بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 05-08-2011
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض کاری هونه‌ری-چخۆف


کاری هونه‌ری


نووسراوی: ئانتوان. پ. چخۆف


ساشا سمیرنۆف تاقانه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی دایکی، که‌ شتێکی هه‌ڵپێچراو له‌ رۆژنامه‌ی ژماره‌ 223،"هه‌واڵه‌کانی بورس" ی له‌ باخه‌ڵیدا ده‌گووشی، گرژی کرد و رۆشته‌ نێو ژووره‌که‌ی دوکتور کۆشێلکۆف(1). دوکتور پێشوازی لێ کرد و گوتی:
- به‌به‌، لاوی به‌رێز! چۆنی؟ باس و حاڵ؟
ساشا چه‌ن جار چاوی ترووکاند، ده‌ستی نایه‌ سه‌ر سینگی و به‌ له‌حنێکی په‌شۆکاوه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
- ئیوان نیکۆلایویچ، دایکه‌ گیان سڵاوی بوو بۆتان و ده‌ستووری پێ داوم سوپاستان بکه‌م...من تاقانه‌ی دایه‌گیانمم ئێوه‌ منتان له‌ مه‌رگ رزگار کرد... ئێوه‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ پیسه‌ی منتان چاک کرده‌وه‌و...راستییه‌که‌ی من و دایه‌گیانم نازانین به‌ چ زمانێکه‌وه‌ سوپاستان بکه‌ین.
دوکتور که‌ له‌ قسه‌کانی ئه‌و هه‌ستی به‌ که‌مێک خۆشی ده‌کرد، قسه‌که‌ی بڕییه‌وه‌و گوتی:
- چاکه‌! منیش وه‌کوو هه‌ر دوکتورێکی دیکه‌ ئه‌رکی خۆمم ئه‌نجام داوه‌.
- ده‌زانی چییه‌ ئاغای دوکتور، من تاقانه‌ی دایکمم...ده‌س نه‌ڕۆیشتووین و هه‌ڵبه‌ت ناتوانین پاره‌که‌ی ئێوه‌ بده‌ین و...ئاغای دوکتور له‌م باره‌وه‌ زۆر شه‌رمه‌زارین به‌ڵام دایه‌گیان و من...که‌ تاقانه‌که‌یم به‌وپه‌ڕی تکاوه‌ داوات لێده‌که‌ین ئه‌م شته‌ بێ بایه‌خه‌...وه‌کوو سوپاسگوزاری ئێمه‌...لێمان قبووڵ بکه‌ن... ئه‌م شته‌ به‌بایه‌خه‌ له‌ برۆنز داڕێژراوه‌... به‌ پوختی کارێکی هونه‌ری ده‌گمه‌ن و کۆن و بێ وێنه‌یه‌.
دوکتور لۆچی خسته‌ نێو چاوانی و گوتی:
- پێویستی نه‌ده‌کرد ئه‌م کاره‌ بکه‌ی! ئاخر چ پێویستییه‌ک بوو؟
ساشا که‌ سه‌رقاڵی کردنه‌وه‌ی تیپێچه‌که‌ی ده‌وری به‌سته‌که‌ بوو منگه‌منگ له‌ ژێره‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
- داوات لێده‌که‌م ئه‌م دیارییه‌مان لێ وه‌رگره‌... ئه‌گه‌ر ره‌تی بکه‌یته‌وه‌، منو دایه‌گیانم لێت ده‌ڕه‌نجین...کارێکی جوانه‌... له برۆنز دروست کراوه‌و زۆر کۆنه‌... به‌ ره‌حمه‌ت بێ له‌ باوکم بۆمان ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌روا وه‌کوو دیارییه‌کی به‌رێز هه‌ڵمان گرتبوو...باوکم شتی کۆنه‌ی برۆنزی ده‌کڕی ده‌یفرۆشته‌وه‌ به‌و که‌سانه‌ی وا ئه‌مانه‌یان ده‌ویست...منو دایه‌گیانیشم هه‌ر ئه‌و ئیشه‌ی ئه‌و درێژه‌ ده‌ده‌ین...
ئه‌وسا شته‌که‌ی له‌ نێو وه‌پێچه‌ کاغه‌زییه‌که‌ی ده‌رهێنا و به‌ شکۆوه‌ له‌ سه‌ر میزه‌که‌ داینا. ئه‌و شته‌ باسکراوه‌، شه‌مدانێکی تا راده‌یه‌ک پاکورت و به‌رهه‌می ده‌ستی وه‌ستایه‌کی ده‌سزێڕین بوو که‌ له‌ تێکه‌ڵکردن و پێکه‌وه‌ لکانی چه‌ند په‌یکه‌رێک خولقاندبوی.له‌ سه‌ر پایه‌کانی په‌یکه‌ری دوو ژنی رووت خۆیان ده‌نواند وا بۆ باسکردنی چۆن وه‌ستانه‌که‌یان نه‌ داخم و نه‌ بوێرییه‌کی باشم هه‌یه‌. په‌یکه‌ره‌کان به‌ ناز و غه‌مزه‌وه‌ پێده‌که‌نین و به‌ پوختی سیمایان جۆرێک بوو که‌ ده‌ڵێی ئه‌گه‌ر ئه‌رکی راگرتنی شه‌مدانه‌که‌یان نه‌بایه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ پایه‌که‌ ده‌هاتنه‌ خوارێ و له‌ ژووره‌که‌ی دوکتوردا چڕه‌به‌ندانێکیان ساز ده‌کرد ته‌نانه‌ت خه‌یاڵکردنیشی ناحه‌ز و دزێو بوو.
دوکتور چه‌ن خوله‌ک چاوی بڕییه‌ په‌یکه‌ره‌که‌، ئه‌وسا هێمنییه‌وه‌ پشت گوێچکه‌کانی خوراند و کۆکه‌یه‌کی کرد و به‌ دوودڵییه‌وه‌ مشه‌یه‌کی کرد و له‌ ژێره‌وه‌ منگه‌منگ گوتی:
- به‌ڵێ، له‌ راستیدا یه‌کجار جوانه‌ به‌ڵام...چۆن بڵێم...تا راده‌یه‌ک زه‌ق و بێ شه‌رمانه‌یه‌...دیسان ئه‌گه‌ر لیباسی دکۆڵته‌یان له‌ به‌ر بووایه‌ شتێک، به‌ڵام به‌مجۆره‌ رووت و قووت...
- باشه‌ چ عه‌یبێکی هه‌یه‌؟
- ماری غاشیه‌ش شتێک ناحه‌زتر له‌مه‌ی نه‌ده‌توانی دروست بکات. ئه‌گه‌ر ئه‌م مۆته‌ له‌ سه‌ر میزه‌که‌م دابنم ده‌ترسم ته‌واو ماڵه‌که‌م پیس بکات.
ساشا به‌ له‌حنێک که‌ ده‌رخه‌ری دڵشکاوییه‌که‌ی بوو گوتی:
- ئاغای دوکتور به‌ راستی بۆچوونه‌کانتان سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ر، سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ن! چاوی لێبکه‌، ئه‌مه‌ کارێکی هونه‌رییه‌! ئه‌وه‌نده‌ جوانی و ورده‌کاری تێدایه‌ که‌ مرۆڤ له‌ خۆوه‌ ده‌یه‌وێ رێزی لێبگرێ و فرمێسک رێگه‌ی هه‌ناسه‌کێشانی ده‌گرێ! مرۆڤ له‌ دیتنی ئه‌و هه‌مووه‌ جوانییه‌ دنیای به‌ ته‌واوی له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌... چاوی لێبکه‌، پڕه‌ له‌ جووڵه‌ و جوانی و سه‌رخۆشی!
دوکتور دای به‌ نێو قسه‌کانیدا و گوتی:
- ته‌واوی ئه‌و قسانه‌ت راسته‌، ئازیزم به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ بزانه‌ من ژن و منداڵم هه‌یه‌، منداڵه‌کانم دایمه‌ له‌ ژوره‌که‌م دا قوته‌یان دێ، خاتونی به‌ شکۆ دێن بۆ لام...
- هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ چاوی خه‌ڵکی ئاساییه‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ تایبه‌ته‌، روونه‌ باسه‌که‌ جۆرێکی دیکه‌ی لێ دێت... به‌ڵام ئاغای دوکتور ئێوه‌ ده‌بێ له‌ خه‌ڵکی ئاسایی سه‌رتر بن. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیارییه‌ له‌ ئێمه‌ وه‌رنه‌گرن منو دایه‌گیان به‌راستی لێتان ده‌ڕه‌نجین. ئاخر من تاقانه‌ی دایکمم... ئێوه‌ منتان له‌ مه‌رگ رزگار کرد... ئێمه‌ باشترین شتمان پێشکه‌شی ئێوه‌ کردووه‌...و به‌ داخه‌وه‌ جووته‌که‌یمان نه‌بوو و ده‌نا جووته‌که‌یمان پێشکه‌شتان ده‌کرد...
- سپاس ئازیزم، سپاس...له‌ لایه‌ن منه‌وه‌ سڵاو له‌ دایه‌گیانت بکه‌ به‌ڵام خۆتان بڵێن: منداڵه‌کانم دایمه‌ له‌ ژووره‌که‌مدان، خاتوونه‌ به‌رێزه‌کان دێن بۆ لام...به‌ڵام چ بکه‌م، ئێستا که‌ ئه‌وه‌نده‌ تکا ده‌که‌ی، لێره‌دا دای بنه‌! ئێوه‌ ماشه‌ڵڵا رازی نابن!
ساشا به‌ گه‌شییه‌وه‌ وه‌ڵامی داوه‌.
- پێویستییه‌ک نابینم رازی بم. پێشنیار ده‌که‌م شه‌مدانه‌که‌ بنێنه‌ پاڵ ئه‌و گوڵدانه‌. داخه‌که‌ی جووته‌که‌یمان نه‌بوو! داخه‌که‌م!ئێستا ئیزن بده‌ن له‌ خزمه‌تتان بڕۆم. ماڵئاوا!
ساشا که‌ له‌ ده‌رگاکه‌ رۆیشته‌ ده‌رێ دوکتور بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ شه‌مدانه‌که‌ ورد بووه‌وه‌ و پشت گوێی خوراند و له‌ گه‌ڵ خۆیدا ده‌یگوت:" بێ گومان کارێکی تایبه‌ته‌ و حه‌یفه‌ فڕێی بده‌م...له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ راگرتنه‌که‌ی زۆر دروست نییه‌...شا!...بووه‌ به‌ چ کێشه‌یه‌کی سه‌قه‌ته‌وه‌! چۆنه‌ وه‌کوو دیاری بیده‌م به‌ یه‌کێک له‌ شناسه‌کانم؟ به‌ڵام کێ؟
بڕێک بیری کرده‌وه‌ و له‌ پڕکه‌وته‌ یادی دۆستێکی باش_ ئۆخۆف پارێزه‌ری دادگا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش پارێزه‌ری دوکتوری له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو و پاره‌شی هیچ لێ وه‌ر نه‌گرتبوو. بۆ خۆی بیری ده‌کرده‌وه‌:"فکرێکی زۆر باشه‌!ئێستا که‌ وه‌کوو دۆستێک نایه‌وێ پاره‌م لێ وه‌ربگرێئه‌م شه‌مدانه‌ی به‌ دیاری پێده‌ده‌م. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ شه‌یتانییه‌ی پێ ده‌ده‌م و ئیدی نه‌جات ده‌بێ! جیا له‌وه‌ش ژنی نییه‌ و بڕێک قوته‌شی دێ..."
و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش کاری ئه‌مڕۆ مه‌خه‌ به‌یانی، بێ وه‌ستان لیباسی له‌ به‌ر کرد و شه‌مدانه‌که‌ی هه‌ڵگرت و رۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌. پارێزه‌ری له‌ ماڵه‌وه‌ دی و پێی گوت :
- سڵاو دۆستی ئازیز! برا هاتووم،سپاست لێبکه‌م بۆ ماندووبوونه‌کانت...ئێستا که‌ پاره‌م لێ وه‌رناگری لانیکه‌م ئه‌م شه‌مدانه‌م وه‌کوو دیاری لێ هه‌ڵگره‌... کارێکی تایبه‌ت و یه‌کجار جوانه‌!
ئۆخۆف به‌ دیتنی شه‌مدانه‌که‌، زۆر گه‌ش بوو و قاقا گوتی:
- چ شه‌مدانێکی سه‌رنجڕاکێشه‌! په‌نا بۆ خودا چ شتگه‌لێک وا دروستی ناکه‌ن! تایبه‌ته‌! باشترینه‌! بزانم کاری وا جوانت له‌ کوێ ده‌س خستووه‌؟
به‌ڵام پاش پیاهه‌ڵدانێکی زۆر له‌ شه‌مدانه‌که‌، به‌ سیمایه‌کی پڕ له‌ ترسه‌وه‌ روانییه‌ ده‌رگاکانی ژووره‌که‌و گوتی:
- نه‌ برا،‌ بۆخۆت. من ناتوانم قبووڵی بکه‌م...
دوکتور داماو پرسی:
- بۆ؟
- ئێرا(2)!...ئاخر وه‌ڵامی دایکم و ئه‌وانه‌ی دێن بۆ لام چی بده‌مه‌وه‌؟...تازه‌ له‌ دیتنی خزمه‌تکاره‌کانیش ترێق ده‌بمه‌وه‌...
دوکتور ده‌ستی راوه‌شاند و گوتی:
- ئه‌م قسانه‌ چییه‌؟ تۆ نابێ دیارییه‌که‌م ره‌ت بکه‌یته‌وه‌!... ته‌واولێت زویر ده‌بم! ئه‌مه‌ کارێکی هونه‌رییه‌...کارێکه‌ پڕه‌ له‌ جووڵه‌و جوانی و سه‌رخۆشی...قسه‌شی هه‌ر مه‌که‌، ده‌نا دڵم دێشێ!
- دیسان ئه‌گه‌ر ره‌نگێکی ره‌ش و لێڵیان لێ بدابا یان چه‌ن گه‌ڵای هه‌نجیریانبلکاندبا به‌ بڕێک شوێنییه‌وه‌، شتێکی دیکه‌ بوو به‌ڵام...
به‌ڵام دوکتور ده‌ستی به‌ تووڕه‌ییه‌کی زۆرتره‌وه‌ راوه‌شاندو له‌ ئاپارتمانی ئۆخۆف رۆشته‌ ده‌رێ و رازی و سه‌رخۆش له‌وه‌ی که‌ شه‌مدانه‌که‌ی ساوییه‌ به‌ سه‌ر یه‌کێکی دیکه‌دا، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌...
ئاغای پارێزه‌ر دوای رۆیشتنی دوکتور، روانییه‌ شه‌مدانه‌که‌. چه‌ن که‌ڕه‌ت قامکه‌کانی پێدا هێنا و وه‌کوو دوکتور کۆشێلکۆف چووه‌ نێو خه‌یاڵه‌وه‌. دوابه‌دوا له‌ خۆی ده‌پرسی:"چی بکه‌م له‌مه‌؟کارێکی زۆر جوانه‌ به‌ڵام له‌ لایه‌که‌وه‌ دڵم نایه‌ فڕێی بده‌م و ده‌شزانم راگرتنه‌که‌ی ده‌بێته‌ هۆی ژانه‌سه‌ر. چاکه‌ بیبه‌خشم به‌ که‌سێک...ئه‌سله‌ن هه‌ر ئه‌مشه‌و ده‌یده‌م به‌ شاشکینی کۆمیدیه‌ن. ئه‌م ئه‌کته‌ره‌ زۆڵه‌ له‌مجۆره‌ ورده‌واڵه‌و شته‌ خۆشی دێت. جیاله‌وه‌ش داهاتی شانۆی ئه‌مشه‌ویش به‌ قازانجی ئه‌وه‌..."
وه‌کوو ده‌ڵێن: هات و کردمان! شه‌مدانه‌که‌، که‌ به‌ وردییه‌وه‌ له‌ کاغه‌ز پێچرابوو هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ پێشکه‌شی ئه‌کته‌ری شانۆ کرا. ئه‌وشه‌وه‌ پیاوه‌کان وه‌کوو خۆڵ، ده‌سته‌ده‌سته‌ هرووژمیان ده‌هێنا بۆ‌ ژووری لیباس و جوانکارییه‌که‌ی شاشکین تا له‌ بینینی شه‌مدانه‌که‌ بێوه‌ری نه‌بن. ده‌نگی پێکه‌نین و هه‌رای شادیان که‌ مرۆڤی ده‌خسته‌وه‌ بیری حیله‌ی ئه‌سپ ساتێکیش نه‌بڕایه‌وه‌. هه‌موو جارێک یه‌کێک له‌ ئه‌کته‌ره‌ ژنه‌کان ته‌قه‌ی ده‌دا له‌ ده‌رگای ژووره‌که‌ی شاشکین و ده‌یپرسی:"ئیزن هه‌یه‌؟" ده‌نگی گڕی ئه‌و له‌ پشت ده‌رگاکه‌وه‌ زوو وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌:
- نا نا، دایه‌گیان! هێشتا رووتم!
شاشکین دوای ته‌واو بوونی شانۆ هه‌مان کات که‌ شانی ده‌جوولاند و ده‌ستی له‌ حه‌وادا راده‌وه‌شاند ده‌یگوت:
- ئاخر ئه‌م ئه‌شغاڵه‌ چ سوودێکی بۆم هه‌یه‌؟ کابرای کرێچی ناتوانێ ئه‌مجۆره‌ شتانه‌ له‌ ژووره‌که‌یدا هه‌ڵبگرێ! نابێ له‌ به‌ر شه‌مدانێک ده‌رگای ژووره‌که‌م له‌ خه‌ڵک دابخه‌م!زۆرێک له‌ ئه‌کته‌ره‌ ژنه‌کان هاتووچۆم ده‌که‌ن؛ ئه‌گه‌ر وێنه‌ بوایه‌ ده‌کرا... له‌ نێو که‌شۆی میزه‌که‌مدا ده‌مشارده‌وه‌ به‌ڵام...
جوانکار خه‌ریکی پاککردنه‌وه‌ی سه‌روچاوی بوو پێشنیاری کرد:
- بیفرۆشه‌ ئاغا...له‌ ده‌ورو به‌ری شار،زۆر لێره‌ش دوور نییه‌، پیره‌ژنێ ده‌ژی که‌ خه‌ریکی سه‌ندن و فرۆشتنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ برۆنزه‌ کۆنانه‌یه‌. بڕۆنه‌ ئه‌وێ و له‌ ماڵی سمیرنۆف پرسیار بکه‌، پێت ده‌ڵێن...هه‌موو ده‌یناسن.
و شاشکین پێشنیاری جوانکاره‌که‌ی به‌کار هێنا...
دوو رۆژ دواتر، دوکتور کۆشێلکۆف له‌ مه‌ته‌به‌که‌ی دانیشتبوو و قامک له‌ سه‌ر لاجانگ، بیری له‌ جۆره‌کانی ئه‌سیدی زراوی ده‌کرده‌وه‌. له‌ پڕ ده‌رگاکه‌ کرایه‌وه‌و ساشا سمیرنۆف به‌ په‌له‌ هاته‌ ژوورێ. بزه‌یه‌ک به‌ سه‌ر لێوییه‌وه‌ بوو، گۆنای ده‌بریقاوه‌و له‌ سه‌رتاپای خۆشبه‌ختی ده‌باری...به‌سته‌یه‌کی هه‌ڵپێچراو له‌ کاغه‌زی رۆژنامه‌ به‌ ده‌ستییه‌وه‌ بوو. به‌ هه‌ناسه‌بڕکێ گوتی:
- ئاغای دوکتور! نازانن چه‌نده‌ خۆشحاڵم! بڕوا بفه‌رموو له‌ به‌ختی باشی ئێوه‌یه‌ که‌ جووتی شه‌مدانه‌که‌مان دۆزیوه‌ته‌وه‌!... دایه‌گیانم له‌م باره‌وه‌ به‌ راستی هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌ری ده‌کات...ده‌زانن من تاقانه‌ی دایکمم...ئێوه‌ منتان له‌ مه‌رگ رزگار کردووه‌...
و ساشا که‌ له‌ حه‌ژمه‌تی شادیدا سه‌رتاپا ده‌له‌رزی شه‌مدانه‌که‌ی له‌ سه‌ر میزی دوکتوردا دانا. کۆشێلکۆف زاری کرده‌وه‌ شتێک بڵێ به‌ڵام بێده‌نگ بوو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دمی قه‌پات ببوو.


1
.kochelkov، وه‌رگیراو له‌ "کوشلک"، به‌ مانای "کیفی ورده‌ پووڵ". وه‌رگێڕ(ی فارس).
2
. کورتکراوی نێوی دوکتوره‌ له‌ رووی نزیکبوونی هه‌ردووکیان پێکه‌وه‌یه‌.
سه‌رچاوه‌: کۆبه‌رهه‌می چخۆف، وه‌رگێڕانی سرووژ ئێستێپانیان، به‌رگی سێهه‌م، بنکه‌ی تووس، تاران،1381 .

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 08:59 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها