خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی "ئه‌وان"
کاوه محه‌مه‌دزاده
بگێڕه‌وه خۆی کچێکه و باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌کات چۆن شیرین به منداڵی دراوه به "ره‌حمان زگزل" و پاشان رۆحی وه‌کوو مۆته‌که‌یه‌ک له نێو ماڵه‌که‌ی ئه‌واندا دێت و ده‌چێت. ته‌نانه‌ت بگێڕه‌و بۆ خۆی جارێک له پشت ده‌رگاکه‌وه ده‌یبینێ که قامکه‌کانی وه‌کوو ده‌ندووکی که‌و سوور کردوون و په‌لکه‌کانی له عه‌رزی ده‌خشێن. دیاره رۆحی شیرینه ده‌یه‌وێ به زریکه‌ی خۆی له هه‌موو ئێواره‌یه‌کدا، به هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی وا ده‌یبیستن، بڵێ ئازاری چه‌شتووه. ئایا شتێک له‌و هه‌وڵه مهعسوومانهی رۆحی شیرین دوای مه‌رگی هه‌یه، که دژ به‌و تاوانه گه‌وره‌ی باوک و مامی بوه‌ستێ و تۆڵه‌ی ئه‌ویان لێبستێنێته‌وه؟ رۆحپهرهستی کوردی، که سه‌رچاوه‌که‌ی زۆر کۆنه، لێره‌دا زیندوو ده‌بێته‌وه و خۆی له سیمای ئازارێکدا ده‌نوێنێ که هه‌موو رۆژێک به سه‌ر تاوانکارهکاندا ده‌قیژێنێ. ره‌نگه رۆحی شیرین نه‌بێ ده‌زریکێنێ، به‌ڵکوو ده‌نگی ویژدانی باوک بێ که شه‌رمه‌زاره. به‌ڵام به راستی ئایا باوک ئه‌وه‌نده دڵ و ویژدانی ماوه که هه‌ست به تاوانه بکات؟. ئه‌وان بۆ هه‌ڵهاتن له ئازاره‌کانی رۆحی شیرین، په‌نا ده‌به‌نه مزگه‌وت و قورئان و شێخ و....
هه‌موومان باش ده‌زانین سه‌رچاوه‌ی ترس له ژن به ده‌ستی ئه‌وانه‌وه چوواوه و له سه‌رچاوه‌وه باس له‌وه ده‌کرێ که حه‌وا ئاده‌می هه‌ڵفریواندووه و له به‌هه‌شت ده‌رکراون. به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش وابێ و ئاده‌م به قسه‌ی حه‌وای کردبێ و سه‌ری بۆ دانهواندبێ و له سێوه‌که‌ی خواردبێ، له دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه:
هه‌وه‌ڵ: ئاده‌م ساویلکه بووه.
دووهه‌م : ئاده‌م ئاشقی حه‌وا بووه.
ئایینخوازهکان که بڕوا به ساویلکهبوونی ئاده‌م ناکه‌ن، که‌واته ده‌بێ ئاشقبوونهکهی قبووڵ بکه‌ن.
تابلۆکانی ئاده‌م و حه‌وای "هانس باڵدۆنگ گرین" نگارکێشی گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی شازده، بۆ من سه‌رنجڕاکێش بوون، سیمای روون و گه‌ش و خهنۆلی حه‌وا که پڕه له سه‌رمه‌ستی و غورور، شوێنێک له داشکاوی و ژێرده‌ستی تێدا نییه، ته‌نانه‌ت ئاده‌م وه‌کوو ئه‌وه‌ی به شوێن حه‌واوه بێ، به راده‌ی هه‌نگاو و نیوێک له دواترهوهیه، و سه‌رخۆشه؛ به‌ڵام داگیرکه‌ر و به هێزتر نییه له حه‌وا و سیمای بێ تووک و خاوێنی که بڕێکیش کچانه‌یه، پاکی و به‌رانبه‌ری ئه‌و دووانه ده‌نوێنێ. ئاده‌م و حه‌وا هه‌رکامیان به سێوێک خۆیان داپۆشیوه. ئایا حه‌وا و ئاده‌م نه‌یانویستووه به داپۆشینی عه‌وره‌ت به میوه‌ی قه‌ده‌غه‌کراو، گاڵته بکه‌ن به‌و یاسایه‌ی که دانراوه و ئه‌مڕۆش بۆ ئێمه ماوه‌ته‌وه. سێوه‌که‌یان جۆرێک ناوه‌ته به‌ر عه‌وره‌تیان که وه‌کو بیانه‌وێ گاڵته به شتێک بکه‌ن. ئایا ئه‌و شته که ئه‌وان گاڵته‌ی پێده‌که‌ن، ده‌توانێ بێجگه له‌و یاسایه بێ که دایم وه‌کوو بیانوویه‌کی ئوستووره‌یی به سه‌ر ژن‌دا سه‌پاوه؟ له تابلۆکانی باڵدۆنگ گریندا ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و شته‌ی وا له یاسادا باسکراوه، بۆ ئاده‌م و حه‌وا بایه‌خێکی ئه‌وتۆی نییه و ئه‌شقی ئه‌وان بۆ یه‌کتر له بزهکانیاندا، بۆ ئێمه ده‌رده‌که‌وێ. ئایا خودا له رقی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی ئه‌وان، ئه‌و شه‌ڕه‌ی به ئاده‌م و حه‌وا نه‌فرۆشتووه و تهرایکردوون و نه‌ڕاندوویه‌تی: "به‌هه‌شتتان پڕ کردووه له تاوان. بۆچی؟" ئاده‌میش وه‌کوو ترسه‌نۆکێک گوتوویه‌تی: " من نیم، حه‌وا ههڵیفریوانم." به‌و جۆره حه‌وا سزا درا و...
ئایا ئه‌گه‌ر حه‌وا زووتر بیگوتایه: "من نه‌بووم، ئاده‌م ههڵیفریوانم." له‌و سزا مێژووییه که وه‌کوو به‌ردی سیزیێف به شانی ژنه‌وه‌یه، رزگاری نه‌ده‌بوو؟
ئایا هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی له لایه‌ن حه‌واوه، خۆی ده‌ربڕی نه‌ترسی و سه‌رتریی حه‌وا به سه‌ر ئاده‌م دا نییه؟ له تابلۆکانی باڵدۆنگ گریندا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ ئاده‌م ساویلکه بووه (حاڵه‌تی هه‌وه‌ڵ)، چونکوو به ترسه‌وه خۆی داوه به ده‌سته‌وه و ئاشقیش بووه(حاڵه‌تی دووهه‌م)، چونکا له به‌ر حه‌وا له سێوه‌که‌ی خوارد. به‌ڵام شکۆی خۆی له به‌رانبه‌ر ده‌نگی خودادا شکانده‌وه.
ئه‌و پێوه‌ندییه سرووشتی و جوانه‌ی که باوک و دایکی ئوستووره‌یی ئێمه بۆ یه‌کتریان بوو ئه‌مڕۆ جێگه‌ی خۆی داوه به‌وه‌ی:
- "خودا لهونی لێ گۆڕیوی! تاکه‌ی کۆڵانه‌وکۆڵان ده‌که‌ی به شوێنی‌دا!؟لێیگه‌ڕێ با بڕوا. ئێمه‌ش دهحهسێینهوه، ئه‌ویش داده‌مه‌زرێ."
له‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا که بگێڕه‌وه بیستوویه‌تی له باوکی، ئه‌و بڕوایه نوستووه که (لانیکه‌م)هه‌مووی باوکان بڕوایان پێی هه‌یه و ئه‌گه‌ریش دهرینهخهن له نهێنیترین شوێنه‌کانی مێشکه تهڵاکار و پیرۆزه‌که‌یاندا وه‌کوو گه‌نجێکی زۆر به نرخ، شاردوویانه‌ته‌وه؛ "ژن دایم مه‌ترسییه بۆ تاوانکاری". ئه‌گه‌ر له‌و ره‌سته وردتر ببینه‌وه چه‌ن مانای تێدادهبینرێ:
هه‌وه‌ڵ: ژن مه‌ترسییه بۆ تاوان، به‌ڵام خودی تاوان نییه. لێره‌دا به‌و بیرۆکه‌وه (که ریشه پته‌وه‌که‌ی له ئایین دایه) ده‌یانه‌وێ دایم سه‌نگه‌ری دژایه‌تی ژن ئاماده‌ی به‌رگری بێ. وه‌کوو ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک شه‌ڕکه‌ر له نیوه‌شه‌ودا خۆیان ته‌یار بکه‌ن بۆ هورووژم بردنه سه‌ر دوژمن. ئه‌وان ناچارن ته‌واوی شه‌و ته‌یار بن له به‌ر ئه‌وه‌ی نازانن دوژمن که‌ی هورووژم دێنێ. پیاویش نازانێ که‌ی ژن ههڵیدهفریوێنێ، بۆیه ده‌بێ دایم ئاماده بێ. به‌وچه‌شنه ده‌توانین ئه‌و یاسا قۆڕانه‌ی ئێستا بۆ خۆمان وه‌ڵام بده‌ینه‌وه.
دووهه‌م: "ئه‌ی پیاو! ده‌بێ زوو خۆت له ده‌ستی رزگار بکه‌ی." ده‌بێ زوو بیده‌ی به شوو، زوو منداڵی بێ و دیسان منداڵی بێ و به سه‌ریه‌وه بی؛ چونکوو ئه‌قڵی کورته و چۆن حه‌وا ههڵفریوا، ئه‌ویش هه‌ڵده‌فریوێ.
کۆمێدییه‌ک که له رۆحی شیرنهکاندا نوستووه: ئایا ئه‌و جۆره وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شیرین بۆ پێشێلکردنی مافی سه‌ره‌کی خۆی، باشترین شێوازه؟ ئایا شیرین هیچ رێگه‌یه‌کی نه‌ماوه بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و چاره‌نووسه؟
"رۆحی جوانی" هێگلی له‌گه‌ڵ واقعدا تێوهدهچێ بۆ گه‌یشتن به ئیدیاله‌کانی "رۆحی موتڵه‌قی" هێگلی و به‌و جۆره ده‌یه‌وێ واقع بگۆڕێ، به‌ڵام بێکرداری پراکتیک. ئه‌مه ره‌خنه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بوو که مارکس له بیرهڤانی هێگلی گرت و منیش باسه‌که به‌و جۆره ده‌که‌مه‌وه ئایا ژن ده‌بێ ببێته مۆته‌که یان ببێته سووژه‌یه‌کی ئه‌رێنی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گۆڕان؟ ئێمه له‌م چیرۆکه‌دا سێحری "رۆحی جوانی" هێگلی بووین و ده‌مانه‌وێ به‌و رۆحه‌وه به گژ واقعهکاندا بچین. ئه‌مه له‌و کاره ده‌چێ که‌سێک نزیکه بخنکێ، ئێمه‌ش له که‌ناری ئاوه‌که جله‌کانمان به وردی ده‌ق ده‌که‌ین و له سه‌ر ده‌قی خۆی دایده‌نین با لۆچ نه‌بن. تا ئێمه جله‌کانمان داده‌که‌نین ئه‌و که‌سه خنکاوه. ره‌نگه دوایی بڵێین: "ویستم رزگاری بکه‌م به‌ڵام تا من گه‌یشتم خنکابوو." دیاره که قسه‌که‌ی ئێمه پڕه له هه‌ڵه‌ی ئه‌خلاقی.
ناچارم بڵێم به‌و هۆیه که شیرن له چیرۆکه‌که‌دا حوزووری نییه و هیچ کردارێکی ئه‌رێنی ناکات که ده‌ربخات هه‌بوونێکی سووژهییانهی هه‌یه، چیرۆکه‌که پیاوانه‌یه. ره‌تی ناکه‌مه‌وه هه‌ناسه‌یه‌کی جوانی ژنانه‌ی تێدایه، به‌ڵام له روانگه‌ی پیاوه‌وه، که ژن وه‌کوو "په‌یکه‌ری پیرۆزی سێکس" چاو لێده‌کات نووسراوه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسانه‌م ئه‌م ره‌سته‌یه‌ی ناو چیرۆکه‌که ته‌ماشا بکه‌ن:
"دایکم خۆی له داروبه‌ردا و گوتی: نه‌بووه و نابێ! شیرن کوا بۆ مێرد ده‌بێ؟ ئه‌ویش بۆ ره‌حمان زگزل."
هیچ خوێنه‌رێک نییه، (ره‌نگه واش نه‌بێ)به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ره‌سته‌یه، ناوشیاری زه‌ینی، وێنه‌یه‌کی سێکسی نه‌هێنێته به‌رچاوی؛ پیاوێکی ورگن و ناحه‌ز بۆ کچێکی منداڵ و مه‌عسووم. ئه‌م تێمه بۆ که‌سێک وا بڕێک له‌گه‌ڵ مێژووی ئاییندا سه‌روکاری بێ، وێنه‌کانی زۆر زۆرن. له‌و دیالۆگه‌دا ده‌رده‌که‌وێ ته‌نانه‌ت دایکی شیرن و بگێڕه‌وه، لاری له شووکردنی شیرن نییه، به‌ڵام بۆ ره‌حمان زگزل نارازیه. بڕواننه ئه‌و ره‌سته:
"ئه‌ویش بۆ ره‌حمان زگزل." هه‌ست ده‌که‌م لێره‌دا ده‌بێ نیشانه‌یه‌کی سه‌رسووڕمان (که ده‌رخه‌ری سه‌رسووڕمانی دایکی شیرن و بگێڕه‌وه‌یه) دابندرایه.
ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر نه‌یهێشتووه ئێمه دیالۆگێک له شیرن ببیستین، خۆی ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه (له ناوشیاردا) ئه‌ویش بڕوای به سووژایه‌تی و ئه‌کتیڤ بوونی شیرن نییه. ره‌نگه بڵێن شیرن منداڵه، به‌ڵام لانیکه‌م ده‌یتوانی وه‌کوو عایشه به مۆڕه و تووڕه‌ییه‌وه شتێک هه‌ر بڵێ. بڵێین ئه‌وه‌ش ناتوانێ، خۆ ده‌یتوانی بگری و پێ بکوتێته نێو عه‌رز و شین بکات. ئه‌گه‌ر ژنانی ئه‌مڕۆش وه‌کوو شیرن بێده‌نگ بن تا ده‌یانفرۆشن و پاش مه‌رگ (ی هێمایین یان واقعی) وه‌کوو رۆح بێنه‌وه نێو ژیانی باوک وبنهماڵهیان، و بزریکێنن، ئیدی له گاڵته‌یه‌کی لهوسکراو ناچێ؟
چیرۆکه‌که به سه‌ر ئه‌وه‌دا چه‌ن خاڵێکی وردی جێی سه‌رنجی بوو له باری داستانییه‌وه ته‌واو و جوان بوو. تێکه‌ڵکردنی کات و گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه، زۆر هونه‌ری بوو. چیرۆکه‌که به‌و ئه‌ستێرانه کرابووه سێ به‌شه‌وه که له باری داستانییه‌وه، شایان بوو. چیرۆکێکی چکۆله‌ی ژنانه، که توانیبووی وه‌کوو چرکه‌یه‌ک، وه‌کوو تریشقه‌یه‌ک، زوو قسه‌کانی بۆ خوێنه‌ر بکات و بڕوات. ماندوو نه‌بوون بۆ نووسه‌ری به‌رێز.