بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 04-10-2012
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض ڕاوه‌تاژی


ڕاوه‌تاژی


مامۆستا هێدی

ڕاوی کەروێشک لە دوای خەرمان هەڵگرتن و کا کێشان و لەگەڵ شین بوونی ڕەپستە و کەشاو داچاندن کە دەکەوێتە سەرەتای پاییز وردە وردە دەس پێ‌دەکا. لەو کاتەوە ئیتر ڕاوچی بەتەواوی بەخۆی و تاجیی پەنجە بەخەنە و ئەستۆ بەقەڵادە و بارگینی ناڵ‌کراو و تێرئالیکەوە وەخۆ دەکەوت و هیچ دەرفەتێکی بۆ ڕاوی قوڵەشینی کاک هێمن گوتەنی گورج و گشت و سیخوارلەپشت لە دەس نەدەدا کە بەڕاستی ڕاوەکەشی وەک گۆشتەکەی و گۆشتەکەشی وەک ڕاوەکەی خۆشە و لێ‌دانی تاجی (لە کەروێشک) بۆ خاوەن تاجی لە هەردووکیان خۆشترە؛ بەتایبەتی ئەگەر لە پێش تاجیی ڕاوکەرەکانی تردا خۆی بگەیێنێتە کەروێشک و بیگێڕێتەوە یان هەڵیگرێ. ڕاو ئەگه‌ر لە کێویش تەواو بایە لە ماڵێ تەواو نەدەبوو، شەوێ دیسان شێو و وەردیان دەداوە و دەبوو بەهەرا و گوڕە و سوێندخواردن لەسەر ئەوە کە تاجیی ئەو خێراتر بووە لە تاجیی ڕاوچییەکانی تر و ئەگەر گۆڵەشینی ئەو وەک هەڵۆ لە ڕکەیدا پێیدا نەهاتبا و بەرەو خواری نەکردباوە شینکێ مات و مەلول! ڕزگاری ببو و دەرچوبوو، ئەو وتانە هەمووی سوێند خواردنی گەورەشیان لەگەڵ بوو. هەروەک لە جەنگەی لێدانی تاجییەکەدا چەند جار خۆی بەقوربانی دەکرد!
ڕاوی کەروێشک لە دوایی‌دا وا ببو بە باو و هێندی پەرە ساندبوو کە لە پاییزدا تاجیی خێرا بە نرخێکی زۆر کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرا و لە هەر جێیەک هەبا ناوبانگی دەڕۆیشت و کڕیار دەگەیشتنە سەری و تەنانەت تاجیی خێرا و خۆشبەز لە خاوەنی دەشدزرا.
هەتا پاییز درەنگ‌تر بێ ڕاو بۆ ڕاوچی خۆش‌تر و بۆ تاجی بەزەحمەت‌تر و بۆ کەروێشک شانسی خۆ ڕزگارکردن پتر دەبێ، هەتا وای لێ دێ لە جەنگەی بەستەڵەک و بەقەولی ڕاوچیان لە (نینۆک شکێن)دا کەم تاجیی وا دەبێ بگاتە کەروێشک و هەر تاجییەک لەو جەنگەدا بگاتێ وە برەو دەکەوێ و لای خاوەنی خۆشەویست‌تر دەبێ.
ڕاوچی ئەوە دەزانێ کە ئەگەر تاجییەکەی زۆر تێبەربوو دوای بەینێک ڕاوچیان گوتەنی (ناڵی دەچێ) واتە بەری پەنجەی هەر چوار پەلی چەرمەکەی ناسک و تەنک دەبێ و لە غاردانێدا دێشێ و لە خۆشبەزیی تاجیەکە کەم دەکا. لە کاتی وادا چەند ڕۆژێک دەبێ نەیبەنە ڕاوێ و پشووی پێ بدەن هەتا ساڕێژ دەبێتەوە ئەگەر ڕاوچی سوار دەبێ بۆ ڕاو تاجی هەست بەوەدەکا و لەجەنگەی سوار بوونی خاوەنی‌دا بەهێندێک کردەوەی وەک ڕاوێچکەو ناسکە ناسک و قروسکاندن کەیف‌خۆشی و ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ بەڵام لە هێندێ حاڵەت‌دا ئەگەر ئامادە نەبێ بۆ ڕاو بە پێچەوانەی ئەوە نەک هەر ئەو ڕاوێچکەیە ناکا خۆشی لە ڕاوچی دەدزێتەوە بە تایبەتی ئەگەر پێش ڕاوێ چووبێتە سەر کەلاک و زۆری خواردبێ چونکە دەزانێ ناگاتە کەروێشک و خۆی دەبوێرێ.
من ئەوەم بە تاجیی خۆمەوە دیوە و، سبه‌ینەیەک کە حازر ببوم بچمە ڕاو، گۆڵە تاجییەکە دیار نەبوو هەر چەند بانگم کرد هەر پەیدا نەبوو ناچار وە دوای کەوتم، دیتم بە ورگی هەڵمساو خۆی لە ئاخوڕی تەویلە دا مەڵاس داوە.
لەوێش هەر چەندی هەوڵم لەگەڵ دا نەهاتە دەر و ئەو ڕۆژە بەتاجی تر چوومە ڕاو. ڕاوچیی حیرفەیی و کارامە ئەوە دەزانێ کە تاجی ڕۆژێ دوو جار یانی نیوەڕۆ و شەو دەبێ لەنانی ویشک تێر کرێ و شەویش جێگەی گەرم بێ و ئەگەر لە نانی ویشک زیادتر شتی تری وەک شیو و چەقاڵتەی گۆشت و ئێسک و ئەوانە پێ بدەن بەزی پێ دەگرێ و قەڵەو و قورس دەبێ و ناگاتە کەروێشک.
ئەو چاوەدێرییەی خواردنی تاجی بۆ وەختی ڕاوە نەک بە تەواوی ساڵ کە دەزانین لەگەڵ هاتنی بەهار ڕاوی کەروێشک هەڵدەگیرێ و هەر لە مانگی ڕەشەممەدا ڕاو لە شلی دەدا چونکە لەو مانگەدا کەروێشک ئاوس بوونی پێوە دیارە و ئیتر ڕاو بەتاوان دادەندرێ.
زۆر کەس لە زستان‌دا جل بۆ تاجی دەدروون و لە ماڵ بە پشتی دادەدەن کە پێی گەرم بێتەوە، بەڵام تاجی ئەگەر فێری ئەو جلە کرا خۆڕاگرتنی لەبەرانبەر سەرمادا کەم دەبێ و ئەگەر لەماڵ هاتە دەر دەلەرزێ.
ڕاوی ڕەشانگ ناڵێم بە تاقە سوارە ناکرێ بەڵام خۆش نییە و ئەگەر سوار زۆریش نەبن دوو یان سێ کەس هەرپێویستە و ئەگەر لەوەش زیاتر بن خۆشتر دەبێ بەو مەرجە بێ سەرەوبەرە و ناڕێک و پێک نەبن و تاجیی ڕست نەکراویان لەگەڵ نەبێ کە ڕاو لە ڕاوچی تێک دەدا و زۆر جار پێش ئەوەی بگاتێ، کەروێشک هەڵدەستێنێ و لە کیس ڕاوچی دەچێ.
ئەگەر کەروێشک لە پێش سەفی سواران هەستێ ڕاوچی ڕستەی تاجی ڕادەکێشێ و ئەویش وە دووی دەکەوێ، بەڵام ئەگەر ڕاوچی بزانێ کەروێشکەکە لە قەمچی‌دا نییە و لێی دوورە و تاجیەکەی هەر ماندوو بوونی پێ دەمێنێ تێی بەرنادا، بەڵام تاجیی ڕست نەکراو لە هەر جێیەک کەروێشک هەستێ دوور بێ یان نزیک ڕێی دەکەوێ و چونکە لێی دوورە ناشیگاتێ و ماندووبونێکی زۆر و بێ سوود[ی] تووش دەبێ.
ئەگه‌ر هاتو کەروێشک لەسەر ڕاو یانی لەلای سەر و لە پێش سواران هەستا، سواری لای داوێنێ دەزانێ هەتا تاجیەکانی تری لای سەرووی سەفەکە نەکەونە لێدانێ کە لێی نزیک ترن تێ بەردانی ئەو بێ سوودە و لەبەر ئەوە گوێ ناداتە خۆ ڕاپسکاندنی تاجییەکەی ڕاوچی تەنیا ئەو توتکە تاجییە بە بێ ڕست کردن لەگەڵ خۆی دەباتە ڕاوێ کە چێشتە نەکرابێ. ئەوە دەزانین کە توتکە تاجی هەتا چێشتە نەکرێ، یانی دەم لە کەروێشک نەنێ نازانێ ڕە کەروێشک بکەوێ بەڵام ئەگەر لەگەڵ تاجیی گەورەتر جارێک دەمی لە کەروێشک نا بۆ جاری دووهەم و سێهەم چاکتر ڕێ دەکەوێ.
تاجی ساڵی یەکەم توتکە و ساڵی دووهەم شەکە و ساڵی سێهەم ئەبێتە خەرت و لەو قۆناغەدا دەوری هەڵدان و چێشتە بوون و عاملاویی دیوە و لێی تێپەڕیوە. ئەوجار ئەگەر نەگاتێ ئەوە ئیتر نانی خۆی و (سەنگەسیر)ی خاوەنی پێکەوە دەبڕێ.
ڕاوی بەفر لەگەڵ ڕاوی ویشکی و ڕەشانگ تەفاوەتی هەیە. چونکە لە ڕاوی بەفردا ڕاوچی دەبێ بە شوێن گێڕان کەروێشک بدۆزێتەوە و دەبێ بزانێ شوێن بگێڕێ، بە پێچەوانەی ڕاوی ڕەشانگ کە کەروێشک یان بە تەماڵ دەبیندرێتەوە، یان خۆی بازرە دەبێ و هەڵدێ.
شوێن گێڕانی کەروێشک بە تایبەتی لە هەزارەدا زۆر وە زەحمەت دەکەوێ و هێندێ جار هەزارە هیند تێکەڵ و بەربڵاو دەبێ ڕاوچی سەری لێ دەشێوێ و شوێنەکانی پێ لێک جودا ناکرێتەوە چونکە وا دەبێ شوێنی چەند کەروێشک لە جێیەک تێکەڵ دەبنەوە و ڕاوچی نازانێ ئەو شوێنەی ئەو بەدوویەوە بوە کێهەیان بوە و ئەگەر وای لێهات ڕاوچی لەوەبەدەر دەوری هەزارە بدا هیچی تری لەدەس نایە، بۆ ئەوە کە لە هەر جێیەک شوێن لە هەزارەکە جودا بووبێتوە وەدوای ئەو کەوێ و، ئەگەر بە دوای شوێنەکەدا گەیشتە دوو لایی ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کەروێشک نیزیک بەرەبەیان بووە و لە شەوگەڕ و لەوەڕ بۆتەوە و خەریکی کەوتنە، لەو کاتەدا ڕاوچیی سوار بەغار بەدوای شوێنەکە دا دەڕۆن و بە فیتو ئیشارەی یەکتر دەکەن و قسە ناکەن بۆ ئەوە کەروێشکەکە گوێی لێ نەبێ و هەستیان پێ نەکا نەوەک بازرە بێ (بازرە ئەوەیە کەروێشک خۆی لە دوور هەڵێ و لە قەمچی ڕاوچیدا نەبێ)، ڕاوی بەفر بۆ تاجی ماندووبوونی کەمە چونکە کەروێشک پەلی کورتە و لەکاڵەبێنێک بەفردا هەڵاتنی وەزەحمەت دەکەوێ و هەموو تاجییەک دەیگاتێ و ئەگەر بەفر لە کاڵەبێن زیادتریش بێ وا دەبێ بەدەستی دەگیرێ.
زۆر جار ئەگەر بەفر زۆر دەکەوێ کەروێشک دوو یان سێ شەو لە بن بەفر نایەتە دەر و ناچێتە لەوەڕ لە وەختی وادا شوێنی هاڵاوی لووتی لە بەفرەکەدا دیار دەبێ و کونێکی زەرد لە بەفرەکە دەکا کە ڕاوچی بەو کونە دەڵێن (خوزە) و هەر بەو کونەش دەیدۆزنەوە و دەزانن لەوێ لە بن بەفرەکەدایە و دەگەنە سەری.
فەند و فێڵی ڕاو و ڕاوچی زۆرە و ڕەنگە لێرەدا ئەگەر لەوە زیاتر لە سەری بڕۆم هێندەی جێگە وەبەر نەکەوێ و نازانم ئەوەی سەرەوەش نووسینی هەمووی پێویست بوو یان نا بەڵام ئەوەی دەزانم ڕاوچییەتی و خووی ڕاوچیگەری نەخۆشیەکی وایە ئەگەر کەسێکی گرت بەهاسانی بەری نادا و ئەگەر ڕاو دەستی نەدا بیری ڕاویش هەر باشە و پێی دەچێتەوە سەردەمێکی تر.
زۆر ڕاوچیی وا هەیە ئەگەر سەری شەوێ بستێک بەفر بکەوێ لە خۆشیی ڕاوی سبەینێ هەتا ڕۆژ خەوی لێ ناکەوێ و هێشتە هەوا هەر تاریکە سوار دەبێ و لە پێش‌دا دەوری مەڵبەندێک دەدا بۆ ئەوە کە رێگەی ڕاوچیی تر بگرێ و، ئەگەر سواری تر هاتن و شوێنەکەی ئەویان دیت بزانن ئەو ناوە ڕاوچیی تری هاتۆتێ و ئەگەر شوێنی لێ بووبێ گێڕاویانە و هەر لەوێوە بگەڕێنەوە دواوە.
بەڵام ئەگەر ڕاوچی بۆ ڕاوی قوڵەشینی گورج و گشتی سیخوارلەپشت هەموو لایەنێکی کاروباری خۆی لێک دەداتەوە و ئەو پەڕی وەستایی لێ بەکار دێنێ پێت وانەبێ کەروێشکیش هیچ فرت و فێڵی نییە و هەروا لە گوێی گادا نوستوە، ئەویش بەشی خۆی دەزانێ و چ له‌ کاتی شێنه‌یی و چ لە تەنگانەدا فێڵ لە تاجی و لە ڕاوکەر دەکا.
هەری شەوێ کە لانی کرد و تێیدا کەوت خەمی ئەوەی لەبەرە کە ئەگەر هاتوو سبەینێ لێی قەوما جێگەیەکی سەختی وای بە دەستەوە بێ خۆی لە چنگ دێڵ و گۆڵان ڕزگار کا.
بەڵام سەرەڕای ئەو تێبینییە بەجێیەش لەبەر ئەوە کە زۆر کەیفی بە جێگەی سارد و باگر نایە ئەگەر ساڵ سارد بوو بەشی زۆرتر هەر لە داوێن و پەنا و بەرڕۆژانە لان دەکا کە یەکەم زەردەی هەتاو بیانگرێ. ئەوە سروشتی خۆیەتی ئەگەر ڕۆژێک بای هات دیتنەوەی کەروێشک لە ڕۆژانی تر هاسان ترە و پتر لەو شوێنانە دەکەوێ کە گوتمان پەنا و بانەگرن، چونکە ڕاوچیان گوتەنی بە هەوای بای دەکەوێ، ئەوەش سەرەڕای هەزارە و دولاییەکەیەتی کە ئەویش پڕە لە فێڵ و تەڵەکە و هەتڵەکردن.
هەروەها ئەو دەمیش کە تاجی لەسەریەتی و دەم لە سەرپشت دەیهێنن ترسی ئەوە کە ها ئیستە هەڵیگرن ها تاوێکی دی فێڵ و تەڵەکەی لە بیر ناباتەوە و بە بێ ئەوە سەری لێ بشێوێ لە دەرفەتێکدا بۆ تێشکاندنی تاجی بە تایبەتی لە شوێنی لێژ و سەر بەرەژێر لە جەنگەیەکدا کە تاجیەکان بە هەموو توانایانەوە ڕێی دەکەون و لێی نیزیک بوونە لە پڕ خۆی لە عەرزی دەدا و تاجیەکان لەو حاڵەدا کە باش پڕبوون و خۆیان کوشیوە پێیان ناکرێ لەگەڵ ئەو خۆ لە عەرزدانەی ئەو بگەڕێنەوە و لانی کەم تاجیەکان چل هەتا پەنجا میترێک بەسەری دەکشێن و هەتا ئەوان دەگەڕێنەوە کەروێشک لە تەلانی سەردەکەوێ و بە گوێی قیچەڵ فاچەوە کە نیشانەی سەرکەوتنیەتی لە ڕەوەزی شاخی خۆی نەدیو دەکا.
واش دەبێ دەچێتە ناو کونێ بەڵام ئەوە کەم هەڵدەکەوێ و کەم شاخ شوێنی وایان هەیە و ئەگەر هەشیانبێ کەروێشک کەم دەچێتە ناوی چونکە لەو کونانەدا رێوی دەچێ دەیانخوا.
ڕاوی کەروێشک سەرەڕای تاجی، بە تفەنگیش دەکرێ زۆرتر (تفەنگی تاپڕ) کە ئەگەر نەشڵێم ڕاوێکی ناڕەوایە لانی کەم ئەو سەیر و سوعبەت و سوارکاری و هەوراز و لێژ کردنەی لە ڕاوی تاجی‌دا بۆ ڕواچی هەیە لە ڕاوی تفەنگ‌دا نییەو بێجگە لەوەش ڕێگەی ئەو دەستەوەکەرییە لە کەروێشک دەگرێ کە لە ڕاوی تاجی‌دا هەیەتی و لە سەدا پەنجا شانس و ماوەی خۆ ڕزگار کردنی هەیە و هێندێ جار زیاتریش و ڕەنگە ئەو لایەنەی ئەو ڕاوە غەدرێکی تێدا بێ بۆ کەروێشک.
لە کوردەواری خۆمان بۆتە مەسەل دەڵێن: ڕاوی ڕێوی بۆ کەوڵیە. ئەوە ڕاستە، بەڵام ڕاوی کەروێشک بۆ گۆشت و سەیر و سەرگەرمی و تاقی بوونەوەی تاجی و ئەسپە؛ کە دیارە کەم کەس گۆشتی ڕێوی دەخوا بۆیە وا دەڵێن هەر چەند بیستوومە بۆ باداری باشە و هەرچی بێ ئەویش ڕاوچیی خۆی هەیە و من هەر ئەوەندەی دەزانم ئەگەر ڕاوچی لە ڕاوی کەروێشکێ وا دەبێ تووشی ڕێوی دێن دڵیان نایە تاجیی تێبەردەن بە تایبەتی تاجیی چێ کە بۆ خاوەنی خۆشەویستە چونکە ڕێوی دڕە و قەپ با تاجی‌دا دەگرێ و زۆر جار داریش لە لغاوەی دەنێن هێشتە بەری نادا و ڕاوچی گوتەنی زاری قفڵ دەکا و بێجگە لەوە کە تاجییەکە برین هەڵدەگرێ دوایە بۆ ڕاوی کەروێشکیش ترسەنۆک دەبێ و باش خۆ ناداتێ لە ترسی ئەو گەزتنە.
دیارە ڕێوی وەک کەروێشک خێرا و خۆشبەز نییە و زۆربەی تاجی دەیگەنێ ئەگەر بیوێرنێ. لەبەر ئەوە ئەو گۆڵە تاجییانەی نەگەنە کەروێشک بۆ ڕاوی ڕێوی کەڵکیان لێ وەردەگرن.
زۆر چیڕۆکی سەیرم لە فێڵ و تەڵەکەی ڕێوی بیستووە کە لێرە دا پێم ناکرێ پێیان‌دا بچمەوە بەڵام هەرچی بە زۆرزانیی مام ڕێوییەوە بڵێن هەیە و هەموو حیلەیەکی لێ دەوەشێتەوە. ئەگەر بە مرۆی زۆرزان و بە فێڵ و تەڵەکە دەڵێن: دەڵێی ڕێوییە جێی خۆیەتی. بەو شەرتە ئێوە نەفەرموون لە ڕێوی زۆرزانتر ئەو کەسەیە کە ڕێوی دەگرێ و ئەگەر گرتی کەوڵی دەکا و ئەگەر کەوڵی کرد لە شار و باژێڕانی دەگێڕێ و جەندەکەکەشی وەک سوورە ساقە لەوێ فڕێ دەداو ئەو کلکە تووکن و جوانەی وەک تێلی تەلەیفون دەڕووتێنیتەوە و بەو جۆرە چەندی مریشکی قەڵەوی قوڵەی سەر بە کڵاوە و کەڵەبابی جنجیری هەزار پۆپەی پیرێژنان خواردبێ تۆڵەی هەموویانی لێ دەکاتەوە کە سەردەمێک بەبێ ئادرێس و ناونیشان!! بەکولانەی هەموویانی دەزانی و هەردەتدی سەری پێدا دەکردن ئەویش بە شەوی تاریک و تنوک و ئەنگوستەچاو.

سه‌رچاوه‌: هێدی، ئاوێنه‌شکاو، هه‌ولێر، ئاراس، لل 44ـ39


قه‌مچ: نزیکی، تخوون، قه‌ره‌ ف: نزدیکی، در دسترس (هه‌نبانه‌ بۆرینه‌)


تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ی مامۆستا هێدی له‌ وێبلاگی کاک هه‌رمان وه‌تمانی هه‌ڵگیراوه‌:


__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




  #2  
قدیمی 04-10-2012
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض ڕاوه‌تاژی (2)

ڕاوه‌تاژی (2)


ساڵ درەنگ بوو. پایز داهات. زەوی ڕەنگی بزرکا. شینایی نەما. تینی هەتاو کەم بۆوە. ڕۆژ چیان بەبەروە نەما. شەو درێژ و درێژتر بوون. هەوا فێنک بوو. ڕەز ڕندران. مشتاخ هەڵخران. بێستان لەبەر کەوتن. بڕکە هەڵکێشران. جێ تووتن شێو کرانەوە. ئاوێژە لەبەراو دەرچوون. ئەستێر داریان لێ ڕاکێشرا. سەرچاوە، قەوزەیان گرت. بناوان هەڵدێران. دەراو بۆگە و لێڵ بوون. پاوان و هەڵەسوون پێخوست و بۆژە بوون. پێورەوێنجە داس‌پەڕێن کران. ڕەپستە کۆڵەپنج بوون. نەوەندە تیشەیان چەند پەلکە بوو. ساردەکێڵ دندووکەیان دا. کا و گزرە لە کادێن کران. کۆدە و پۆڵکە و نەرمەگیا لە تایە و گیشە دران. تفاقی زستان داخرا. دێم‌کێڵ بەهیوای بارانی ڕەحمەت و هەقەپەڵەی پایز، دێمەکار و ئیشکەکەندیان داچاند.
جارجار هەوری سپی و تەنک بەدەم باوە بە پەلە بەئاسماندا تێپەڕین. چەند پڕیشکی بڵاویان وەراند. دڵی شکارتەکێڵی بێ زەوییان داخورپاند و ترسان نەوەکو ئەوەندووکە دەغڵەی ئاوماڵان بۆیان داچاندوون گەندەنێ بن و بەجارێک قووت‌بڕاو و بێ‌سەڵات بکەونەوە. دار و دەوەن خەزەڵیان دا. مێرگ و چیمەن بێ دیمەن بوون. لاپاڵی بژوێن بوونە ڕێچکە. نواڵەی زەنوێر کاتۆر کران. تەلان و بەندەن ڕووتانەوە. ڕووباری خوڕێن لە خوڕین کەوتن. ڕێبواری خورێن لە تەنکاویان دا. سوار بۆ بوار نەگەڕان. گیابەرزە بوونە ئیشکەڵ. دڕوو بوونە نەشتەر. تیکان بوونە پەیکان. پێکوڵ و کونجی بوونە بزمار و دەرزی و لە پێی گالەوەڕێنی پێخواس هەڵچوون و گردەنشینیان کرد. بابردەڵە وەک لەشکری بەزیو و شکاو ڕەتێنرا. خۆی بۆ نەگیراوە. بڵاو بوو. پووش و پەڵاش وەک ترسەنۆک و دوورەپەرێزان خۆیان لە خوارە بایان گرت. لە نەدیو و پەسیو و بوودڕ و کەنداڵان خزین، هەوار خاڵی بوون. چادر و چیغ پێچرانەوە. سێپەک هەڵپەسێران. مەشکە بەرچیغیان تێ هەڵکێشرا و لەبن میچی قوڕماوی نران. دۆدانە و شیرمەشک لە خەرارە کۆنان پێچران و لەبەر هەیوان و بێڵا بە سینگ داکران. نێرەی بێ خێر هەڵاوەسران. گوریس و پەتک هەڵوێزنران. شەنگەبێری قۆڵچاغەیان داڕنی. بووزەڵە و بەربێنکەیان شانەوشان کرد. جامی مەڕدۆش و گادۆشکەیان لەبن پێڕک و هەرزاڵان ئاخنی. بێژینگ و دەستاڕیان وەکار خست تا زەمهەڕ بۆ زستانی دوور و درێژ گێژەو بکەن، ساوار بهاڕن، بڕوێش بەبا کەن، بۆ دراو لێ بکەن. کاکی شوان کە لە کوێستانی مەزن و هەواری سازگاری مەڕی لە چڕگەن دەچەقاوە و دەمی دە لەوەڕی پڕ و تەڕ و ناسک دەنا و یەکی لە یەکی دەرنەدەچوو. بۆ خۆشی لەسەر بەردێک دادەنیشت و قامکی لە بلوێر دەبزاوت و ئەوی لێی دەدا لێی نەدەداوە و پاشای بەسەپانی خۆی نەدەگرت. ئێستا بلوێری لەماڵ داناوە چونکە مەڕی کوێستان کە لەنگ و لۆر و دەغەزداری تێدا نەماوە و بێ چاوێنی بێ سمڕە و ساکەتەی دووگی دەڵێی لینگە دەستاڕە و پشتی گرێی لێ بڕاوە، کوا لە ئارانی قاقڕ و کڕاڕ دادەمەزرێ و دەچەقێتەوە؟ لە دەشتی کاکی بەکاکیدا پەڕ هەڵداوێ. پەڕەم پەڕەم دەبێ. هەر کرتکەی ڕوو لە لایەک دەکا شوان ئەگەر وەک ددانی ماریش بێ، پێ ڕاناگا پێشی بگرێ، تێکی بکاتەوە. مەڕی قەڵەو و ساغ لە ئارانی بێ لەوەڕ چۆن چێشتاوان مۆڵ دەخوا؟ پاڵێنان کۆڕ دەبەستێ؟ شێوەخۆران ڕادەوەستێ و شەوێنان لە حەوشەدا گیر دەبێ؟ شوان دەبێ چاوێکی ببێتە چوار چاو و خەو و خواردن لە خۆ حەرام بکا. گورگی فێڵباز و دز هەمیشە لە کەلێندایە شوان بخافڵێنێ، سەگ بخیچێنێ، تا کەلاک بستێنێ، کام مەڕی شاز و قەڵەو بڕفێنێ و ئەگەر خودای نەخواستە شوان لەخەو بمێنێ و دەزبێنی نەگرتبێ مێگەل ڕابدا و یەکی نەهێڵێ و هەمووی بخنکێنێ. جا لەو حاڵەدا شوان کوا مەجالی هەیە لە بلوێر بتووڕێنێ و عالەمێک وەجۆش بێنێ؟
ساڵان لەم وەرزەدا کە کاری دێهات کەم دەبوو، سواغ و پینە و پەڕۆی بان و دەرک و دیواران تەواو دەبوو و ئاوردوو دادەخرا، جەنگە ڕاوە تاژی دەهات. ڕاوەتاژی لەمێژە لە کوردستاندا باوە. تا نیوەی دووەمی ئەم چەرخە زۆر بەداب و دەستوور دەکرا، هەرچەند ئێستاش کەم تا کورتێک ماوە، بەڵام بەرەو نەمان دەچێ. دیارە هەر ڕێ‌وشوێنێک بەسەر چوو، ئەم وشە و زاراوە و ئامرازانەی پەیوەندییان بەم ڕێوشوێنەوە هەیە، لەسەر زار و زمانان نامێنن و وردە لە بیر دەچنەوە. تەنیا لە بەیت و باواندا دەمێننەوە کە تێگەیشتنیان بۆ بەرەی داهاتوو دژوار و ئەستەم و گرانە. خۆ بەناشکوری ناڵێم فەرهەنگ‌نووسێکی ئەوتۆمان نەبووە و قامووسێکی وامان نییە ئەم وشە و زاراوانەی تۆمار کردبێ و لە نەمانی پاراستبێ. ئەم ڕۆژانە بۆ نووسینی ئەم وتارە پەنام بۆ فەرهەنگی تاقانەی کوردی بۆ کوردی «خاڵ» برد. لەژێر وشەی ڕاو و تانجی و تاژیدا شتی وای نووسیبوو کابرا گوتەنی: «ئەزی تێدا شەرمەزار بوومەوە». بۆیە ویستم ئەوی لەبیرم ماوە و لێی دەزانم لەو بارەدا بنووسم تا قامووس‌نووسی دواڕۆژمان کەڵکی لێ وەربگرن و ئەو لاوانەی کە وەک من ئەدەبی فۆلکلۆریکی کوردی بەخەزێنەی زمان دەزانن سوودی لێ وەربگرن.
تاژی یا تانجی و تاجی تۆرەمە سەگێکی درێژ، ناسک، شووش و لەسەرلینگە. پێستی تەنک و ئاماڵ ڕووتەیە. جوان و ژیکەڵەیە. گوتوویانە: «تاژی شازادەی سەگانە» توند و تۆڵە. باش لینگ دەدا و بەدەوامە و بەکەڵکی ڕاو دێ. تاژی تا زەنگەی بەرزتر، تەنگەی گورجتر، کەفەڵی بڵیندتر، پشتی ڕاکشاوتر و ئامال کوورتر، پەنجەی شووشتر، سەر و کەللە و دەم و لەمبۆزی باریکتر و ڕەقتر و درێژتر بێ پەسندترە.
وەک هەموو تۆرەمە سەگێک بە نێری دەڵێن گۆڵ و بەمێی دەگوترێ دێڵ. گۆڵ هەمیشە بۆ جووت‌بوون ئامادەیە. بەڵام دێڵ جارێک یا دووجار وەبا دێ. زۆر پێشتر نیشانەی وەبا هاتنی دیاری دەدا. جا ئەگەر خاوەنەکەی بخوازێ زووتر با بگرێ باشتری تێر دەکا تا قەڵەو بێ و ئەگەر بەپێچەوانە نەیەوێ ئاوس بێ ئەوە لە ژوورێکی تاریکدا دەیبەستێتەوە تا لەڕ و لاواز بێ و لە با بچێتەوە. جووت‌بوونی تاژیش وەک هەموو جسنە سەگێک «پێوەڕوانی» پێ دەڵێن، دێڵ و گۆڵ پێکەوە دەنووسێن و تا ماوەیەک لێک جوێ نابنەوە. تەنانەت ئەگەر لە زمانی کوردیدا بەزایینی هەموو نینۆکدار و گواندارێک «جگە لە مالۆس کە سمدارە» دەڵێن ترەکین – لە شێرەوە تا مشک - ڕەنگە بۆیە بێ کە زۆریان بێچوو دەبێ، تاژیش و سەگیش لەوان هەڵناوێرن. دەڵێن دێڵەتاژی بەحەفتا شەو و ڕۆژ دەترەکێ. بەوەندە تووتکەی بە زگێک دەبێ دەڵێن کۆخێک. دێڵێک لە سێوە تا یازدە تووتک دەینێ. دێڵەتاژی هەشت گوانی ئەم‌بەرئەوبەری هەیە. تووتکەتاژی لەپێشدا چاوی نووساوە و نابینێ. پاش چەند ڕۆژ چاوی دەپشکوێ. بەقسەی کۆنە ڕاوەکەران هەوەڵ تووتک و ئاخر تووتکی کۆخێک لەوانی دیکە باشتر دەردەچن. تووتکە تاژی زوو فێری تێکوشین خواردن دەبێ و ئیتر نیازی بەشیری دایک نامێنێ. دێڵەتاژیی ترەکیو پێویستە زۆر باش بەخێو بکرێ و تێر بێ، دەنا زیانی خورۆ و ماڵانگەڕ دەبێ و پەکی ڕاوکردنی دەکەوێ. تووتک کە ژیوەڵە بوو، گوجووکی پێ دەڵێن و لە خۆیەوە فێری ڕاوێچکە دەبێ. ڕاوێچکە کردن تەمرینی ڕێکەوتن و ڕاو فێربوونە. گوجووکێک هەڵات دیارە لە خۆی ڕادەبینێ و بە گەورەییش لەوانی دیکە چێتر و خێراتر و بەکارتر دەبێ. گوجووکێک بەساڵەوەختێک سونوو یا سوونی دێتەوە و پێی دەڵێن شەک. نیشانەی سوون هاتنەوە ئەوەیە کە گۆڵ لەکاتی میزکردندا لاقی هەڵدێنێ. پاش ساڵێک دەبێتە خەرت و ئەمجارە تەمەنی بەخەرت حیساب دەکرێ. خێرایی و خوێڕیایەتیی تاژی تا نەبێتە خەرت دیاری ناکا. وا دەبێ شەک نۆرەش ناکا و کەچی بەخەرتی زۆر چێ دەبێ و بە پێچەوانە شەکی خێرا خوێڕی دەردەچێ.
ڕەنگەکانی تاژی:

تاژی ڕەنگی جۆربەجۆری هەیە؛ سپی، ڕەش، سوور، نەباتی، شێ، خەزاڵ، بۆر، تاڵە، شڵە، خورمایی، خەنەیی، گورگی، پڵینگی، قەزوانی، بازوو، بۆزقاجی و بەڵەک، ڕەشبەڵەک، سووربەڵەک، و شین‌بەڵەک.
دەنگەکانی تاژی ئەمانەن:

لووراندن، نووڕاندن، قرووسکاندن، نووزاندن، مڕاندن و ناسکاندن.
سیفەتەکانی تاژی:

چێ، خێرا، تیژ، پەل، ڕەشکوژ، خۆشڕست، بەدڕست، هەرزە، قڕخەمەڕەس، دەمسارد، دەمگەرم، بەهەڵم و بەدەوام.
تاژی بەکاری ڕاوی ئاسک و کێوی و کەروێشک دێ. چێترین و باشترین و بەکارترین تاژی ئاسک کوژە. من کوێستانیم و ئاسکیش لە دەشت و گەرمیان دەژی و لە ڕاوە ئاسک شارەزانیم. مامۆستا عەلای ڕەحمەتی لە کتێبی «کوردەواری» باسی ڕاوە ئاسک دەکا من بەنەزانی خۆمەوە بەدڵم نەبوو. پێم وابوو هەڵەی تێدایە. ئەمما پیرەبەگێکی جاف جارێک باسی ڕاوە ئاسکی بۆ کردووم ئەوە بۆتان دەگێڕمەوە. ڕاست و درۆی وەباڵ بەستۆی خۆی دەیگوت: زەمانی دەسەڵات و باوی بەگ و پاشاکانی جاف کە کۆچەر و ڕەوەند بوون باشترین تاژی و ڕەسەنترین ئەسپ لە نێو جافاندا هەبوو. لە موکریانیش ناوبانگی ئەسپی جافان بووە ـ ڕەنگبێ ڕاست بێ چونکە لە عەرەبان نیزیکن و جسنە ئەسپی عەرەبیش لە دنیادا مەشهوورە- دەیگوت: «پاشاکان تیپە سوارێکی باشیان هەڵدەبژارد. تاژییەکانیان وا فێر کردبوو کە ڕاویان دادەبەست و ڕستەیان هەڵدەکێشا و تاژی خۆی داویتە پێشکۆی سوار و مات دەبوو. کە ئاسک هەڵدەهات سواران بەو ئەسپە خۆشبەز و بەکارانەوە ده‌یانڕەتاند تا دەیانزانی شەکەت بوون ئەمجار تاژییەکانیان بەردەدایە تا لە خۆڵی دەگەوزاند. هەموو ڕاوکەرێک خەنجەری دەبەردابوو و کێردی دەبان و تیژی لە دیوی ژووی خەنجەردا لە کالان چەقاندبوو بەو کێردە سەری ئاسکیان دەبڕی و ڕەفیسکەیان کون دەکرد و لە بەن ساموڕتەکەیان هەڵدەکێشا و بەتەڕیزەی ئەسپەوە هەڵیانداوەسی.
کورد بە هەموو گیاندارێکی گواندار و سمدار کە کەوی و ڕام نەبێ دەڵێ کێوی. لە کێوە سەرکەش و شاخە سەخت و ڕژد و هەڵەمووت و زەرد و ماهەکانی کوردستاندا کێوی دەژین. کەڵەکێوی، گاکێوی، شوور، یەکجار کەم بوون و لەوانەیە ڕەگەزیان لەم حاڵەدا لە مەترسیدا بێ و هەر نەمێنن و نەمبیستووە ئەوانە بەتاژی ڕاو بکرێن. بیستووتانە کە کێوی بەتایبەتی ڕۆژانە لە شاخی هەرە سەخت و ڕەوەزی ئەستەم نابێته‌وە. دەڵێن هەر جێگایەکی شاخ بارانی وێ بکەوێ کێویش دەتوانێ پێیدا بڕوا. دیارە تاژی لە جێگای وا کارناکا.
بۆ ڕاوە کێوی بەتاژی بەره‌گە دەنێنەوە. کێوی کەلەم شاخەوە بچێتە شاخێکی تر تیرەگ بەرنادا؛ یانی بەجێگایەکدا دەڕوا کە هەردووک دیوی کێوی لێ دیار بێ. جا ڕاوکەری شارەزا، تیرەگێکی ڕەچاو دەکەن و حاشارگەی لێ دروست دەکەن. ئەگەر گوێنی و گیابەرزی لێ هەبێ، کۆختەیەکی دوو میتری یا کەمتر سازدەکەن و خۆیان و تاژییەکانیان لەوێدا مەڵاس دەدەن. ئەگەر ئەوەیان بۆ نەلوا وارشی بەرد دروست دەکەن. کێوماڵ بەرێکی شاخ بە هەراوهوریا و تەق‌وڕەق و چەقەچەق دەتەقێنن تا حەیوان بترسێ و بەتیرەگدا بپەڕێتەوە شاخی ئەوبەر و لەو بەرەگە هەڵەنگوێ. ئەگەر مەودای نێوان دوو کێو بەرین بێ لە دوو جێگاوە بەره‌گەی بۆ دەگرن. تا ئەگەر تاژی پێشەوە ڕاستی بکەن بەسەر بەرەگەی دووەمدا بکەوێ و ڕزگاری نەیە. تاژی قایم و بەهەڵم و فێڵاوی نەبێ نە دەگاتە کێوی و نە دەوێری خۆی لێدا. بەران و نێری قەیرە دەس دەکەنەوە و بەگژ تاژیدا دێنەوە و بەشەقۆن تێی هەڵدەدەن و برینداری دەکەن. وا دەبێ دەشیتۆپێنن. بەڵام تاژی کە فێڵاوی بوو، هەر لە پاشڕا لە کێوی ڕۆ دێ و کە بۆی هەڵکەوت، باتووی دەگرێ و بڕستی دەبڕێ. ڕاوکەر دەڵێن هۆی ئەوەی تاژی دەگاتە کێوی، ئەوەیە کێوی لە هەڵاتندا زۆر ئاوڕان دەداتەوە و مەحتەل دەبێ؛ دەنا زۆر بەباز و بردترە. کێوی بە تەڵە و شتی دیکەش دەگرن کە دێرەدا جێی باس نییە.
نەخۆشییەکانی تاژی:

سەگ‌بایی، شانەڕەقە، شەکگە، سەبنێسی، هاری، سووزەنەک.
ڕاوەکەروێشک بە تاژی:

کەروێشک گواندارێکە کە نینۆکی هه‌یە. گیا خۆرە. کلکی زۆر قوڵەیە. تووکی نەرمە. درێژایی لە بەرزایی پترە. پێشووی لە پاشوی کورتترن. بەباز و قنە دەڕوا. گوێی زۆر درێژن. سەری لەچاو لەشی زۆر گەورەیە. چاوی زەق و لەڕوون و نانووقێن. زیاتر بەچاوان دەبیندرێتەوە، دەڵێن مێیەکەی حەیز دەشوا. دەترەکێ و زەو و زووی زۆرە. لە جێگای سارد و گەرمدا هەیە. لە بژوێنترین کوێستانی کوردستاندا و گەرمترین و کڕاڕترین بێروونی عەرەبستاندا دەژی. بەبێچووی دەڵێن بەچ و کە پەڕەوازە بوو و توانی توند ڕابکا «سەپسێن»ی پێ دەگوترێ. بەڕواڵەت یەکجار بەستەزمان و بێدەسەڵات و ترسەنۆکە و لەبەر هیچ گیانداری چوارپێ و باڵندەی بچووکی ڕاوێ دەس ناکاتەوە؛ کەچی دوژمنی وەرزێر و ڕەزەوان و بێستانچییە. تا دەستی لەسەر دابنێی بەزەڕ و بەدفەڕە. بە ڕۆژ لەلاندا خۆی مەڵاس دەدا و بەشەو دەگەڕێ و دەلەوەڕێ، هیچ ناپارێزێ. بۆ باغ، بێستان، شیناوەرد و ڕەپستە تەنانەت خۆیان و خەرمان وەک بەڵا وایە. بۆیە وەرزێر و باغەوان ڕقیان لێیە و بەتەپکە و تەڵە و خوردە و داو دەیگرن. گۆشتی دەخورێ. دەڵێن تەمەنی بەوەڕا دیارە کە هەر ساڵە کونێکی لەبن کلک دەبێ.
نیزیکەی سی چل ساڵ لەوەی پێش کەم ساحێب مڵک و ئاغا و مەزنی کورد هەبوو ڕەموودەی ڕاوە کەروێشک نەبێ. دیارە ئەم کارەش بەستە بە دەست ڕۆین و نەڕۆینەوە بوو. ئاغای دەوڵەمەند ڕستەیان لە ئاوریشمی ڕەنگاوڕەنگ دەهۆنییەوە و گوڵینگی سیم‌پێچی جوانیان وێ دەخست. سەری گوڵینگداریان لەباسکی ڕاستە یا ڕاست و چەپ لە شان دەکرد. قەڵادەیان لە قایشی باش دروست دەکرد و بەئاوریشم دەچنی. زەنگوڵەی زەرد، زێو تەنانەت زێڕیان لێ دەدروو. سەری دیکەی ڕستەیان لە ئاڵقەی قەڵادە هەڵدەکێشا. ئاغای دێ بەخۆی و باب نۆکەر و رەعیەت و سوارەوە دەچووە ڕاو. لەو جێگایەی زانیبایان کەروێشکگرە ڕاویان دادەبەشی و سوار سەفیان دەبەست. لەکێو یا بانوو سوارێک بەتاژییەکی کارامەوە سەرڕاوی دەگرت. سەرڕاو دەبوو لە پێش سواراندا بێ و چاوی لەلای خوارێ بێ تا ئەگەر کەروێشکیان لە داوێنی تێبەردا وریا بێ و بزانێ ڕوو لە کام لا دەکا. ئەو دەبوو ڕاستەوڕاست لە پێشدا بێ، ئەگەر تاژی خوارەوە نەیانکوشت و بەماندوویی گەیشتە سەرڕاو ئەو تاژییەکەی خۆی بەرداتێ. دەبوو تاژی سەرەوژێر بەرنەدا و ڕاوەستێ تا کەروێشک کەمێکی لێ ڕەت دەبێ. بەرڕاو سوارێک بوو کە باشترین و چێترین تاژی پێ بێ و کەمێک لە دوای سوارانەوە بێ تا ئەگەر کەروێشک پاش ڕاو بکا، تاژی خۆی تێبەردا. سوارەکانی دیکە کە نێوانیان پێنج شەش گەز پتر نەبوو، چ تاژییان پێ با یان نەبا، دەبوو لە ڕێکی یەک بڕۆن و هەر کەسە لەلای سەرووی خۆی ورد بڕوانێ و هەوڵ بدا هیچ بنچک و بەردێک نەبوێرێ. تا سەف ڕاستتر و نێوانی سواران کەمتر بایە، کەروێشک چاکتر دەبیندرا وە یا زووتر هەڵدەهات، لانی تازە و کوێرە و لانی شەوێ دینێ نیشانەی ئەوەبوو کەروێشک هەر لەو دەوروبەرەیە. جا دەبوو بە فیتوو یەکتر حاڵی بکەن سەف ڕاستتر و سوار خوردتربن، ورد بڕوانن و نەیبوێرن. کەم وایە کەروێشک لەبەر سەفی ڕاست و ڕێک‌وپێک و سواری ئارام بوێرێ ڕا بکا، خۆی لەلاندا مەڵاس دەدا و لەعەرزی دەخا. ڕاوکەری لێزان بەتەماڵ دەیبینێتەوە.
ئەو سەردەمی داب بوو ئەگەر نۆکەرێک یا رەعیەت سوارێک تەماڵی دیباوە دەیگوت: «نۆکەری ئاغای خۆم و ڕاوکەرانم پێ دەڵێن هۆی تەماڵە!» عادەت وابوو ئاغا و خزمەکانی تەماڵانە بدەن بەو ڕاوکەرە و خەڵاتی بکەن. سوار لە دەورەی تەماڵ کۆ دەبوونەوە، پایزە، ئازیزە، گوڵێ گوڵێ، حەیران و گەلۆیان لەسەر دەگوت و جاروبار دەهۆڵ و زوڕنا و سێ تەپڵیشیان لەسەر لێ دەدا. ئەگەر بۆ خاتری سەیر نەبا بەهاسانی بەدەستی دەگیرا. بەڵام ئاغای گەورە بۆ سەیر دەچوونە ڕاو نەک بۆ ڕاوەگۆشت. جا بۆیە ئەسپیان وەسەر دەپەڕاند کە هەڵێ و تاژیی تێ بەردەن. دوو یا سێ تاژییان تێ بەردەدا. ئی وابوو چێ و دەمگەرم بوو گوریسێکی نەدەبرد و لە سەفی سوارانی دەرنەدەکرد و هەڵی دەگرت و ئی وابوو خێرا و پەل و دەمسارد بوو، چەند جاری دەگێڕاوە، لێی دەدا، تێی ڕۆدەهات تا هەر خۆی یا تاژییەکانی دیکە دەگەینە نۆرە و هەڵیان دەگرت. تاژیی ڕەسەن کە کەروێشکی هەڵدەگرت نەیدەشەمزاند یا بەدەمیەوە دەگرت یا چەمۆڵەی لەسەر دادەدا. سوارێک دادەبەزی و سەری دەبڕی و وە بەن ساموڕتەی دەخست. ئەگەر تاژی خوێڕی بایە نەیدەشکاندەوە و خوارەی پێ نەدەکرد و کەروێشک ڕزگار دەبوو. ئەگەر باشتر بایە ڕاستی دەکرد و دەیگەیاندە سەرڕاو یا لە کونی دەکرد. کەروێشک هەمیشە بۆ لێ‌قەومان کونێک ڕەچاو دەکا. بەڵام تا زۆری بۆ نەیە ناچێتە کونەوە. سەرڕاوی شارەزا لای کونێیان لێ دەگرت. وا دەبوو لە زارکی کوندا دادەنیشتن و ئەویش خۆی لە باوەش داویشتن. ئەگەر چوو لە کونیشەوە بە پێچەک دەریان دەهێنا. لە هێندێک مەڵبەند بەتەماڵ دەڵێن «دیاردی».
خۆشترین کاتی ڕاوە کەروێشک پاش بارانە. چونکە کوێرە و لانی تازە لە دوورەوە دیارە. وا دەبێ کەروێشک لەو کاتەدا کۆنەلان دەکاتەوە کە ئەویش دۆزینەوەی بۆ ڕاوکەری شارەزا هاسانە. جگە لەوه‌ بەر پێی تاژی کە ڕووت و بڵە نەرم دەبێتەوە و ترسی کاڵە دڕانی نامێنێ. بەر پێی کەروێشک کوڵکنە و قوڕ دەگرێ و باشیش ناتوانێ ڕابکا و پێی دەڵێن کەڵاشە کردن. ئەو سەردەمە زۆری پێ ناچێ و وەختی نینۆک شکێن دێ. کە وشکبەند پەیدابوو و کەروێشک لان بەرەژێری کردەوە و ڕەپستە و باغی پاوانی داوە بەر پەلامار هێند قەڵەو دەبێ کە دەڵێن گورچیلەی دە بەزیدا ون بووە. ئەمجار بەسەر زەوی بەستراو و ڕەقدا وا هەڵدێ هەر ویزەی لەبەر پێی دێ. تاژی لەترسی هەڵخلیسکان و نینۆک شکان ناوێری توند ڕابکا، هەر تاژییەکی لەکاتی نینۆک‌شکێن و سیخوار لە پشتدا بگاتێ نایابە. کە نوابەفری هەوەڵ کەوت و باڕنی نەکرد باسی سەری کەروێشکە؛ چونکە شوێنی دەگەڕێ و بە پێشووی کورتەوە هەر دەرناچێ. ئەو گیاندارە بەڕواڵەت گێل و گێژە کە زانی شوێنی دەگەڕێ زۆر فێڵەزان دەبێ. شوێنی جووتەیە، پاشووی بەجووت وەپێش پێشووی دەخا. ڕاوکەر کە تووشی ڕاستەشوێن هات دەزانێ کەروێشک یا چۆتە شەوگەڕ یا گەڕاوەتەوە و بە پەلە دەیگێڕێ تا دەگاتە «دوولایی»، دوولایی ئەوەیە کەروێشک بەسەر شوێنی خۆی دا دەگەڕێتەوە. لە جێگایەکی بازێکی بڵیند داوێ و لەسەر کەڵەکێک یا قەدی ڕەوەزێک دەکەوێ. دەبێ ڕاوکەر بەقەراغ دوولاییدا بڕوا و نەیشێلێ تا بزانێ کەروێشک لە کوێ بازی داوە و وریا بێ پاش‌ڕاو نەکا و بازرە نەبێ. «هەزارە» هەر وەک دوولایی وایە، بەڵام کەروێشک چەندین جار بە شوێنی خۆیدا هاتوچۆدەکا. وا دەبێ هەر لەنێو هەزارەدا دەکەوێ. وا دەبێ دیسان بازێکی دوور داوێ و لەهەر جێگایەک کەوت مات دەبێ. شوێنگێڕی باش لە فێڵ و هەزارە و دوولایی کەروێشک دەگا و دەیدۆزێتەوە.
«کوتە» ئەوەیە کە کەروێشک دوای هەزارە و دوولایی بەقەد جێ جێخوونێک بەدەورە دەگەڕێ و ئەوەندەی پێدا دێ و دەچێ کە کەس سەرەدەرە لە شوێنی ناکا. ڕاوکەری شوێنگێڕ دەبێ زۆر بەسەرنجەوە دەورەی کوتە بدا، کە نەڕۆییبوو ئەوە دیارە لەنێو کوتەدایە ئەودەم دەبێ وەنێو کوتە بکەوێ، تا یا بیدۆزێتەوە یا ناچاری بکا هەڵێ. کەبەفر زۆر بوو و بەفر بەسەریش نەبوو کەروێشک ڕونوو بەفر دەکۆڵێ و دەچێتە نێو بەفرەوە، بەوە دەڵێن «خوزە»، کەروێشک لە خوزەدا بەوە دیارە کە جێی هەناسە هەڵکێشانی زەرد دەبێ و دیارە لێرەدا فێڵێک دەکا بەبن بەفردا ڕەهەندێک دەکۆڵێ و لە چەند جێگا خوزە دیاری دەدا. بۆ ئەوەی ئەو فێڵەشی لێ ببڕن، یەکێک بە تاژییەوە لە نێوەڕاست ڕادەوەستێ و ئەوانی دیکە خوزەکان دەشێلن، کەروێشکی خوزە زیاتر ناوێرێ ڕابکا و بەدەستی دەگیرێ. لەپێشدا گوتم کەروێشک تا زۆری بۆ نەیە ناچێتە نێو کون کە چووە نێو کون و دیاربوو و دەستی نەگەیشتێ، دارێکی نەرم و درێژ دێنن سەری لەلە دەکەن و لە تووکی کەروێشکی بادەدەن و بەم دارە دەڵێن «پێچەک». ئەگەر بەوەش نەهاتە دەر، ئەمجار تەڵەی لێ دادەنێنەوە و دەیگرن. لەمانگی ڕەشەمەدا ڕاوە کەروێشک دوایی دێ، هەم لاواز دەبێ و بۆ خواردن نابێ هەم با دەگرێ. بەناوبانگترین چێشتێکی لە گۆشتی کەروێشکی دروست دەکەن «سەنگەسیرە». لەکابانان بپرسن چۆن ساز دەکرێ!!
ڕاوە ڕێوی بەتاژی

کام منداڵی کوردە ناوی ڕێوی نەبیستبێ. سەدان ئەفسانە لەسەر ڕێوی لە فۆلکلۆری کوردیدا هەیە. خۆ لە پەندی پێشینیاندا ئەوەندە باسی ڕێوی کراوە هەر مەپرسە وەک:
ڕێوی خۆی لەکونەوە نەدەچوو قانگەلاشی بەکلکیەوە دەبردە ژوور، ڕێوی دەمی نەدەگەیشتە ترێ دەیگوت ترشە، ڕێوی کێچی دەکەوڵی کەوتووە، ڕێوی خۆی لەئاوی خوڕ نادا، ڕاوی ڕێوی بۆ کەوڵییە و سەیری لە ڕاوە ڕێوی خۆشترە، وەک ڕێوی سیرمە خۆرە...
ڕێوی بەڕاستی جانەوەرێکی فێڵاوی و مەکربازە. نەوسن و بەزەڕە. هەموو شت دەخوا میوە و گۆشت و شتی وا. دوژمنی کەروێشک و مشک و باڵندەیە بەتایبەتی باڵندەی پێڕۆیە. ئەوەندەی کەروێشک بۆ باغەوان و وەرزێڕ خراپە ئەویش ئەوەندە بۆ ئەوانەی باڵندەی کەوی و ماڵی ڕادەگرن جێگای مەترسییە. تووشی ڕەوە قەلەموونێک بێ تاقی لێ دەبڕێ. مریشک و جووچک هەر ناهێڵێ. لە کێویش هەمیشە لە کەو و سوێسکە و زڕەکەو هەوێردە لە کەمیندایە. تەنیا کاری چاکی خواردنی مشکی کێوی و بەچە کەروێشکە. بەڵام ئینسان فێڵی لەویش دەبڕێ. بەڕاستی ڕاوە ڕێوی سەیری خۆشە. ڕێوی لە کوردستاندا زۆرە. وەک دەڵێن ڕاوی بۆ کەوڵییە، دەنا گۆشتی ئەگەرچی دەیخۆن، زۆر دزێو و ناشیرینە. دەڵێن وەک گۆشتی ژووشک بۆ باداری دەرمانە.
بەڕاستی هەقیانە ئەو کەسانەی دەڵێن «سەیری لە ڕاوە ڕێوی خۆشترە» ڕاوە ڕێوی زیاتر بە پیادە دەکرێ. ڕێویش وەک کێوی کەترسا هەمیشە تیرەگی کێو دەگرێ و بۆ کێوێکی دیکە دەپەڕێتەوە. دیارە لە کێو و شاخی ئەستەمدا ناژی. لە هەموو جێگایەک تەنانەت لە دەشتی نەرمانیش هەیە. دوو دەستە کێوماڵ کێوێک دەتەقێنن و هەراوهوریایەکی زۆر دەکەن تا ڕێوی بترسێ. ڕاوکەرێک لە حاشارگەدا به‌ره‌گه‌ی لێ ده‌گرێ تا کێوماڵه‌کان ڕێوی وا ده‌ته‌قێنن به‌سه‌ر به‌ره‌گه‌دا بکه‌وێ، ئه‌وده‌م بەرەگەگر تاژی تێبەردەدا. تاژی دەرناچێ. بەڵام دەستی دەگەڵ دەکاتەوە. گازی لێ دەگرێ. بەنینۆک دەیڕنێ. تاژی کارامە هەوڵ دەدا لە پشت ئەستۆی ڕۆبێ و ڕایوەشێنی تا لە کاری دەخا یا لە قەفەزی پشتی ڕۆبێ و هەڵیدێرێ تا بڕستی لێ دەبڕێ. بۆ ڕاوە ڕێوی پێویست ناکا تاژی خێرا بێ. ئەسڵەن تاژی ڕەشکوژ و چێ لە ڕێوی بەرنادەن تاژی ڕێوی‌کوژ ئازا و قایم بێ باشترە نەک تیژ و گورج.
دوڕە یا «دووڕەگ» بۆ ڕاوە ڕێوی باشترە. دووڕەگ وەک لە ناوەکەیەوە دیارە جسنە سەگێکە لە جووتبوونی سەگ و تاژی پەیدا بووبێ. جا فەرق ناگا گۆڵ سەگ بێ یا تاژی؛ هەرچەند ئەگەر گۆل تاژی بێ دووڕەگ جوانترە. دووڕەگ لە باسکە سەگ ڕووتەتر و بەرزەلینگتر و لە پاش تاژی لە هەموو جسنە سەگێک توندتر ڕادەکا. ئی زۆر خێرایان لێ هەڵدەکەوێ کە بۆ ڕاوە کێوی و کەروێشک تەنانەت گورگیش بەکار دێ. تۆرەمەی دووڕەگ و تاژی پێی دەگوترێ «قەدەم».
خوێنەری خۆشەویست! بەم باسە دوور و درێژە ماندووم کردی با نەقڵێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە، کەمێک بێیەوە سەرخۆ. دەڵێن ڕۆژێک ڕێبوارێک تووشی ڕاوکەرێک هات. تاژییەک و توڵەیەکی کونێ و دارێکی درێژ و تەڵەیەکی پێ بوو. گوتی: کاکە ئۆغر بێ، چ دەکەی؟
- دەچمە ڕاوە ڕێوی.
- ئەوانە چن پێتن؟
- کاکە ئەگەر ڕێوی لەبەرم هەڵات، ئەوە تاژییەکەی تێ بەردەدەم. ئەگەر کوشتی باشە، دەنا لە کونێی دەکا. کە کونەکە زۆر قووڵ نەبوو ئەم دارەی لێ پێچەک دەدەم، دەیهێنمە دەر. ئەگەر زۆر قووڵ بوو، توڵەکەی لەباڵ دەکەم. ئەگەر ئەویش بۆی نەهاتە دەر تەڵەی لێ دادەنێمەوە ئاخری پێوە دەبێ.
ڕێبوار گوتی:
-کەوابوو، بۆ ڕێوی خودا ماوە و بەس!


__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 09:57 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها