبێت پیشانی به‌م ، هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌رزێره‌کان ڕه‌وانه‌ی ئه‌وێ ئه‌که‌م .
لوموڤ : هه‌یهو هه‌یهوو .
ناتالیا : هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌بێت وه‌رزێره‌کانمان له‌وێ بن .
لوموڤ : منیش ئه‌یانوه‌ستێنم .
ناتالیا : ئه‌گه‌ر ئازان و ئه‌وێرن .
لوموڤ : ( ده‌ست به‌ دڵیه‌وه‌ ئه‌گرێت ) له‌وه‌ڕگاکه‌ هی منه‌ ، تێئه‌گه‌ن ؟ هی من .
ناتالیا : تکایه‌ هاوار مه‌که‌ن ، ئه‌توانن له‌ ماڵه‌وه‌ لای خۆتان هاوارکه‌یت و ئاگریش بگریت ، به‌ڵام لێره‌ داوات لێئه‌که‌م ڕێزی خۆت بگره‌ .
لوموڤ : خانمه‌ باشه‌که‌ بڕواتان بێت گه‌ر من ئاوا زۆر ناڕه‌حه‌ت و دڵه‌ کوته‌م نه‌بوایه‌ ، بڕواتان بێت شتێکی ترم لاباس ئه‌کردن ، ( هاوارئه‌کات ) له‌وه‌ڕگاکه‌ هی منه‌ .
ناتالیا : ئێمه‌ .
لوموڤ : نه‌خێر . من .
ناتالیا : نه‌خێر ئێمه‌ .
لوموڤ : نه‌خێر من .


__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
 


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 03:22 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها